دلێر ئیبراهیم- هەولێر: بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزشی و دیدەوانی پەروەردەی گشتی هەولێر خولێكی بەرفراوانی هاوینەی بۆ مامۆستایانی بابەتی پەروەردەی وەرزشی كردۆتەوە كە مامۆستایانی سنووری پەروەردەكانی هەولێرو دەشتی هەولێر و خەبات و شەقڵاوەو مەخموور و سۆران و مێرگەسۆر و چۆمان و ڕواندز بەشداری تێدادەكەن.
عوسمان رەشید بەڕێوەبەری چالاكی وەرزشی و دیدەوانی پەروەردەی گشتی هەولێر لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا گوتی:
بەمەبەستی پەرەپێدان و بەهێزكردنی توانای مامۆستایانی بابەتی پەروەردەی وەرزشی لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو خولمان بۆ 100 مامۆستا كردۆتەوە لە هەردوو یەكەی چالاكی وەرزشی و دیدەوانی پەروەردەی هەولێر و سۆران كە مامۆستایانی سنووری هەولێرو دەشتی هەولێر و خەبات و شەقڵاوەو مەخموور و سۆران و مێرگەسۆر و چۆمان و رەواندز بەشداری تێدا دەكەن و ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت.
عوسمان رەشید ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لەم خولەدا وانەكانی گۆڕەپان و مەیدان و كارگێڕی و رێكخستن و پەروەردەی دێدەوانی و رێگاكانی وانەوتنەوەو چەندین بابەتی تری پەیوەست بە رۆشنبیریی وەرزشی و یاسا نوێكانی یارییە وەرزشییەكان، لەلایەن سەرپەرشتیاران و مامۆستایانی لێهاتووی وەرزشی، پێشكەش بە مامۆستایانی بەشداربوو دەكرێت.