2010-06-08

ئاسۆ عەلی فەرەج
لە كوردستان ئۆپۆزسیۆن نییە، بەقەدەر ئەوەی هێز هەن بۆ لەكەداركردن و ناشیرینكردنی دەسكەوت و پیرۆزییەكان و شێواندنی سرووشتی ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش هەبن و ناوخۆیان بەم هێزەوە هەڵواسیبێت، ئەوا نموونە و شێوازی كاركردنی ئۆپۆزسیۆن پێماندەڵێت: ئۆپۆزسیۆن بریتی نییە لە رووخاندنی كیان و ناشیرینكردنی دامودەزگا دەستووری و یاساییەكان و رەتكردنەوەی راوبۆچوونی ئازادانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان، بەڵكو لە سیستەمی سیاسیدا ئۆپۆزسیۆن واتا ركابەریەك بە پرۆگرامی تۆكمە و ستراتیژیەتی بەهێز و خستنەڕووی ئەجێندای بەهێزتر لەو دەسەڵاتەی بە زۆرینە دەنگی هێناوە.
هەروەك چۆن رێچكەی دیموكراسیەت و هێزی كۆمەڵگەی مەدەنی و بنەما و پرەنسیپی كرانەوەی سەردەمیانە لە كوردستان قۆناغی سرووشتی خۆی تێپەڕ نەكردووە، بەمشێوەیەش ئۆپۆزسیۆنێك دروستبووە جگە لە قێزەونی هیچیتر نەبووە لە جۆر و هەڵسوكەوت و رەفتاریان، بگرە هەست دەكەی ئەم هێزە بریتیە لە گرووپێكی توندڕەوی هەرزەكارانە، نموونەش زۆرن وەك جیانەكردنەوەی ئەرك و مافی ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان، كە شەرعیترین دەسەڵاتی یاسادانانە لە كوردستان، ئەو برادەرانە ئەم شوێنە وەك سەرشەقام بەكار دەهێنن و پێڵاو بەرزكردنەوە بەڕووی پەرلەمان و تۆمەت بەخشینەوە و دادگا دروستكردن لەسەر شەقام و هتد بە چالاكی مەدەنیانە و بە ئەركی ئۆپۆزسیۆن دەزانن، بۆیە هەڵەیەكی گەورە دەكەن كاتێك فۆرمی كاركردنیان پڕ لەم كارە قێزەونانە دەكەن و دژی خواستی زۆرینەی كوردستان دەوەستنەوە بەبێ ئەوەی یەك دێریان بۆ باشتركردنی رەوشەكە پێبێت.
ئەمەی ئەمڕۆ لە كوردستان دەگوزەرێت حەیفە بكرێتە نموونەی سەرهەڵدانی هێزی ئۆپۆزسیۆن، چونكە وێڕای هەڵخەڵەتاندنی میللەت و ئیستغلالكردنی ئازادی، بۆ پرۆسەی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی جیدیش زیانمەند دەبێت و خەڵكی بێ ئومێد دەبێت جارێكی دیكە بتوانرێت یارییەكانی دیموكراسی بەشێوەیەكی هێمنانە لە سیستەمی سیاسی وڵات بەڕێوەبچێت و ئەم هەرێمە جارێكی دیكە نەكەوێتەوە بەر دووكەڵی دووبەرەكی و ناكۆكی، بە وردبوونەوەیەك لەو رۆژەوەی ئۆپۆزسیۆن بە واتاكەی خۆیان سەریهەڵداوە، شارەزایانی ئەو بوارە و خەڵكی كوردستانیش دەپرسن، كامەیە بەرنامەیەكیان بتوانێت قەناعەت بەوە بهێنێت ئەمان بریتین لە هێزێك بۆ بەرژەوەندییە گشتییەكانی میللەت، جگە لە رەفتاری هەرزانە و موزایەدە كردن و روونكردنەوە و بەیاننامەی چەواشەكاری؟ ئایا ئەگەر ئەمە بریتی بێت لە سیمای ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان ئۆمێدێك دەمێنتەوە بۆ ئەوەی میللەت جارێكی دیكە بڕوا بەم ئەقڵیەتە نادروستە بكات؟ ئاخۆ ئەم هێزانە لە دواجار بەم ناو و ناوەڕۆكە سەقەتەوە دەتوانن چی پێشكەش خەڵك بكەن؟ ئایا ئەم موزایەدانە بەسە بۆ ئەو خەڵكانەی بە پەرۆشەوەن بۆ ئۆپۆزسیۆنی خاوەن پرۆژە؟ ئایا بەردەوامبوونی ئەم رەوتە نا ئۆپۆزسیۆنە كە رەتی هەموو شتێك دەكەنەوە نابنە مایەی بۆ ئومێدبوونی كۆمەڵگە؟ ئەمانە و چەندین (ئایا)ی دیكە ئەو هێزانە دەخاتە بەردەم گومانێك، كە بوونی ئەم هێزانە جگە لە مەترسی و بەلارێبردندا هیچ مانا و حیكمەتێكی دیكەی تێدا نییە.
aso_ali2003@yahoo.com

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌