2012-04-17

ئه‌مڕۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازییكرد لە بەڕێز سوسومو هاسیگاوا باڵیۆزی وڵاتی ژاپۆن لە ئێراق. لە دیدارێكدا بەڕێز هاسیگاوا پیرۆزبایی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ كابینەی تازە خواست. باڵیوزی ژاپۆن لە ئێراق خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەبەردەوامیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و جەختیكردەوە كە باڵیۆزخانەی ژاپۆن هەوڵەكانی چڕتر دەكاتەوە بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان. بەڕێزیان پوختەیەكی لەسەر كارو چالاكییەكانی ژاپۆن پێشكەش بە سەرۆك وەزیران كرد كە لە ڕێگای ئاژانسی جایكای ژاپۆنی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن، هاوكات ئاماژەی بەو پڕۆژانەی كرد كە لە بوارەكانی كارەبا و ئاو و كشتوكاڵ پێشكەش دەكرێن و بەرنامەی ئایندەیانی خستەڕوو كە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی یونسكۆ بە نیازن چەندین خولی مەشق و راهێنان بۆ گەنجان لە هەرێمی كوردستان رێكبخەن. لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هەڵوێست و هەوڵەكانی حكوومەتی ژاپۆنی كرد و خۆشحاڵی خۆی دەڕبری كە وڵاتی ژاپۆن دەخوازێ پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدات، لەم رووەوە بەڕێزیان گوتی: هەرێمی كوردستان بەبایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن و ئێستا دەرفەت لەبارە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئەم وڵاتە كاراتر بێنە نێو هەرێمی كوردستان و كاتی ئەوە هاتووە وڵاتی ژاپۆن ئاستی نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی كوردستان بەرزبكاتەوە و پەرە بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان بدات. لە تەوەرێكی دیكە، سەبارەت بە كارە لە پێشینەكانی حكوومەتی هەرێم، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەولەویاتی كاری ئێمە كاركردنە بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسرەوەكانی نێوانی هەولێر و بەغدا و رێكخستنەوەی سیستەمی ناوخۆی هەرێم و بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان. هەروەها باس لە قەیرانی سیاسی ئەمڕۆی ئێراق كرا و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: ئەم قەیرانە رووبەڕووی هەموو ئێراق بۆتەوە و كاریگەری سلبی بۆ پرۆسەی سیاسی و پابەندبوون بە دەستوور دروستكردووە، دەبێ كار بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە بكرێت. لە كۆتایی دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن گوتی: بۆچوونەكان بە بایەخەوە وەردەگرین و هیوای پێشكەوتن بۆ گەشەسەندن و باری سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەخوازین و بە بایەخەوە دەڕوانینە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و تەواوی ئێراق.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌