خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج
لە بەدواداچوونێكمان لەبارەی دانیشتنەكەی سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لەگەڵ ئەندامانی سەرجەم لیستە كوردستانیەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق و وەزیر و بەرپرسانی باڵای كورد لە حكوومەتی ئێراقی، چەند وردەكارییەكی رانەگەیەنراوێكمان بەردەستكەوتووە، كە ئاماژەن بۆ ئەگەری دیكەی دوای دانوستانی نێوان هێزە ئێراقییەكان.
دوو لێژنە دروست دەكرێت
بەپێی لێدوانی گوتەبێژی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دوو لێژنە لەسەر راسپاردەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دروست دەكرێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، موئەید تەیب لەمبارەیەوە چۆنێتی بۆچوونەكانی نێو دانیشتنەكەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی وا باسكرد، ئەوەی لەو كۆبوونەوەیە باسكرا، لەسەر داوای بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لێژنەیەك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت لەسەرجەم هێزە سیاسیەكانی كوردستان، لێژنەیەكی دیكە لە بەغدا، لەنێوان وەزارەت و بەرپرسانی باڵا و ئەندامانی لیستە كوردستانییەكان پێكبهێنرێت و ئەو دوو لێژنەیە هەماهەنگیان هەبێت، تاكو بەیەك گوتار قسە لەگەڵ بەغدا بكەین.
دەرفەتێك بە بەغدا دەدرێت
بەگوتەی موئەیەد تەیب دەرفەتێكی دیكە بە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئێراق دەدرێت بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكات، ناوبراو لەمبارەیەوە بۆ خەباتی روونكردەوە، ئەمە هەنگاوێكی زۆر باش و گرنگە بۆ ئەوەی گوتاری كوردی لەسەر ئاستی ئێراق یەكگرتوو بێت و ئەم هەماهەنگییە هەڵوێستمان یەكدەخاتەوە و بەڕوونی و ئاشكرایی ئێمە هەڵوێستەكانمان روون بكەینەوە. هێشتا دەرفەت ماوە ئێمە دەرفەتێك دەدەینە بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان، ئێمە هیچ باسی لێسەندنەوەی متمانەمان نەكردووە، تەنانەت لەكۆبوونەوەكەی سەرۆكی كوردستان لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی ئێراقی باسی ئەم بابەتە نەكراوە. سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی كورد تەئكید لە حكوومەتی هاوبەش و نیشتمانی كراوەتەوە.
هەماهەنگی دروستكردن
ئەندامێكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بۆ خەبات روون دەكاتەوە، لە دانیشتنەكەیان لەگەڵ سەرۆكی كوردستان باس لە هاوهەڵوێستی نەكراوە، چونكە هەموو لیستەكان لە پرسە نەتەوەییەكان هاوهەڵوێست بوونە، لەمبارەیەوە ئوسامە جەمیل گوتی: پێشتریش لیستە كوردستانییەكان لەبەغدا یەك هەڵوێست بوونە لە پرسە نەتەوەییەكان و هیچ گرفتێكمان نەبووە بە هەموو هێزەكانەوە، لەم كۆبوونەوەیەدا باس لەم بابەتە نەكرا، لەم كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان باس لەوە كرا پەرلەمان و وەزارەتەكان كە كورد تێدا بەشدارە هەماهەنگیان هەبێت و لە هەموو شتێك ئاگاداری ورد و دریشتی بابەتەكان بن. بڕیاردرا دەستەیەك دابنرێت بەناوی دەستەی باڵای سیاسی لە هەموو لایەنە سیاسیەكان پێكدێت و پێكەوە دادەنیشن و تاوتوێ بابەتەكان بكەن و پەیوەندی بەسەركردایەتی سیاسی كورد بكەن و بڕیاری لەسەر بدرێت.
هۆشدارییەك بۆ مالیكی
ئوسامە جەمیل دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانی سەۆكی كوردستان چەند هەنگاوێك وەك بەرنامە دانراوە، ئەگەر جێبەجێنەكرا لەلایەن مالیكەوە بێگومان كورد بۆ رای خەڵك دەگەڕێتەوە، ناوبراو وردتری بۆ خەبات روونكردەوە، ئەم هەنگاوانە بەچەند قۆناغێك دەڕوات، قۆناغی یەكەم ئەوەیە ئەو لایەنە سیاسیانەی دژی سیاسەتەكانی نوری مالیكین، بەیەكەوە كۆببنەوە و بەرنامەڕێژییەكی بۆ بكەن كە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، ئەگەر مالیكیش هەتە سەر خەت و رازی بوو بە حكوومەتێكی هاوبەش و بەتەوافوق، ئەگەر رازی نەبوو، قۆناغی دیكە دێتە پێش و لە كاتی خۆیدا رادەگەیەنرێت، دوا هەنگاویش ئەوەیە، دەگەڕێندرێتەوە بۆ رای گەلی كوردستان، كە چ بڕیارێك بدات، تائێستاش كاتی بۆ دیاری نەكراوە، ئەگەر مالیكی رازی نەبوو، ئەوا بڕیار لە دەستی خەڵكی كوردستانە، لە ناو كۆبوونەوەكەشدا بۆچوون وا بوو، هەنگاوی جیابوونەوە بكرێتە هەنگاوی یەكەم، بەڵام سەرۆكی كوردستان گوتی: ئەگەر بزانم راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانی سەردەگرێت، ئێستا رایدەگەیەنم، بەڵام ئەم پرسە دواخرا بۆ كاردانەوەكانی نوری مالیكی.
ئەگەری دروستكردنی كوتلەیەكی نوێ
ئەندامێكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ئاشكرای دەكات، ئەگەر هەیە كوتلەیەكی نوێی پێكبهێنرێت و متمانەش لە مالیكی بسەندرێتەوە، ئەگەرهاتوو كێشەكان چارەسەر نەبن، شێخ فاتیح داراغایی لەمبارەیەوە بۆ خەباتی روونكردەوە، لە دانیشتنەكە دوای هەڵسەنگاندنی رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و ئێراق، هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، تەئكید كرایەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بدرێت لەرێگای خاڵەكانی رێككەوتننامەی هەولێر، ئەگەر نەگەیشتە ئەنجام و چارەسەر نەكرا، ئەوا ئەگەری دیكە دێتە پێشەوە، وەك ئەگەری پێكهێنانی كوتلەی نوێی، تا دوا ئەگەر كە ئەویش سەندنەوەی متمانەیە لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئێراق. لە راستیدا ئەم دانیشتانەی هەولێر، بەتایبەتی دانیشتنی پێنج قۆڵیەكە پەیامێكی زۆر گرنگ بوو بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا، كە ئەمە ناكۆكی نێوان دوو لا نییە، واتا ناكۆكی نێوان شیعە و كورد نییە، بەڵكو ئەمە ناكۆكی هەموو هێزە سیاسیەكانی ئێراقە بە شیعەكانیشەوە.