2010-06-07

 

واش پێدەچێت هیچ ڕكابەر بۆ مام جەلال بۆ وەرگرتنی پۆستەكە نەبێ، ئەوەشیان نیشانەی یەكگرتووی كوردە، وا دیارە كورد لەسەر داوا سەرەكیەكەی سەبارەت بە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار یەك هەڵوێستە، داوای سیادیانەی دووەمی كورد یاخود كوتلە پەرلەمانییە چوار قۆڵیەكەی، یەكێ لە وەزارەتە سیادیەكانە، ئەویش بەشێوەیەكی سەرەكی یان نەوتە یان بەرەڤانییە، ئەگەر هاتوو شیعە و سوننە بەمانەوەی بەڕێز هۆشیار زێباری وەك وەزیر لە وەزارەتی دەرەوەی ئیراقدا ڕازی نەبن. گومانیش لەوە دانییە، بۆ كورد وەزارەتی نەوت گرنگترە لە وەزارەتەكانی دیكەی حكوومەتی ئیراقی فیدڕاڵ، ئەگەر هاتوو ڕەچاوی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی ئێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر نەوت و ناردنی نەوت و گرێبەستەكانی و ...هتد بكەین، جێی وەبیر هێنانەوەیە بەڕێز هۆشیار زێباری لەو ڕۆژەی بوو بە وەزیری دەرەوەی ئێراق، جێی ڕەزامەندی گەلانی ئێراق و لایەنە دیبلۆماتكارەكان بوو، بە مرۆڤێكی شایستەو زیرەك و دیبلۆماتكارێكی گەورە لە لایەن عەرەبەكان لە قەڵەم دراوە.

 لێرەدا پێویستە لەسەر هەر كوردێك، كە پۆستێكی سەرەكی یاخود هەستیار وەردەگرێت دەبێ سەركەوتن لەبەرچاو بگرێت و شكست لە كارەكانی نەبینێت و ئیسپاتكردنی لێهاتوویی و زیرەكی بۆ كورد، لەو بارەیەوە تا بڵێی پێویست و زەروورە. بەگوێرەی دابەشكردنی 3 پایە سیادیەكەی سەرەوەی وەزارەتەكان سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان، وادیارە ئەو دابەشكردنە دەبێ بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی وەزارەتە سیادیەكانیش بگرێتەوە،ئیدی لەمەودوا وردە وردە دابەشكردنی دەسەڵاتە سیادیەكان لەسەر ئەو بنەمایەی لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ساڵی 2005 دەبێ بچەسپێ و قاڵب بگرێت و دەبوایە ئەو دابەشكردنەی لە دوای هەڵبژاردنەكانی ناوبراو هاتەكایەوە سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كورد و وەزیرانیش بۆ شیعە و پەرلەمانیش بۆ سوننە بكرابایە بە یاسا و هەموو لایەكیش بە یاساكە ڕازی ببوایە، هەر وەكو چۆن بەدابەشكردنەكە بەدرێژایی ئەو پێنج ساڵەی ڕابردوو ڕازی بوون، ئەو كاتە ئەو تەنگژەی بۆ چەند هەفتەیەك دەچێت ئیراقی هەژاندووە مشتومڕ لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران بەتایبەتی ڕوینەدەداو دەمێك بوو حكوومەت پێكهاتبوو.

جێی سەرنجە پایە سیادیەكان بەپلەی یەكەم هەرسێ سەرۆكایەتییەكە، بەپلەی دووەمیش وەزارەتە سیادییەكان، كۆتایی بە تەنگژە و كێشەكان نایەنن، ئەگەر پۆستە سیادییەكانی دیكەش، كە بەپلەی سـێیەم دێن بەگوێرەی قەوارەی پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكانی ئیراق، یان بەگوێرەی مافی هەڵبژاردنەیی دابەشنەكرێن.

جێی خۆشحاڵییە و بەپێی ئاگاداری و زانیاری كورد لە دەستنیشانكردنی پۆستە وەزیفییەكانی پلەی سێیەم دەستپێشخەر بوون، ئەوەتا لەو دواییانەدا داوای لە %25 پایە وەزیفییە نیمچە سیادیەكان دەكات، خاتوو ئاڵا تاڵەبانی لە ڕۆژی 210-5-19 ئاماژەی بەو ڕێژە وەزیفیەی كورد دەیەوێت دا، وادیارە ئاڵا تاڵەبانی لە داواكەیدا قەوارەی گەلی كوردی ڕەچاو كردبوو، هەر بۆیەش وائیل عەبدولەتیف خێراو ناڕاستەوخۆ لێی هاتە وەڵامدانەوەو گوتی: كورد دەبێ بەپێی مافی هەڵبژاردنەی داوای ڕێژەی وەزیفی بكەن نەك بەپێی ڕێژەی قەوارەی پێكهاتەی كورد، لێرەدا باشترە پایەی سیادی خوارەوەی هەرسێ پایە سیادیە سەرەكییەكەو ئینجا پایە سیادییەكەی وەزاری، بەپێی قەوارەی ژمارەی پێكهاتەكان بێت نەك بەگوێرەی مافی هەڵبژاردنەیی، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو زانیمان كورسی پەرلەمانی، كە لە ئەنجامی مافی هەڵبژاردنەیی دێت، ڕەنگە و هەر واشە جارناجار لە كورتی بدات یاخود بەپێچەوانەوە جگە لەوەی، كە دەكەوێتە ژێر كارتێكردنی تەزویرو...هتد، لە فرتوفێڵی دیكەش. كورد لەمەودوا پێویستە ئەو ڕاستییە لەبەر چاو بگرێت و قووڵی بكات و پێكۆڵی بۆ بكات و پابەندی سەرژمێریی دانیشتوانیش بێت، كە شكی تێدانییە لە قازانجی كورد دەبێت و كورسی و پایە سیادیش بە هەرسێ پلەكانیەوە بۆی زیاد دەبێت، جێی داخە لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ساڵی 2005 بەپێی پێویست بایەخ بەو لایەنە نەدەدرا بەڵكو زیاتر باس لە ڕێژەی كورد لە باڵیۆزخانەكانی ئیراق دەكرا، ئەوەو دڵنیام لەوە دوا گەلێ مافی دیكەی شاراوەی كورد پەردە لەسەری ڕابماڵدرێت و شێوەی ڕێژە و یاسا وەردەگرێت. مەرجیش نییە، پۆستی سیادی هەرە گرنگ وەك پۆستی سەرۆك وەزیران هەمیشە مافی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی گەورە بێت، بەڵام لە ڕۆژگارێكی وەك ئەمڕۆی ئێراق مانەوەی پۆستەكە بۆ نوێنەرانی پێكهاتەی گەورە شیعە ڕەواو ڕاستە، بەتایبەتی، كە مەترسی گەڕانەوەی پێكهاتەی سوونی، كە كەمینەن بە بەراووردكردن بە شیعە هەروەها گەڕانەوەی حزبی بەعسیش، كە بە ئیمتیاز نوێنەری پێكهاتەی سوننەیە، بۆ دەسەڵات لە ئارادایە، لە یەكێتی سۆڤییەت و دەیان وڵاتی دیكەش گەلێ جار پۆستی سیادی هەرە گرنگ بە كەسانی غەیرە ڕووس دسپاردرا.

بۆ نموونە ستالین كە حاكمی موتلەقی یەكێتی سۆڤیەتی جاران بوو، ڕووس نەبوو، بەڵكو جۆرجی بوو خرۆشۆڤیش ئۆكڕانی بوو نەك ڕووس، ئەنتاس میكۆیان ئەرمەنی بوو، ئەرمەنیش ئێستا و ئەو كاتیش ژمارەیان بە بەراوردكردن لەگەڵ ژمارەی گەلانی دیكەی سۆڤیەتی جاران، گەلێكی قەوارە بچووك بوو، كەچی سەرەڕای ئەویش میكۆیان ساڵانێك سەرۆك كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤییەتی جاران بوو. پێویستە شیعەو سوونەی ئێراق، كە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە نموونانە دەكرێن، نموونەی دیكەش هەن ئۆبامای سەرۆكی ئەمەریكا، بەخۆیان دابچنەوە و واز لە شۆڤێنیەت و دەمارگیری و لەخۆبایی بێنن، زۆریش كەیف خۆشبن، ئەگەر هاتوو پێكهاتەیەكی وەك كورد داوای زیاتر لە پایەیێكی سیادی بكات، چونكی لەو حاڵەتەدا بارگرانی بەڕێوەبردنی حكوومەت و دەوڵەت لەسەر شانیان سووكتر دەبێت، ئەزموونە دەوڵەمەندەكەی كوردیش بۆی هەیە ئیراقیش وەك كوردستان پێشبخات و بەرەو پێشەوەی ببات.

 

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌