2010-06-17

*بەخێربێی بەڕێز مسعود بارزانی

سەرۆكی كوردستان: زۆر سوپاس

*سوپاس بۆتۆ بەڕێزم....زۆرجار كوردستان بەئێراقێكی دیكە وەسفدەكرێت، ئەو تایبەتمەندییە ئەمنییەی هەرێمەكەتان لەكوێوە هەڵقوڵاوە؟

سەرۆكی كوردستان: هەرێمی كوردستان بەشێكە لەئێراق، بەڵام بارودۆخی ئارام وسەقامگیری ئاسایشی هەرێم خاڵی جیاكەرەوەیەتی لەبەشەكانی دیكەی ئێراق، ئێمەش هەمیشە كارمان بۆگشتاندنی ئەم ئەزموونە بۆهەموو بەشەكانی ئێراق كردووە وتائێستاش كاری بۆدەكەین وهیوادارین هەموو ناوچەكانی ئێراق وەكو هەرێمی كوردستان ئارام وسەقامگیر بن.

*بارودۆخێكی جیاوازی سیاسی ئەمڕۆ لەئێراقدا بەدیدەكرێت كە لایەنی تایفەگەری كۆنتڕۆڵی كردووە، ئایا ئێستا مەسەلەی دابەشكاریی تایفەیی لەپاشەكشەدایە؟

سەرۆكی كوردستان: بەرلەهەمووشتێك سوپاس بۆخوا هەرێمی كوردستان خاوەنی كولتووری لێبووردەیی وپێكەوەژیانی نەتەوەیی وئایینی ومەزهەبی بووە، ئەم كولتوورەش لەناخی كورددا هەیەو بەشێوەیەمی كارا لە ڕەفتارەكانیدا ڕەنگدەداتەوە، بۆیە ئێمە هیچ گرفتێكی مەزهەبی وهیچ گرفتێكمان لەبارەی ئەو دابەشكارییەوە نییە.

*چۆن دەڕواننە پرۆسەی سیاسیی ئەمڕۆی ئێراق، ئەمڕۆ مسعود بارزانی چ شێوازێكی حكوومەتی دەیەوێت و پاڵپشتیی لێدەكات؟

سەرۆكی كوردستان: دەستوور ناسنامەی ئێراق و شێوازی حكوومەتەكەی دیاریكردووە، حكوومەتی ئێراق حكوومەتێكی فیدراڵەو ئێراق وڵاتێكی فیدراڵیی فرەنەتەوەو ئایین ومەزهەبە، من دەمەوێ حكوومەتێكی نیشتیمانی حوكمی ئێراق بكات، كە قەناعەتی بەحوكمی فیدراڵی هەبێت وبڕوای پێ هەبێت ومومارەسەی سیستەمی فیدراڵی بكات لەئێراق.

*ئایا ئێوە لەشێوازی مامەڵەی لایەنە سیاسییەكانی ئێراق ودامودەزگاكانی دەوڵەت لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی ڕازین؟

سەرۆكی كوردستان: جیاوازی لەبیروڕاو هەڵوێستەكاندا هەیە، بەڵام لەبنەڕەتدا زۆرینەی ڕەهای خەڵك دەنگیان بەم دەستوورە دا، كە پێناسەی ئەم دەوڵەتەی دەستنیشانكردووەو تیایدا هاتووە، ئێراق وڵاتێكی فیدراڵییە، بێگومانیش هەموومان لەبەردەم ئەزموونێكی تازەی دیموكراسیداین، كە زۆرینە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان.

*وەڵامی ئێوە چییە بۆئەوانەی دەڵێن فیدراڵیزم مەترسیی پارچەپارچەبوونی لێ بەدیدەكرێت؟

سەرۆكی كوردستان: نەخێر من پێچەوانەكەی بەڕاستتر دەبینم، ئێمە لەئەزموونی یەك حزب ویەك تایفەو تاكەكەس ژیاوین ولەئەنجامی ئەو سیاسەتەدا ئێراق بوو بەوڵاتێكی وێران، بۆیە ناكرێ سیاسەتێكی وا دووبارە بكەینەوە كەئەزموون شكستیهێنانی سەلماند، من پێموایە فیدرالیزم باشترین وسەركەوتووترین چارەسەری گرفتەكانی ئێراقە.

*ئایا ئەو مەسەلەیە واناكات لەباشووری ئێراقیش هەمان شێوازی حوكم لەهەرێمی كوردستان داوا بكرێت؟

سەرۆكی كوردستان: دەستوور ئەو مافەی بەهەموو هاووڵاتیان داوە لەئێراق، 2یان 3 یان 4 پارێزگا دەتوانن ڕێكبكەون وهەرێمێك پێكبهێنن ئەوەش مەسەلەیەكە بۆ هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بەجێهێشتراوە، هەر یەكێتییەكی ئارەزوومەندانەش دەبێتە مایەی هێزی ئێراق ویەكێتیی نیشتیمانی بەهێزتر دەكات، ئەزموونیش سەلماندی هیچ یەكگرتنێكی بەزۆر وهیچ دابەشكارییەكی بەزۆرسەرناكەوێت.

*پەیوەندیتان لەگەڵ حكوومەتی مەركەزیی ئێراقدا چۆنە؟

سەرۆكی كوردستان: ئێمە بەشێكین لەوحكوومەتە، ڕاستە زۆرجار ئەو پەیوەندییە گرفتی تێكەوتووە، بەڵام ئێمە بەشێكین لەو حكوومەتەو ئێمە ئێستا لەبواری پێكهێنانی حكوومەتی تازەین،ئەو ناكۆكییانەی لەگەڵ ئەو حكوومەتەی كە ئێستا بەردەوامە هەبوون بوونە بەشێك لەڕابردوو وپێویستە ئێستا كار بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازە بكەین.

*هەڵوێستی ئێوە چییە لەو دانوستاندن وگفتوگۆیانەی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی ئایندەی ئێراق دەدرێن؟بەواتایەكی دیكە ئێوە لەكوێی ئەم دانوستاندن وگفتوگۆیانەن؟

سەرۆكی كوردستان: بەرژەوەندیی ئێراق بۆئێمە زۆر گرنگەو ئێستاش شاندی ئێمە واتا شاندی كوردستانی بەمەبەستی دانوستاندن لەبارەی پرسە جیاجیاكانەوە لەبەغدایە وبۆچوونی ئەوەیە كە حكوومەتێكی هاوبەشیی نیشتیمانیی هاوسەنگ وڕاستەقینە پێكبێت وهەر بەم ئاراستەیەش كاردەكەین.

*ئایا گرفتی نەوت ودابەشكردنی داهاتی نەوت چارەسەركرا؟

سەرۆكی كوردستان: ئێمە بەدەقی دەستوور پابەندین، دەستوور دەڵێ: نەوت وغاز داهات و موڵكی هەموو گەلی ئێراقە، ئێمە لەسەر ئەو دەقە هیچ لارییەكمان نییەو پێیەوە پایەندین. لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێراق گەیشتینە ڕێككەوتنێك دەربارەی داننان بەو گرێبەستانەی لەهەرێمی كوردستاندا ئیمزاكراون وابزانم ئەو گرفتە ئێستا چارەسەر كراوە.

*ئەی لەبەرچی زۆرجار دەگوترێ هەرێمی كوردستان هیچ بایەخ وگرنگییەك بە ڕێنماییەكانی حكوومەتی مەركەزی نادات لەبارەی پرسی نەوتەوە؟

سەرۆكی كوردستان: من دووپاتیدەكەمەوە ئێمە لەدەستوور لاماننەداوەو ڕەفتاری ئێمە لەدژی دەستووردا نەبووە، جیاوازیی لەتەفسیركردنی هەندێ لەبەندەكانی دەستوور هەبوو، هەندێ جاریش دەبووە گرفتێكی شەخسی لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم ووەزارەتی نەوتی ئێراق، بەڵام ئەو قۆناغە بەسەرچوو.

*ئایا كۆمپانیاكانی فەڕەنسا تاچەند چانسی بەشداریبوونیان لەپرۆژەكانی بواری وزە هەیە لەكوردستان؟

سەرۆكی كوردستان: بێگومان هەرێمی كوردستان بۆ هەموو كۆمپانیاكانی فەڕەنسا كراوەیەو پێموایە كۆمپانیا فەڕەنسییەكان چەند ئیمتیازاتێكیان لەباشووری ئێراقیشدا هەبووە لەبواری نەوت.

*پرۆژەیەكی فەڕەنسی واخەریكە لەهەولێر جێبەجێدەكرێت بەناوی ماڵی كشتوكاڵ، كەواتە بواری دیكەی هاوكاری لەگەڵ فەڕەنسا هەیە ئایا دەتوانن كورتەیەكمان دەربارەی ئەو پرۆژانە بۆباس بكەن؟

سەرۆكی كوردستان: ئێستا حكوومەتی فەڕەنساو كۆمپانیاكانی فەڕەنسا گرنگیی زیاتر بەئێراق دەدەن بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، دوای دیداریشم لەگەڵ سەرۆك ساركوزی دیدارێكی دوورودرێژمان لەگەڵ جەنابی وەزیری دەرەوە هەبوو یاداشتێكی گشتگیری لێكتێگەیشتنمان لەنێوان هەرێمی كوردستان وفەڕەنسا ئیمزاكردو لەگەڵ ژمارەیەك لە نوێنەرانی كۆمپانیاكانی فەڕەنسا كۆبووینەوە، من پێشكەوتنێكی زۆر گەورەو گۆڕانێكی بەرچاو لەپەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ فەڕەنسا بەدی دەكەم.

*دوای گرفتەكانتان لەگەڵ توركیای دراوسێتان،پەیوەندیی نێوان ئێوەو توركیا بەچی گەیشت؟

سەرۆكی كوردستان: بەرلەسەردانی فەڕەنسا سەردانی توركیام كرد و سەردانەكەش بەهەموو پێوەرەكان سەركەوتوو بوو، پێشكەوتنێكی زۆردیارو بەرچاو لەپەیوەندیی ئابووری وبازرگانی لەنێوان ئێمەو توركیادا هەیە. دەربارەی پرسی كوردیش لەتوركیا گۆڕانێكی گەورە لە سیاسەتی حكوومەتی توركیا لەمبارەیەوە بەدیدەكرێ، ئەمڕۆ دان بەوجوودی گەلی كورد لەتوركیا دەنرێت.

*ئەی گرفتی پەكەكە؟

سەرۆكی كوردستان: ئەمەش یەكێك بوو لەوتەوەرانەی باسكران لەوسەردانەی من بۆتوركیا قەناعەتێكی هاوبەشیش لەبارەی مومكین نەبوونی چارەسەریی سەربازیی ئەم كێشەیە هەیە، بەڵكو پێویستە بەدوای چارەسەری دیموكراسی وئاشتیانە بۆچارەسەركردنی ئەم كێشەیە بگەڕێن، ئەمە جگە لەدەستنیشانكردنی هۆكارەكانی ئەم كێشەیەو دۆزینەوەی چارەسەری. ئێمە پاڵپشتی لەهەڵوێستی حكوومەتی توركیا دەكەین بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی گرفتەكەو ئەوەش هیوای ئێمەیە.

*ئایا ڕاستە سەركەوتنی هەرێمی كوردستانی ئێراق دەوڵەتانی دراوسێ دەترسێنێت، چونكە ئەوانیش كوردیان لەوڵاتی خۆیاندا هەیە؟

سەرۆكی كوردستان: لەوانەیە ئەو بۆچوونە لەماوەی ڕابردوودا هەبووبێت، بەڵام پێموایە ئێستا ئەو دەوڵەتانە قەناعەتیان بەوەهات كە پێشكەوتن ووجوودی هەرێمی كوردستان سوودی بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە دەبێت ومومكینە هەرێمی كوردستان ببێتە پردێك لەنێوان ئەم دەوڵەتانەو ئێراق. ئێستا من پێموایە قەناعەتەكان جیاوازن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌