2010-06-07

٭ بەخێربێن جەنابی سەرۆك، وابزانم ئەوە یەكەمین سەردانی ئێوەیە بۆ توركیا لەماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا، با لەوەوە دەستپێبكەین، بۆچی سەردانەكەتان ئەوەندە دواكەوت؟

سەرۆكی كوردستان: لەڕاستیدا ئەم دواكەوتنە بەویستی ئێمە نەبوو، بەڵام پەیوەندیی نێوانمان بەبارودۆخێكی وا تێپەڕی و بووە هۆی ئەو دواكەوتنە وپەنا بەخوا دووبارە نابێتەوە.

 ٭ توركیا چ واتایەكی بۆ بەڕێز مسعود بارزانی هەیە؟

سەرۆكی كوردستان: توركیا دەوڵەتێكی دراوسێ و دۆستەو ڕۆڵێكی گرنگی لەناوچەكەدا هەیە بەشێوەیەكی گشتی وبەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێمە گرنگییەكی گەورە و تایبەت بەو پەیوەندییە دەدەین.

 ٭ بەرلەوەی بچینە نێو وردەكارییەكانی دوایین سەردانتان بۆ توركیا، حەزدەكەم بپرسم لەسەردانەكانی پێشووتاندا چ یادگارییەكتان لەیاد ماوە؟

 سەرۆكی كوردستان: ئەو سەردانەی من دووەمین سەردانە بۆ شارە جوانەكەی ئەستەمبۆڵ، سەردانی یەكەمینم بۆ ئەو شارە لەساڵی1998 بوو سەردانی یەكەمیشم بۆ توركیا لەمانگی شوباتی ساڵی 1992 بوو ئەوكات لەگەڵ سەرۆكی خوالێخۆشبوو تۆركوت ئۆزاڵ دانیشتم ولەكاتی دیدارم لەگەڵ بەڕێزیان لەوە تێگەیشتم دەرفەتێكی گەورەی پێشكەوتن و پەرەسەندنی پەیوەندیی لە نێوان ئێمەو توركیا لەئارادایە.

 ٭ ماوەی 2 رۆژە لەئەنقەرا ئێوە چەندین دیدارو سەردانتان لەگەڵ سەركردایەتیی توركیا ئەنجامداوە بەرلەوەی بێنە ئەستەمبۆڵ، بەگشتی ئامانج لەو سەردانەی ئێوە بۆتوركیا چی بوو؟

 سەرۆكی كوردستان: ئامانج لەوسەردانەمان پێشخستن وپتەوكردنی پەیوەندیی دوو قۆڵییە لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، هەروەها بۆ پتەوتركردنی پەیوەندیی نێوان ئێراق و توركیایە وتاڕادەیەكی زۆریش ئەو سەردانە ئامانجەكانی خۆی بەیهێناوە.

 ٭ ڕەوشی گفتوگۆكانی نێوانتان چۆن بوو؟

 سەرۆكی كوردستان: دەتوانم بڵێم ڕەوشی دانیشتن وگفتوگۆكان برایانەو دۆستانەو زۆر باشیش بوون.

 ٭ بێگومان پرسی زۆر لەنێوان هەردوولادا هەیە كە پرسی سیاسی و ئابووری و ئەمنین، ئەو پرسانەش لەسەر مێزی گفتوگۆكاندا بوون، با لە پرسە ئەمنییەكانەوە دەستپێبكەین بەتایبەتیش مەسەلەی پەكەكە و جووڵانەوەیان لەوناوچانەی ئێوە سەرپەرشتی دەكەن، پرسیاری ئێمە لێرەدا ئەوەیە بۆچی ناتوانین ڕێوشوێنی توند لەدژی پەكەكە لەچیاكانی قەندیل بگرینەبەر؟

 سەرۆكی كوردستان: بەر لەهەموو شتێك ئێمە لەڕەفتارو جووڵانەوەكانی پەكەكە بەرپرس نین، پێویستە ئەو مەسەلەیە بەشێوەیەكی ڕوونتر بزانرێت ولێكبدرێتەوە. ئێمە لەزۆر لەڕەفتارەكانی پەكەكە ناڕازین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیدەكەینەوە ناكرێ ئەو مەسەلەیە بەڕێگای سەربازی چارەسەر بكرێ وئەزموونیش ئەوەی سەلماند، بەڵام كرانەوەی سیاسی وڕۆشنبیریی توركیا كەدەوڵەتی سەرۆك وەزیران وحزی حوكمڕان گرتیانەبەر سەلماندی كە ئەمە ڕێگەی ڕاست ودروستی چارەسەریی كێشەكانەو ئێمەش لەگەڵ ئەو بۆچوونەداین، چونكە چارەسەری سەربازی كێشەكە چارەسەر ناكات ئێمە پاڵپشتیی سیاسەتی بەڕێز رەجەب تەیب ئۆردوگان سەرۆك وەزیرانی توركیا دەكەین وهەنگاوەكانی بەڕێز ئۆردوگان بەهەنگاوی چاونەترسانەو كاریگەر دەزانین.

 ٭ ئایا ئەم سیاسەتە كاریگەریی بەسەر پەیوەندیی نێوان ئەنقەرەو هەولێردا هەبوو؟

 سەرۆكی كوردستان: بێگومان ئێمە تێبینیی ئەوەمان كرد بەڕێزیان داوای ئاشتەوایی وچارەسەریی ئاشتیانە دەكات وبەوپەڕی جورئەتەوە پرسی كوردی خستەڕوو كەسیش ئەو هەنگاوەی بەوشێوە جیدییە نەناوە، بۆیە بەپێویستمان زانی پاڵپشتیی هەڵوێست و سیاسەتەكەی بكەین.

 ٭ ئایا پرسی ڕێوشوێنی ئاسایش لەئارادابوون؟ئێوە چۆن وتاچەند لەمبارەیەوە قسەتان لەگەڵ بەرپرسانی توركیادا كرد بەتایبەتی وەزیری دەرەوەو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری؟

 سەرۆكی كوردستان: ڕێوشوێنی ئەمنی واتای هەڵمەتی سەربازی وشەڕ نادات، بێگومان ئێمە هەموو ئەو هەنگاوانەمان خستەڕوو كەببێتە هۆی سەركەوتنی هەوڵەكانی بەڕێز سەرۆك وەزیران كەلەخۆیدا پرۆژەیەكی دیموكراتیی ئاشتییانەیە وداوای چارەسەریی مرۆیی ودیموكراسی دەكات.

 ٭ پێتان وایە ئەو سەردانەتان ئەنجامی باشی لەسەر ئەرزی واقیعدا دەبێت بەتایبەتی لەبارەی جوولەی پەكەكەوە؟

 سەرۆكی كوردستان: ئێمە ئامۆژگاریی پەكەكە دەكەین كەبەهیچ شێوەیەك پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی و ئەگەر پەنای بردە بەر توندوتیژی ئەوكات خۆی دەبێتە بەرپرسیاری ئەو ئەنجامانەی لەتوندوتیژی دێتە كایەوە، چونكە مومكین نییە بیر لە دەستپێكردنەوەی شەڕ بكەینەوە، من بەڕاشكاوی دەڵێم و ئەوە هەڵوێستی ئێمەیە: ئێمە پاڵپشتیی پەكەكە ناكەین لەپەنابردنەبەر توندوتیژی بەهیچ شێوەیەك، جارانیش ئێمە پاڵپشتیمان لەتوندوتیژی نەدەكرد لەلایەن پەكەكەوە.

 ٭ ئایا ئێوە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئەو قسەیەتان بە پەكەكە گوتووە؟

سەرۆكی كوردستان: ئەوان بەوپەڕی ڕوونییەوە بۆچوونی ئێمە دەزانن.

 ٭ چ بابەتێكی دیكە لەسەر مێزی گفتوگۆ بوو لەمیانەی دانیشتن ودیدارەكانتان لەئەنقەرا؟

 سەرۆكی كوردستان: پەیوەندیی ئابووری وكولتووری و هاوكاریی هاوبەش و و هەماهەنگی لەسەر ئاستی ئێراق، هەموو ئەو مەسەلانە باس وخواسیان لەسەركرا.

 ٭ ئێمە دەزانین ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای توركی لەهەولێر هەن،ئایا لەڕووی پەیوەندیی ئابووری وبازرگانییەوە لەگەڵ ئەنقەرا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون بواری دیكەش بۆ پێشخستنی ئەو پەیوەندییە بازرگانییە بێتە ئاراوە؟

 سەرۆكی كوردستان: ئێستا زۆرترین ژمارەی كۆمپانیای وەبەرهێنەر كۆمپانیای توركییە كەپرۆژەی گەورە جێبەجێ دەكات ویاسای وەبەرهێنان ڕێگە بەپێشخستنی ئەو پەیوەندییە دەدات وئێمەش هانی پێشخستنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوانمان دەدەین وداوا لەكۆمپانیاكانی توركیا دەكەین بەمەبەستی وەبەرهێنان وكاركردن ڕوو لەهەرێمی كوردستان بكەن وئێمەش بەوجوودی ئەوان خۆشحاڵین.

 ٭ ئایا ئەوان هیچ خاڵێكی جیاكەرەوەیان لەكۆمپانیای دیكە هەیە؟

سەرۆكی كوردستان: لەڕاستیدا ئەو كارەی ئەو كۆمپانیایانە ئەنجامیاندا كاری باش بوو، ئەوان پرۆژەی زۆر باشیان جێبەجێ كرد و هیچ گلەییەكیش لەكاری ئەواندا نییە لەهەرێم.

 ٭ كەواتە دەتوانین پێشبینیی پێشكەوتنی زۆر گەورەی ئابووری لەنێوان هەردوولادا بكەین لەماوەی ئایندەدا؟

 سەرۆكی كوردستان: بێگومان پێشكەوتنی گەورەتر دێتە ئاراوە وەك دەشزانن هەر لەسەرەتاوە ئەو پەیوەندییە باش بووە، بەڵام دوای ئەو سەردانە پێویستە زیاتر پێشبكەوێت.

 ٭ لەماوەی ڕابردوودا چەكدارانی پەكەكە چەند سەربازێكی توركیان لەناوچەی ئەسكەندەرۆنە كوشت، هەڵوێستی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟

 سەرۆكی كوردستان: ئێمە پاڵپشتیی ئەمجۆرە كردارو ڕەفتارانە ناكەین ونیگەرانین بەرشتنی خوێنی هەر هاووڵاتییەكی توركیا جا هاووڵاتیی سادە بێت یانیش سەرباز، كورد بێت یان تورك.

 ٭ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووداوێكی جیهانیمان بینی بەهێرشكردنی هێزی چەكداری ئیسرائیلی بەسەر كەشتیی ئازادیی توركیا وكوشتنی چەندین كەسی سڤیڵ تیایدا ئێوە هەڵوێستتان لەمبارەیەوە چییە؟

 سەرۆكی كوردستان: ئێمە نیگەرانییەكی زۆرمان لەمبارەیەوە نیشاندا بەتایبەتی لەبارەی كوشتنی هاووڵاتیی سڤیل، وهیچ پاساوێكیش بۆ ئەوكارە نییە.

 ٭ كەواتە ئێوە نیگەرانن یان ئیدانەی ئەم كارە دەكەن؟

 سەرۆكی كوردستان: كوشتنی هەر هاووڵاتییەكی سڤیل لەهەر شوێنێكی جیهان بێگومان مایەی ئیدانەكردنە.

 ٭ جەنابی سەرۆك، كاتێك باسی سیاسەتی كرانەوەی توركیا دەكەین بەتایبەتی لەبارەی كێشەی كورد ئەم هەنگاوەی حكوومەتی توركیا لەهەولێرەوە چۆن دەبینن ولەسەر ئەرزی واقیعدا چ ئەنجامێكی دەبێت؟

 سەرۆكی كوردستان: ئێمە ئەوكارە بەكارێكی چاونەترسانەو هەنگاوێكی زۆر گرنگ دەزانین وبەچارەسەریی ڕاست و ڕێگەی دروستی چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی دەبینین، ئێمە پاڵپشتی وپشتیوانیی ئەم كرانەوەیە دەكەین وداوا لەهەموو ئەو كەسانە دەكەین كە گوێمان لێدەگرن پاڵپشتیی ئەم سیاسەتەو ئەم حكوومەتە بكەن.

 ٭ بۆچوونێك هەیە گوایە ڕۆڵی توركیا لەناوچەكە لەزیادبووندایە بەتایبەتی دوای ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی نێوان توركیاو بەڕازیل لەلایەكەوە، هەروەها لەگەڵ ئێرانیش بۆ پیتاندنی یۆڕانیۆمی ئێرانی لەتوركیا، زۆر كەسیش ئەو هەنگاوەیان بە زۆر گەورە زانی، ئێوە ئەو مەسەلەیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سەرۆكی كوردستان: ئێمە ماوەی 2 ساڵە یان زیاترە ئاگاداری ڕۆڵی توركیاین لەسەر ئاستی هەرێمی ونێودەوڵەتیدا، لەسەر ئاستی ناوخۆییشدا، ئەم هەنگاوەش ڕۆڵی توركیا زیاتر دووپاتدەكاتەوە، ئێمە هیوادارین ئەو گرفتە بەگفتوگۆو دانوستاندن چارەسەر بكرێت، چونكە بەڕاستی ئەو گرفتە بۆوەتە هۆی نیگەرانیی هەموولایەك وبۆوەتە گرفتێكی نێودەوڵەتی.

٭ زۆر كەس ڕەخنە لەڕۆڵی توركیا دەگرێت وكەسانێكیش بەئیجابیی لەقەڵەمدەدەن، بەڕێز مسعود بارزانی لەگەڵ كام بۆچوون دایە؟

سەرۆكی كوردستان: بێگومان هی شتێكی تەواو ئیجابی وهیچ شتێكی تەواو سلبیش نییە، بەڵام ڕاستییەك هەیە كە مومكین نییە چاوپۆشیی لێبكرێ ئەویش خۆی لەڕۆڵی حكوومەتی ئێستای توركیا دەبینێتەوە، چونكە ئەوەی ئەو حكوومەتەی ئێستا پێشكەشی توركیای كرد هیچ حكوومەتێكی دیكە لەماوەی دەیەها ساڵدا نەیكردووە توركیا لەو ئاستەی ئێستا نەبوو ئێستاش ڕۆڵی توركیا گرنگەو پاڵپشتیی ئەو ڕۆڵەش دەكرێ و لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە سەنگی توركیا زیاترە بۆیە پێموایە ڕۆڵی ئێستای توركیا ڕۆڵێكی گەورەو كاریگەرەو خزمەتی زۆری پێشكەش بەتوركیا كردووە.

 ٭ سەرۆك جەلال تاڵەبانی لەیەكێك لەدیدارەكانیدا ئاشكرای دەكات كەلەماوەی ڕابردوودا كاتێك ویستی سەردانی ئەنقەرا بكات مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەگەڵ ئەوسەردانەی نەبوو، دەشڵێت بەڕێز مسعود بارزانی هانیدام بچمە توركیا ئایا ئەوە ڕاستە وچۆن ڕوویدا؟

 سەرۆكی كوردستان: بەڵێ بێگومان لەسەرەتاوە فەخامەتی سەرۆك تاڵەبانی ومن دركمان بەگرنگیی پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ توركیا و گرنگیی ڕۆڵی توركیا دەكرد، بۆیە پاڵپشتیكارو هاندەری هەر هەنگاوێك بووین بۆ پێشخستنی ئەم پەیوەندییە.

 ٭ ئەی دەربارەی سەربەخۆیی كوردستان، دەتوانن ئەو كارە ئەنجام بدەن بە هەبوونی ناڕەزایی ئیقلیمی بەتایبەتی بەداخستنی سنوور لەڕووی ئێوە؟

 سەرۆكی كوردستان: پێموایە باشترە هیچ قسەیەك لەمبارەیەوە نەكەم، بەڵام ئەگەر پێشتخۆشبێت قسەی لەسەر بكەم دەڵێم كورد نەتەوەیەكە، هەمان مافی نەتەوەی تورك وعەرەب وفارس بۆكوردیش هەیە كوردیش لەو نەتەوانە كەمتر نییە، بەڵام لەڕووی مێژووەوە غەدری لێكرا ئێستاش ئێمە لەواقیعێكداین كەلەچوارچێوەی ئەو واقیعەدا ئامانجەكانمان بەدی دێنین، بەڵام مافی بڕیاردانی چارەنووسی ئێمە خوای گەورە بە ئێمەو بەهەموو گەل ونەتەوەكانی جیهانی داوە، بەپێی ئەو واقیعەی ئێستاش پێموایە پێویستە هەموو كێشەكان بەشێوەیەكی دیموكراسی چارەسەر بكرێن ولەوەش زیاتر نامەوێ لەوبارەیەوە قسە بكەم.

 ٭ لەسەر زاری ئێوەوە گێڕدرایەوە گوایە گوتوتانە ئەگەر العراقیە بەشداریی حكوومەت نەكات حكوومەت پێكنایەت، دەتوانی پێمان بڵێیت مەسەلەی پێكهێنانی حكوومەتی ئێراق بەچی گەیشت؟

 سەرۆكی كوردستان: من گوتم العراقیە مافی خۆیەتی حكوومەت پێكبهێنێت، بەڵام لیستی دیكەی براوەش دیارو بەرچاون وپێكهاتەی سەرەكیش هەن وپێویستە حكوومەتی ئایندە حكوومەتی هاوبەشیی نیشتیمانی بێت و ناكرێ هیچ لایەنێك دوور بخرێت یان پەرواوێز بخرێت ئەوە بۆچوونی ئێمەیە.

 ٭ مەبەستتان لەحكوومەتی هاوبەشیی نیشتیمانی چییە؟

 سەرۆكی كوردستان: ئەو4 لیستەی سەركەوتن العراقیەو دەوڵەتی یاساوئیئتیلافی نیشتیمانی وهاوپەیمانیی كوردستان ولیستەكانی دیكە كەدەكرێ وپێویستە مافی ئەوان هەموو پێكهاتەكانی دیكە بەهەند وەربگیرێت، بەڵام هەر حكوومەتێك بەبێ یەك لەو لیستانە كامڵ نابێت.

 ٭ ئایا گەیشتوونەتە ئەنجامێكی كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكوومەت؟

سەرۆكی كوردستان: دادگای فیدراڵ بەر لە 34 ڕۆژ دانی بەئەنجامەكانی هەڵبژاردن ناو ودواتر لیستەكان دەست بەدانوستاندنی جیددی دەكەن، ئەو لیستانەش15 ڕۆژیان لەپێشە بۆ دانیشتینی یەكەمی پەرلەمان، لەو ماوەیەشدا مەسەلەكان بەشێوەیەكی ڕوونتر دیار دەكەون ودانوستاندی جیددی دەستپێدەكات.

 ٭ ناكۆكییەكە لەكوێدایە؟ ئایا لەوكەسەدایە كە بەنیازن ئەركی سەرۆكایەتیی وەزیرانی پێ بسپێرن؟

 سەرۆكی كوردستان: بێگومان پاڵاوتنی سەرۆك وەزیران هۆكاری سەرەكیی ئاڵۆزكردنی بارودۆخە.

 ٭ ئێوە پاڵپشتیی كێ دەكەن؟

 سەرۆكی كوردستان: ئێمە ڤیتۆمان لەسەر كەس نییەو بەراورد لەنێوان هیچ كەسێك ناكەین، ئێمە مامەڵە لەگەڵ پڕۆگرامی ئەو كەسە دەكەین وپشتگیری وپاڵپشتیی ئەو كەسە دەكەین كە لەپڕۆگرامی ئێمەو وتێگەیشتنی ئێمەوە نزیك بێت.

 ٭ هیچ تەحەفوزێكتان بەرامبەر هیچ كەسێك نییە؟

 سەرۆكی كوردستان: نەخێر بەهیچ شێوەیەك.

 ٭ دەڵێن ئێوە ناكۆكیتان دەربارەی بارودۆخی دوای كشانەوەی ئەمەریكا لەئێراقدا هەیە ئەو قسەیە تاچەند ڕاستە؟

 سەرۆكی كوردستان: بێگومان پێویستە ئەم هێزانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام پێویستە حكوومەتی ئایندە لەئاست بەرپرسیارێتی بێت وهێزولایەنە سیاسییەكان حكوومەتێكی بەهێز پێكبهێنێت بەشێوەیەك سەقامگیریی سیاسی وئەمنی هەبێت و ئەگەر بەرلە كشانەوەی ئەمەریكا لەئێراق گرفتەكان چارەسەر نەكران من پێشبینیی ڕوودانی گرفتی گەورە لەئێراقدا دەكەم.

 ٭ دەربارەی پرسی كەركووكەوە بەچی گەیشتن وچارەسەركردنی ئەو پرسە لەكوێدایە؟

سەرۆكی كوردستان: پرسی كەركووك بەپێی دەستوور چارەسەركراوە ئەگەر دەستوور جێبەجێكرا ئەوكات گرفتێك بەناوی گرفتی كەركووك نامێنێت، چارەسەرییەكە لەئاسییكردنەوەی بارودۆخ وسەرژمێری و ڕیفڕاندۆمدا دەبینێتەوە، ئەوە چارەسەریی ڕاستی دەستوورە كە گەلی ئێراق دەنگی بۆداوە.

 ٭ هەوڵێكی نێودەوڵەتی بۆ سزادانی ئێران هەیە لەڕووی ئابوورییەوە، ئێراق چی دەكات ئەگەر سزا بەسەر ئێران سەپێنرایەوە؟

سەرۆكی كوردستان: وابزانم ئێراق لەو بارودۆخەدا نییە كاریگەریی بەسەر ئەو مەسەلەیەدا هەبێت وبتوانێت بیگۆرێ یان دوای بخات.

 ٭ ئایا پابەندی بڕیارەكانی ڕۆژئاوا دەبن؟ بۆ نموونە توركیا ئاماژەی بەوەدا كە پابەندی ئەم بڕیارە نابێت؟

 سەرۆكی كوردستان: پێموایە پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی سەرۆك وەزیران و پەرلەمانی ئێراق بكرێ.

 ٭ جەنابی سەرۆك، جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ توركیا لەیادگارییەكانی بەڕێز مسعود بارزانیدا، ئایا گوێبیستی گۆرانیی توركی دەبن؟

 من كاتێك لەهەولێر بووم دەمدی كەسانێكی زۆر لەكورد گوێ لەگۆرانیی توركی دەگرن؟ سەرۆكی كوردستان: بەڵێ بێگومان گوێیان لێ ڕادەگرم وئاوازی توركی بەئاوازی زۆر جوان دەزانم.

 ٭ گوێ لەكام گۆرانیبێژ دەگرن؟

 سەرۆكی كوردستان: لەپیاوان ئیبراهیم تاتلیساس و لە ئافرەتان بەلقیس ئاق قالە.

٭ هاندەری هیچ یانەیەكی تۆپی پێی توركین؟

 سەرۆكی كوردستان: هەركاتێك دەرفەتم هەبێ سەیری یاریی تۆپی پێ دەكەم، بەڵام گرنگییەكی تایبەتم بەیانەیەكی دیاریكراوی توركی یانیش غەیرە توركی نییە، چونكە پرسە ئەولەوییەتی پرسە گرنگەكان گۆڕاوە ئەگینا من یاریزانی تۆپی پێ بووم.

 ٭ لەپلانتاندا هەیە داوەتنامە ئاراستەی یانەی وەرزشی توركی بكەن بۆ ئەوەی بێنە هەولێر ولەوێ یاری بكەن؟

سەرۆكی كوردستان: بەڵێ ئەم كارە زۆر پێویست وبەسوودەو ئێمە تیم ویانەكانی خۆشمان هاندەدەین بێنە توركیاو یانەو تیمی توركی داوەت بكەن وبڕواشم بەوە هەیە ئەوەی وەرزش دەتوانێ بەدەستی بهێنێت زۆر جار سیاسەت ناتوانێ بیهێنێتەدی.

 ٭ بۆیە من دەپرسم گفتوگۆكانتان لەئەنقەرا ئەو كەشوهەوایەی رەخساند؟

 سەرۆكی كوردستان: پێموایە بەڵێ ئەو كەشوهەوایەی بۆ زۆربەی چالاكییەكان هێنایەدی.

 ٭ كەواتە ئایا دەتوانین ئەم بە سەردانە زۆر گرنگەو خاڵی وەرچەرخانە وەسف بكەین؟

سەرۆكی كوردستان: دەكرێ بەسەردانێكی گرنگ وسەركەوتوو بەرهەمدار لەقەڵەم بدرێ.

 ٭ واتا ڕێخۆشكەرە بۆ پێشكەوتنی زیاتر؟ سەرۆكی كوردستان: هیوادارین وئەوەش پێشبینی كراوە.

 ٭ ئەو یادگارییانەی هەرگیز لەتوركیا لەیادی ناكەن لەگەڵ سەرۆك ئۆزاڵ بۆ نموونە یان هەر كەسایەتییەكی دیكەی تورك؟

 سەرۆكی كوردستان: من3 جار لەگەڵ سەرۆكی خوالێخۆشبوو ئۆزاڵ دانیشتم وبەپیاوێكی زۆر مەزنی دەزانم وهیچ كاتێك دۆستایەتی وكرانەوەی بەڕێزیان لەیاد ناكەم وپێشموایە ئەوەی ئێستا بەڕێز ڕەجەب تەیب ئۆردوگان دەیكات تەواوكەرو هاوشێوەی هزرو پلانەكانی ئۆزالە.

 ٭ ئایا جگە لەسیاسەت هیچ هەڵوێستێكی مرۆییتان لەیادە لەگەڵ ئۆزاڵ لەگەڵ رەجەب تەییب ئۆردوگان؟

 سەرۆكی كوردستان: ئۆزال ڕۆڵێكی گەورەی لە یارمەتیدانی پەناهەندەكانی كورد بینی كاتێك لەساڵی1991 كۆچڕەوە ملیۆنییەكەی كرد، بەڕێز ئۆردوگان لەئەستەمبۆڵەوە ڕابەرایەتیی كاروانێكی یارمەتیی مرۆیی بۆ پەناهەندەكانی كورد كرد ئەوكات، ئەو هەڵوێستانەش هەمیشە مایەی ڕێزن.

 ٭ هیچ ساتێكی دیاریكراو هەیە كە ئێوە لەیادی نەكەن لەتوركیا یان لەگەڵ كەسێكی دیاریكراو بۆ نموونە لەكاتی نانخواردن لەكاتی قسەكردن ئەو مەسەلانە لەوانەیە سیاسەتێكی بەهێزتری لەسەر دروستبێت؟

 سەرۆكی كوردستان: بێگومان پەیوەندیی تایبەتی ولایەنی مرۆیی كاریگەریی بەسەر لایەنی سیاسیش دەبێ، ئەوەی لەسەرۆك ئۆزاڵ تێبینیم كرد هەستی مرۆڤایەتیی ئەو كەسە بوو، من بەئۆزاڵ و بە سیفەتی مرۆڤایەتیی سەرسام بووم و بەر لە2 ڕۆژ كاتێك لەگەڵ بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیران ڕەجەب تەییب ئۆردوگان دانیشتم بۆ یەكەمینجار بوو بچینە نێو قسەو باسی دۆستانەی ئیجابی، لایەنی زۆری مرۆییم لەبەڕێز ئۆردوگان تێبینی كرد.

 ٭ ئایا بەزمانی كوردی قسەی لەگەڵ كردن؟ سەرۆكی كوردستان: بەڵێ بەكوردی بەخێرهاتنی كردم وگوتی: بخێرهاتی، ودواتر چووینە نێو چەند گفتوگۆیەكی دۆستانەو برایانە ولێكتێگەیشتنێكی گەورە لەنێوانماندا هەبوو.

٭ ئەی بەڕێز ئەحمەد داوود ئۆغڵو وەزیری دەرەوە؟

 سەرۆكی كوردستان: كاتێك سەردانی هەولێری كرد لەئۆكتۆبەری مانگی ڕابردوو لەگەڵی دانیشتم، ئەو كەسێكی ڕۆشنبیرەو دۆست و پاڵپشتیكاری بەڕێز ئۆردوگانە ومن بەپیاوێكی دەزانم بەهەموو واتای وشەوە، ئەو كەسێكی كراوەیەو سیاسەتی دەرەوەی توركیا لەسەركەوتنەوە بۆ سەركەوتنێكی دیكە دەبات، چونكە توركیا نیمچە دابڕاو بوو پێشتر وئێستاش دەرگاكانی توركیا كراوەیەو لەلایەن زۆربەی گەلانی دنیا قبووڵكراوە هەروەها هەموو جیهان.

 ٭ هیچ هەڵوێستێكی مرۆیی لەنێوان ئێوەو داوود ئۆغڵو ڕوویدا كەلەیادتان نەچێت؟ سەرۆكی كوردستان: ئەوەی لێیان تیبینیم كرد كە بەزمانێكی دۆستانەو برایانە قسە دەكات بەدوور لەدیپلۆماسییەت بێگومان ئەو شێوازەش واتا ئاخاوتنی دۆستانەو برایانە ونیشاندانی خۆشەویستی وگیانی برایەتی بێگومان كاریگەریی خۆی هەیە.

 ٭ ئایا لە نییەتتاندا هەیە لەگەڵ حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن لەتوركیا دابنیشن؟

 سەرۆكی كوردستان: من ڕێزم بۆ حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن هەیە، بەڵام لەبەرنامەمدا نییە لەگەڵیان دابنیشم.

 ٭ زۆر سوپاس جەنابی سەرۆك ئەوەی لەقسەكانتان ئاگاداری بووم لایەنی مرۆیی هەمیشە دەبێتە هۆی دروستكردنی پەیوەندیی باش وسەركەوتووی سیاسی؟

 سەرۆكی كوردستان: بەڵێ قسەكەت ڕاستە. ٭ كەی دەتوانین جارێكی دیكە بەڕێز مسعود بارزانی لەئەنقەرا یان ئەستەمبۆڵ ببینین؟ سەرۆكی كوردستان: پەنا بەخوا كاتی پێویست، بەڵام بێگومان وەكو جارانی دیكە دوور نابن وپەنا بەخوا نزیك دەبن لەیەك.

 ٭ ئایا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن بەرپرسانی تورك سەردانی هەولێر بكەن؟

 سەرۆكی كوردستان: بێگومان لەمەولا سەردانی یەكتر دەكەین وبەرپرسانی ئەنقەرەش سەردانی هەولێر دەكەن.

٭ زۆر سوپاس جەنابی سەرۆك وئەگەر هەر تێبینییەكتان هەبێت وحەزیش دەكەین گوێ لەدوا پەیامتان بگرین؟

 سەرۆكی كوردستان: تەنها یەك تێبینیم هەیە ئەویش ئێمە بەپێی دەستوور ناوونیشانی ئێمە بەفەرمی هەرێمی كوردستانە نەك باكووری ئێراق هەرچەندە ئێمە خۆمان لەئێراق جیاناكەینەوە، بۆیە زانیارییەكانت ڕاست بكەوە، هەرێمی كوردستان نەك باكووری ئێراق، ئۆكەی؟  

 

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌