2010-06-16

دەقی یاداشتی نێوان حكوومەتی كوردستان و حكوومەتی فەرەنسا كە لە لایەن سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا برنارد كۆشنەر لە رێككەوتی 2010/6/15 لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا واژوو كرا، یاداشتێك لە نێوان حكوومەتی كۆماری فەرەنسا و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ئێراق حكوومەتی كۆماری فەرەنسا و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ئێراق ئەم یاداشتە(واژوو دەكەن) لە چوارچێوەی پەیوەندی باش لە نێوان حكوومەتی كۆماری فەرەنسا و حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ، هەروەك لە رێككەوتنامەكەی هاوبەشی نێوانیان دەردەكەوێت لە بواری كەلتوریی و زانستی و تەكنیكی و هاوكاری پەرەپێدان كە لە رێككەوتی 2010/6/15 واژوو كراوە.

بەپێی مەرجەكانی دەستووری ئێراق، كە رێگە بە هەرێمەكان دەدات بەرنامەی هاوكاری دەرەكی ئەنجام بدەن لە بواری كەلتور و پەروەردە و ئابووری و پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی، بە هیوای پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لە بواری بازرگانی و ئابووری و كەلتوری بە گوێرەی ئەم پەیڕەوەی خوارەوە:

I. پەرەپێدانی هاوكاری ئابووری و بازرگانی و پەرەپێدانی ژێرخان

1- حكوومەتی هەرێمی كوردستان KRG، بە گوێرەی ئەو سیاسەتەی داڕێژراوە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و پڕۆژەی بازرگانی و پێشكەشكردنی ئاسانكاری بازرگانی لەگەڵ ئەندامانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی دەرفەت بۆ بەشداریپێكردنی كۆمپانیاكانی فەرەنسا لە بوارەكانی پەرەپێدان و بونیاتنانەوەی هەرێمی كوردستان وەكو بنكەی چالاكیەكانیان بۆ هەموو ئێراق.

حكوومەتی كۆماری فەرەنسا بە رەچاوكردنی پابەندبوونی بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، هەوڵدەدات بۆ پشتگیریكردن و هاندانی بەشداری بازرگانی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و هەوڵدەدات بۆ خستنەرووی جیاوازی فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی ئێراق لە رووی ئاسایش و سەقامگیری.

2- بەڕەچاوكردنی دەوڵەمەندی لە ئەزموون و باشترین پەیڕەوی كار و توانای تەكنەلۆژی لە بواری كشتوكاڵ، كۆماری فەرەنسا و كۆمپانیا فەڕەنسیەكان بانگهێشتكراون بۆ دۆزینەوەی بواری رەخساو بۆ بەشداریكردن و پێكەوەكاركردن لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە لەم بوارانەی خوارەوە بۆ نموونە نەك تەنها سنوورداربێت بەم بوارانە:

أ- وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت لە سیستەمی گواستنەوەی خۆراك و تەكنەلۆژیای ئاودێری و ساردكەرەوە و ئاژەڵداری و كێڵگەكانی دانەوێڵە.

ب- مەشقپێكردنی كاركەری كێڵگە و خاوەن كێڵگەكان.

ج- هەڵسەنگاندنی دامەزراوەكانی مەشق و ڕاهێنانی كشتوكاڵی.

د- مەشقپێكردنی شارەزا و راوێژكارە پێشكەوتووەكانی كشتوكاڵ.

هـ- بەشداریكردن لە پرۆگرامەكانی زانكۆ لە بواری پەرەوەردە و توێژینەوەی كشتوكاڵی.

3- هەروەك هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە پەرەپێدان و گەڕان بە دوای سەرچاوەی نەوت و گاز، كۆماری فەرەنسا و كۆمپانیای فەڕەنسی تایبەت بە ووزە بانگهێشتكراون بۆ ووربوونەوە لە ئەگەری بەشداربوون لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە لەم بوارانەی خوارەوە وەكو نموونە نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:

أ- پاڵاوگەیەك لەسەر زێی گەورە.

ب- فراوانكردنی پاڵاوگەكانی نەوت.

ج- دامەزراندنی كۆلێژێك یان زانكۆیەك لە ئاستێكی بەرز لە هەولێر بە هاوبەشی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت بۆ خوێندن لە بواری نەوت و گاز و جیۆلۆجی.

4- هەردوو لایەنی واژووكەر هەروەك هەردوولا بە ئارەزووی خۆیان رازی بوون لەسەر بونیاتنانەوە و پەرەپێدانی زیاتری هەرێمی كوردستان و تەواوی ئێراق، كۆماری فەرەنسا و كۆمپانیا فەڕەنسیەكان بانگهێشتكراون بۆ ووربوونەوە لە ئەگەری بەشداریكردن لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە وەكو نموونە لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:

أ- نەخشەسازی و پلاندانان و جێبەجێكردنی بەرنامەی هێڵی ئاسنینی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و ناوچەكانیان.

ب- دروستكردنی وێستگەی پاس و تەكسی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەورەها تۆڕی وێستگەی پاس لە هەریەك لەم شارانە.

ج- هێنانی پاسی ستاندارد لە كەرتی گشتی و تایبەتی كە بگونجێت لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتیەكان لەرووی سەلامەتی و حەسانەوە و كۆنتڕۆڵكردنی پیسبوونی ژینگە.

5- هەردوولا، بە دەرككردن بە گرنگی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو بۆ هەرێمی كوردستان و تەواوی كۆماری ئێراق، هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی پڕۆژەی تایبەت بە بەرزكردنەوەی ئاستی كاریگەری و جۆری سەرچاوەكانی ئاو و پیادەكردنی شێوازی چارەسەركردن، لەم بوارانەی خوارەوە و نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:

أ- دروستكردن یان باشتركردنی دامەزراوەكانی چارەسەركردنی ئاو.

ب- ناساندنی تەكنیكەكانی ئاودێری و فێركردنی پیشەگەران.

ج- مەشقپێكردنی شارەزایان لە تەكنیكی بەڕێوەبردنی ئاو و هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی لەسەر پاراستنی ئاو.

د- بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو بە شێوازێكی تەواوكەر.

6- ڕەچاوكردنی ناوبانگی جیهانی سیستەمی تەندروستی و پەیڕەوی پزیشكی كۆماری فەرەنسا و كۆمپانیاكانی پزیشكی و دەرمانسازی فەڕەنسی، كۆماری فەرەنسا و كۆمپانیا فەرەنسیەكان بانگهێشتكراون بۆ ووردبونەوە لە ئەگەری بەشداریكردن لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە لەم بوارانەی خوارەوە، بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:

أ- بونیادنانی تواناكان و مەشقپێكردن.

ب- دروستكردنی نەخۆشخانە و نۆڕینگە و سەنتەری پزیشكی سەردەمیانە.

ج- دابینكردن یان فرۆشتنی كەلوپەل و ئامێری پزیشكی سەردەمیانە و پێدانی مەشقی تایبەت بە پیشەگەران.

د- فێركردن و دابینكردنی خولی راهێنان بۆ قوتابیە بەهرەمەندەكانی كۆلێژە پزیشكییەكان و پشتگیریكردنی شارەزا فەرەنسیەكان لە زانكۆ و نەخۆشخانەكان لە هەرێمی كوردستان.

هـ- كاركردنی كۆمپانیاكانی دەرمانسازی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی سەنتەری بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان.

7- هەردوو لایەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ گەڕان و بە دوای ئەگەری هاوكاری سوودمەند بۆ هەردوولا لە بواری تەكنەلۆژیا و خزمەتگوزاری فڕۆكەوانی، بە رەچاوكردنی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان و كردنەوەی فڕۆكەخانەی نوێی نێودەوڵەتی هەولێر و شارەزایی كۆماری فەرەنسا و كۆمپانیا فەڕەنسیەكان لە بواری فڕۆكەوانی شارستانی و ئەندازیاری و خزمەتگوزاری پەیوەندار بەو بوارە. بە رەچاوكردنی پێدانی گرنگیەكی تایبەت بە فڕۆكەوانی فەرەنسا و تەكنەلۆژیا و كۆمپانیا خزمەتگوزاریەكان، كۆماری فەرەنسا و كۆمپانیا فەڕەنسیەكان بانگهێشتكراون بۆ ووردبوونەوە لە ئەگەری بەشداریكردن لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە لەم بوارانەی خوارەوە، بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:

أ- گەشتی بازرگانی و بارهەڵگرتن بۆ هەرێمی كوردستانی ئێراق.

ب- مەشقپێكردن و خولی تازەكردنەوەی زانیاری تایبەت بە بەڕێوەبردنی فڕۆكە و تەكنەلۆژیای فڕۆكەوانی و كۆنتڕۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانە و سەلامەتی گەشتە ئاسمانیەكان.

II. هاوكاری كۆمەڵایەتی و كەلتوری و ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی

8- هەردوولایەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی میكانیزم بۆ بەشداریكردنی زیاتری فەرەنسا لە بەرزكردنەوەی ئاست و جۆری خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان وەكو لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:

أ- یارمەتی تەكنیكی و ئەكادیمی بۆ زانكۆكان و پەیمانگە باڵاكان لە بواری تایبەتمەندی جۆراوجۆر (كشتوكاڵ و بازرگانی و تەكنوڵۆژیا و شوێنەوار و زانستە كۆمەڵایەتیەكان و زمانی فەرەنسی و هتد)، ئەو جۆرە یارمەتیانەش هاوبەشیكردن لە زانیاری و شارەزایی و نەخشەسازی بابەتی خوێندن و بینا كردنی تواناكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ب- هاندانی بەشداریكردنی زانكۆ فەرەنسیەكان لە پەروەردە و فێركردن و راهێنانی كارمەندانی لاو پیشەگەر لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتی.

ج- جێبەجێكردنی تەواوی بەرنامەی ئێستای زەمالاتی دوو قۆڵی خەرجی هاوبەش كە واژوو كراوە لە بەرژەوەندی قوتابیانی هەرێمی كوردستان كە ئارەزووی خوێدنیان هەیە لە بواری تایبەتمەندی لە فەرەنسا، هەروەها ئامادەكردنی خولی كورت خایەن لەلایەن پڕۆفیسۆر و توێژەرە فەرەنسیەكان لە زانكۆكان و پەیمانگاكانی راهێنان لە هەرێمی كوردستان.

د- پشتگیری لەلایەن حكوومەتی كۆماری فەرەنسا بۆ مەشقەكانی دەرچووان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی مەشق و ڕاهێنان لە هەرێمی كوردستان.

9- هەردوو لایەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی میكانزم بۆ بەشداریكردنی زیاتری فەرەنسا لە بەرزكردنەوەی ئاست و جۆری پەروەردە لە قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەرێمی كوردستان لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:

أ- ڕاهێنان بۆ بونیادنانی توانای مامۆستایان، بەڕێوەبەر و كارمەندانی دیكەی ناو قوتابخانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان .

ب- پشتگیری درێژخایەنی هەردوولایەنی واژووكەر بۆ زمانی فەڕەنسی لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن قوتابخانەكانی Mission Laique Francaise، MLF بەڕێوەدەچێت.

ج- هاوبەشیكردن و ئاڵوگۆڕكردنی ئەو وانانەی كە فێربوون و پەیڕە باشەكان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتووی كاریگەری پەروەردەی گشتی.

10- هەردوو لایەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ گەڕان بە دوای ئەگەری ئاڵوگۆڕی كەلتوری و هەماهەنگی، بەرەچاوكردنی دەوڵەمەندی و سرووشتی هەمەجۆری هەردوو كەلتور لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنوورداربێت بەم بوارانە:

أ- ئەنجامدانی سیمینار و وانە گووتنەوە لە فەرەنسا و لە هەرێمی كوردستانی ئێراق بۆ بەرزكردنەوەی وشیاری دوولایەنە دەربارەی كەلتور و مێژووی هەردوو گەل.

ب- ئاڵوگۆركردنی شارەزایانی كەلتور، بە زۆریش شارەزایانی كەلتوری كوردی بۆ دامەزراوە كەلتورییە فەرەنسیەكان و شارەزایانی فەرەنسی بۆ پەرەپێدانی پەیمانگاكانی پەروەردەیی و ڕاهێنانی كوردی بۆ مسۆگەركردنی ئاڵوگۆركردنی بەردەوامی زانیاری.

11- حكوومەتی فەرەنسا هەوڵی جیددی دەدات بۆ دابینكردنی یارمەتی كۆنكریتی و هاوكاریكردنی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم لە بوارەكانی شوێنەوار و كەلەپور و نۆژەنكردنەوەی شوێنە دێرینەكان لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:

أ- دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوە كە پێشتر راگەینراوە بۆ شوێنەوارناسی و زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتیەكان لە قەڵای هەولێر بە هاوبەشی و هەماهەنگی لە لایەن حكوومەتی فەڕەنسا و حكوومەتی ئێراق بە پشتگیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەردوولا یەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ نۆژەنكردنەوەی دوو خانوو لە ناو قەڵا بۆ ئەو مەبەستە.

ب- بەرنامەی زەمالات، بە پشتگیری هاوبەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فەرەنسا بۆ پێدانی مەشق بە پیشەگەران و قوتابیان لە هەرێمی كوردستان لەسەر باشترین پەیڕە و شێوازی تەكنوڵۆژیای سەردەم بۆ چالاكیەكانی گەڕان و هەڵكەندنی شوێنەوار و چالاكی شوێنەوارناسی.

ج- پشتگیری لەلایەن حكوومەتی فەڕەنسا بۆ بەشەكانی شوێنەوارناسی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە رێگای زنجیرەیەك لە وانە و ئاڵوگۆڕكردن لەلایەن شارەزایانی پەیڕەوكاری ئەو بوارە.

د- باروبووكردنی هاوبەش و چالاكی هاوبەش لە سەرپێگەی شوێنەوارەكان چی لە قەڵای هەولێر و چی شوێنەكانی دیكەی هەڵكەندن لە سەرانسەری كوردستان.12- هەردوو لایەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو شێوازانەی كە دەبنە مایەی زیاتر مسۆگەركردنی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، بە تایبەتی ئافرەتان و منداڵان و هاندانی یەكسانی رەگەزی بە تایبەتی لە هەوڵەكانی بەرزكردنی ئاستی هۆشیاری دەربارەی مەسەلەكانی مافی مرۆڤ، لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:

أ- پێدان و دابینكردنی ئەو وانانەی كە فێربوون و پەیڕەوە باشەكان لەلایەن حكوومەتی فەرەنسا لە بواری مافەكانی مرۆڤ و یەكسانی رەگەزی لە شوێنی كاركردن و شوێنە گشتیەكان.

ب- پێدان و دابینكردنی ئەو وانانەی كە فێربوون و پەیڕەوە باشەكان دەربارەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە پەیڕەوی چەسپاندنی یاسا و رێسا سەبارەت بە پاراستنی ئافرەتان.

ج- شیكردنەوە لەلایەن پیشەگەرە فەرەنسیەكان دەبارەی كەموكورتیەكان و میكانیزمەكان بۆ ئاسانكاری بە مەبەستی باشتر پاراستنی مافی مرۆڤ و هاندانی دەرفەتی یەكسان.

د- پێشكەشكردنی یارمەتی لەلایەن حكوومەتی فەرەنسا بۆ هەڵمەتی رەسمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاری مافەكانی مرۆڤ و یەكسانی رەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی لە دژی ئافرەتان و منداڵان بە هەموو شێوەكانیەوە.

13- حكوومەتی كۆماری فەرەنسا هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی میكانزم كە ببێتە مایەی باشتر دامەزراندنی دەزگای نووسرا و بینراو بیستراوی بەرپرسیار و ئازاد و كاریگەر لە هەرێمی كوردستان لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:

أ- كردنەوەی خولی مەشق و راهێنان و دابین كردنی كەلوپەل لەلایەن دەزگاكانی میدیای فەڕەنسا و بە پشتگیری حكوومەتی فەرەنسا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پیشەیی لە هەموو لایەنەكانی كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوەی هەواڵ.

ب- پشتگیری لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنی فەرەنسا بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بانگهێشتكردن بۆ بینینی بەرهەمهێنانی رۆژنامە و بەرنامەی رادیۆ و تەلەفزیۆن لە فەڕەنسا.

III. هاوكاری فەرمی و دابینكردنی شارەزایی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان

14- حكوومەتی كۆماری فەڕەنسا هەوڵدەدات بۆ دانانی میكانزم بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ببێتە مایەی تەرخانكردنی بەرنامەی هاوكاری جۆراوجۆر وەكو بەخشین بە بوارێكی تایبەت و بەرنامەی بونیادنانی تواناكان و مەشق و راهێنان و بەرنامەی دیكە كە رێگە خۆشكەر دەبن بۆ كارامەیی و كاریگەری لە حكوومەتی هەرێم.

15- حكوومەتی فەرەنسا هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی یارمەتیدانی وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستنیشانكردنی بوارە هەرە پێویستەكان بۆ باشتر كردن و دابینكردنی مەشق و ڕاهێنان لە ناو هەرێم بۆ بەرپرسە پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێم، لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:

أ- هاوكاری لەلایەن حكوومەتی فەڕەنسا بۆ وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەرووی دەستنیشانكردنی بواری باشتر كردنی كارامەیی و هاوكاری بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەكان.

ب- خولی مەشق بۆ بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانان لە فەرەنسا یان لە هەرێمی كوردستان لەسەر بواری بەڕێوەبردن و پڕۆسەی ئامادەكاری بودجە و جێبەجێكردنی ئامار و دەوڵەمەند كردنی بەهرەكان و دروستكردنی تواناكان.

ج- هەوڵی هاوبەش بۆ دەستنیشانكردنی شێوازە هەرە كاریگەرەكان كە لەو رێگەیەوە حكوومەتی فەرەنسا لەوانەیە بتوانێت یارمەتی هەرێمی كوردستان بدات لە رووی دامەزراوەكان و شارەزاییان.

16- هەردوولایەنی واژووكەر هەموو هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسكران لەم بەڵگەنامەیەدا.

IV. جێبەجێكردن

17- راوێژی بەردەوام ئەنجام دەدرێت لە كات و شوێنی دیاریكراو بە رەزامەندی هەردوولا و هەروەها لە رێگای پەیوەندی فەرمی كە لەوانەیە چاو بە هەموو لایەنەكانی ئەو پەیوەندیە بخشێننەوە.

18- دەكرێ هەردوولایەنی واژووكەر هەمواركردن لەم بەڵگەنامەیە ئەنجام بدەن.

19- لە پاریس ئەنجامدراوە لە حوزەیرانی ساڵی 2010، بە دوو وێنە بە هەردوو زمانی فەرەنسی و كوردی.

بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ئێراق

بەڕێز مسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

 

بەناوی حكوومەتی كۆماری فەرەنسا

بەڕێز بێرنارد كۆشنەر، وەزیرەی كاروباری دەرەوە و ئەورووپا

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌