ئا: سۆران گورون
دوای هاتنە سەرحوكمی بەعسییەكان زۆر هەوڵیاندا بەهیزی سەربازی شۆڕشی كوردستان لەناوبەرێت كەپارتی دیموكراتی كوردستان بەڕابەرایەتی مستەفا بارزانی نەمر سەركردایەتی دەكرا،بەڵام دوای شەڕێكی قورس كە زیانی زۆری گیانی و ماددی بۆ حكومەتی عێراق ڵێكەوتەوە بۆیە بەناچاری ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆك كۆماری ئەوسای عێراق بڕیاریدا گفتوگۆ لەگەڵ شۆڕش كوردستان دەست پێبكات بۆ چارەسەكردنی كێشەی كورد بەشێوەیەكی ئاشتییانە، دوای هەوڵ و كۆششی چەند كەساتیەكی عێراقی و سۆڤیەت،لە 31ی كانووی یەكەمی ساڵی 1969 دا وەفدێكی ڕەسمی حكومەتی عێراق هاتنە كوردستان نامەی سەرۆك ئەحمەد حەسەن بەكریان بۆ بارزانیی نەمر هێنا،دوای سێ مانگ گفتوگۆ كردن لە كۆتاییدا ڕێككەوتنامەی (11)ی ئاداری ساڵی 1970 لەلایەن مستەفا بارزانیی نەمر و سەدام حوسین 42 ساڵ بەر لە ئێستا مۆركرا، بە گرینگترین رێككەوتننامە دادەنرێت لە نێوان شۆڕشی كوردستان و حكومەتی ئێراقی مۆركرابێت كەچەندین خاڵی گرینگی تێدا بوو بۆ چارسەركردنی كێشەكانی كوردستان كەلە دوو بەش پێكهاتبوو
ئەنجامدانی ئامار لەناوچە كیشە لەسەرەكان
لەبەندە ڕاگەیاندراوەكانی ڕێككەوتنامەكە لە چەند خاڵێك پێكهات بوو وەك، ناساندنی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان،مافە ڕۆشنبیرییەكان، ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی كوردستان، قەرەبووكردنەوەی كەسانی زەرەروزیان بەركەوتووان و بەشداریكردنی كورد لەدەسەلاتی ناوەندا . هەرلە رێككەوتەكەدا چەند خاڵێكی نهێنی گرینگیشی تێدا بوو بۆ ئەوەی لە ماوەی ساڵێك دوای مۆركردنی رێككەوتننامەكە جێبجێ بكرێت كەبریتی بوون لە ڕێگاپێدان بە كاركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی یاسای ئازاد، هەڵوەشاندنەوەی هێزە جاشەكانی كورد، كشانەوەی بەشێك لەهێزەكانی سوپای عێراق لە كوردستان، ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە شێوەی پاسەوانی سنوور لە ناو هێزەكانی پۆلێسیدا لەگەڵ ئەنجامدانی ئامار لەناوچە مشتومڕ لەسەرەكان لە ماوەی ساڵێكدا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەكەوە، ئەوەش بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی بخرێتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمی یان نا،گێرانەوەی كوردان بۆسەر ئیش و كاری پێشوویان و قەرەبوو كردنەوەیان هەروەها ڕێكخستنەوەی ئاڵا و دروشمی كۆماری عێراق بەشێوەیەكی وا كەدەڕبری كورد و عەرەب بێت،بۆ ئەم مەبستە بڕیاری پێكهێنانی كۆمیتەیەكی بالای ئاشتی بۆ جێبەجێكردنی لە نیوان ئەندامانی سەركردایەتی هەردوولا بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەكە.
پاشگەزبوونەوە… زەیانێكی زۆر
لەگەڵ ئەوەی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار گرینگەیەكە زۆری هەبوو بۆ كوردستان و عیراق ئەگەر وەك خۆی جێبەجێ بكرایە دانیشتوانی كوردستان و عیراق تووشی ئەو هەموو ناخۆشی وێرانكردنە نەدەبوونەوە كە تاكو ئیستا باجەكەی ئەدەن، بەڵام بەداخەوە حكومەتی ئەو كاتەی عیراق و هەندی هۆكاری دەرەكی ئامادە نەبوو ڕێككەوتننامەكە جێبەجێ بكات بۆیە دەستی كرد بەپێشلكاری لە ڕێككەوتننامەكە و هەوڵی تێكدانی بارودۆخەكە، لە كانووی ساڵی 1970 لەبەغدا هەوڵی كوشتنی ئیدریس بارزانی یان دا،لەمانگی ئەیلولی 1971 دا لەڕێگەی ناردنی وەفدێك لە كۆمەڵێ پیاوانی ئایینی ناسراوی شیعە و سوونە هەوڵی كوشتنی مستەفا بارزانی یان دا خۆشبەخاتانە بەسەلامەتی ڕزگاری بوو، وێرای ئەمانەش ڕژێم لەسەر سیاسەتی دەركردنی كورد لەكەركوك و لەناوچانەی كێشە لەسەرەكان بەردەوام بوو،هەندێ هۆكاری دەرەكیش یارمەتی ڕژیمیاندا لەخۆ ئامادەكردنیان بۆ شەڕێكی تازە دژی گەڵی كوردستان،وەك پەیماننامەی هاوكارییان لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتدا لەدوای زیادبوونی داهاتی نەوتی عێراق لەساڵی 1972 هاوكارییان لەگەڵ سۆڤیەتدا بە بەخشینی بیرە نەوتەكانی رومیلە بە سۆڤیەت .بۆیە حكومەتی عێراق لە ڕێككەوتننامەكەی (11)ی ئادار پەشیمان بۆوە دەستی كردوە بەشەڕكردن هێرشی كردوە سەر ناوچە ئازادكراوەكان كوردستان،دوای ساڵی لەهێرشی سەربازی و بەكارهێنانی هەموو جۆرە چەكێ لەلایەن رژێمی ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حوسین ڕوونبوو كەناتوان ڕێی هێزەوە كورد بشكێنێن، بۆیە بۆ پچڕاندی پەیوەندی و بەستنی ڕێی دەرەوە لەشۆڕشی كوردستان لەساڵی 1975 پەیماننامەی جەزائیریان لەگەڵ شای ئێران دا مۆركرد بەپێی ڕێككەوتنەكە بەرامبەر ئەوەی شای ئێران پشت لە شۆڕشی كوردستان بكات ئێراق ئامادەبوو بەشی لەسنوورەكان خۆی بدات بەئێران،هەرئەمەش بووە هۆی هەلگیرساندنی شەڕێكی 8 ساڵی خۆێناوی لە نیوان عێراق و ئێران كە زەیانێكی گیانی و ماددی زۆر بەر هەردوولا كەوت یەك ملێۆن كەس بوونە قوربانی ئەو شەڕە.
چەسپاندنی لە دەستووری عێراق
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسین لەساڵی 2003 لەلایەن هێزەكانی هاوپەیماننان بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا بارودۆخێكی تازە لە عێراق دەستی پێكرد بۆ دووبارە بوناندنانەوەی سیستەمی حكومڕانی نوێ عێراق لەسەربنەمای فیدراڵی و دیموكرایەتی كە هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەی و مەزهەبی و ئایینی بە ئازادی تێدا بژین،بۆیە دەستوورێكی نوێ عێراق دانراوە زۆربەی خاڵەكانی ڕێككەوتننامەكەی (11)ی ئادار ساڵی 1970ی كەداواكاری و مافە ڕەواكانی گەڵی كوردستانە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراون .لە كۆتاییدا پرسیار ئەوەیە :ئایا حكومەتی نوێ عێراق پەند لە ڕابردوو وەردەگرێت و دەستوور جێبەجێ دەكات ؟ یان مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە حكومەتی عێراقی دوای بەهێزبوونی پەشیمان دەبێتەوە لە دەستوور؟ ئایا پابەندبوون بەدەستووری عێراق مەرجی یەكپارچەی عێراقە؟.