2010-06-24

له‌ده‌سپێكی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی كوردستان لەپەیڤێكدا ئاماژەی بەگرنگیی ئەو گەشتە دیپلۆماسییەی دا بەتایبەتی بۆ توركیا كە لەهەموو ڕووێكەوە گرنگیی بۆ كوردستان هەبوو، هەروەها بۆ فەڕەنساش كە ئیمزاكردنی یاداشتنامەیەكی گشتگیری لەنێوان هەردوولادا لێكەوتەوەو گوتی: ئێوارەتان باش، بەخێربێن هەموو لایەكتان، هەروەكو ئاگادارن من بەگەشتێكی فەرمی چوومە دەرەوەی وڵات وگەشتەكەم لەتوركیا دەستپێكرد، پاشان سەفەرێكی فەرمیمان بۆ فەڕەنسا كردو دواتر چووینە ئەڵمانیاو نەمسا بەسەفەرێكی نافەرمی.

لەتوركیا من پێموایە كەشوهەوایەكی تازەو وەكو من بینیم كرانەوەیەكی تازە لەسیاسەتی توركیادا هەیە، بەڵام بەداخەوە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هەندێ ڕووداوی دڵتەزێن ڕوویاندا كەبەبۆچوونی من لەخزمەتی كێشەی كورددا نییە ومن ئومێدەوارم ئەوە نەبێتە هۆكاری لەبەینچوونی پرۆسەی ئاشتیی توركیاو وەستانی ئەم كرانەوەیە، ئێمە دژی توندوتیژین وپێمان وایە هیچ شتێك بەشەڕ دەستناكەوێت وئومێدەوارین پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت.

ئێمە لەتوركیا گەیشتینە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندیی ئابووری بدەین وهەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دووپاتكردەوە كە ئێمە پشتگیریی پرۆسەی ئاشتی دەكەین لە توركیا، داوەتكردنی من وچوونم بۆ توركیا لەخۆیدا گۆڕانێكە لەسیاسەتی توركیا وئێمەش پێمان خۆشە ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێش بچن و ئامادەشین.

لەئەڵمانیاش وەزیری دەرەوەمان بینی وچوونی منیش بۆئەوێ زیاتر بۆ ئامادەبوون بوو لەدروستكردنی كۆمیتەی دۆستایەتیی پەرلەمانی ئەڵمانی وكوردستان جگە لەبینینی پێشانگایەكی فڕۆكەوانی. لەئەڵمانیا ئەوەی من هەستم پێی كرد ئێستا ئەوان زۆر لەجاران گەرمترن بۆئەوەی كۆمپانیاكانیان بێنە هەرێمی كوردستان وكاری وەبەرهێنان ئەنجامبدەن.

سەردانی فەرمی لەفەڕەنساوە دەستیپێكرد، لەوێ سەرۆك ساركوزی و وەزیری دەرەوەمان بینی، فەڕەنساش هەمیشە پەیوەندیی گەرمی لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەبووە وئەوەی من هەستم پێی كرد ئەوان زۆر بەگەرمی هاتوونەتەپێش وچەندجارێك دووپاتیكردەوە ئەوان پاڵپشتیی كورد دەكەن وهاوكاریی كورد دەكەن، بەڵێنیشی دا سەردانی كوردستان بكات وئێمەش داوەتمان كرد، هەر لە فەڕەنسا ئێمە وەزیری دەرەوەمان بینی، وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش بێرنارد كۆشنێر دۆستێكی دێرینی كوردستانەو دۆستێكی تایبەتییە لەساڵی 1974ەوە دەیناسین، هەروەها كۆمپانیاكانی فەڕەنساش هاندراون بێنە كوردستان ومن پێموایە پەیوەندیی ئێمەو فەڕەنسا دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە، لەم نزیكانەش شاندی ئێمە دەچێتە فەڕەنساو شاندی بازرگانیی ئەوانیش دێنە هەرێمی كوردستان، بۆ ئێمەش زۆر گرنگە دەوڵەتێكی وەكو فەڕەنسا بەوگەرمییە بێتە پێشەوە.

دوای ئەوە سەردانی نەمسامان كردو پێرێ سەرۆك فیشەرم بینی كەئەویش دۆستێكی دێرینی ئێمەیە وسەردانی ئێمە بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بوو وەكو سەرۆكی نەمسا، ئەویش چەند پرسیارێكی دەربارەی بارودۆخی ئێراق هەبوو.لەهەموو دیدارەكان باسی بارودۆخی ئێراق وهەڵبژاردنی ئێراق كراوەو ئێمەش بۆچوونی خۆمانمان بۆ ڕوونكردنەوە كە بارودۆخ چۆنە ودووپاتمان كردۆتەوە پێویستە حكوومەتێكی هاوبەش پێكبێت لەهەموو پێكهاتەكان بەتایبەتی ئەم 4 لیستە براوەیە، بۆ ئەم قۆناغەش ئێراق پێویستیی بەوەیە و بەمە دەتوانین حكوومەتێكی كارا لەئێراق دروستبكەین، ئێمە لەگەڵ پەراوێزكردنی هیچ لایەك نین بەڵام پرۆسەكە ئاڵۆز بووەو وائاسان نییە، پرسیار دەكرا كەی حكوومەت پێكدێت، وەڵامی ئەم پرسیارەش زەحمەتەو مرۆڤ ناتوانێ بڵێ كەی، بەڵام ئومێدەوارین ئێراق لەم قەیرانە ڕزگاری ببێت و هەرچیی زووە حكوومەتێكی هاوبەشیی نیشتیمانی پێكبێت وگەلی ئێراقیش ئاسوودە ببێت.

گۆڕانێكی گەورە بەسەر سیاسەتی توركیا

سەرۆكی كوردستان دووپاتیكردەوە گۆڕانێكی گەورە بەسەر سیاسەتی توركیادا هاتووە وئێستا جیاوازییەكی تەواو لەپەیوەندیی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان بەدیدەكرێت وگوتی: بێگومان جیاوازییەكی گەورە لەسیاسەتی ئێستای توركیا دەبینرێت بەوەی كە دانیان بەهەرێمی كوردستان نە دەناو ئامادەنەبوون ناوی كرودستان بهێنن، بەڵام ئەمجارە سەردانەكەم فەرمی بوو داوەتنامەكەش وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆمن نێردرا ولەتوركیاش ئۆردوگان بەكوردی بەخێرهاتنی كردم وگوتی: بخێرهاتی.

فەڕەنسا ... دەوڵەتێكی گرنگ

سەرۆك بارزانی نیشانیدا گرنگیی فەڕەنسا بۆ كوردستان زۆرە یەتایبەتی كە فەڕەنسا دەوڵەتێكی گرنگ وگەورەی ئەورووپایەو گوتی: فەڕەنسا دەوڵەتێكی گەورەو گرنگی ئەورووپایەو ئەم پەیوەندییەی ئێمەو فەڕەنسا كاریگەریی بەسەر پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ هەموو ئەورووپادا دەبێت.

ئیدانەكردنی بۆردومانی سەرسنوور

سەرۆكی كوردستان دووپاتیكردەوە بۆردومانكردنی لادێكانی سەرسنوورو ڕەفتارەكانی پارت و لایەنی دیكە لەدژی چەند ئامانجێك لەتوركیا جێگەی ئیدانەن وگوتی: ئێمە هەمیشە ئیدانەی بۆردومانی سەرسنووری هەرێمی كوردستانمان كردووەو ئێستاش ئیدانەی دەكەین وهەروەها ئیدانەی ئەو ڕەفتارانە دەكەین كەلەلایەن چەند حزب ولایەنێكەوە لەدژی چەند ئامانجێك لەتوركیا وئێران دەكرێ، چونكە ئەم ڕەفتارانە بیانووی بۆردومان و وتەدەخول لەناوچەكانی ئێمە دەدات، ئێمە داوا لەهەموولایەك دەكەین پەنا ببەنە بەر چارەسەری ئاشتییانەو ئەگەر ئەوان جەخت لەسەر چارەسەریی سەربازی دەكەنەوە با ئێمە لەو كارە هەڵنەقورتێنن.

ئێمەش هیچ تیشكێكی سەوزمان بەئێران وتوركیا نەداوە بۆ بۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكان.

میكانیزمی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی كوردی-فەڕەنسی

دەربارەی میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕگەو بابەتەكانی یاداشتنامەی كوردی-فەڕەنسی سەرۆكی كوردستان ئاشكرایكرد لەماوەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامدەدات بۆ دانانی میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەم یاداشتنامەیەو گوتی: دەربارەی میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو یاداشتنامەیەی لێكتێگەیشتن لەنێوان ئێمەو فەڕەنسا كە من و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئیمزامان كرد، ئێمە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم دادەنیشین و هەر بەندێك وەزارەتی پەیوەندار بەمیكانیزمی خۆی دایدەنێت وجێبەجێی دەكات وئەمەش دەبێتە ئیشی حكوومەتی هەرێم ومنیش لەنزیكترین كات لەگەڵ حكوومەت دادەنیشم وئەم میكانیزمە دادەنێین.

ئیدانەكردنی ڕووداوەكانی ئەستەمبۆڵ

سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ئەستەمبۆڵی ئیدانەكردو گوتی: بێگومان ئەم ڕووداوانە شتێكی ناخۆش بوون وبەداخەوە ئەوكاتەی من لەتوركیا بووم، پەكەكە ڕایگەیاند كە ئاگربەست تەواو بوو دەست بەشەڕ دەكاتەوە، كاتێك پەكەكە دەستی پێكرد ئینجا توركیا بۆردومانی سنووری كردو ئەمەش شتێكی زۆر ناخۆشەو من پێشبینیی ئەوەم نەدەكرد كاتێك من لەتوركیا بم پەكەكە ئەو هەنگاوە بنێت.

هەڵوێستی نەگۆڕ دەربارەی كەركووك

سەرۆكی كوردستان گوتی: هەڵوێستی ئێمە لەبارەی كەركووك زۆر ڕوون وئاشكرا بوو، ئەوان پرسیاری ئەوەیان لەئێمەكرد چارەسەریی مەسەلەی كەركووك چۆن دەكرێ، منیش گوتم ئەم مەسەلەیە بەپێی ماددەی 140 ی دەستوور چارەسەر دەكرێ.

ئێمە دەوڵەتێكی سەربەخۆنین

لەبارەی پرسی نەبوونی ئاڵای ئێراق وكوردستان لەكاتی سەردانە فەرمییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا بەڕێزیان گوتی: ئێمە تائێستا دەوڵەتێكی سەربەخۆ نین، ئێمە هەرێمێكی فیدراڵین لەدەوڵەتی ئێراقی فیدراڵ، لەڕووی پرۆتۆكۆلەوە دەكرێ ئاڵای كوردستان نەبێت، بەڵام ئەگەر هەبوو باشتریش.

من كاتێك لەگەڵ سەرۆك بوش وسەرۆك ئۆباما وساركوزی دیدارم ئەنجام دا ئاڵای كوردستان لەدیدارەكەدا نەبوو، كاتێك لەئێران لەگەڵ ئەحمەدی نەژاد دانیشتم ئاڵای كوردستان نەبوو، هەروەها لەكاتی سەردان بۆ سعوودیا وكوێت ومیسر ئاڵای كوردستانیان دانەناو گرفتمان لەوەی دروست نەكرد، هەروەها لەتوركیا هەستم بەنەبوونی ئاڵای ئێراقیش نەكرد وئاگام لێی نەبوو، كاتێك پرسیاریان كرد ئینجا زانیم ومن تێنەگەیشتم ئەمە بۆچی وابوو وئەمەش گرفتێكە لەنێوان باڵیۆزخانەی ئێراق لەتوركیاو وەزارەتی دەرەوە و دووپاتیشیدەكەمەوە ئەمە بەداوای ئێمە نەبووە وئەگەر ئاڵای ئێراق هەبووایە پێمان خۆش دەبوو، چونكە ئێمە بەشێكین لەئێراق، ئەمە مەسەلەیەكی پرۆتۆكۆلییە وپێویستە لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات چارەسەر بكرێ.

گەڕاندنەوەی بەزۆری پەنابەران قابیلی قبووڵ نییە

سەرۆكی كوردستان گوتی: هیچ كاتێك لەگەڵ ئەوەدا نین پەنابەران بەزۆر بگەڕێندرێنەوە وپێچەوانەی ئەم قسەیە ڕاست نییە، ئێمە پێمان خۆشە بەڕەزامەندیی ئەوان بێت بەپێی بەرنامەیەك كەبگەڕێنەوە ئێرەو بێكار وبێ ئیش نەبن،ئێمە وامان پێیان گوتووە دەبێ بەڕەزامەندیی خۆیان بێت وبەرنامەیەكی وایان بۆ دابنرێت لەنێوان ئەو دەوڵەتانەی قسەیان لەگەڵدا كراوەو ئێمەش تا ئەوان سەرچاوەی ژیانیان دابین بكەن بەمەرجێك بەئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌