2010-06-15

رێرەوی حزبە شۆڕشگێریەكان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 پارتی وەك نموونەیەك

د. نەژدەت ئاكرەیی:

 

پەیدابوونی حزبی سیاسیە وەك پێداویستیەكی مێژوویی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود گەلانی جیهانی سێیەم (ئاسیا، ئەفریقیا، ئەمەریكای لاتینی( تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە زۆربەی زۆری ئەم گەلانە بەدەست چەوسانەوە و كولونیالیزم و ئاسەوارەكانی پشەیوەست بەدواكەوتنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ناڵاندوویانە، بۆیە زۆرینەی ئەم حزبانە دروشمی خەباتی چەكداری و شۆڕشگێڕیان بەرزكردەوە بۆ گەیشتن بەئامانجی رزگاری نیشتیمانی و نەتەوەیی، لەم پێناوەشدا قوربانیەكی زۆریان دا، لەئەنجامدا لە خەباتەكەیاندا سەركەوتنیان بەدەستهێنا و دەسەڵاتی سیاسیان وەرگرت.

نموونەیەكی روون و بەرچاوی ئەم بابەتە، پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە لەماوەی ئەو شەست و چوار ساڵەیدا خەباتی جۆراو جۆری لەم بوارەوە كردووە بەڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، پارتی لەو كاتە تائێستا كە جیهان بەرەو جووت جەمسەری چوو، بەڵام هیچ یەكێك لەم دوو جەمسەرانە لەبەر بەرژەوەندیەكانی ستراتیژی نێودەوڵەتی ئابووری و سیاسی و جوگرافی پاڵپشتیان لەكێشەی كورد نەدەكرد، بۆیە لەبارودۆخێكی سەختدا ئەم حزبە هاتە كایەوە بەنەفەسێكی شۆڕشگیڕی و سەركردایەتی شۆڕشگێڕی كرد بەمەبەستی گۆڕینی واقیعێكی سیاسی تاڵ، گەڵێكی پارچە پارچە كراو كە پتر لە 40 ملیۆن كەس و روبەرێكی جوگرافی فروانی هەیە و خاوەن سامانی سروشتی جۆراوجۆرە كە گرنگترینیان نەوتە، هەروەها كەشوهەوایەكی لەباری هەیە و خاوەن شوێنێكی نایابە كە بەدڵی جیهان هەژمار دەكرێت، بەڵام ئەم گەل و نیشتیمانە بووە قوربانی جوگرافیای سیاسی، ئەم حزبە شۆڕشگێڕە هەر لەوكاتەوە تاوەكو ئێستاكە بەبێ وچان بەخەباتی (سیاسی، چەكداری، دیپلۆماسی) بەردەوام بووە و رۆژێك لەرۆژان پشووی تەنانەت جەنگاوەرانیشی وەرنەگرتوە، هۆی سەرەكی ئەمەش بۆ رێبەرایەتی بارزانیی نەمر و خوێندنەوەی ئەم مرۆڤە بۆ راستیەكانی مێژوو، جوگرافیا، سوپا، ئابووری، كۆمەڵناسی، پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكان، پەیوەندیە هەرێمیەكان، پەیوەندی لەگەڵ گەڵانی هاوژین لەگەڵ گەلی كورد، عەرەب، تورك، فارس، پێكهاتەی تایبەتی نەتەوەی، ئاینی گەلی كوردستان توركمان، كلدوئاشور بۆیە پارتی خۆی بەنوێنەری هەمووان دەزانێ لەروانگەی بەرگری كردن لەمافەرەوایەكانیانەوە..

پارتی وەك حزبێكی دیموكراتخواز دژبە پرەنسیپەكانی تاكڕەوەی و تۆتالیتاری و دكتاتوریەت خەباتی كردوە،تەنانەت لەخودی ژیانی ناوخۆی حزبیدا لەكەشوهەوایەكی دیموكراسی پرەنسیپەكانی كاری حزبی پەیڕو كراوە و لەكۆنفرانس و كۆنگرەكانیدا پاراستنی شەرعیەتی حزبی كراوە.

پارتی لەخەباتی خۆیدا دوو جۆرە خەباتی كردوە خەباتی نیشتمانی و دیموكراتی بۆ ئێراق، خەباتی نەتەوەیی كورد بۆ كوردستان، جگە لەمەش لەئاستی پارچەكانی دیكەی كوردستاندا پارتی خۆی وەك خاوەن نەتەوەیەكی چەوساوە ناساندوە و كاری كردوە.

بۆیە رێكخستنەكانی پارتی لە بەشەكانی دیكەی كوردستان گەشەی سەندوە و بەشداریی خەباتی نەتەوایەتیان كردووە.

خوێندنەوەی پارتی بۆ هاوكێشەكانی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆی لەئاستی بەرپرسیەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی بەمیكانیزمی دیپلۆماسی و شۆڕشگێڕی داوە.

پەیوەندی پارتی لەگەل حزبە سیاسیەكانی ناوخۆ و دەرەو لەسەربنەمای بەرەیی و خەباتی هاوبەش و تێك گەیشتن لەیەكتری بووە.

لەشیكردنەوەی كۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ چین و توێژەكانی كوردستان پارتی لەسەر بنەمای تێوری زانست ئەم بابەتەی خوێندۆتەوە، بۆیە باوەڕێكی تایبەتی هەبووە بۆ: كرێكاران، جوتیاران، كاسبكاران، قوتابیان، ئافرەتان، لاوان، فەرمانبەران.

لەم روانگەیەوەش پارتی ئەم هەموو چین وتوێژانەی گرتۆتەوەو لەكێشەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنی خاوەن پڕۆگرامێكی فرەلایەنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری بووە. پارتی وەك حزبێكی شۆرشگێری باوەڕی بەمافی خۆچارەنووسین هەبووەو وخەباتی بۆ كردووە، بە تایبەت مافی گەلی كوردو گەلانی ناوچەكەش لەنێو خودی پارتیدا راو بۆچوونی جیا هەبوە و رێزیان لێ گیراوە و پرەنسیپی ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن پەیڕەوكراوە، بەڵام دژی سیاسیەتی تەكەتول بووە چونكە ئەم تەكەتولە كوشندەیە، هەربۆیە بەیەك هەڵوێستی ڕووبەرووی بۆتەوە.

پارتی خاوەن ئەزموونە لەمەیدانی خەباتی چەكداری و هونەری چەك و جەنگ و سەربازی باوەڕی بەوە هەبووە كە جەنگ دوا پەنایە.

لەبواری حوكمڕانیی سیاسی مەدەنیدا پارتی خاوەن ئەزموونێكی چاك بووە، چ لەو ناوچانەی كەرزگاركرابوون لەكاتی شۆڕشدا، یاخود لەو ماوانەی شەڕ وەستا یاخود پاش ڕاپەرینی 1991كە بەپێوەری شەرعیەی یاسایی و دیموكراتی دەسەڵاتی سیاسی بەرێوە دەبات لەكوردستانی ئێراق دا پارتی وەك قوتابخانەیەكی نەتەوەیی سەدان كادیری و دڵسۆزی پێشكەش كردوە لە مەیدانەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، كلتووری تەنانەت هەرێمی و نێو دەوڵەتیش دا. ئەو رۆڵەی پارتی لەقەیرانەكان نواندوویەتی توانیویەتی بە بەرژەوەندی ئامانجەكان ئەم جۆرە قەیرانە بەرێوەببات وچارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە بەتایبەتی لەرووی سیاسیەوە بەڵگەش پاش رێككەوتنامە شوومەكەی جەزائیر 1975 و چۆنیەتی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی لە ساڵی 1976، هەروەها بەردەوامی خەباتی نەوەكانی لە نێو رێزەكانی پارتی نهێنی بەردەوامی ئەم حزبە شۆڕشگێڕیە نهێنیەكی دیكەش لێهاتوویی سەركردایەتی مێژوویی ئەم حزبەیە بۆ نموونە ڕۆڵی شۆڕشگێری و سیاسی شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی هەروەها ژیری و دیپلۆماسیەتی شۆڕشگێری سەرۆك مسعود بارزانی و هەڤاڵەكانی لەسەركردایەتی ئەم حزبەدا. ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە دیموكراسیەكانی پاش راپەڕین 1991 یەك لە دوای یەكدا و لە بواری جیاجیادا بەڵگەی خاوەن ئەزموون شارەزایی و باوەڕی گەل كورد بەم حزبە شۆڕشگێڕیە. لەسەرەتای ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو رۆژنامەی پراڤدا زمانحاڵی پارتی كۆمۆنیستی سۆڤیەتی ئاماژەی بە ڕۆڵی پارتی دیموكرات كوردستان كرد بە ئاماژەكردن بەوەی ئەم حزبە بە خەبات پۆلایین كرا.

نهێنیەكی دیكەی سەركەوتنی پارتی تێگەیشت لە گۆڕانكاریەكانی جیهان هەرێمی، نێوخۆیی كۆمەڵایەتی سیاسی ئابووری كولتووری و دوانەكە وتنیەتی لە رێرەوی ئەم پێشكەوتنەدا.

پارتی لە خەباتی پێوچانی خۆی سەدەها شەهیدی سەركردەی سیاسی سەربازی داوە، بۆیە لە خوێندنەوەی پارتی وشەكانی پێشمەرگە، شەهید مانای تایبەتی خۆی هەیە، لە هەمان كاتدا قوربانیانی تاوانەكانی رژێمەكانی ئێراق حیسابی تایبەتیان هەیە لە ئەدەبیات و هەڵسوكەوتی پارتیدا. پارتی هەمیشە خاوەن گوتارێكی شۆڕشگێڕی واقیعی بووە بە میللەتەكەی هیچ رێبازی دیماگوك و چەواشەكاری بەكارنەهێاوە هەردەم بە ڕاستگۆیی لەگەڵ میللەت مامەڵەی كردووە، ئەمەش نهێنی سەركەوتنەكانی ئەوە. پارتی خاوەنی بیروبۆچوونێكی تایبەت و واقیعی بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان.

تەنانەت دەتوانین بڵێین لە بواری تێگەیشتن لە ئاسایشی نەتەوەیی، پارتی لەگەڵ بۆچوونی هاوچەرخ بووە لەم بابەتە كە بریتیە لە بەرنامەیەكی گەشەپێدانی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و كاركردن بۆ پتەوكردنی بنەماكانی ئەم ئاسایشە كە بریتیە لە :

 

هێزی دیپلۆماسیەت ئابووری، بۆیە جێی شانازییە كە پارتی شانازی بە شۆڕشگێریەتی خۆی بكات و تەنانەت هێماكانی پارتی رێبەرایەتی ئێستای گەلی كورد بكەن بە پێچەوانەی هەموو حزبە شۆڕشگێڕیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارتی وەك نموونە مایەوەو بەردەوامی خەباتی خۆی دەكات، لەم روانگەیەوە كۆنگرەی 13ەیەمینی پارتی دێتە كایەوە بۆ بەردەوامی نەفەسی شۆڕشگێری بە شێوازی سیاسی گونجاو بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی دیموكراتی.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌