2010-06-13

زانیار سەردار قڕگەیی: تادێت گفتوگۆو باسەكانی تایبەت بەدامەزراندنی حكوومەتی ئێراق و پەرلەمانی ئێراق توندتر دەبێت، كوردستانییەكان مەترسی كەمبوونەوەی دەسەڵات و لەبەرامبەریشدا بەهێزبوونی هێزە شۆڤینییەكان لەناو پارتە دەرچووەكانی هەڵبژاردنی رابردوو مەترسییەكانی دژایەتیكردنی كورد لە بەغدا زیاتر دەكات، بۆیە لە هەموو كات زیاتر لیستە كوردستانییەكان پێویستیان بەیەك دەنگی هەیە، هەوڵەكانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو یەك دەنگییەو یەكڕیزییە جێی ستایش و تەقدیرە، بەڵام مەرجە راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لەم بوارەوە یارمەتیدەربن بەرنامەو گۆڕانكارییە سیاسییەكان لەپەرلەمانی داهاتووی ئێراق چییە؟ كاردانەوەو شوێنەواری لەسەر چەسپاندنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كورد چی دەبێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و چەند تەوەرێكی دیكەی گرنگ چەند پرسیارێكمان ئاراستەی بەڕێز (سامی شۆڕش) ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێراق كرد.

٭ بەشداری كورد لە پەرلەمانی داهاتووی ئێراقدا و رێوشوێنی ئەم بەشداریكردنە چۆن دەبێت، پێتوانییە یەكگرتوویی دەنگی قەوارە سیاسییەكانی كوردستان لە پەرلەماندا زامنی بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردە؟

 

- بێگومان وەكو لەخولی رابردووی پەرلەمانی ئێراقدا دەركەوت، یەكڕیزی هەڵوێستی كورد كارێكی هێجگار گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین مافە دەستوورییەكانمان بەدەستبهێنین و جێبەجێیان بكەین، ئەم جارەیان و لەم خولەدا لەجیاتی یەك یا دوو لیستی كوردستانی، چوار لیست كورسیان بەدەستهێناوە، ئەم چوار لیستەی كورد ئەگەر بێت و هاوكاری و هاوتەبایی و یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی و یەكخواستی یان لەنێوان نەبێ رەنگە كارێكی ئاستەم بێت بتوانن بەرامبەر ئەو هەموو هێزو شاڵاوە ناحەزییەی كەبەرامبەر كورد و مافەكانی كورد هەیە كاربكەن و بتوانن مافە دەستوورییەكانی كورد بەدەستبهێنن. لێرەوە من پێموایە ئەو پەرلەمانەی داهاتووی ئێراق، پەرلەمانێكی زیندوو دەبێت، پەرلەمانێكی فرەلیستی و فرەهێز دەبێت.

 

چونكە هەتا عەرەبیش چەندین لیستیان گەیشتۆتە ئەو پەرلەمانە، لە هەمانكاتدا شەڕێكی دەستووری گەرم لەناو ئەو پەرلەمانەدا دەبێت.

 

لەو سۆنگەیەوە من پێموایە یەكڕیزی كورد لەناو ئەو پەرلەمانەدا كارێكی گەورەیە بۆ زامنكردنی مافەكانی ئینجا لەولاتر وەكو دەزانین كورد هەوڵی دا ناوماڵی خۆی رێكبخات، واتە ئەوەش هەنگاوێك بوو بۆ پێشەوە لەوەزع و حاڵی كوردیش كە بەو یەكڕیزییە دەگەنە بەغدا، من دڵنیام كەدەتوانین بەشدارییەكی كاریگەر لەدامەزراندنی حكوومەتی داهاتووی ئێراقدا بكەین، دەشتوانین لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا ڕۆڵێكی كاریگەر لەجێگیركردنی دیموكراسی لە ئێراق بگێڕین و هەروەها ئەو مافە دەستوورییانەی كە دەستووری هەمیشەیی ئێراق بۆ كورد و بۆ پێكهاتەكانی دیكەی زامنكردووە، دەتوانین بەوشێوەیە باشتر جێبەجێیان بكەین.

 

٭ تاچەند هەماهەنگی هەیە لەنێوان ئەو چوار لیستە كوردیەی كە ئاماژەت پێكرد، تاچەند خاوەنی یەكگوتاری سیاسیی كوردین؟

 

- بێگومان وەكو بارودۆخی گشتی ئێراق دەریدەخات، كارێكی ئاسان نییە تۆ بتوانی لەنێوان چوار لیست بەتایبەتی كەنێوانێكی زۆر لەبەینی لیستەكاندا هەیە لەڕووی دەنگ و لەڕووی كورسیەوە زەحمەتە بتوانی یەكڕیزی دروست بكەی لەنێو عێراقێكدا كە ئاڵۆزە، لەناو پڕۆسەیەكی سیاسی كە دەیان تەگەرەو كۆسپی لەپێشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لەكوردستان بەڕێنمایی جەنابی سەرۆكی كوردستان هێژا كاك مسعود بارزانی توانیمان ئەو كارەبكەین و خواستی كورد یەكبخەین.

 

ڕاستە جارجارە لێرەولەوێ تەگەرە دێتە پێشمان، بەڵام من پێموایە لەبەرامبەر مەسەلە چارەنووسسازەكان لەبەغدا ئێمە هەر یەكگرتوو دەبین، هەر یەك هەڵوێست دەبین، چونكە ئەوكارەی ئێمە لەبەغدا دەیكەین پەیوەندی بەهەموو كوردەوە هەیە، پەیوەندی بەدواڕۆژی كوردستانەوە هەیە، ئەو مەسەلەیە كارێكی وادەكات كە ئێمە لە كوردستان جیاوازیش بین، ئەگەر نێوانمان هەندێ كێشەو گیروگرفتیشی تێدا هەبێ، بەڵام دەبێ لەبەغدا هەوڵبدەین یەكڕیزی بپارێزین، چونكە خەریكی دامەزراندنی دواڕۆژی كوردین لەناو ئەو ئێراقەدا.

 

 ٭ چ پلان و بەرنامەیەكتان بەدەستەوەیە بۆ بەرەو پێشبردنی ئەمجارەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان یا بۆ داواكانی نەتەوەی كوردو چەسپاندنی مافەكانی، جیاواز لەو ستایلەی پێشوو ئایا هیچ گۆڕانكارییەك یا بەرنامەیەكی نوێ لەو رووەوە هەیە؟

 

- لەراستیدا بەرنامەكە هەوڵدانە بۆ جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی كورد، كۆن و تازەی تێدانییە، چۆن لەپێشدا داكۆكی كرا لەسەر مافە دەستوورییەكانی كورد، پێموایە لەم خولەی دیكەدا دیسان بەهەمان نەفەس و بگرە گەرمتریش هەوڵدەدرێت بۆ ئەوەی ئەو مافانە جێبەجێبكرێ، ئەوەندە هەیە ئێمە ئەمجارە لەدامەزراندنی حكوومەت جێبەجێكردنی ئەو مافە دەستوورییانە دەكەینەوە مەرجێكی گەورە، هاوپەیمانی كردنمان لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی ئێراق دەبەسترێتەوە بەوەی كە ئەو هێزانە و ئەو حكوومەتەی داهاتوو چەند لەگەڵ جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی كوردن، چەند لەگەڵ خۆبەستنەوەن بەدەستووری هەمیشەیی ئێراق و چەند لەگەڵ دیموكراسین لە ئێراقدا، ئەوانە دەبنە مەرجی سەرەكی بۆ ئێمە، پێموایە ئەوانە سەرەتایەكی گەرم دروست دەكات بۆ ئەوەی كورد بتوانێ زۆربەی كێشەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات لەرێگەی دەستوورو لەرێگەی پڕۆسەی سیاسییەوە.

 

٭ وەك لیستی هاوپەیمانی كوردستان یا لیستەكانی دیكەش ئایا تا ئێستا بڕیار نەدراوە لەگەڵ هیچ لیستێكی ئێراقی هاوپەیمانی ببەستن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ئێراقی؟

 

- نەخێر.. نە هاوپەیمانی كوردستانی و نە ئیئتلافی كوتلە كوردستانییەكان تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ هاوپەیمانێتی كردنی لەگەڵ كام لایەن لەلایەنەكانی ئێراق، هۆیەكەشی ئەوەیە یەكەم دەبێ شاندی دانوستاندن بچێتە بەغدا، نجا كە شاندەكە چوون بكەونە گفتوگۆیەكی گەرم لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەبێ جیاوازی و تەماشای بەرنامەی لایەنەكان بكەن و تەماشای ئەوە بكەن كە ئەو لایەنانەش چەند لەگەڵ مافە دەستوورییەكانی كوردن و چەند لەگەڵ دیموكراسین و چەند لەگەڵ مەبدەئی تەوافقن و بەیەكەوە ژیانی ئاسوودەین لەناو ئێراقدا..

 

ئەوكات پێموایە هەم هاوپەیمانی كوردستانی و ئیئتیلافی كوردستانی بڕیاری ئەوە دەدات كە لەگەڵ كام لایەن هاوپەیمانی ببەستێ. لەگەڵ كام لایەن خەریكی دامەزراندنی حكوومەت بێت، ئەوە لەكاتێك كە كورد پێی وایە دامەزراندنی حكوومەتی ئێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی نیشتمانی بێت، وەدەبێ هەر چوار لیستە سەرەكییەكەی ئێراق بەشداربن لەو دامەزراندنەدا.

 

٭ مەسەلەی كەركووك تا چەند لە سیاسەتی ئایندەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان رەنگ دەداتەوە، ئایا لەم بوارەدا چ ئەجندایەكی نوێ هەیە؟

 

- بەڕاستی دەبێ هەموو لایەنە ئێراقییەكان چاك ئەوە بزانن كە مەسەلەی كەركووك و ماددەی سەدوچل و مەسەلەی ناوچە جێ ناكۆكەكان، یەك لەبڕگە هەرە گرنگەكانی ئەجندای كورد دەبێ لەبەغدا، ئێمە پێمانوایە دەستووری ئێراق لەرێگەی ماددەی سەدوچلەوە چارەسەرێكی گونجاوی داڕشتووە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەربكرێ، ئێمە پابەنددەبین بەو ماددەیە، ماددەی 140 و هەوڵ دەدەین جێبەجێی بكەین. بگرە دەیكەینە یەك لەمەرجە سەرەكییەكان بۆ ئیش كردن لەناو پڕۆسەی سیاسی ئێراق، بۆیە من پێموایە ئەو مەسەلەیە بایەخێكی تایبەتی و ستراتیژی هەیە و دەبێ هەموو لایەنەكان ئەو ڕاستیە بزانن كە بەهیچ شێوەیەك كورد ئامادەنییە دەست لەمادەی 140 یا بەشێكی ئەو ماددەیە هەڵبگرێ. ٭ هۆكاری دانەمەزراندنی حكوومەت تاكو ئێستا بۆچی دەگەڕێتەوە؟

 

- هۆكاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هێزە عێراقییەكان، بۆ لیستە ئێراقییەكان ئەوان كێشەیان لەنێواندا هەیە، ئەو لیستانە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە دەرئەنجامێك، نەیانتوانیوە تەفاهومێكی سیاسی رێكوپێك دابمەزرێنن و تا ئێستا شەڕیانە لەسەر ئەوەی كامەیان مافی دامەزراندنی حكوومەتی هەیە ئەوەیە هۆی دواكەوتنی حكوومەت.

 

پێموایە لەماوەیەكی نزیك ئیتر پڕۆسەی سیاسی ئێراق دەكەوێتە سەرپێی خۆی، بەهەموو لایەك هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەن، بەتایبەتی فەخامەتی سەرۆكی كوردستان بانگی بۆ ئەوە هەڵدا كە كورد یارمەتیدەر دەبێ بۆ ئەوەی ئەو لیستە براوانەی ئێراق بگەنە یەكتری و كێشەكانی نێوانیان بەشێوەیەكی سیاسی چارەسەر بكەن، زەمینە خۆشبكرێ بۆ ئەوەی هەرچی زووە حكوومەتی داهاتووی ئێراقی دابمەزرێت.

 

٭ وەك ئەندامێكی هەڵبژدراوی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێراق، پێتوایە كام لەو لیستانە باشترە یا هەڵوێستی پۆزەتیڤە كە كورد هاوپەیمانی لەگەڵدا ببەستێ لیستی ئەلئێراقیە یا لیستی دەوڵەتی یاسا؟

 

-بەڕاستی ئەوە هێشتا زووە ئەو پرسیارە وەڵام بدرێتەوە، پێموایە كەشاندی دانووستاندن چووە بەغداو لەگەڵ هەموو ئەو لیستانە كەوتە گفتوگۆو تەماشای بەرنامەی ئەو لیستانەی كرد، وە قسەی لەگەڵ كردن و زانی تاچەند هەر لیستێك لەو لیستانە ئامادەیە لەگەڵ مافە دەستوورییەكانی كورد بگونجێت و جێبەجێیان بكات، ئەوكاتە ئێمە دەتوانین وەڵامی ئەوە بدەینەوە كە كام لیست نزیكترە، ئێستا ئێمە بەقەدەر یەكتری لەو لیستانە نزیكترین.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌