2010-06-23

خەبات- محەمەد زەنگەنە:

دوابەدوای سەردانە سەركەوتووەكەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بۆ فەڕەنساو دیداری لەگەڵ نیكۆلا ساركوزیی سەرۆكی فەڕەنساو ئیمزاكردنی لێكگەیشتنامەیەكی گشتگیر لەنێوان كوردستان وفەڕەنسا لەگەڵ بێرنارد كۆشنێری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاسۆیەكی فراوانتری پەیوەندیی هەمەلایەن لەبەردەم هەردوولادا كرایەوە و ئەو پەیوەندییە مێژووییە دێرینەی لەنێوان هەردوولادا هەبوو پەرەسەندنێكی دیكەی بەخۆوەدی، لەمبارەیەوە وبۆباسكردن لەگرنگیی ئەم یاداشتنامەیەو گرنگیی ناوەڕۆكەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا دوێنێ د. فرێدرێك تیسۆ كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لەكوردستان دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەك لەڕۆژنامەنووسانی دەزگاكانی ڕاگەیاندی كوردستان سازداو ئاماژەی بەگرنگترین خاڵەكانی یاداشتەكەدا كە دەبێتە هۆكارێك بۆ پێشكەوتنی زیاتری پەیوەندیی هەمەلایەن لەنێوان كوردستان وفەڕەنسا ئەمە جگە لەتیشك خستنەسەر گرنگیی خودی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ فەڕەنسا.

ڕێزگرتن لەدەستووری ئێراقی فیدراڵ

لەبەرایی دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لەكوردستان وێڕای بەخێرهێنانی بۆ ڕۆژنامەنووسان نیشانیدا دوایین سەردانی سەرۆكی كوردستان بەفەڕەنسا سەردانێكی گرنگ بوو بەتایبەتی كەتیایدا وێراێ ئاڵاكانی ئێراق وفەڕەنسا ئاڵای كوردستان ویەكێتیی ئەورووپاش هەڵدران ئەمەش داننانێكی ڕاست ودروستە بەهەرێمی كوردستانی ئێراق وەكو قەوارەیەكی فیدراڵی ودەستووریی ئێراق كە لەخۆیدا ڕێزگرتنە لەدەستووری ئێراقی فیدراڵ.

دیدارێكی دۆستانە لەنێوان سەرۆك بارزانی وساركوزی

د.تیسۆ نیشانیدا ئەو دیدارەی سەرۆك بارزانی وسەرۆك ساركوزیی لەكۆشكی ئەلیزیێ كۆكردەوە لەپاریس دیدارێكی هەروا سانا نەبوو كەتەنها پرۆتۆكۆڵی دپیلۆماسیی بەسەردا زاڵ بێت بەڵكو دیدارێكی گەرمی دۆستانە بوو ئەمەش سەلمێنەری گەرموگوڕیی ودۆستایەتیی نێوان كوردستان وفەڕەنسایە هەروەها نیشانیدا بەرلەوەی سەرۆك بارزانی داوا لەساركوزی بكات سەردانی كوردستان بكات خۆی ئەم ئارەزووەی هەبوو و گوتی: سەرۆك ساركوزی پێشوازییەكی گەرمی لەسەرۆك بارزانی كرد لەكۆشكی ئەلیزیێ ئەمەش ڕووداوێكی مێژوویی بوو، سەرۆك بارزانی سەرۆكی قەوارەیەكی دەستووریی ئێراقەكە هەرێمی كوردستانە سەرۆك ساركوزی بەو سیفەتە وەكو هەر سەرۆكێكی دیكە پێشوازیی لەبەڕێزیان كرد هەروەها بەڕێزیان كەسایەتییەكی دیارو بەرچاوی ئێراقە، دیدارەكە زۆر گەرموگوڕو دۆستانەبوو دوور بوو لەساردیی پرۆتۆكۆلیی دیپلۆماسی بۆیە سەرۆك ساركوزی ئارەزووی خۆی بەسەردانی كوردستان نیشانداوسەرۆك بارزانیش خۆشحاڵیی خۆی بەوسەردانە نیشانداو داوای لێكرد ببێتە میوانی كوردستان.

تیسۆ نیشانیدا هیچ كاتێكی دیاریكراو نییە بۆ سەردانی ساركوزی بۆ كوردستان بەڵام سەرۆك ساركوزی كەقسەیەكی كرد جێبەجێی دەكات وپێوەی پابەندە.

گرنگیی یاداشتنامەی گشتگیری نێوان كوردستان وفەڕەنسا

د.فرێدرێك تیشكی خستەسەر ئەو یاداشتنامە گشتگیرەی لەنێوان هەرێمی كوردستان وفەڕەنسا ئیمزاكرا و ئاماژەی بەوەدا هەرزوو دەست بەجێبەجێكردنی چەند بڕگەو بابەتێكی ئەم یاداشتنامەیە كرا پێشتریش زۆر شتیشی جێبەجێ كرابوون ولەئایندەشدا شتی زیاتر جێبەجێ دەكرێت هەروەها گوتی: ئەو یادداشتنامەیە نیازنامەیەكە لەنێوان ئێمەو كوردستان بۆ نیازی ئێمە لەكاركردن لەهەرێمی كوردستان بۆیارمەتیدانی ئەو هەرێمە كەساڵانێكە دۆستایەتییكەی دێرین ئێمەی كۆكردۆتەوە وڕێگایەكمان بۆ كاركردنی هاوبەشمان پێ نیشان دەدات بێگومانیش پێشتر لەگەڵ حكوومەتی ئێراق ڕێككەتننامەیەك ئیمزاكراوە ئەم یاداشتنامەیەش بەشێكە لەوڕێككەوتننامەیە وهیچ لادانێكی دەستووریی تیادا نییە وپێشتریش بەوەزارەتی دەرەوەی ئێراقدا هاتووە، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە كەبەزمانی كوردی نووسراوە وەك دەشزانین زمانی كوردی زمانێكی فەرمیی دەستووریی ئێراقە وزمانی خەڵكی ئەم هەرێمەیە ووەك باویشە كاتێك دەمانەوێ نامەیەك بۆ دۆستێك بنێرین كەنیازی خۆمانی پێ ڕابگەیەنین ئەوا بەزمانی ئەو دەینووسین. ئێمە لەپاریس پیرۆزباییمان لەسەرۆك بارزانی كردو سەرۆك بارزانیش سوپاسی ئەو دەستوورەی ئێراقی كرد كە ڕێگەی بەئیمزاكردنی ئەم نیازنامەیەی داوە ئەمەش دەوڵەمەندییەكە بۆ ئێراق كە دەستووری لەمجۆرەی هەبێت بەشێوەیەك هەرێمەكان ووڵات بتوانن یاداشتنامەی لەمجۆرە ئیمزابكەن.

پابەندیی تەوان بەجێبەجێكردنی یاداشتنامە گشتگیرەكە

ئەگەرچی لەسەردەمی جاك شیراكی سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا ئەم ووڵاتە نەبووە بەشێك لەڕووخاندنی سەددام ئەمەش بەبۆچوونی د.تیسۆ بەهۆی لاوازیی بیانوو پاساوی ئەمەریكا دەربارەی هەبوونی چەكی كۆكوژ وڕێگەنەدان بەپشكنەرانی نێودەوڵەتی بەجێبەجێكردنی كارەكانی خۆیان بۆیە فەڕەنسا پێی وابوو هیچ پاساوێكی یاسایی بۆ ئەم شەڕە نییە بەڵام بەقسەی تیسۆ ئەمە واتای ئەوە نییە سەددام حوسێن دیكتاتۆر نەبوو، لەوەڵامی پرسیارێكی خەباتیش لەبارەی ئایندەی پەیوەندیی نێوان كوردستان وفەڕەنساوچارەنووسی یاداشتنامەكە لەئەگەری نەمانی حوكمی ساركوزی تیسۆ نیشانیدا ئەو ناتوانی پێشبینیی ئایندە بكات بەڵام حكوومەتی فەڕەنسا دانی بەشێوازی حوكمی فیدراڵیی ئێراق ناوەو لەسەر ئەم بنەمایە كارلەگەڵ ئێراقدا دەكات.

هەروەها گوتی: ئەم دەستوورە دەستووری هەموو ئێراقە كەدەنگیان پێداوەو یەكێكە لەهۆكارەكانی نەمانی گرفتەكانی ئێراق، منیش دووپاتیدەكەمەوە ئەم نیازنامەیەی ئیمزاكراوە لەسەر بنەمای ئەم دەستوورە بووەو من هیچ بیانوێك نابینم بۆ پاشگەزبوونەوەی فەڕەنسا لەم نیازنامەیە چونكە سیاسەتی حكوومەت ناگۆڕدرێت ئەگەر كەسەكانیش گۆڕدران.

هەروەها نیشانیشیدا جێبەجێكردنی ئەو یاداشتنامەیە كارێكی هەمەلایەنەی لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان وحكوومەتی فەڕەنسا هەیە وبەیەك كەس ویەك لایەن جێبەجێ ناكرێت.

پتەوتربوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەورووپا

لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتانی ئەورووپا دوای ڕووخانی ڕژێم دەوڵەتانی ئەورووپایی خۆیان لەئێراق دوورە پەرێز دەكردەوە بەڵام ئێستا واخەریكە ئەو پەیوەندییە پتەوتر دەبێتەوە بەتایبەتی دوای دیداری نێوان سەرۆك بارزانی وساركوزی كە بووە مایەی خۆشحاڵی وگرنگیدانی سەرۆك وبەرپرسانی باڵای دەوڵەتانی ئەورووپا ئاشكراشیكرد لەدیداری لەگەڵ كونسوڵەكانی دیكەی ووڵاتانی ئەورووپا جەخت لەسەر گرنگیی لەم سەردانە كراوەتەوە هەروەها گوتی: بەهەبوونی كونسوڵخانەو نمایندەیی دیپلۆماسیی چەندین ووڵاتی ئەورووپایی بۆمان دەردەكەوێت ئەم دەوڵەتانە قەناعەتیان بەسەقامگیری و ئارامیی هەرێمی كوردستان هاتووە و فەڕەنساش وەكو دەوڵەتێكی گرنگی ئەورووپا دەتوانێ ئەم ڕۆڵە ببینێت بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان كوردستان و ئەورووپا وەك دەشزانین كوردستان هێزێكی سیاسی وئابووریی گرنگە لەئێراق بەهەبوونی 60 پەرلەمانتارو هەبوونی توانای ئابووریی گرنگ وگەورە و سیاسەتێكی حەكیمانە، ئێمە لەسەر پڕەنسیپێكی ڕاست ودروست مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكەین.

جیاوازیی گەورەی بارودۆخ لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

تیسۆ نەیشاردەوە كە ئەویش هاوشێوەی كۆشنێری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ماوەیەكی زۆربوو چاوەڕوانی دەرفەتێكی لەمجۆرە بوو هەروەها دووپاتیكردەوە خۆشحاڵییەكی زۆر لەدڵی ئەودایە بەهەبوونی كورد بەشێوەیەكی فەرمی لەئەلیزیێ وگوتی: كاتێك ئاڵای كوردستانم لەكۆشكی ئەلیزیێ دا بینی هەموو ئەوكەسانەم هاتەوەیاد كە شەهیدبوون یان ئەشكەنجەدران وكەسوكاریان لەدەستداو مەرگی منداڵ وخزم وكەسانیان بینی ئەم خەباتەش بۆ ئەوە كرا كە ئەم ئاڵایە بەمشێوەیە بناسرێت، ئەمەیە پێناسەی ئاڵا كە وابەئاسانی دروست نابێت ووابەئاسانی لەسەرئاستی بەرزدا ناشەكێتەوە، ئەم ئاڵایە واتا خەبات وخوێنی ڕۆڵەكانی ئەم گەلەیە بێگومان ئەو شتانەش كەباسم لێوەكردن لەیادناكرێن، سەردەمانێك دەوڵەمەندوهەژار خوێنیان بۆ سەربەرزیی ئەو وڵاتە ڕشت.

هەبوونی پەیوەندیی بەهێزی كولتووری

تیسۆ ئاماژەی بەوەدا ئاسان و پێویستە لەنێو یاداشتنامەیەكدا باس وئاماژە بە بواری بزنس وبازرگانی بكرێت و بەندەكانی بخرێنەڕوو بەڵام پەیوەندیی كولتووری پێویستیی بە نووسین ودیكۆمێنتكردن نییە بەنموونەی هەبوونی كۆنفڕانسی كولتووری وئاهەنگی موزیكیی كوردیی - فەڕەنسی ودەرچوونی ڕۆژنامەیەك بەناوی (لۆمۆند) بەزمانی فەڕەنسی و كوردی و هەبوونی زەمالەی خوێندن بۆ قوتابیانی كورد لەفەڕنسا وهەبوونی قوتابخانەی فەڕەنسی لەكوردستان وخولی پێشكەوتوو بەزمانی فەڕەنسی لەكوردستان.

هەروەها گوتی: ئێمە لەو یاداشتنامەیەدا باسی هاوكاریی كوردستانمان كردووە لەبواری شوێنەوارناسیدا، لەپاریس سەرۆك بارزانی وشاندی یاوەری سەردانی مۆزەخانەی لۆڤەریان كردو لەمیانەی ئەو ئێوارە خوانەی لەسەرشەرەفی سەرۆك بارزانی ڕێكخرابوو كۆشنێر شوێنەوارناسێكی فەڕەنسیی داوەت كردبوو كە سەرۆك بارزانی بۆ ماوەیەكی زۆر گفتوگۆی لەگەڵدا كرد وئەمەش لەخۆیدا هەنگاوێكە بۆ پەیوەندییەكی پتەو لەم بوارەدا لەمانگی سێپبتەمبەری ئایندەشدا سەنتەرێكی تایبەت بۆ بواری زانستی مرۆڤایەتی دەكرێتەوە كە بێگومان بەلای هەموومانەوە هەبوونی ئەو بوارەی پەیوەندی بەهاكەی لەملیارەها دۆلار زیاترە.

سوود وەرگرتن لەدەرفەتی وەبەرهێنان

كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا نیشانیدا كونسوڵخانە ڕاوێژكاری ئابوریی هەیە كاری ئابووری وبازرگانی ڕێكدەخات، ڕاشیگەیاند سەرۆك بارزانی لەپاریس چاوی بەچەندین سەرۆكی گەورە كۆمپانیاكانی فەڕەنسا كەوت ونیشانیدا كاتێك پرۆژە ئیمزاكراوەكان جێبەجێكران ئاشكرا دەبێت ودووپاتیشیكردەوە حكوومەتی فەڕەنسا پاڵپشتیی ماددیی چەندین كۆمپانیای كردووە بۆكاركردن لەكوردستان كەیەكێكیان لەسۆرانە پرۆژەی ئاووئاوەڕۆ وخاوێنكردنەوەی ئاو جێبەجێ دەكات جێبەجێ دەكات.

هەروەها ئاشكراشیكرد كۆمپانیاكانی فەڕەنسا لەدڵەڕاوكێدابوون دەربارەی هاتنە نێو كوردستان چونكە شارەزاییان دەربارەی بارودۆخی كوردستان نەبوو ئێستا ئەو كۆمپانیایانە دەتوانن بێنە كوردستان وبێگومان دوای سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ پاریس دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیاكانی فەڕەنسا لەبارتر دەبن.

گرنگیدان بەپرۆژەی كشتوكاڵی

تیسۆ ڕوونیكردەوە فەڕەنسا گرنگیی تەواو بەپرۆژەی كشتوكاڵی دەدات لەكوردستان بەسوود وەرگرتن لەجۆری خاكەكەی وكەشوهەوای لەباری ونیشانیدا فەڕەنسا دەیەوێ ئاستی كشتوكاڵیی فەڕەنسا وەكو جاران بگەڕێنێتەوە كاتێك لەبواری یەدەگی دانەوێڵەدا لەپلەی یەكەمدا بوو هەروەها گوتی: ئێمە نوێنەرێكمان دەبێت لەكوردستان كە نوێنەری 250 كۆمپانیای فەڕەنسییە كەلەبواری كشتوكاڵدا كاردەكەن ئاشكراشیكرد ئەو نوێنەرە پەیوەندیی بە پەیمانگای هاوبەشی كوردی ژ فەڕەنسی دەبێت ئەو نوێنەرەش لەجۆری تۆوی خواردەمەنیی كشتوكاڵی دەكۆڵێتەوە ئەمەش كارێكی زۆر گرنگە بۆ كوردستان وبۆ فەڕەنسا ئەمە جگە لەدابینكردنی شارەزایانی بواری كشتوكاڵی ومەشقدان بەكارمەندان وشارەزایانی كشتوكاڵی لەكوردستاندا بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە خواستی ئاوەدانكردنەوە لەلایەن تاكی كوردستانییەوە هەبێت وخەڵكی كوردستان خۆیان كاربكەن چونكە ئەگەر تەنها فەڕەنسی وئەمەریكایی وئەورووپی كاریان كرد كوردستان نامێنێت، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە كوردستان نەدەگەیشتە ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ بۆیە ئەگەر خەڵكی كوردستان كارنەكات هیچ كەسێك كاری بۆ ناكات بەتایبەتی ئێستا كە ڕێژەیەكی زۆری میوەو سەوزە لەدەرەوەی كوردستانەوە دێت.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌