2010-06-08

كاوە مەحمود: دەستێوەردانمان نییە لە كاروباری وڵاتانی دراوسێمان و بەهیچ شێوەیەكیش قبوڵ ناكەین كەس دەست لە كاروباری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەربدات

خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج

سوپای پاسدارانی ئێران بە بیانووی لێدانی بارەگاكانی پەژاك ماوەیەكی بەشێوەیەكی چڕ سنوورەكانی هەرێمی كوردستان تۆپباران دەكات و بەم هۆیەشەوە وێڕای شەهیدبوونی چەند هاووڵاتییەك و برینداربوونی ژمارەیەك لە دانیشتوانی ئەو ناوچە سنوورییانە، زیان بە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری ئەو ناوچە سنوورییانە گەیشتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، بەردەوام بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە پەنا دەباتە بەر رێگای ئاشتیانە و دیپلۆماسیانە و رێزگرتن لە سەرەوەری وڵاتانی دراوسێی و لەهەمانكاتیشدا دەخوازێت كەناڵە دیپلۆماسییەكانی ئێراق ئەكتیڤ بكرێت و ئەم كێشەیە بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت، كاوە مەحمود گوتەبێژی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی خەبات، ئاماژەی بەوەدا، دەستێوەردانمان نییە لەكاروباری وڵاتانی دراوسێ و بەهیچ شێوەیەكیش قبوڵ ناكەین كەس دەست لەكاروبارمان وەربدات.

 

لەبارە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ئەو تۆپباران و سنوری بەزاندنانە، پرسیارمان لە كاوە مەحمود گوتەبێژی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، راستەوخۆ پەیوەندیمان پێیانەوە كردووە و هەوڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان پێان راگەیاندووە و هەروەك گوتیشی: ئێمە لەگەڵ كۆنسوڵخانەی ئێران لێرە بە راستەوخۆ و بە ئاگاداری ئەوان قسەمان كردووە بەچەند شێوازێك، لە یادی كۆچی دوای ئیمام خومەینی كە لە هەولێری پایتەخت مەراسیمێك رێكخرا، بەرێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كەمال كەركووك بەراستەوخۆ و روونی ئاماژەی بە هەڵوێستی كورد كرد و منیش بە نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پەیامی خۆمان پێان راگەیاند، كە تۆپبارانكردن و بەزاندنی سنووری هەرێمی كوردستان پێشێلكردنی یاسایی نێودەوڵەتی و پێشێلكردنی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان و سەروەری ئێراق و دراوسێیەتیە.

كاوە مەحموود لەبارەی پاساوەكانی ئێرانەوە، كە هێرشەكانیان بۆ سەر هێزە چەكدارەكانی پەژاكە ئاماژەی بەوەدا، چارەسەر تەنیا ئاشتییە و داوای راگرتنی ئەو هێرشانەمان كردووە و گوتی: بەهیچ شێوازێك پاساو نییە بۆ ئەم سنوور بەزاندن و تۆپبارانكردنەی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە، چارەسەركردنیش تەنیا بۆ ئەم بابەتە كشانەوەی هێزەكانی ئێران و راگرتنی تۆپبارانەكەیە، چونكە سیاسەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێیەكانی لە بواری ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی و كۆمەڵایەتی پتەو بێت بەجۆرێك خزمەت بەسەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكەدا بكات.

گوتەبێژی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی هەڵوێستی حكوومەتی ئێراقەوە، كە بەشێوەیەكی دەستووری ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی سەروەرییەكانی ئێراق، بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئاماژەی بەوەكرد، لە رێگای كەناڵە فەرمییەكانەوە پەیوەندیمان بە وەزارەتی ناوخۆی ئێراقەوە كردووە و ئەوانیش پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی ئێراق دەكەن و بەشێوەیەكی فەرمی و بە ئاشكرا وەك هەڵوێستی حكوومەت داوامان كردووە حكوومەتی ئێراقی كەناڵەكانیان لەم بوارەدا ئەكتیڤ بكات، بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە رابگیرێت.

ئێران پاساوەكەی لێدانی هێزەكانی پەژاكە كە بەدرێژایی سنووری ئێران بوونیان هەیە، لە گوتەبێژی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان پرسی، ئەو بیانووایە بەدەست ئێرانەوەیە، ئێوە داواتان لەو لایەنانە نەكردووە رەوشی هەرێمی كوردستان بپارێزین و نەبنە هۆی ئەوەی وڵاتانی دراوسێ مەترسی بخەنە سەر ئەم ئەزموونە، ناوبراو لە وەڵامدا گوتی: بە هیچ شێوازێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستێوەردانی نییە و نابێت بۆ كاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێیمان و ئەگەر گیروگرفتێكشیان هەبێت، ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، ئێمە دەخوازین بە رێگای دیموكراتی و ئاشتیانە و مەدەنیانە چارسەرەی كێشەكان بكرێت و هیچ كاتێك ئێمە دەستێوەردانمان نییە لە كاروباری وڵاتانی دراوسێیمان و بەهیچ شێوەیەكیش قبوڵ ناكەین كەس دەست لە كاروباری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەربدات. دەبێت سەروەری هەموو وڵاتێك بپارێزرێت و بە هەموو لایەنە كوردستانیەكانشمان راگەیاندووە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە پاراستنی دەسكەوتەكان هەیە و دەبێت بە هەندی وەربگرن.

وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو هەڵوێستەی سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، كە چەندجارێك دووپاتیكردۆتەوە، جارێكی دیكە خوێنی كورد بەدەستی كورد ناڕژێت، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد، گوتوومانە پاسەوانی وڵاتانی دیكەمان پێناكرێت و لەلای ئێمە و سەركردایەتی سیاسی كورد ئەوە راگەیەنراوە نابێت جارێكی دیكە خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕژێت. پاراستنی سنووری وڵاتی هەموو وڵاتێك ئەركی ئەو وڵاتە خۆیەتی، ئێمە پێمانوایە توندوتیژی و پێشێلكردنی سەروەری هەرێمی كوردستان رەوشەكە ئاڵۆزتر دەكات و پێمانوایە دەبێت رێگەی ئاشتیانە بۆ چارەسەری كێشەكان بگیرێتە بەر. ئەو تۆپبارانكردنە بووەتە هۆی شەهید بوونی چەند هاووڵاتیەك و بریندار بوونی ژمارەیەك هاووڵاتی، تەنیا ئەمە لایەنی مرۆیی نییە، بەڵكو ئەمە پێشێلكردنی سەروەریییە و ئێمە ئامادەی گفتوگۆین، بەڵام ئەوە ئەركی حكوومەتی ئێراقە كاری خۆی بكات، چونكە ئەمە بەشێكە لەسەروەری ئەم وڵاتە.

لە بەرێز كاوە مەحموودمان پرسی، ئەگەر هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان و ئێراق نەبوونە هۆی راگرتنی ئەو پێشێلكارییانە ئایا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەنا دەباتە بەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەو كەناڵەنەی هێزی فشارن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؟ ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، ئێمە هیوادارین ئەو سنوور بەزاندن و تۆپبارانكردنە بەزووی رابگیرێت، رێگای چارەی دیپلۆماسیانە و سیاسیانە لە چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی زۆرە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پەنا دەباتە بەر ئەوە رێگایە و میكانیزمەكانیشی بەكار دەهێنرێت و بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە و دیموكراتیانە ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌