بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
خوشك وبرایانی بەڕێز و خۆشەویست
میوانە بەڕێزەكان . ئامادەبووان . هەموو لایەكتان بەخێربێن سەرچاو و سەرسەر.
خۆشحاڵ وسەرفرازین بۆ هاتنتان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بۆ یادكردنەوەی ڕووداوێكی یەكجار زۆر پیرۆز وئازیز لەسەر دڵی هەموو كوردێك و بەتایبەتی بۆ خۆم كە تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
وەرچەرخانێكی زۆر گرنگ
ئەمڕۆ یادی 66 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد دەكەینەوە كە لەمێژووی گەلی كوردستاندا وەرچەرخانێكی زۆر گرنگ بوو لەمێژووی گەلی كوردستاندا، ڕووداوێكی زۆر گرنگ بوو، دەرفەتێكی زۆر پڕ بەهابوو بەداخەوە تەمەنی كورت بوو، بەڵام كاریگەریی بە بەردەوامی مایەوە و تا كوردیش مابێت دەمێنێتەوە.
لەمێژوودا غەدرێكی زۆر گەورە لە ئێمە كراوە
مێژووی گەلەكەمان پڕە لەڕووداوی تاڵ و شیرین، لەهەوراز و نشێو. لەمێژوودا غەدرێكی زۆر گەورە لە ئێمەی خەڵكی كوردستان كراوە، ئێمە بەبێ ئەوەی پرسمان پێبكرێت دابەشكراوین وبەدرێژایی مێژووش خەباتی میللەتی ئێمە بەردەوام بوو.
خەباتی ئێمە سەردەمێك خەباتی چەكداری بوو، چونكە ناچار بووین بۆ ئەوەی نەتەوە و وجوودی نەتەوەكەمان وپێناسەی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین، شوكر بۆ خوا بەخوێنی شەهیدانی ئازیز، بەقوربانیدانێكی یەكجار زۆری گەلەكەمان ئێمە ئەو قۆناغەمان بەسەركەوتوویی وسەرفرازی دەرباز كرد، ئێمە بوونی خۆمان سەلماند و پێناسەی خۆمان پاراست و ئێستاش سەردەمی بەدەستهێنانی مافە.
دەبێ دان بەمافی ئێمەدا بنرێ
من لەگەڵ ئەوەدا نیم بڵێین دەبێ مافمان پێبدەن بەڵكو دەبێ دان بەمافی ئێمە بنرێ چونكە كە خوا ئێمەی خوڵقاند ئەو مافەی بەئێمە داوە كە بە سەربەستی بەئازادی بژین، مرۆڤ ناتوانێ ماف بەمرۆڤ بدات بەڵام دەتوانی لێی داگیر بكات.
لەكاتی خەباتی چەكداریدا بەداخەوە زیانێكی زۆر بەر ئێمە كەوت بەهەمان شت بەر میللەتانی براشمان كەوت، ئازیزانێكی زۆر گیانیان لەدەستدا،هەوڵێكی زۆر درا كە بكرێتە شەڕی كورد و عەرەب، شەڕی كورد و تورك، شەڕی كورد و فارس، بەڵام سوپاس بۆ خوا لەم هەوڵانە سەرنەكەوتن، ئێمە وەكو میللەت برایەتیی خۆمان پاراست و دەبێ لەمەودواش هەروا وەكو بیلبیلەی چاومان بیپارێزین.بەڵێ شەڕی دەوڵەت جیاوازیی لەگەڵ شەڕی میللەت هەیە.
كێشەی میللەتی ئێمە بەشەڕ چارەسەر ناكرێت
لەو سەد ساڵەی ڕابردوودا ئەزموونێكی زۆر دەوڵەمەند بۆ ئێمە بەجێماوە، نە ئێمەی كورد توانیمان ئەو دەوڵەتانە بڕوخێنین ئەگەر دەوڵەتێكیش جارێك لەجاران ڕووخابێت كورد نەبۆتە بەدیلی ئەو دەوڵەتە، لەهەمانكاتدا ئەو دەوڵەتانەش نە بە تانك و نە بەتۆپ ونە بەفڕۆكە و بە هەر جۆرە چەكێك نەیانتوانی ئەو میللەتە قڕ بكەن و لەناو ببەن، ئەمە ئەو ڕاستییە نیشاندەدات كە كێشەی میللەتی ئێمە بەشەڕ چارەسەر ناكرێت بەڵكو بەئاشتیانە جا ئەمڕۆ یان سبەی بێ وهەر چ ڕۆژێك زووتر هەموومان بەرەو ڕێگەی ئاشتی بچین من پێموایە ئەمە سەروەرییەكی گەوریەو ئەمە ڕێگەی ڕاستە، بەتوندوتیژی ئەم مەسەلەیە چارەسەر ناكرێت، هەروەكو گوتم سەردەمێك ئێمە ناچاربووین بەرگری لەخۆمان بكەین وخوێنێكی زۆرمان ڕشت بەڵام ئێستا ئەو سەردەمە نەما و ئێستا دەبێ ئێمە بەرەو دیالۆگ بچین،ئێمە دەبێ بەرەو ڕێگەی ئاشتی ودیموكراسی بچین، دەبێ ئەو ڕێگەیە هەڵبژێرین تەنانەت ئەگەر وەڵامدانەوەی دەوڵەتانیش لەئاستی پێویست نەبێت نابێ بێ ئومێد بین دەبێ نەفەسمان درێژ بێت و ئارامی بگرین، چونكە هەروەكو دەبینن جیهان لەگۆڕان دایە گۆڕانێكی بەپەلەش . ئێمەش وەكو خەڵكی كوردستان و گەلی كوردستان ونەتەوەی كورد دەبێ خۆمان بۆ ئەو گۆڕانكارییانە ئامادە بكەین.
هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە
ئێمە مافی چارەنووسمان هەیە كە مافێكی سروشتییە و خوا بە ئێمەی داوە بەڵام پرسیار ئەوەیە چۆن مومارەسەی بكەین؟ ئێمە لەوەدا دەبێ حەكیمانە بین وحەكیمانە بیر بكەینەوە كە چۆن مومارەسەی ئەو مافە بكەین.
من پێموایە هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و بەپێی ئەم تایبەتمەندییە ئێمە مومارەسەی ئەو مافە بكەین و مەسەلەی مافی چارەنووسیش ئێمە وەكو هەر میللەت و نەتەوەی دیكە ئەو مافەمان هەیە وهەر ڕۆژ و كاتێكیش بەدیاڵۆگ بگەینە ئەو ئەنجامەی بەشێوەیەكی تەواو ئەو مافە مومارەسە بكەین ئێمە نابێ دوودڵیی لێبكەین، بەڵام لەڕاستیدا من لەگەڵ ئەوەدا نیم بەتوندوتیژی بێت وبەزۆریش نابێ.ئێمە دەتوانین داكۆكی لەسەر ئەوە بكەین ئێستا بۆ ئەم قۆناغە لەهەر پارچەیەك دا بەپێی تایبەتمەندیی خۆی بەشێوەیەكی ئاشتیانە و دیموكراسییانە چارەسەریی مەسەلەی كورد بكرێت.
كێشەی ئێمە كێشەیەكی نەتەوەییە
كێشەی ئێمە كێشەیەكی نەتەوەییە، ئەگەر سەیری مێژوو و ڕاپەڕین وشۆڕشەكانی گەلەكەمان بكەین هەموویان بەسەركردایەتیی شێخ و مەلا و سەید بووە . كەواتە ئێمە هیچ گرفتی ئایینییمان نەبووە، ئەو شێخ و مەلا و سەیدانە داكۆكییان لە مافی نەتەوەییان كردووە بۆیە ئێستا ئەگەر هەر هەوڵێكی وا هەبێت بگوترێت ئێمە گرفتی ئایینیمان هەبووە یان هەیە من پێموایە ئەمە لادانە لەڕاستی، ئێستاش كێشەی ئێمە كێشەیەكی نەتەوەییە.ئێمە یەك نەتەوەین وكێشەكەمان یەك كێشەیە بەڵام بەهۆی ئەو پارچە پارچە بوونە هەر پارچەیەك تایبەتمەندیی خۆی وەرگرتووە و دەبێ ئەو شتە ڕەچاو بكەین.
ئەو زەمانە ڕۆیشت خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕژێ
خاڵێكی دیكە هەیە دەمەوێ ئاماژەی پێبكەم، دوژمنانی میللەتی ئێمە هەوڵی زۆریان دا ئیرادەی میللەتی ئێمە بكوژن بەڵام نەیانتوانی هەوڵیاندا دەست بخەنە نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، بەڵام نەیانتوانی، تووشی گرفت بووین، بەڵام لەهەموویان دەرباز بووین و سوپاس بۆ خوا ئێمە ئێستا تەباین ولەهەمووشی خۆشتر ئەوەیە كە ئەو زەمانە ڕۆیشت كەسێك بیر لەوە بكاتەوە خوێنی كوردێك بەدەستی كوردێك بڕژێ.
شاری مهاباد هەموو ماڵەكانیان لەگەڵ بارزانییان بەش كرد
ئێستا هەوڵێكی دیكە لەئارادایە لەلایەن چەند خۆفرۆشێك كە دەزانین بەتەحریكی كێ و چ لایەنێك دەیانەوێ مێژوو بشێوێنن و دەیانەوێ پەیوەندیی نێوان سەركردەكانمان بەشێوەیەكی دیكە لەقەڵەمبدەن، كە گوایە ناكۆكی لەنێوان پێشەوای نەمر وبارزانیی نەمر هەبووە،من خۆم چەندجار گوێم لەشەخسی جەنابی بارزانی بووە لە هاوڕێیانی بارزانی كە بەداخەوە بەشی هەرە زۆریان لەژیاندا نەماون، ئەو ڕۆژەی لەساڵی 1945 بڕیاریان دا جەنابی شێخ ئەحمەد بچن بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەك لە دیكۆمێنت و ئەرشیفەكاندا ماوە بەشێوەیەك پێشوازییان لێكرا كە ئەو پەڕی برایانە بوو بەتایبەتی ئەو شار و شارۆچكانەی سەر سنوور و ئنجا شاری مهاباد هەموو ماڵەكانیان لەگەڵ بارزانییان بەش كرد، فەرمانی خودی پێشەوا هەیە كەفەرمانی بە هەموو دامو دەزگاكان داوە پێشوازیی گەرم لەوانە بكەن ئەوانە برای زۆر خۆشەویستن، كاتێك هەندێك عەشایەر ویستیان سەرپێچی بكەن بارزانییەكان وخودی بارزانیی نەمر چەكیان هەڵگرت و چوون بەسەرۆكایەتیی بارزانی لەگەڵ هەموویان دانیشتن وهەموویان هێنایە مهاباد بۆ خزمەتی پێشەوا قازی محەمەد پێی گوتن ئەمە دەرفەتێكە بۆ كورد، پێشەوا پێشەوای هەموو كوردە من یەكەم سەربازم بۆ ئەم كۆمارە.
ئەو ئاڵایەی تۆ لێی دەترسی لەدەستێكی ئەمیندایە و ڕۆژێكیش دێ هەڵبدرێت
بەپێی ئەو دیكۆمێنتانەی ئێستا دەستكەوتوون لەكاتی دادگاییكردنی پێشەوا، كاتێك سەرۆكی دادگا لێی دەپرسی : چۆن ڕێگەت دا كابرایەكی بیانیی وەكو مەلا مستەفای بارزانی بێتە مهاباد؟پێی دەڵێ: بارزانی كابرایەكی بیانی نییە و هاتۆتە ماڵی برای خۆی، پاشان پێی دەڵێت : ئەم ئاڵایە دەبینی؟(حاشا) تفێكی لێدەكات وفڕێی دەدات وپێی دەڵێ : ئەمەیە ئاڵای ئێوە؟ لەكاتێكدا ئاڵاكە ئاڵای سۆڤیێتی جاران بوو نەوەكو ئاڵای كوردستان ئەوە بەپێی دیكۆمێنتەكانی دادگا. پێشەوا پێی دەڵێ : تۆ كابرایەكی بێ ئەدەبی، كابرایەكی بێ ڕەوشتی ئەگینا ئاڵای هەر وڵاتێك بێت نابێ تۆ تفی لێبكەیت، بەڵام ئەو ئاڵایەی تۆ لێی دەترسی لەدەستێكی ئەمیندایە و ڕۆژێكیش دێ هەڵبدرێت.
ئەو ڕۆژەش كە بەپیلانێكی نێودەوڵەتی كۆماری كوردستان تێكچوو بارزانیی نەمر چووبووە خزمەتی قازی پێشی گوت:بەڵێنت پێدەدەم تا من ساغ بم نەهێڵم هیچت بەسەربێت ئەگەر هەرچیشت بەسەربێ بەڵێن بێ تا من زیندووم ئێسكەكانت هەڵبگرم فەرمووی گوتی: بۆئەوەی خەڵكی مهاباد تووشی ئێش وئازار نەبن من هەر لێرە دەمێنمەوە و ئەمەش ئاڵای كوردستان و پیرۆزت بێ و ئەمانەت بێ لای تۆ.
جەنابی بارزانی وەكو سەربازێك بەرگریی لەكۆماری كوردستان كرد
بۆیە ئەوانەی ئەمڕۆ دەیانەوێ مێژوو بشێوێنن پێیان دەڵێین ئەمەیە ڕاستیی مێژوو، جەنابی بارزانی وەكو سەربازێك بەرگریی لەكۆماری كوردستان كرد لە مهاباد پێشەواش وەكو سەرۆكێك قبووڵ بووە و قبووڵمان كردووە و پێشەوامانە، پێشەوا قازی محەمەد، شێخ مەحموودی حەفید، شێخ سەعیدی پیران، سەید عەلی ڕەزا، شێخ ئەحمەدی بارزانی، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، مەلا مستەفای بارزانی ئەمانە هەموو سەركردەی ئێمەن و ئێمە قوتابیی ئەو قوتابخانەیەین وپەنا بەخوا تاسەریش لەو ڕێبازە بەردەوام دەبین.جارێكی دیكە بەخێربێن و زۆر سوپاستان دەكەم.