تا ئێستاكە هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی لەهەرێمی كوردستان باسی لەپرسی جیابوونەوەی كوردستان نەكردووە لەئێراقدا، بەپێچەوانەوە لەچەندین بۆنەدا كوردستان جەختی لەسەر یەكپارچەیی ئێراق و یەكگرتنەوەی هێزە سیاسییەكان كردۆتەوە و پێی وابووە كە ئەم یەكگرتنە چارەسەرێكی تەنهایە بۆ ڕێكخستنەوەی ئێراق و بەرەوپێشەوەچوونی.
بەپێچەوانەی ئەم هاوكێشەیە زۆرێك لە دەسەڵاتدارانی ئێراق، لەوانەش خودی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئێراقیش لەو ماوەیەدا پرژایە سەر ئەو پرسەو ئەگەری ئەو لێك جیابوونەوەی بە بەرژەوەندی گشتی دانەنا، بەبێ ئەوەی بەڕێز سەرۆك وەزیران بێجگە لە پروپاگەندەی شەقام نەبێت هیچ بەڵگەیەكی دیكەی بەدەستەوە هەبێت بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارێكی ئەوتۆ. ڕەنگە قسەكردن لەسەر ئەو مافە رەوایەی كورد، گوناهێك نەبێت بۆ گەلێكی خەباتگێڕو قوربانی بەخش و ستەم دیدە، بەڵام كوردیش بەپێی هەلومەرجی تایبەتی خۆی هەڵسوكەوت لەگەڵ خواست و ئامانجەكانی خۆی دەكات و بێ ئەوەی ترش و شەرمی لەهیچ لایەنێك هەبێت ئەگەر بریاری خۆی بدات. لەدەستپێكی ئازادبوونی ئێراقیش تاوەكو ئەمڕۆكە كورد هەرگیز لەدەستوور لای نەداوەو هەوڵی ئەوەی داوە هەمیشە كێشەكانی خۆی بەپێی دەستوورو یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكان چارەسەر بكات، ئەگەرچی زۆر دەرفەتیش لەباربووبن بۆ جێبەجێ كردنی هەندێ لە ئامانجەكانی. لەم چوارچێوەیەشدا هەمیشە بانگەشەی چەسپاندنی فیدراڵیەت و جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی داوە كەئەم خواستەش خواستێكی بنەڕەتی كورد بووە بۆ ئەو ئامانجانەی بۆ ماوەی یەك سەدە خەباتی لەپێناودا كردووە.
سەروەر ئەمین