2012-04-15

عەممار نەجمەدین

بیست و چوار ساڵ بەرلە ئیستا و لەرۆژگاریكی رەشدا بەسواری ئیڤا عەسكەریەكانی رژیمی بەعس لەتەواری سلیمانیەوە بەرەو تۆبزاواو دواتریش بەرەو گرتووخانەی نوگرەسەلمان بەری خراین.

ئیمە پاشماوەی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بووین، لەوكارەساتەدا زۆریك لەكەسوكار و خزم و دۆست و ناسیاو و هاوشاریەكانمان بەوگازە ژەهراویە گیانیان لەدەستدابوو، پاش ئەوەش زۆریك لەوانەی كەدەربازبووین رومان لەناوچە شاخاویەكان و گووندەكانی خۆمان كردبوو، لەویش زۆریكمان لەلایەن رژیمی بەعسەوە دەسگیركراین و چارەنووسمان لەبیابانیكدا گیرسایەوە كەبەخەویش نەمان بینی بوو، لەویش ژمارەیەكی دیكە لەئازیزانمان گیانیان سپارد، ئەویش بەهۆی ئەو زوڵم و زۆر و تووندوتیژیەی كەبەرامبەرمان دەكرا، هەندیكی دیكەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا گیانیان لەدەستدا.

ئیمە لەدوای نەهامەتی كیمیاباران تووشی نەهامەتیەكی دیكە بوین كەئەویش ئەنفالە، بەواتایەكی تر ئەگەر خەڵكی لەكوردستاندا یەكجار بەرپرۆسەی جینۆساید كەوتبیت ئەوا ئیمە پاشماوەو دەربازبووی دوو پرۆسەی جینۆسایدین، لەئیمەی هەڵەبجەیی خراپتر لەگرتووخانەی نوگرەسەلمان ئەو خەڵكەی دەڤەری گەرمیان بوو، چونكە ئەوان هەموو گەنجەكانیان بی سەرو شوین كرابوون و تەنها منداڵ و پیرو پەككەوتەكانیان مابوون، وەلی برسیەتی و لی دان و گەرماو نەخۆشی و ئەسپی وەك یەك هەردوو لامانی هەراسان كردبوو،كەم كەس هەیە لەو گرتووخانەیە بەرلیدان نەكەوتبیت، ئیتر لیدانی تاكە كەسی بیت یان بەكۆمەڵ، مەبەست لەلیدانی بەكۆمەڵ ئەو لیدانەبوو كەبەهۆی سەرپیچی دووكەسەوە كە شەڕیان دەكرد یان كاریكی بەدەر لەرینمایەكانی ئەو گرتووخانەیە، ئیتر بۆ سزادانی ئەوان، هەمووانیان بەلیدان بۆ گۆرەپانی گرتووخانەكە دەبرد بۆ بینینی سزای لیدانی ئەوان، لەو ریگەیەشەوە ئیمەیان لەە تیدەگەیاند كەئەگەر سەرپیچی بكەین هەمان چارەنووسی ئەوانمان دەبیت.

هەرگیز لەبیرم ناچیت كەیەكەم شەوی گەیشتنمان بۆ نووگرەسەلمان چۆن مام (ئەڵڵا كەرەم) میان لەبەرچاوماندا كوشت، هەمووی چەند دەقەیەك بوو گەیشتبوینە ناو گرتووخانەكە، هیشتا هاژە هاژی ئەو ئۆتۆمبیلانەی ئیمەیان دوو شەو رۆژ بەرەو ئەوی بردبوو لەناو میشكماندا دەزرنگایەوە، لەنیو جەرگەی بیابان و لە گۆرەپانی قەڵایەكی گەورەدا ریزكرابووین، ئەو خەڵكەی كە پیش ئیمە برابوونە نیو گرتووخانەكە سەریان كردبوویە نیو شیشی دیوار بەندی بەندیخانەكە و تەماشای ئیمەیان دەكرد و هاوارو گریانیان بوو، ئیمەش نەمان دەزانی بۆ؟ ئیستاش بیرمە خزمیكمان بەناوی كاك غازی حەمەرەحیم هاواری كرد و گوتی: ئاخر بۆچی خۆتان داوە بەدەستەوە؟ بۆچی ئیوەشیان هینا بۆ ئیرە؟

ئالەم كاتانەدا كابرایەكی كەتە (كە پاشتر زانیمان ناوی حەجاجەو بەرپرسی گرتووخانەكەیە) هاتە نیو گۆرەپانەكەو فەرمانی دا دەستپیبكەن، ئینجا بەخۆیی و سەگ و گورگەكانی بەكیبڵ كەوتنە لیدانمان، هەتا سەرە گەیشتە كوڕە گەنجیك بەناوی سەلمان (ئەڵڵا كەرەم)، لەگەڵ یەكەم كیبڵ كەلەو كورە درا مام (ئەڵڵا كەرەم) ی باوكی سەلمان خۆی پی نەگیراو پڕ بەدەمی خۆی یەك تفی كردە نیو چەوانی حەجاج، مام (ئەڵڵا كەرەم) شوانیكی بەتەمەنی گوندی هاواری ناوچەی هەورامان بوو، ئەو كوڕی سرووشتیك بوو كەهەرگیز زوڵم و زۆرو چۆكدادانی پی قبوڵ نەكرابوو، هەر ئەمەش بووە پاڵنەریك بۆ ئەوەی رووبەرووی گورگیكی وەك حەجاج لەو دنیای بیدەسەڵاتیەی ئیمەدا ببیتەوە، كاردانەوەی ئەو تفەی مام (ئەڵڵا كەرەم) كردیە نیوچاوی حەجاجەوە ئەو راستیەی بۆ ئیمە ئاشكراكرد كە ئیمە بۆچی و بۆ كوی هینراوین؟ئەویش پاش ئەوەی ئەو شەوە هەتا كەف لەدەمی هاتە دەرەوە بەبەرچاوی هەموومانەوە بەكیبڵەكانی دەستیانەوە لەمام (ئەڵڵا كەرەم) دا هەتا گیانی لەدەستدا،دواتریش وەك هەموو ئەوانەی لەوی گیانیان لەدەست ئەدا بەبەرچاوی كەسوكاریەوە كرایە خواردنی سەگەكانی دەرەوەی نوگرەسەلمان، ئەمە نموونەی یەكی لەكارە دڕندانەكانی رژیمی بەعسە كەلەو گرتووخانەیەدا بەرامبەر بەو خەڵكە سڤیل و بیدەسەڵاتە پەیرەو دەكرا، زۆرجار لەلایەن هەندی لەهاورییانمەوە ئەو پرسیارەمان ئاراستە دەكریت كە داخۆ چۆن لەپرۆسەی ئەنفال رزگارمان بوو؟، چۆن وەك ئەوانی تر لەنیو گۆرەبەكۆمەڵەكان نەخراینە ژیر خۆڵی بیابانەكانەوە؟ وەڵامی من ئەوەیە كە رەنگە ئەوە ویستی خوای گەورە بووبیت، ئەگینا شوینەواری دەیان هاووڵاتی دیكەی ئەم كوردستانە لەو گرتووخانەیە بوو كە بۆ شوینە نادیارەكان برابوون و لەناوبرابوون، بەڵام ئەوەی من لەبیرم ماوە رۆژیك لەگرتووخانەكە بوو بەهەڵاو گوتیان: حكومەت لیبوردنی گشتی دەركردوە بۆ كورد، ئیتر بەر ئەو لیبوردنە كەوتین و ئازاد كراین.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌