2010-06-21

خەبات-كەنعان بەهادین: لەچوارچێوەی سەردانە فەرمیەكەی بەڕێز سەرۆك مسعود بارزانی بۆ توركیا و لەوێ بەرەو ئەڵمانیا و پاشان بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە پاریس و لەوێ هاوشێوەی سەرۆكی وڵاتانی دونیا لەكۆشكی ئەلیزێ پێشوازی گەرمی لێكرا لەلایەن نیكۆلا ساركوزی سەرۆكی فەڕەنسا و بێرنارد كۆشنەر وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوو گەورە بەرپرسانی فەڕەنساوە، چوارچێوە ئەم سەردانەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ فەڕەنسا كەبەیاوەری شانێكی بوو پێكهاتبوون لەچەند وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێوانیاندا سەمیر عەبدوڵڵا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەندامی شاندی میوان بوون بۆ وڵاتی فەڕەنسا لەلێدوانێكی تایبەت بۆ خەبات رایگەیاند ئەم سەردانە گرنگترین سەردانی رەسمی بوو بۆ فەڕەنسا كەلەچوارچێوەیدا كۆمەڵێك دەستكەوت بۆ میللەتی كورد هاتە بەردەست.

سەردانای مێژوویی و گرنگ

ئەندازیار سەمیر عەبدوڵڵا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ خەبات رایگەیاند: ئەم سەردانەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ فەڕەنسا بەسەرۆكایەتی سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان گرنگترین سەردان ئاماژەی پێ دەكەم كە كۆمەڵێك دەستكەوت و پڕۆژەی گەورەی بۆ كوردستان هێنا كایەوە، پێشوازیكردنی سەرۆك ساركۆزی و بێرنارد كۆشنەر بۆ شاندی كوردستان لەوپەڕی فەرمیبوون دابوو، بەر لە گەیشتنمان بۆ فەڕەنسا یاداشتنامەیەك ئامادەكرابوو لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فەڕەنسا لەبواری جیاجیای خزمەتگوزاری ئاوەدانی، بۆیە ئەم یاداشتنامەیە خاڵ بەخاڵی لەخزمەتی هەرێمی كوردستاندایە فەڕەنسیەكان خاوەنی كۆمپانیای گەورەن، فەڕەنسیەكان ئەزموونی سەركەوتووی ئاوەدانیان هەیە لەهەرێمی كوردستان، بۆیە كۆمەڵێك كاروپڕۆژەی دیكە لەداهاتوودا لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن.

پڕۆژەو وەبەرهێنان

سەمیر عەبدوڵڵا بۆ خەبات رایگەیاند: جیا لەوەی كەفەڕەنسیەكان لەكوردستاندا پڕۆژە دەكەن، هەروەها سەرمایەگوزاری خۆشیان لێرە بەگەڕ دەخەن و وەبەرهێنانیش دەكەن، بۆیە لەم رووەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی یاداشتنامەكەدا ئەو دەخاتە روو كە ئاسانكاری گەورە دەكات بۆ وەبەرهێنانی فەڕەنسیەكان لەهەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوەدانكاری.

 خزمەتكردنی شوێنەواری هەرێمی كوردستان

 ئەندازیاری سەمیر عەبدوڵڵا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لەیادشتنامەكەدا هاتووە پەرە بەشوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت، ئێمە دوای ئەو یاداشتە لەگەڵ زانكۆی لۆمۆندی فەڕەنسی گرێبەستێكمان ئیمزا كرد بەهاوكاری لەگەڵ بەشی شوێنەواری كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەددین پشكنینی لەهەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن و خولی جۆراوجۆر بكرێتەوە گرێبەستەكە 5 ساڵ كاروپڕۆژەو چالاكی دەخاتە نێو كارەكانیدا، كە بێگومان هەرێمی كوردستان لەبواری شوێنەواری پێش دەخات، چونكە شوێنەوار گرنگیەكی باشی هەیە پێشكەوتنی كۆمەڵگەی كوردەواری و هەرێمی كوردستان بەگشتی.

پڕۆژەی تۆڕی ئاوەڕۆی هەولێر، فەڕەنسیەكان جێبەجێی دەكەن

لەدرێژەی قسەكانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، پڕۆژەی تۆڕی ئاوەڕۆی هەولێر بەهەر هەموو قۆناغەكانیەوە لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی تایبەتمەند بەم بوارەوە جێبەجێ دەكرێت كەماستەر پلانەكەی تەواو بووە، كەپاش تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە تاوەكو ساڵی 2035 مەسەلەی زێراب لەتەواوی هەولێر چارەسەر دەبێت پڕۆژەكەش بەشێوەی (قرض الاجل) جێبەجێ دەكرێت بە دوو قوناغ قۆناغی یەكەم: تۆڕی ئاوەڕۆ و خاوێنكردنەوەی ئاوەكە.

قۆناغی دووەم: تۆڕی ئاوەڕۆ و خاوێنكردنەوەی ئاوەكە بەهەمان شێوە، كولفەی پڕۆژەكە 200 ملیۆن دۆلارە لەلایەن كۆمپانیا فەڕەنسیەكان جێبەجێ دەكرێت.

پرۆژەی خاوێنكردنەوەی شارەكانی كوردستان

ئەندازیار سەمیر عەبدوڵڵا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەم سەردانەی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان پرۆژەی خاوێنكردنەوەی شارەكانی هەرێمی كوردستان ئیمزاكراوە كە لە هەر شارێك كارگەیەكی خاوێنكردنەوەی زبڵ و خاشاك دروست دەكرێت تا بۆ ئەوەی لە كاتی خاوێنكردنەوەی هەر شارێك زبڵ و خاشاكەكە سودی لێوەربگرێت و دووبارە بەكاربێتەوە ئەم پرۆژەیەش 5 ساڵ دەخایەنێ و كوردستان دابەشكراوە بۆ چەند ناوچەیەك بە قۆناغ ئەمانە جێبەجێ دەكرێت.

گرنگی فەڕەنسا بۆ كوردستان

ئەندازیار سەمیر عەبدوڵڵا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەی خستە وو كە فەڕەنسا وڵاتێكی گرنگە و یەكێكە لە وڵاتە زلهێزو كۆنەكان لە بواری ئاوەدانی دەكرێت كوردستان لە قۆناغی داهاتوودا سوودی ئێجگاری لێوەربگرێت لە ئەزموونیان لە بوارەكانی ئاوەدانی و ئاو و ئاوەڕۆ و پرۆژەی دیكەی وەبەرهێنان سەمیر عەبدوڵڵا رایگەیاند: لە كۆشكی ئەلێزێ بەرەسمی پێشوازیمان لێكرا وەك شاندێ وڵاتێكی ئاسایی پێشوازیمان لێكرا كە ئەمەش جگە لە ڕووی ئابووریەوە لە ڕووی سیاسیشەوە گرنگی گەورەی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی كە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە. جگە لەوەش كوردستان وەك بەشێكی ئارامی ناوچەكە كە هێزی كارو پرۆژەی تێدایە فەڕەنساش لە گرنگی هەوڵی كورد گەیشت كە بە نیازن وڵاتی خۆیان بەرەو كەناری ئاوەدانی ببەن. جگە لەوەش سەركردایەتی وڵاتی فەڕەنساش بەو پەیوەندیە شادو دڵخۆش بوون و جۆرێك لە گڕوتین و هێزیان بینی لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان كە چەند بۆ وڵاتەكەیان بە پرۆشن.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌