2010-06-19

عەبدوڵا پیرخدری:

سید كامیل ی ئیمامی(ئاوات) ناوێكی دیارو بەرچاوە لە جیهانی شیعرو ئەدەبیاتی كوردیداو ئاوێنەی باڵانمای سروشتی جوان و دڵفڕێنی كوردستانە، شیعرەكانی نزیكە لە ڕەنج و مەینەت و هیوای نەتەوە ستەم دیدەكەی.

شیعرەكانی ئاوات پڕن لە ناوەڕۆكی جوان و ڕازاوەو، خەیاڵی تازەو نوێ، هەوێن و سەرچاوەی شعرەكانی ئاوات، ئاوی زوڵاڵی كوێستانەكانی كوردستانە، شنەی بای نەسیمی بەیانی بەهارانە، قاسپەی كەوی سەر شاخەكانە، گوڵ وگوڵزارو چەم و ڕەزو شیو و شاخ و پێدۆڵی كوردستانە.

ئەم شاعیرەمان ئەوەندە خەیاڵ و هەستێكی ناسكی هەیە كە باس ناكرێت لە وەسف و پیاهەڵداندا، كەم وێنەیە، شیعرەكانی لە ڕەوانبێژی و جوانسازی و، لێكچواندن و خواستن و داهێناندا، شاكارێكی ناوازەیە.

ئاوات تەنها لە وەسف و پیاهەڵداندا بەناوبانگ نەبووە، بەڵكو لە هۆنراوەی ئاینی و نەتەوایەتیشدا جێ دەستی دیارەو، عەشقی وڵاتەكەی وای لێكردووە كە یەكێك بووە لەو شاعیرە ئازایانەی كە لە هۆنراوەكانیدا بە ئاشكرایی لە چنگ زوڵم و ستەم وناعەدالەتی، هاواری كردووەو بێدەنگ نەبووە، لەو پێناوەشدا چەند جار زیندانی كراوە.

شاعیرو زانای گەورەو ناوداری نەتەوەكەمان مامۆستا هەژار لە وەسفی (ئاوات)دا ئاوا دەڵێ:

" هەركەس هەروا تۆزقاڵێك، بەقەد چاوی مێروولە، نرخی شیعری هەبێ و ئەدەب ناس بێت، دەزانێ (سیدكامیل)چۆن پەڕیوەتە سەر چڵەپۆپەو، لە گۆمی ئەدەبیاتی زمانی كورددا چۆن مەلەوانێكی تاقانەیە......

بە بڕوای من هیچ بوێژێكی كورد وەك (سید كامیل) ناتوانێ بەهاری كوردەواری وێنە بگرێت.. ئەگەر دەسەڵاتم بوایە حوكمم لێدەكرد بە لانی كەم هەموو بەهاران سەفەرێكی ناو هەوارو چیا بكات، وەكو مێشەنگوین شیلە لە گوڵان هەڵمژێ و بە هەنگوینی بمانداتەوە....."

ئەوەی سەرەوە پێناسەی (سید كامیل)و شیعرەكانی بوو كە مامۆستا هەژار لەسەر دیوانەكەی نووسیویەتی و لە كۆتایی نووسینەكەشیدا بەم شێوەیە تەعبیر لە خۆی دەكات: شاگردێكی بچووكی سید كامیل: عبدالرحمن –هەژار-.

جا ئێستا كاتی ئەوە هاتووە چاوێك بە دیوانەكەی سید كامیل دا بخشێنین و لەهەرباخێكی گوڵێك هەڵبژێرین و مێشك و دڵمان لە سێبەری باخە شعرەكانیدا بحەوێنینەوە.

 

 

دڵی وام ناوێ

دڵێكی وام ئـــــەمـــن نـــــــاوێ بە نــــــاڵەی بێدڵان نەگری

وەكو شەونم لەسەر خونچەی گوڵان و بولبولان نەگری

وەكــــــــو بولبول نـــەبێتــــە عاشقی گــوڵ، دڵ بەكــــار نایە

ئـــــــــــەگەر شێتانە سبحەینان نەچێتە سەر چڵان نەگـــری

لـە بەهرەو شەوق و زەوق و خێرو خۆشی دورەماڵ كاول

دڵـــی وا بێ ئەویــــن جــــــارێك بەحــــاڵی عــــاشقان نەگــری

شــــەوێ تـــــا ڕۆژ دەنــــاڵێنن لــــەگەڵ تــەیری شەوا جوتـــن

دڵــی وام بــــــۆ چیە بــــۆ وان شەوێ تـــــا بـــەربەیــان نەگری

شەوانـــە مـــەل دەخـــوێنن بــــۆ ئـــــەوانـــــەی دڵ بریندارن

دڵـــــم نــــــاوێ بـــە دەنگی پڕ لــــەسۆزی وان شەوان نەگری

بـــە هات و چوونی شێت و پێتی دڵ با پێكەنین گەر، شەو

بــــە ئـــــامـــــۆژگــــاری زانــــایــــانی پیرو عـــاقــــڵان نــــەگـــری

لــــــە مـــــاڵێ قــەت شەوانـــە ئۆقرە ناگرێ ناسرەوێ تــــاوێ

"ئیمامی" تــــا سبـەینێ زوو نـــەچــێتە نێو گـــوڵان نـــەگـــری

                                             دیوانی ئاوات: ل 21

سەیری ئەو تابلۆیە بكەو بزانە چۆن وەسفی دڵی عاشق دەكات و چ دڵێكی دەوێت، دەریای ڕۆح و هەستی ناسكی شاعیر شەپۆل ئەدات و ئەوەندەش شیعرەكانی سادەو بێگرێ و ڕەوانن، كە خوێنەر بەبێ هیچ خەیاڵ و بیرلێ كردنەوەیەك لە ماناكەی تێ دەگات.

وەك لە پێشەوە باسمان كرد شیعرەكانی سید كامیل –ئاوات- لە وەسفا لە لوتكەدایە، جا با بزانین ئاوات چۆن وەسفی (شەو) دەكات، بێگومان زۆربەی شاعیرانمان وەسفی شەو و ڕازو نیازەكانی خۆیان لە شەودا كردووە، بەڵام ئەم وەسفەی سید كامیل لە چڵەپۆپەدایە، بۆیە زۆربەی گۆرانی بێژانیش كردوویانە بە گۆرانی.

شەو

نوری ڕوخسارت وەدەرخە دەردی بێ دەرمانە شەو

زوڵمەتی زوڵفت لەسەر ڕووتە لە ڕۆژ میوانە شەو

دوێ شوكور مەردانە من ڕێم بردە ناو زوڵفی ڕەشی

تا بزانن خەڵكی موڵكی دڵ، قەڵای مێردانە شەو

هەر لە مەغریب تا بەیانی بێوچان دێت و دەچێ

هەر لە دووی خورشیدی خاوەر وێڵ وسەرگەردانە شەو

كوێرو نابینایە ئێستا ئەو لە داخی ڕۆژی ڕووت

بۆیە ڕەش پۆش و فەقیرو مات و بەستەزمانە شەو

قەدری شەو چا بگرە چاوم، شەمع وپەروانە دەڵێن

سۆزو گریەی شەمع هەر شەو، سوتنی پەروانە شەو

عاشق و مەعشوق لە ڕۆژدا خۆ دەپارێزن لە خەڵك

گەر پەنای چاكت دەوێ بۆ ئەو دووە؟ بڕوانە شەو

هــەستە (كـــامیل) بەسیە بێداری بڕۆ لێی وەركەوە

تـــــا وڵات بێدەنگ وباسەو تا لە ڕۆژ میوانە شەو

                                        دیوانی ئاوات: ل 52

غەزەلەكانی مامۆستا كامیل –ئاوات- هەست و سۆزێكی بەتینی تێدایە، لەگەڵ ناخی مرۆڤدا دەدوێن، بەو هەستە ناسكەوە توانیویەتی شارەزایی تەواوی هەبێت لە ئەوینی ڕاستەقینەو، دوور لە هەموو ڕق و كینەو خۆویستییەك.

سید كامیل لە بواری پیتۆڵ وفەلسەفەو زانستی مەنتقدا شارەزاییەكی باشی هەبووە، جێگای ئەو زانستانەی لە شیعرەكانیدا كردووەتەوە.

لە شیعری (شاری دڵ) دا كە بەڕاستی شاكارێكی هەرە بەرزە، بەڕوونی ئەو ڕاستییە دەردەكەوێت، سەیرێكی ووردی ئەو گفتوگۆیە بكە بزانە چۆن وەستایانە ئەو گفتوگۆیەی لە نێوان (عەقڵ ودڵ)دا ڕێك خستووە.                 

شاری دڵ

    من دەڵێم: شاری دڵم باغ وگوڵستانە دەچم

                           عەقڵ ئەڵێ: نا قەسەبەی شۆڕشی مەستانە نەچی

    من دەڵێم: نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ڕیزوانە دەچم

                            ئەو دەڵێ: نا ڕەشە جێ ڕاوگەیی شەیتانە نەچی

    من دەڵێم: مەسكەن و ئارامگەیی جانانە دەچم

                           ئەو دەڵێ: سەر بەسەری تێكچووەو وێرانە نەچی

    من دەڵێم: جێگەیی هەر شێت و جنونانە دەچم

                           ئـــــــەو دەڵێ: نا زەدەیی پەنجەیی پەریانە نەچی

    من دەڵێم: مەركەزی ئەسراری حەریفانە دەچم

                           ئەو دەڵێ: جێ تەمەعی چاوی حەسودانە نەچی

    من دەڵێم: وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە دەچم

                           ئەو دەڵێ: كونكونە جێگەی سەرە پەیكانە نەچی

    لەم هەم و چوون و نەچوونە سەری سوڕما كامیل

                           من دەڵێم جوانە بچم، ئەو دەڵێ وا جوانە نەچی

                                                        دیوانی ئاوات: ل 54

 

بەڕاستی شیعرەكانی ئاوات لێوان لێون لە جوانی و شەیدایی شیعرەكانی مەحوی و، خۆش خەیاڵی و ناسكی هۆنراوەكانی نالی و، شیرینی و ڕەوانی غەزەلەكانی حەمدی.

ئاوات وەك وێنەگرێكی كارامەو شارەزا بە جوانترین شێوە وێنەی تابلۆكانی بەهار دەكێشێت، كە بێگومان ئەمەش لە ئەنجامی تێكەڵ بوونی شاعیرە لەگەڵ دیمەنە دڵڕفێنەكانی كوردستان، لە هاژەی تاڤگەو قەڵبەزەو، قاسپەی كەو و چریكەی بولبول و، كانیاوی پڕ لە ئاوی جوان و، تریفەی مانگەشەو، پەلكەزێڕینەی پاش بارانی زۆر ..

ئەمانەو دەیان دیمەنی تر، وای لە شاعیر كردووە كە بەڕاستی وێنەكێشێكی كارامەی لێ دەربچێت و بە فڵچەی شیعرەكانی دەیان تابلۆی جوانمان بۆ بنەخشێنێت، سەیری ئەم هۆنراوەیەی بكە كە لە وەسفی بەهاردا وتویەتی:

ئەمڕۆ بەهارە سەیری چەمەن خۆشە خوارو ژوور

ڕازاوە بـــــــاغ بــــە سەرو چنارو گـــــوڵ و چــنوور

گیا سەوزو جۆگە سەوزو، گەڵا سەوزو، بێشە سەوز

دار سورو، لالـــە سورو، چــەمەن سورو، خـونچە سور

                                            دیوانی ئاوات: ل25

ئێمە هەرچی دەربارەی ئاوات بنووسین، بەڕاستی هێشتا هەر كەمەو مافی خۆیمان نەداوەتێ، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین كورتەیەك لە ژیانی ئەو كەڵە شاعیرە باسی بكەین:

سید كامیل ی ئیمامی نازناوی –ئاوات- ی بۆخۆی هەڵبژاردووەو زۆرجاریش "كامیل" ی بەكار هێناوە.

ئەم شاعیرە لە ساڵی (1903) لە گوندی زەنبیل ی سەر بە ناوچەی موكریان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، لای زانایانی ناوچەكەی خۆی دەستی كردووە بە خوێندن و هەر لە منداڵییەوە شیعری نوسیوە، هاوڕێی گیانی بە گیانی (حەقیقی و هەژار)ی ڕەحمەتی بووە.

بەهۆی سەختی ژیانەوە وازی لە خوێندن هێناوە، بەڵام وازی لە شیعر نووسین نەهێناوەو بەردەوام شیعری ئاینی و نەتەوایەتی و خۆشەویستی و عارفانەی نووسیوە.

چەند جارێك تووشی گرتن و زیندانی كردن و دوورخستنەوە هاتووە، پاش تەمەنێكی پڕ بەرهەم و ناسۆرو تاڵ و شیرینی ژیان، سەر ئەنجام لە ساڵی (1989) كۆچی دوایی كردووە.

لە پاش خۆی چەند بەرهەمە شیعرێكی لێ بەجێماوە كە زۆربەیان لە دیوانێكدا كۆكراونەتەوە لە چاپ دراون.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌