2010-06-12

د. ڤالا فەرید: حكوومەتی ئێراقی لە ئاست تۆپبارانكردنی سنوورەكانی كوردستان بێدەنگە، بەڵام لە ئاست گرێبەستە نەوتییەكان بە دەنگە!!

خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج

ماوەیەكە هێزەكانی سوپای ئێران ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی بە بیانووی جۆراوجۆر، كە لەرووی یاساییەوە هیچ ئیعتیبارێكی نییە تۆپباران دەكات و زیانی گیانی و ماڵیش لە ئەنجامی ئەو تۆپباران و سنووربەزاندنە لێكەوتەوە، بۆ قسەكردن لەبارەی ئەركی حكوومەتی ئێراقی لەبەرامبەر ئەم دەستدرێژیانە لە دیمانەیەكی تایبەتدا دكتۆرە ڤالا فەرید مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە كۆلیژی یاسا و رامیاری زانكۆی سەلاحەددین ئاماژە بە ئەركی حكوومەتی فیدراڵ دەكات لەم جۆرە هێرشانە بە گوێرەی دەستوور.

سەرەتا دكتۆرە ڤالا فەرید لەبارەی ئەركی حكوومەتی فیدراڵەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ پاراستنی سنوورەكانی وڵاتەكە تیشكی خستەسەر ئەوەی،
ئەركی حكوومەتی ئێراقی فیدراڵە لە بەرگریكردن و پاراستنی سنوور و سەروەری وڵاتەكەی ئەركێكی رەهایە، بەپێی دەستووری هەمیشەیی ئێراقی تەنها خۆی بۆی هەیە سنوور و سەروەری وڵاتەكەی بپارێزێت لە هێزە دەرەكییەكان، كە دەستدرێژیان كرد سەر خاكی ئەم وڵاتە، بەڵام مافی وەبەرهێنان و گرێبەستەكانی وەبەرهێنان مافێكی رەها نییە، بەپێی دەستووری هەمیشەیی ئێراق، هەرێمەكان مافی وەبەرهێنانی كێڵگە نەوتی و گازییە ئایندەییەكانیان هەیە، بەتایبەتی كە دەستوور ئاماژەی پێداوە سامانی سرووشتی هەرێمەكان لە دەسەڵاتی خودی هەرێمەكانە.

دكتۆرە ڤالا لەبارەی دەسەڵاتی هەرێمەكان و حكوومەتی فیدراڵی، هاوشێوەی ئێراق، كە كورد بەشێكە لە سیستەمی فیدراڵی ئەو وڵاتە ئاماژەی بە رەهای دەسەڵات و قۆرخكردنی دەسەڵاتەكان كرد و گوتی: بەپێی ئەو پرەنسیپە كلاسیكیە نێودەوڵەتیانەی، كە حوكمی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان دەكەن لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمەكان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، حكوومەتی فیدراڵ خۆی ممارەسەی دەسەڵاتە دەرەكییەكان دەكات، خۆشی پابەندی ئیلتیزامی نێودەوڵەتی دەكات، بەو پێییەی كە حكوومەتی ئیتیحادی تەنها خۆی خاوەنی كەسایەتی نێودەوڵەتییە، بۆی هەیە بەستنی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان بڕیاری جەنگ و ئاشتی و ئاگربەست، بازرگانی و قەرزە نێودەوڵەتییەكان، پەیوەندییە داراییەكان و باجە سەپێنراوەكان، ئەندام بوون لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، چالاكییە دیپلۆماسیە جۆراوجۆرەكان لە دەسەڵاتی خۆیدا بێت، بەڵام پرەنسیپی قۆرخكردنی دەسەڵاتە دەرەكییەكان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵی پرەنسیپێكی رەها نییە، بەڵكو شایەنی تقیدە بە رێگای بەند و بنەما دەستوورییەكان لە وڵاتانی فیدراڵیدا، بۆیە دەبینین بەشداریكردنی هەرێمەكان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە دەرەكییەكان لە ئەزموونێكی فیدراڵی بۆ ئەزموونێكی دیكەی فیدراڵی جیاوازییەكی بەرچاوی هەیە، ئەویش لە رێگای دەقی دەستووریی روون و ئاشكرایە، كە رۆڵی بەرچاو دەدات بە هەرێمەكان لە بەستنی پەیماننامە نێودەوڵەتیە ناسیاسییەكان، وەكو پەیماننامەی ئابووری و وەبەرهێنان، بارزگانی، بەڕێوەبردن، فێركردن، رێكخستنی پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێییەكان، ئەندامبوون لە رێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمیەكان....(تەماشای دەستووری هەریەكە لە ئەڵمانیا، مالیزیا، بەلجیكا، میرنشینەكانی عەرەبی یەكگرتوو بكە).

دواتر لەبارەی بەراوردكارییانەی ئەم دەسەڵاتانەوە ڤالا فەرید دكتۆرا لە بواری یاسای نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەكرد، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە پێكهاتەی ئێراقی فیدراڵ، دەسەڵاتی وەبەرهێنانی سامانە سرووشتیەكان (نەوت و گاز)ی هەیە بەپێی یاسای نەوت و گاز ژمارە(22) ی ساڵی 2007، كە یاسایەكی گونجاوە لەگەڵ دەق و بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی ئێراق، چونكە بەپێی دەقی بەندی ژمارە (112) ئەم دەستوورە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییە ئایندەییەكان دەكەوێتە دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆیە حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ پێویست بوو بێدەنگی بنوێنێ لەمەڕ ئەو كارە یاسایی و دەستوورییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان موممارەسەی دەكات. لە هەمانكاتدا ئەوەی كە پێویستە بێدەنگ نەبێت لە ئاستیدا بریتییە لە بەرگریكردن لە سنوور و سەروەری وڵاتی ئێراق، بەرگریكردن و بەدواداچوونی مافی هاووڵاتیانی خۆی كاتێك كە دەبنە قوربانی كارە ناڕەواكانی دەوڵەتانی دراوسێ و ژیانیان دەكەوێتە بەرمەترسییەوە.

لەبارەی بێدەنگی هەڵبژاردنی حكوومەتی فیدراڵ بەرامبەر تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانەوە د. ڤالا فەرید ئاماژەی بەوە كرد، لای هەمووان ئاشكرایە كە ماوەیەكی زۆرە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزە چەكدارەكانی ئێران تۆپباران دەكرێن، بەڵام ئەم تۆپبارانكردنە لە كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە جۆرێك زیادی كردووە، كە قوربانی گیانی و ماڵی لێكەوتۆتەوە، ئەمە جگە لە بەزاندنی سنوور و سەروەری ئێراق بە درێژایی زیاتر لە دوو كیلۆمەتر، بەبێ بوونی هیچ پاسا و بیانوویەكی یاسایی، كەچی حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ بێدەنگە!! لەگەڵ ئەوەی، كە ئەركی حكوومەتی فیدراڵە لەبەرگریكردن لە سنوور و سەروەری وڵاتەكەی ئەركێكی رەهایە، واتا لە هیچ ئەزموونێك لە ئەزموونە جیاجیاكانی فیدراڵیدا، ئەركی بەرگریكردن و پارێزگاریكردن لە سنوور و سەروەری وڵات بۆ هەرێمەكان جێنەهێشتووە، تەنها حكوومەتی فیدراڵ بۆی هەیە سنوور و سەروەری وڵاتەكەی خۆی بپارێزێت و رووبەڕووی هێزە دەرەكییەكان ببێتەوە. لە دەستووری هەمیشەیی ئێراقیدا ئەو ئەركە، ئەركی حكوومەتی فیدراڵە، تەنها خۆی بۆی هەیە بەرگری لە سنوور و سەروەری وڵاتەكەی بكات، ئەمە جگە لەوەی ئەركی پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیانی خۆی دەكەوێتە ئەستۆ، واتا ئەركی حكوومەتی فیدراڵە بەپێی یاسا كە هاووڵاتیانی خۆی لە زەرەر و زیانی هێزە دەرەكییەكان بپارێزێت، لە كاتی بوونی زیانی گیانی و ماڵی بەدواداچوون بكات بۆ مافی قوربانییەكانی بە جۆرێك ئەو دەوڵەتەی زیانی گەیاندووە ناچار بكات قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە بكاتەوە كە زیانمەند بوون، ئەگەر حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ توانای ئەوەی نییە، كە بەدواداچوون بكات لەم كارە ناڕەوا و نایاسایی و نامرۆڤایەتییە، دەوڵەتی بەرپرس ئاگادار بكاتەوە بەزووترین كات تۆپباران رابگرێت و ناچاری بكات كە زەمان بدات جارَكی دیكە ئەم كارە ناڕەوایە دووبارە نەكاتەوە و مافی ئەو هاووڵاتیانەی كە بوونەتە قوربانی ئە و كارە ناڕەوایە زامن بكات، ئەوا پێویستە لەسەری خۆی لە بڕی دەوڵەتی بەرپرس قەرەبووی زەرەرمەندان بكاتەوە، چونكە خۆی بەرپرسە لە پاراستنی ئەمن و ئاساشی وڵاتەكەی بەپێچەوانەوە، واتا كە نەیتوانی ئەمن و ئاسایش بپارێزێت و لە ئاكامی ئەم كەمتەرخەمییە هاووڵاتیان تووشی زەرە بوون، ئەوا خۆی بەرپرس دەبێت لە قەربووكردنەوەی ئەو زەرەرانە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌