2012-04-17

بەناوی خوا

 

ئامادەبووانی بەڕێزی ساڵیادی كاكە جەوهەر نامیق هەڤاڵی خەباتمان و یەكەم سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان...

 

لەم ساڵیادەدا یادی خەبات وخۆڕاگریی میللەتی چەوساوە و غەدرلێكراومان دەكەینەوە، ئەو میللەتەی كاكە جەوهەر زۆر جوامێرانە لەگەڵ هەموواندا بۆی تێكۆشا، ئەو هەمیشە باسی ئەو كاتەی دەكرد كە لەبەغدا قوتابی بوو چووە ڕیزی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، دواتریش ڕێزی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتەواوی هەستی كرد و ئەدرێسی ڕاستی خەباتی دۆزیوەتەوە و چووتە قوتابخانەی ژیانی سەربەرزانە و بۆتە قوتابیی قوتابخانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان كە لەڕێبازی بارزانیدا بەرجەستە بوو . هەر لەسەرەتاشەوە زانیویەتی ڕێگایەكی زەحمەت ودرێژە، بەڵام پڕە لەسەربەرزی وشەرەفمەندی، هەربۆیەش وەك دەیگوت: لەگەڵ خۆمدا سۆز و پەیمانم بەست تاوەكو هێزم تیادا مابێت و تەمەنم بوار بدات بەو ڕێگەیەدا بچم تا بگەینە دوا ئاواتی میللەتەكەمان.

 

ئەو خۆی بە سەرفراز دەزانی كە لە ڕاپەڕین و ئەنجام و دەستكەوتەكانیدا بەشداریی كاریگەری هەبوو، كاكە جەوهەر هەقی بوو چونكە لەسەرەتای حەفتاكانەوە تاوەكو ئەم دواییە نەحەسایەوە.

 

لەبەغدا لە تەك هەڤاڵانی خەباتی نهێنیی ڕێكخستنی بەڕێوە دەبرد، دواجار لەساڵی 1972 چووە بنكەكانی شۆڕشی ئەیلوول وچووە ژێرباری ئەركی ڕێكخستن و پێشمەرگایەتی، دوای نسكۆی ساڵی 1975 لەو گەنجە ئەمەكدارانە بوو كە پابەندی ڕێنماییەكانی بارزانی نەمر و سەركردایەتیی تازەی دوای نسكۆ بوو لەگەڵ كۆمەڵێك هەڤاڵی دیكەی، هەر دوای یەك مانگ لە نسكۆ كەوتنە كۆبوونەوە بۆ ڕێكخستنەوەی پارتی دیموكرات و شۆڕش، ئەویش زۆر بەنهێنی كاری كرد ولە بارودۆخێكی سەخت وئاڵۆز ونالەباری ڕێككەوتننامەی سەددام حوسێن و شای ئێران كە بەهیچ شێوەیەك ڕێگەیان بەخەباتی سیاسی وحزبی نەدەدا نە لەئێراق ونە لەناو پەنابەرانیش لەئێراندا.

 

ئەو لەتەك هەڤاڵانیدا لەنیوەشەوی تاریكی ئەو سەردەمەدا هەر لەساڵی 1975 دا هەموو سنوورە سوورەكانی بەزاند وخۆی گەیاندە پەناگەی بنەماڵەیەكی كوردی دڵسۆزی نەتەوەیی لە كوردستانی توركیا، دوای چەند مانگێك خۆی وهەڤاڵانی توانیان ڕێگە بۆ ناو كوردستانی ئێراق بكەنەوە و دەست بەشەڕی پارتیزانی بكەن.

 

ئەو هەڤاڵانەی ساڵی 1976 لەگەڵ ئەودا بوون لە ئەشكەوت بۆ ئەشكەوتی دەڤەری بادینان دەگێڕنەوە كە ئەو جگە لە كاروباری ڕۆژانەی سەركردایەتی و وەڵامدانەوەی نامەی هەڤاڵانی ڕێكخستنە نهێنییەكانی نێوخۆیی وڵات و ڕێكخستنی كاروباری پێشمەرگە و ڕێنمایی پێدان و سەركردایەتییان لە مەیدانی نەبەردیدا، هەروەها بەجیددیش خەریكی كاروباری ڕاگەیاندن بوو . لەو شێو ودۆڵە قووڵانە، لەبناری ئەو چیا سەركەشانە خۆی بابەتەكانی ڕۆژنامەی خەباتی چاپدەكرد و بەدەزگای ڕۆنیۆی كۆن ڕایدەكێشان، هەر خۆی بەیاننامەكانی سەركردایەتیی كاتیی چاپدەكردن و سەرپەرشتیی ڕادیۆی دەنگی كوردستانی دەكرد، كە لە ساڵی 1987 بەزەحمەتێكی زۆر لەڕێگەی كوردانی دڵسۆزەوە بەنهێنی لەسووریا و توركیاوە گەیەندرایە بنكەكانی پێشمەرگە.

 

ساڵێك ونیو بە تەنیا ئەو كارەی دەكرد تا دوای ماوەیەك هێدی هێدی هەڤاڵانی دیكە پێڕاگەیشتن و بوون بە هاوكاری لەو ڕێگە سەختەدا، ئیتر هێدی هێدی بەتوانایەكی ماددی ولۆژیستیی زۆر كەمەوە، بەڵام بەئیرادەیەكی زۆرەوە پێگەی كاری حزبی وپێشمەرگایەتییان بەهاوكاری لەگەڵ هەڤاڵانی لەناوچەیەكی ڕزگاركراوی ئەو كاتە دامەزراند. ئەو و هەڤاڵانی سەركردایەتی لەڕۆژانی بەهارێكی وا دا بانگی شۆڕشی گوڵانیان هەڵدا، دواجار پاش ڕاپەڕین هەر لەڕۆژانی وادا دروست لە مانگی ئایار هەڵبژاردنی یەكەمین پەرلەمانی كوردستانیان بەئەنجام گەیاند.

 

كاك جەوهەر بەچاوی خۆی خەباتی گەلەكەی لەڕۆژە سەختەكاندا بینی وبەشداریی تیادا كردبوو. بۆیە زۆر بەگرنگییەوە دەیڕوانییە هەڵبژاردنی خۆی بە یەكەم سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەو لەپەرلەمانی كوردستاندا بەشدارییەكی دیاری لە دروستكردنی ژیانی پەرلەمانی و دیموكراتیی لەهەرێمی كوردستاندا كرد، ئەو بەجیددییەت وشەوقەوە كەوتەكار هەروەكو سەردەمی خەباتی نهێنیی ناوشار وپێشمەرگایەتی بەدڵسۆزییەوە بەكارەكانیدا دەچووە پێش. جیدییەت و لە خۆبوردوویی ودەستپێشخەری تاوەكو دوایی بە خەسڵەتێكی بەرچاوی ئەو مانەوە هەر بەو ڕووحییەتەش دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 فەرمانی سەركردایەتیی پارتیی بەجێهێنا و چووە گەرمیان بۆ دامەزراندنەوەی ڕێكخستنەكانی جەماوەری پارتی و ئەو شەرەفەی پێدرا كە ببێتە بەرپرسی ئەو میحوەرە لەبەرەی كوردستانیدا، هەر بەو گەشبینییەوەش بەشداریی پرۆسەی ئاشتبوونەوەی گشتیی ساڵی 1998 كرد وچەندین مانگ سەرۆكی شاندی پارتی بوو بۆ كۆبوونەوەكانی ئاشتبوونەوە، لە هاتووچۆی بەردەوامبوو لەنێوان هەولێر وسلێمانیدا پێشی ئەوەش لەپەرلەمانی كوردستاندا نموونەیەكی جوانی لەخەباتی مەدەنی نیشاندا لەپێناو ئاشتیدا كە 103 ڕۆژ خۆی وچەند ئەندامێكی پەرلەمان پەناگیرییان بۆ ئاشتی كرد.

 

ئەو خەباتە هەمەلایەنە كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاشتیخوازانی كوردستان بەڕێوەیان دەبرد لە ئەنجامدا هاتەبەر ئاشتی وئاسایش گەڕایەوە كوردستان تاوەكو كار گەیشتە گەڕانەوەی هەموو فراكسیۆنەكان بۆ پەرلەمان ودواتریش پێكهێنانی حكوومەتی یەكگرتووی كوردستان كە ئەمڕۆ بەرهەمە زێڕینەكەی لەبەرچاومانە.

 

لەم یادەدا هەموو ئەو نیشتیمانپەروەر ودڵسۆزانەش بەبیر دێنینەوە كەبەدڵ و بەگیان بەشداریی سەرخستنی ئاشتی وئاشتبوونەوەیان كرد لە كوردستاندا لەپێش هەمووشیانەوە كەسایەتی ئاشتیخوازە مەزنەكانی كوردستان سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی وجەماوەری گەل كە بەپەرۆشەوە پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتبوونەوەیان دەكرد هەروەها دۆستانی كورد لە ئەورووپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

 

ژیان وخەباتی كەسانی خەباتگێڕی وەكو كاكە جەوهەر لە ژیان وخەباتی هەموو گەل جیاناكرێتەوە،جەوهەر نامیق هەر لەتەمەنی گەنجییەوە بەدەستی پارتی وڕێبازی بارزانییەوە پەروەردە بوو بێگومان پارتی وهەموو حزبەكانی دیكە هەمیشە سەربەرزن كە ڕۆڵەی هۆشمەندی لەمجۆرە بەگەل ونیشتیمان دەبەخشن، ئەوانە نەك تەنها سیمبولی پارتین، بەڵكو جێگەی سەربەرزیی هەموو خەباتگێڕانی ڕێگەی ڕزگاری وئازادیخوازین لەكوردستان جا لەهەر حزبێك بن یان سەر بە هەر بیرو باوەڕێكی سیاسی بن.

 

ڕێزگرتن لەخەباتی تێكۆشەران وشانازیكردن بەسیمبولی نەتەوەیی ونیشتیمانپەروەرەكان سیفەتێكی گشتیی هەموو گەلانی جیهانە، گەلی كوردستان ڕێز لەسەركردە وسیمبولەكانی دەگرێت و بە هیچ شێوەیەك قبووڵناكات كەس سووكایەتی بەسیمبولەكانی بكات، چونكە هەموو كەسێكی تێگەیشتووی گەلەكەمان دەزانێت ئازادیی ئەمڕۆ بەرهەمی خەباتی ئەوانە،دەوڵەمەندیی مێژووی ئێمە بەرهەمی پێشڕەویی ئەوانە بۆ خەباتی گەلەكەمان لەپێناوی ئازادی وسەربەرزیدا.

 

بۆ ئەوەی نەوەیەك باوەڕی بەڕابردوو و ئایندەی خۆی هەبێت دەبێ ڕێگە نەدات مێژوو وڕابردووی سەركردەكانی بشێوێندرێت، نەتەوەی كورد لەمێژووی پڕ لەقوربانی وسەروەریی خۆیدا خاوەنی خەباتگێڕ وسەركردە و سیمبولی زۆر گەورەیە وئەمڕۆ هەروەها لەداهاتووش دەبێ ڕێز لە یاد وبەها بەرزەكانی هەموو ئەو خەباتگێڕانە بگرین، هەمیشە بیانكەینە هێمای یەكخستنی نەتەوەییمان و گەلی كوردستان بەگشتی، یادەكانیان وەك بۆنەی نەتەوەیی هاوشێوەی نەورۆز بكەینە خاڵی یەكخستنی نەتەوەكەمان ئەوەش ڕێگەی ڕاست ودروستە بۆ سەرفرازیی هەمیشەیی گەلەكەمان.

 

ئەوانەی هەوڵدەدەن خەباتی شۆڕشگێڕانەی حزبەكان وپێشمەرگە وسەركردە مێژووییەكانمان و سیمبولە نیشتیمانییەكانمان بشێوێنن دەبێ باش بزانن بەو كارەیان گەورەترین گورز لە متمانە بەخۆبوونی كورد دەدەن هەروەها گورز لەئایندەی كوردستان دەدەن. ئەو سیمبولانە نیشانەی دەوڵەمەندیی مێژووی ئێمەن ومایەی دڵنیایی وئۆقرەیین بۆ گەل وماقووڵ نییە لەكوردستانی ئازاد دا ڕێگە بدرێت سووكایەتییان پێبكرێت . لە وڵاتانی جیهان بەپێی یاسا ڕێگە نادرێت سووكایەتی بە مێژوو و خەباتی گەل و سەركردە مێژوییەكانی بكرێت، گەلانی جیهان ئەوە بەتێكدانی مۆڕاڵی نەتەوەیی خۆیان سەیر دەكەن وقبووڵی ناكەن وكوردیش ئەوە قبووڵ ناكات، هەروەها نابێ ئەو كارە خراپە لەناو گەلەكەماندا بچێنرێت، كوردستان خاوەن مێژووێكی دەوڵەمەندە لەگواستنەوەی ژیان لەئەشكەوتەوە بۆ یەكەمین گوند لەجیهان، لەدەستپێكردنی یەكەمین پرۆسەی چاندن وكشتوكاڵیدا لە بەرخودان بەرامبەر بە دڕندەترین وگەورەترین ڕژێمی سەردەم وچەكی كۆكوژی، ئەوانە جێگەی شانازین واتا مێژوو و ژیانمان بەوشێوەیە تاریك وناپەسەند نییە كە هەندێك كەس هەمیشە هەوڵدەدەن بەوشێوەیە نیشانیبدەن و هەوڵدەدەن منداڵ وگەنجانی ئێمە چەواشە بكەن و پێیان بڵێن مێژووی كورد وسەركردەكانی كورد خاڵی گەشی تیادا نییە، ئەوانە بزانن یان نەزانن بەو هەوڵانەیان ئاو لەئاشی ناحەزانی كورد دەكەن، یادەوەریی نەوەی ئێستا ڕەش دەكەنەوە و بڕوابوون بەدواڕۆژ لای نەوەی ئێستامان دەكوژن و ناهێڵن لایەنە گەش و بەرزو شاد و ئافەرینەكانیان ببینرێت، هەر حزب و گرووپ و كۆمەڵگای تێكۆشەری ئەم نیشتیمانە بەشی خۆی سیمبول ونموونەی گەش وجوانی هەیە، هەر توێژێكی كۆمەڵگەمان پڕە لەو هێما وسیمبولە بەرزانە، ئەوانە هەموویان دەبێ مایەی سەرفرازی وبڕوا بەخۆبوونی ئێمە بن لەبەردەم هەموو دونیادا وناكرێ سووكایەتییان پێبكرێت.

 

میللەتانی دونیا هەوڵدەدەن تاكە قارەمانێكی مێژوویی وسیمبولێكی گەش لەمێژووی خۆیاندا بدۆزنەوە تاوەكو بەرەو ڕووی دونیای بكەن وشانازیی پێیەوە بكەن، میللەتانی جیهان گاشەبەردێكی كۆنیش بدۆزنەوە كە هێمای ڕابردووی گەشی خۆیانی پێوە بێت بەدڵ دەیپارێزن و بۆ هەموو دونیای نمایش دەكەن .

 

بەڵێ، ڕەخنە شتێكی گونجاوە بەڵام بەشێوەیەكی زانستی و واقیعیانە نەك بۆ تێكشكاندن وهەڵوەشاندنەوەی هەست ونەستی كورد .

 

ساڵیادی كاكە جەوهەر پەند و وانەی زیاترمان دەخاتەبیر، نهێنیی سەروەرییەكانی ئەو لەخەسڵەتە مرۆڤدۆستییەكانی بوو كە مرۆڤێكی خۆنەویست و ڕاستگۆ و دەستپاك بوو، ئەو لەپاییزی1975 بەگۆپاڵێكەوە لەدیوی ئێرانەوە چووە باكوور، ساڵی 1979 بە گۆپاڵێك لە بنكەكانی پێشمەرگە لەكوردستان گەڕایەوە بۆ بەشداربوون لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەدەرەوەش بەڕەنجی خۆی ژیاو لە هاوسەنگەرانی دانەبڕا، بە چەكێكێ سادە، بەقەمسەڵە و جلوبەرگی خاكییەوە بەشداریی چالاكانەی سەركەوتنی ڕاپەڕینی ساڵی1991 ی كوردستان كرد، ئەو بەو ژیانە سادەیە ئەمما دەوڵەمەند بە خەبات كەسایەتی وپێگەی شایانی خۆی خوڵقاند، ئەو شادومان بوو بەوەی گیانی مەعنەویی لەگەڵ خەبات وخۆڕاگری وتێكۆشاندا بەدەستیهێنا، بێگومان مردن چارەنووسی هەموو مرۆڤێكە، زوو یان درەنگ ماڵئاوایی لەم دونیایە دەكەین بەڵام گرنگ ئەوەیە بەهایەكی جوان بخەینە سەر خەرمانی فەرهەنگ ومێژووی گەلەكەمان.

 

گرنگیی ژیان لەوەدایە تا بۆمان دەكرێت كاری باش وهێمای سیمبولییانەی گەش وجوان بەجێبهێڵین، نیشتیمانەكەمان بەپیت وجوانە، ئەگەر باشتر خزمەتی بكەین زیاتر بەڕووماندا دەگەشێتەوە .

 

خاك وەك بڵێی گیاندارە، هەرچی زیاتر خزمەتی بكەیت ئەوەندە زیاتر خۆشی وكامەرانی دەبەخشێت، میللەتەكەمان دڵسۆز وبەوەفا ولەخۆبوردووە و هەمیشە شایانی ئەوەیە ملكەچی بین و خزمەتی بكەین، ئێستا ئەو كاتەیە ئەم میللەتە بە بەختەوەری و ئاسوودەیی زیاتر ژیان بەسەر ببات، پەند و وانەی ژیان وخەباتی وەك كاك جەوهەر و ئەوانەی وەك كاك جەوهەر ئەوەمان پێدەڵێن ئەمڕۆ كە لێرەدا دووبارە هاوبەشی خەم وپەژارەی خێزان وكەسوكار وهەڤاڵانی كاكە جەوهەرین ئەوەندە دەڵێین هەرچی بكەین ناتوانین مافی خۆبەخشین و فیداكاری كەسانی سەربەرزی ئەم وڵاتە بدەینەوە، كە لە پێناو ئازادی و خۆشگوزەرانی و ڕزگاریی میللەتی كورد خەباتیان كردووە، بەوپەڕی شانازییەوە یادی هەڤاڵ وهاوكار و برای نەمرمان كاك جەوهەر دەكەینەوە، ڕوحی شاد و سەرفرازی بۆ كورد و كوردستان و زۆر سوپاس.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌