2010-06-19

خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج
لە دوای سەردانیكردنی توركیا، بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بەیاوەری شاندێك سەردانی فەرەنسای كرد و لەلایەن سەرۆك ساركۆزی سەرۆكی فەرەنسا و بێرنارد كۆشنەری وەزیری دەرەوە پێشوازیی كرا. ئەندامێكی شاندی سەرۆكی كوردستان بۆ فەرەنسا ئاماژە بەوە دەكات، پێشوازیكردنی سەرۆكی كوردستان لەلایەن ساركۆزییەوە وەك پێشوازی سەرۆكی دەوڵەت بوو و هەروەها ئاماژەش بەوە دەكات، ئەوان سەرسام بوون كە پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا جێگەی خۆی كردۆتەوە و ئامادەیی هەموو هاوكارییەكیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان نیشانداوە، ئاسۆس نەجیب گەرمیانی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەت بەخەبات لەبارەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ فەرەنسا دەدەوێ.
فەرەنسا وڵاتێكی مەزنە و ئەمڕۆ پێگەی ئابووری و سیاسی لە جیهاندا هەیە و هەرێمی كوردستانیش لە هەوڵی دابینكردنی باشترین پەیوەندییە لەگەڵ فەرەنسا، سەرۆكی كوردستان لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ فەرەنسا لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبووەوە و رەوشی كوردستان و ئێراقیان تاوتوێكرد، لەبارەی پێشوازیكردنی سەرۆك ساركۆزیەوە لە سەرۆك بارزانی، ئاسۆس نەجیب گەرمیانی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەندامێكی شاندی یاوەری سەرۆك بارزانی بوو، ئاماژەی بەوە كرد، سەردانەكەی سەرۆكی كوردستان زۆر سەركەوتوو بوو و پێشوازیكردنیش لەسەرۆكی كوردستان وەك سەرۆكی وڵات بوو لەلایەن ساركۆزییەوە.
ئاسۆس نەجیب تەئكیدی لەوەشكردەوە، خاڵی گرنگی ئەو سەردانە لەوەدا بووە، لایەنی فەرەنسی وەك سەرۆكی وڵات پێشوازیان لەسەرۆكی كوردستان كردووە و هەروەها سەرۆكی كوردستان لەبارەی رەوشی گشتی هەرێمی كوردستانەوە كورتەیەكی بۆ ساركۆزی پێشكەشكردووە و سەرۆك ساركۆزیش هەندێك پرسیاری لە بەرێز سەرۆكی كوردستان كردووە، لەوبارەیەوە ئاسۆس خان ئاماژەی بەوە كرد، خاڵێكی گرنگی ئەو سەردانەی سەرۆكی كوردستان و شاندی یاوەری ئەوە بوو وەك سەرۆكی وڵات لەلایەن ساركۆزییەوە پێشوازی كراین و سەردانێكی زۆر سەركەوتوو بوو، خاڵێكی گرنگی دیكەش ئەوە بوو، بەپێی ئەو زانیارییەی ساركۆزی لەسەرۆكی كوردستانی وەرگرتوو و پێشتریش زانیاری هەبووە لە سەر هەرێمی كوردستان، كە بەرێز سەرۆكی كوردستان دڵنیاییكردەوە و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كوردستان بەشێكی هێمن و ئاسایش تێدا سەقامگیرە لە ئێراقدا و ساركۆزی ئەو لایەنەی زۆر بە لایەوە گرنگ بوو، پرسیاری زۆریشی لە بەرێز سەرۆكی كوردستان كرد لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دڵنیابوو لەوەی كوردستان ئارام و ئاسایش تێدا سەقامگیرە و وەك بەشەكانی دیكەی ئێراق نییە.
كوردستان وەك ناوچەیەكی ئارام و جیا لە ئێراق، هەمیشە لانەكەی پێكەوە ژیان و رێزگرتن بووە لە كەمینە و ئاینەكانی دیكە، بۆیە ساركۆزی لەبارەی مەسیحیەكانی كوردستانەوە سوپاسی كوردی كردووە و ئاماژەی بەو رەوشی باشی ئەوانی كردووە لە كوردستان، ئاسۆس نەجیب گەرمیانی لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە كرد، سەرۆك ساركۆزی سەرۆكی فەرەنسا ئەوەی زۆر بەلاوە گرنگ بوو، كە مەسیحییەكانی كوردستان جێگە و رێگەیان باشە و هاوكاریان زۆر دەكرێت و لە رەوشێكی باش و ئارامدان لە هەرێمی كوردستان.
وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆك ساركۆزی و بێرنارد كۆشنەر خۆیان بە دۆستی كورد وەسف كردووە و ئامادەیی هەموو هاوكارییەك بوونە، لەبارەیەوە ئاسۆس خان ئاماژەدا، دەرئەنجامی سەردانەكە زۆر گرنگ بوو بەتایبەتی واژووكردنی یاداشتنامەكەی نێوان سەرۆكی كوردستان و بێرنارد كۆشنەری وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هەروەها سەرۆك ساركۆزی و بێرنارد كۆشنەر خۆیان بە دۆستی كورد نیشاندا و ساركۆزی چەندحارێك ئەوەی دووپاتكردەوە، ئێمە دۆستی كوردین و ئەوەی بۆ كورد پێویستە ئێمە هاوكارتان دەبین لە ئاوەدانكردەوەی كوردستان.
هەنگاوەكانی دیموكراسیەتی هەرێمی كوردستان سەرەنجی وڵاتانی جیهانی راكێشاوە، لەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بۆ فەرەنسا لایەنی دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ خاڵێكی سەرسامكەر بووە بۆ ساركۆزی سەرۆكی فەرەنسا، ئاسۆس نەجیب لەبارەی پرسیارێكی خەبات، تێڕواینی فەرەنسا بۆ دیموكراسیەتی هەرێمی كوردستان چۆن بوو، ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، سەرۆك ساركۆزی و فەرەنسیەكان زۆر سەرسام بوون، كە بەرنامەی سەرۆكی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لە دیموكراسی و ئازادی دەكاتەوە و بەلایانەوە گرنگ بوو كە ئەنجوومەنی باڵای خانمان هەیە، هەروەها گرنگ بوو بۆ ئەوان كە سەرۆكی كوردستان ئاگاداری رەوشی هەموو بوارەكانە لەرووی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان.
لەبارەی ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بۆ فەرەنسا و هاتنی كۆمپانیاكانی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان، ئاسۆس نەجیب گەشبینی خۆی نیشاندا و گوتی: زۆر گەشبینم بەم سەردانە و ئەنجامەكانی، چونكە یاداشتنامەیەكی زۆر گرنگ واژوو كرا، لە ئایندەدا كۆمپانیای زۆر گەورە دێنە هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەهۆی ئارامی و سەقامگیری رەوشی ئەمنیە و ئەو سەردانەی سەرۆكی كوردستان بۆ فەرەنسا دەرگایەكی باشی لەنێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا كردەوە.
جگە لە دیدار و سەردانەكەی سەرۆكی كوردستان، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە بەجلی كوردییەوە لە فەرەنسا ئامادەیی بوو، سەردانی چەند جێگا و دامودەزگایەكی گرنگی ئەو وڵاتەی كردووە و ناوبراو ئاماژەی بەسەردانەكانی خۆی و دانیشتنەكانی لەگەڵ لایەنی فەرەنسا كرد و گوتی: رۆژانە دیدارم هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسا و سەردانی چەند شوێنكم كرد و لەگەڵ وەزیری كاروباری ئەویش دانیشتنم كردووە و ئامادەیی خۆی نیشاندا ستافێك بنێرێتە كوردستان و ستافێك بنێرم بۆ ئەوەی هاوكاری یەكدی بكەین و سەردانی گەورەترین گرتووخانەم لە فەرەنسا كرد بەیاوەری وەزیری دادی ئەو وڵاتە كە گرتووخانەی(فلۆرینا)یە و ئەوانیش ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوكاریكردنمان لە هەرێمی كوردستان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌