2010-06-19

خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج
سەردانەكەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بۆ توركیا بایەخ و گرنگی خۆی هەیە و لەڕووی گەشەسەندنی سیاسەتی هەرێمی كوردستان و رۆڵی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا ئەمڕۆ دەبێتە بنەمای دروستبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا، لەمەڕ سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا زۆر قسەی بچووك و نا واقیعی لەهەندێك میدیای كوردییەوە دەبیسترێت، كە سەرجەمیان ئامانجیان كەم نیشاندانی ئەم هەنگاوە مەزنەیە، بۆ قسەكردن لەبارەی پرسی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا، ئەندامێكی شاندی یاوەری سەرۆكی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەت بە خەبات ئاماژە بە لایەن و گرنگی و بایەخی ئەم سەردانە دەكات.
بەڕێز سەفین دزەیی ئەندامی شاندی یاوەری سەرۆكی كوردستان بۆ توركیا لەوەڵامی پرسیارێكی خەباتدا كە ئاماژەمان بەوەدا، ئەگەر خوێندنەوە بۆ سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا بكرێت گەشەسەندنی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە، یاخود دانپێدانانی هەرێمی كوردستانە لەلایەن توركیاوە؟ بەڕێز دزەیی گوتی: دەتوانین بڵێن هەردوو بۆچوون دەگرێتەوە، چونكە بەپێی دەستووری ئێراق هەرێمی كوردستان پێناسە كراوە وەك هەرێمێكی فیدراڵی لە چوارچێوەی ئێراقی فیدراڵ، لە 1991 تا 2003 دیفاكتۆیەك هەبوو، كە حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان دروستبوو، لە رووی یاساییەوە چ حكوومەتی ئێراقی چ نێودەوڵەتی پێناسەی پێنەدابوو، لە 2003ەوە بارودۆخ گۆڕاو، ئەمڕۆ دەستووری ئێراق پێناسەی بە هەرێمی كوردستان بەخشیوە، واتا بایەخێكی نێودەوڵەتیشی هەیە.

سەفین دزەیی وەك دیپلۆماتكارێك كە ساڵانێكی زۆر لە توركیا نوێنەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووە، قۆناغەكانی پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستانی هەمیشە بە گوێرەی قۆناغە جیاجیاكان پۆلێن كردووە و ئەمجارەش لە دیمانەكەی خەباتدا ئەم لایەنەی جارێكی دیكە وەبیرهێناینەوە و گوتی: هەرچەندە توركیا لەكاتی خۆی سنووردار بوو لەگەڵ كوردستان و پێشبنی ئەوەی دەكرد، رۆژێك لە رۆژان هەرێمی كوردستان دەكەوێتەوە ژێر دەستی حكوومەتی ئێراقی و ئەنكەرا راستەوخۆ پەیوەندیان بە حكوومەتی ئێراقەوە دەبێت، لە 2003ەوە هەر ئەوەشیان كرد و لەگەڵ حكوومەتی بەغدا مامەڵەیان دەكرد، بەڵام لە هەر دەرگایەكیان دەدا كورد بوو، وەك سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێراق، وایلێهات وردە وردە ئەو واقیعە قبوڵ بكەن و ئەمڕۆش گەیشتە ئەو قۆناغەی دوای گرژیەك مامەڵە لەگەڵ واقعێك دەكات، كە هەرێمی كوردستانە، چەندین لایەن هەیە لەو پەیوەندییانە وەك وزە و ئاسایش و كۆمەڵایەتی و ئابووری و سەنگی سیاسی و سەرۆك بارزانیش وەك هاوكێشەی سیاسی ئێراقدا وجودی هەیە.
سەرۆك بارزانی هەمیشە شانازی بە پۆشینی جلی كوردییەوە كردووە وەك كلتور و ناسنامە و هەمیش وەك رەمزی پێشمەرگە بوون، بۆیە ئەم جلە تایبەتمەندییەكی جوانتری بەخشییەتە سەرۆك بارزانی، ئەمجارەیان لە سەردانەكەیدا جلی كوردی نەپۆشی، هەندێك میدیا وەك ئەوەی هیچیان پێ نەبێت ئەم بابەتیان وروژاند، بەڵام سەفین دەزیی زۆر واقیعیانە ئەم بابەتەی روونكردەوە و گوتی: لە راستیدا زۆر شتم خوێندەوە وەك ئەوەی دەبوایە سەرۆك بارزانی بەجلی كوردی بڕۆیشتایە، سەرۆك بارزانی لەیەكەم سەردانی خۆی لە ساڵی 1992 بۆ لای توركۆت ئۆزاڵەوە پێشوازیكرا بەجلی كوردییەوە بوو، ئەو كاتە بایەخ و گرنگی خۆی هەبوو كە سەرۆك بارزانی بەجلی كوردییەوە بۆ یەكەمجار سەردانی توركیای كرد، زۆر شت هەیە سبمولیە و لەكات و ساتی خۆی دەتوانی بەكاری بهێنێت، وەك ئەو سەردانەی سەرۆك بارزانی بۆ كۆشكی سپی كە بەجلی كوردییەوە رۆیشت و جاری دووەم و سێهەم ئەو گرنگییەی خۆی نابێت.
لە پرێس كۆنفرانسەكەی نێوان سەرۆكی كوردستان و دكتۆر ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا ئاڵای ئێراق بوونی نەبوو، ئەمەش بووە بەشێك لە خۆ سەرقاڵكردنی هەندێك راگەیاندنی كوردی و سەفین دزەییش لەرووی سیاسی و یاساییەوە ئاماژەی بەوەكرد، هەموومان دەزانین هەرێمی كوردستان بەشێكە لە ئێراق، ئاڵاش سمبولی كیانی سەربەخۆییە، كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، بەوشێوەی خەڵك باسی لێوە دەكەن و لەواقیعدا خۆیان دەخەڵەفێنن یاخود لە واقیعەكە حاڵی نەبوونە، كوردستان لەناو ئێراق هەرێمێكە و ئاڵای خۆی هەیە و لە پاڵ ئاڵای ئێراقدایە، بەڵام لە وڵاتانی دەرەوە لە رووی پرۆتۆكۆڵ و دابونەریتی دیپلۆماسیەت و سیاسیەوە ئاڵای هەرێم لە پاڵ ئاڵای هیچ وڵاتێك دانانرێت، نموونەش زۆرە وەك ئیسپانیا و ئەو وڵاتانەی هەرێمیان هەیە، بۆ مەسەلەی ئاڵای ئێراقیش ئەوە بۆ توركیا دەگەڕێتەوە، نەخێر كاریگەری لەسەر جەوهەریەتی سەردانەكە نەكردووە و ئێمەی كورد زۆرجار عاتفیانە بیر دەكەینەوە، ئێمە دەبێت بابەتیانە بین و تەماشای بایەخی ئەو سەردانە بكەین پاش ئەو هەموو گرفتە و چ نەما لە توركیا بە كورد و سەركردایەتیمان نەگوترێت، كەچی ئەمڕۆ پێشوازی لەسەرۆك بارزانی دەكەن و دەبێت پراكماتیانە تەماشای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بكەین و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین و هەموو نابێت پرۆسەكە بچووك بكرێتەوە.
سەرۆك مسعود بارزانی لە چەند بۆنەیەك و لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەداوە، جارێكی دیكە رێگە نادەین خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕژێت، بەڵام ئەو میدیانەی كە خزمەت بە پرۆسەی نەتەوەیی و سیاسی هەرێمی كوردستان ناكەن ئەم بۆچونەیان ئاوەژووكردووە و ئاماژەیان بەوەداوە، لەو سەردانەدا باس لەوەكراوە، هەرێمی كوردستان بەشداری لە لێدانی پەكەكە بكات، بەڵام سەفین دزەیی هەمان ئەو بۆچوونەی سەرۆك بارزانی دووپات دەكاتەوە و بەهەڵوێستێكی نەگۆڕی ناو دەبات و دەڵێت: ئەوە جاری یەكەم نییە سەرۆك بارزانی ئەو ئاماژەیە نیشان بدات، بەڵكو لە ناخۆشترین كاتی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا بەتایبەتی لە شوباتی 2008ی ئەو وتەیەی پێشكەشكرد و لە ئەنكەرەیش ئەوەی دووپاتكردەوە و ئەوە هەڵوێستێكی نەگۆڕە، بێگومان ئێمە وەك هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی پارتی دژی هەڵسوكەوتی رەفتاری پەكەكەین، بەشێوەیەكی نابەرپرسانە مامەڵە دەكەن و كاتێك دەرفەتێك دێتە پێش ئەوان بەپێچەوانەوە رەفتار دەكەن و لەكاتی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا چەند ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامبدا، ئەمەش جێگای پرسیارە، لە كاتێكدا هەوڵێك هەیە بۆ باشتركردنی پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا لە هەمانكاتیشدا باشتربوونی ئەو پرۆسەیە وەك سەلاحەدین دەمیرتاج لای سەرۆك بارزانیدا ولەگەڵ میدیاكانیش ئاماژەی بەوەكرد، باشتربوونی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا جێگای بایەخەو كاریگەری لەسەر پرسی باشتربوونی كورد دەبێت لە توركیا، ئەگەروایە ئەو ئۆپەراسیۆن و كردەوانە لە چیدایە، لەگەڵ ئەوش حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كورد ئامادە نین هیچ بەشداری هیچ كردەیەك دژی پەكەكە ئەنجامبدات و رێگەی ئاشتی و دیپلۆماسیانە بە باشترین چارەسەر دەبنێت.
وەك پەرۆشی بۆ چارەسەری پرسی كورد لەتوركیا، هەمیشە سەرۆك بارزانی جەختی لە چارەسەركردنی ئەو كێشەی كورد كردووە بەرێگای ئاشتیانە و دروستبوونی دیالۆگ و گفتوگۆ، ئەمڕۆش سەرۆك بارزانی لە پرسی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا وەك جەمسەرێكی خەمخۆرانە بەشدارە و لەم سەردانەیدا بۆ توركیا هەمان پرسی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا تاوتوێكردووە و سەفین دزەیی ئاماژەی بەم لایەنەدا و گوتی: سەرۆك بارزانی لە دڵەوە وەك كوردێكی وڵاتپارێز پێخۆشە پرسی كورد لە توركیا بە رێگەیەكی ئاشتیانە چارەسەر ببێت و هەوڵیش دراوە، نزیكەی دوو ساڵە سەرۆك بارزانی پێشنیاری كۆنفرانسێكی كوردی كرد كە لە هەرێمی كوردستان ببەسترێت و ئەو پرسانە بخرێتە گفتوگۆ و پرۆسەی ئاشتی و تەبایی و دیالۆگ بەرەو پێشەوە بچێت، ئەو بیرۆكەش هێشتا لە ئارادایە و هەنگاوێكی باش دەبێت، هەمیشە سەرۆك بارزانی لە دانیشتنەكانی لەگەڵ دەتەپەش ئامۆژگاریانی كردووە دەرفەتێكی باش هاتۆتە پێش و سوودی لێوەرگرن، ئەگەرچی كەمیش بێت، هەموو دەسكەوتێك راستە كەمیش بێت بەرەو زۆرتر دەڕوات و هەمان شتیشی بە لایەنی توركی گوتووە، لەرووی مێژوویشەوە نەك وەك سەرۆكی كوردستان، ماڵباتی بارزانی كاریگەریەكی زۆریان هەبووە لەسەر رای گیشتی كوردی توركیا هەبووە و پەیوەندییەكی باشیان هەبووە و رێزیان لە خەبات و رای ماڵباتی بارزانی هەیە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌