2010-06-21

خەبات- ئاسۆ عەلی فەرەج: ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران و توركیا، هێلێكی هەمیشە زیانمەندە بۆ هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی دانیشتووی ئەو سنوورانە، كە بریتین لەو گوندانەی ژیان لەگەڵ كشتوكاڵ و مەڕوماڵات بەسەر دەبەن و تۆپبارانكردنی سنوورەكانیش بووەتە هۆی ئەوەی زیانێكی گەورە بەو ناوچەیە و دانیشتوانەكەی بگات، بەتایبەتی لەم ماوەیەدا، كە هەریەكە لە ئێران و توركیا بە چڕی تۆبپارانی ئەو ناوچانە دەكەن و بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان جگە لە چەند قوربانیەك و بریندارێك، زیاتر لە 10 گوندی سنووری و 40 خێزان ئاوارە بوونە، گوتەبێژی فەرمی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات، حكوومەتی ئێراقی لەم ماوەیەدا بەچڕی هەوڵی چارەسەركردنی ئەو تۆپبارانە دەدات و چەند هەنگاوێكیش نراوە و وەك ئاماژەیشی پێكرد، بۆ ئەو مەبەستە ژوورێكی عەمەلیاتی هاوبەش لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە.

بەپێی دەستووری هەمیشەیی ئێراقی كێشەی سنووری لە چوارچێوەی ئەركەكانی حكوومەتی ئێراقیدایە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ حكوومەتی ئێراقی ناتوانێت هیچ هەنگاوێك لەوبارەیەوە بنێت، جەبار یاوەری گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیمانەیەكی تایبەت بە خەبات ئاماژەی بەوە كرد، جاران گلەییمان لە حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ هەبوو، كە بە دەنگ داواكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نایەن بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور ئەركی ئەوانە لە بارەی كێشەی سنوورەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دانیشتن و كۆبوونەوە بكەن و رێكبكەون، بەڵام پاش ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە حكوومەتی ئێراقی كرد، ئەوا حكوومەتی ئێراقی ئامادەیی خۆی نیشانداوە و لەم ماوەیەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە نوێنەری خۆی كرد لە تاران بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی تۆپبارانەكەوە.

جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشكرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی خۆی خستۆتەگەڕ لە پێناو چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و گوتیشی: لەگەڵ كونسوڵی ئێران لە هەولێر و سلێمانی قسە كرا، بەیاننامەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستانیش بۆ ئەم مەبەستە دەرچووە، ئێمە دەخوازین ئەم كێشەیە بە رێگایەكی ئاشتیانە و گفتوگۆ چارەسەرببن.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، دوای هەوڵەكانیان بۆ هێنانە پێشەوەی رۆڵی حكوومەتی ئێراق مالیكی سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەی ئەنجامداوەو لەوباریشەوە یاوەر گوتی: لە 8ی ئەم مانگە مالیكی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و دەرەوە و ناوخۆ و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی ئێراقی كۆبووە و داوایكردووە لە وەزارەتی دەرەوە كە بە پەلە بانگهێشتی باڵیوزی ئێران و توركیا بكات و داوایان لێبكرێت تۆپبارانەكان بە زووترین كات رابگرێت، داوای دانیشتنیش بكەن بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن و لە نووسراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراقی داوای لە وەزارەتی دەرەوە كراوە، كە بەشێوەیەكی دیپلۆماسی هەوڵەكانی خۆی چڕبكاتەوە بۆ چارەسەكردنی ئەو كێشەیە، لەمباریشەوە كاك هۆشیار زێباری باڵیۆزی ئێرانی لە بەغدای بانگ كردووە و داوای لێكردووە بە زووترین كات ئەو تۆپبارانكردنەكانی رابگیرێت.

لەگەڵ هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران، حكوومەتی ئێراقیش لە رێگای لایەنی پەیوەنداری خۆیەوە هاتە ناو كێشەكەوە، بەگوێرەی گوتەی جەبار یاوەر، جگە لە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و كۆچ و كۆچبەران هاتوونەتە كوردستان، ناوبراو لەمبارەیەوە گوتی: وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی ئێراق لیژنەیەكیان پێكهێناوە و سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد بەسەرۆكایەتی بەرێز بابەكر زێباری و فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی كوردستان كۆبوونەوە و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بەهەموو توانایەك هەركاتێك پێویستی كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی بكرێ لە ئاسمان و زەوی ئەوان ئامادەن.

ئامادەیی هاوكاری و پاڵشتی لەرووی زەمینی و ئاسمانییەوە كە حكوومەتی ئێراقی رایگەیاندووە و بە بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، پرسیارێكی لامان دروستكرد و لە بەرێز جەبار یاوەرمان پرسی ئەو هاوكارییە بۆ وەڵامدانەوەی تۆپبارانكردنەكەیە؟ ناوبراو گوتی: بۆ هەر پێویستیەك، نەخێر بۆ وەڵامدانەوە نا، چونكە ئێمە شەڕ ناكەین، لەبەر ئەوەی رێككەوتووین كەناڵە دیپلۆماسیەكان بەكاربهێنرێت، ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە پشتگیری هەبوو، ئەوا ئەوان ئامادەن و ژوورێكی عەمالیاتی هاوبەشیش لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو كارە دامەزرا.

ئەو هاووڵاتی و گوندنشینانەی زیانمەند بوونە لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانەوە، لەڕووی مرۆییەوە پێویستی بە هاوكاری و بەدەنگەوە هاتن هەیە، چونكە ژیانیان لێتێكدراوە، جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی ئێراقیش وەفدێكی نارد بۆ ناوچە سنوورییەكان و لەگەڵ دانیشتوانی سنوورەكان كە ئاوارە بوونە كۆبوونەوەیان كردووە و بڕی 1 ملیار دیناری دیاریكردووە بۆ یارمەتیدانی ئەو هاووڵاتیانەی ئاوارە بوونە لە گوندەكانی خۆیان، دیارە حكوومەتی ئێراق دەیەوێ هەنگاوی جددی لەم ماوەیە بهاوێ بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە.

ئێمە لە بەرێز جەبار یاوەرمان پرسی، دوای ئەم هەموو كۆشش و هەوڵانە، بەڵام تۆپبارانكردن هەر بەردەوامە؟ ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، كێشەكە سنووریییە و زۆر كۆنە و ماوەی چەند ساڵێكە ئەو ناوچانە تووشی تۆپبارانكردن دەبێتەوە و لەوبارەیشەوە گوتی: بەڵێ تۆپباران بەردەوامە، بەڵام هێشتا كۆبوونەوە نەكراوە، بەڵێ بانگكراون، بەمەش ئەو كێشەیە كۆتایی نایەت، چونكە كێشەیەكی سنووری هەیە، ئەو كێشەیە كۆنە و لە 2007ەوە ئەو سنوورانە تۆپباران دەكرێت، ئێران و توركیا بیانوویان هەیە كە چەكداری پەكەكە و پژاك هەیە و هەڕەشەن بۆ ئەوان، ئەگەر كۆبوونەوە بكرێت، دەبێت لەنێو شاندەكەدا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیانی تێدا بێت، دەبێت ئەم كێشەیە بە رێككەوتن چارەسەر بكرێ، ئەم كێشەیە بە بەیاننامە چارەسەر ناكرێ، بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر دەكرێ.

تاكو ئێستا ئامارێكی دروست لەبارەی زیانەكانەوە نییە، بەڵام جەبار یاوەر وەك نیشاندانێكی سەرەتاییانە، ئاماژەی بەوەكرد، زیاتر لە 10 گوند و 40 خێزان ئاوارە بوونە بەهۆی تۆپبارانكردنەكەوە و گوتی: ئامار لەلای یەكە ئیدارییەكانی سنوورەكەیە و ئەوان ئاماریان لایە، چونكە ئەوە كاری وەزارەتی پێشمەرگە نییە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە هەیە نزیكەی زیاتر لە 10 گوند چۆڵكراوە و زیاتر لە 40 خێزان ئاوارە بوونە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە.

لە كۆتایی دیمانەكەشدا، جەبار یاوەر جارێكی دیكە تەئكیدی لە هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە و گوتی: ئێمە دژ بە تۆمپارانەكەین و هاوخەمی ئەو هاووڵاتیانەین و ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان بە تۆپبارانكردنەكەوە نییە و زیانمەندن و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو سووچێك و كەناڵێكەوە هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی ئەو تۆپبارانكردنە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌