2010-06-26

نووسینی- مازن مەنسور

ئا- ئاكۆ عەبدوڵڵا:

 گیتار یەك لە ئامێرە موسیقییە هەرە كۆنەكانە، ناوی لەشارستانییە دێرینەكان هاتووە. ساڵی 1918 لە كاتی گەڕان بە دوای شوێنەوارە مێژووییەكانی ناوەڕاستی ئێراق لە گۆڕی شاژنێكی شارۆچكەی ئوری سۆمەری تاتە قوڕێكیان دۆزیەوە كە تێیدا كۆمەڵە ژەنیارێك لەگەڵ گیتارێك دەبینرێت. ئەمە و ئامێرێكی هاوشێوەش دۆزرایەوە كە 30 ژێی لە زێڕ دروستكراوی هەبوو، بۆ زیاتر لە 4700 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە كە بە قیسارەی سۆمەری دەناسرێت و لە مۆزەخانەی بەریتانی شاری لەندەن دانراوە. بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان، مێژووی گیتار بۆ ساڵی 1800 پێش زایین دەگەڕێتەوە، كە لە هەندێك وێنە ژەنیاران دەبینرێت، ئامێرێكی وەهایان لە دەستە هاوشێوەی ئامێری گیتار بێت كە سێ ژێی هەیە. یەكەم ئامێری گیتاری ئاسایش لە سەدەی شانزدەهەم لە ئەوروپا دروستكرا كە   پێدەگوتراو lavigvela و پێنج ژێی هەبوو. دواتر جۆرێكی دیكە بەناوی tuth بەرهەم هێنرا. لە سەدەی هەڤدەهەمیش چینی خانەدان و ئارستۆكراتەكان لە ئەوروپا بایەخی زۆریان بەو ئامێرە جوانەدا، تا دەهات ژمارەی ژەنیارانیشی بەرەو زیادی دەچوون تەنانەت خودی لویسی چواردەهەمی پادشای فەڕەنسی رووی لە ژەنینی ئەم ئامێرە كرد و لەكاتی بەرگوێ كەوتنی دەنگە ناسكەكەشی چێژی زۆری دەچێژت. لەو سەردەمەشدا وڵاتی ئیتاڵیا بۆ بە سەنتەری گیتار كە زۆر ژەنیار و نووسەری مۆسیقای ئەم ئامێرەی لێ بە دیار كەوت. هەروەك چۆن ناودارانی وەك (رۆبەرت دی فایس) لە فەڕەنسا و (گاسبارسانز) لە ئیسپانیا ناوبانگیان دەكرد. لە سەدەی هەژدەمیشی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی ببێت بە وڵاتی گیتار كەوتە ركەبەری وڵاتی ئیتاڵیا. دوای شۆڕشە جەماوەرییەكەش ئامێری گیتار زۆر بە فراوانی لە وڵاتی فەڕەنسا بڵاو بۆوە، وەهای لێهات لەلایەن زۆرینەی گەل گوێی لێ بگیرێت و بژەنرێت، پاش ئەوەی كە پێشتر تەنیا تایبەت بوو بە خانەوادەكان.

لەسەدەی نۆزدەهەمیش ئامێری گیتار لە سەرتاسەری جیهان بڵاوبوونەوەی گەورەی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی ژمارەی ژێیەكانی كرایە 6 دانە. لەوە ژەنیارانە كە ناوبانگی زۆریشیان لە ژەنینی ئەم ئامێرە بەدەست هێنا ئەمانە: (فیرناندۆ سورز  1778 – 1829) ی ئیسپانی كە گیتاری كلاسیكی بەرەو هەڵكشان برد و هێنایە رێز ئامێرەكانی دیكەی مۆسیقا. بەجۆرێك كە ئەم موسیقاكارە نازناوی بێتهۆڤنی گیتاری پێ بەخشرا. هەروەها موسیقاكاران (فیرناندۆ كارۆلی 1770 – 1841)، (مایتۆ كاركاسی 1792 – 1852) ، (ماورۆ جۆلیانی 1780 – 1840) لە وڵاتی ئیتاڵیا ئاستی ئەم ئامێرەیان گەلێك بەرەو پێش بردن هەر هەمووشیان میتۆد و پڕۆگرامی فێركردن و چوونە ناو سیحری ئەم ئامێرەیان نووسیبوو. (ناپلیۆن كوستی 1806 – 1882) ی فەڕەنسیش تا دەستی راستی دووچاری ئیفلیجی دەبێت ئەم ئامێرە دەژەنێت، جگە لەوەی 50 كار بۆ سۆلۆی گیتار ئامادە دەكات، میتۆدی فێر بوونی ئەم ئامێرەش دەنووسێ و مۆسیقای بارۆكی نووسرا بە ستایلێكی نوێ و لە قالبێكی وەها زیندوو دەكاتەوە كە بۆ گیتار بگونجێن. هەر لە وڵاتی ئیسپانیا ژەنیارانی بەناوبانگی وەك (دینیو ئاگوادۆ) و (فرانشیسكۆ تاریگا) بەدیار كەوتن. ئاگرادۆ ساڵی 1784 میتۆدێكی تایبەت بۆ فێركردنی ئامێری گیتار داڕێژت. تاریگاش سەربوردەی لەگەڵ گیتار زۆر بوو.

لە سەدەی بیستەمیش بەهۆی ئەو پێشكەوتنەی كە هۆیەكانی راگەیاندنی بینراو بیسترا و بە خۆیەوە بینی لەلایەن، لەلایەكی دیكەش ئەو ئازادیەی كە بۆ هاتوچۆ كردنی ژەنیاران لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی دیكە و سازكردنی كۆنسێرتی موسیقای گیتارییان لە ناوچەی جۆراوجۆر، هەروەها بەهۆی ئەو گەشەكردنە و تەكنیكە پێشكەوتووەی كە لەسەردەستی موسیقاكاران ئەنجامدرا، لە سەرتاسەری جیهان خواست لەسەر گیتار بەرز بۆوە. هاوكات ژەنیاری وەها بەناوبانگ بەدیاركەوت كە ڕۆڵی كاریگەر لە بڵاوبوونەوەی گیتار بگێڕن. لەوانە ئەندرێ سیجۆفیا 1892 – 1987 كەلە بە جیهان بوونی گیتار شوێنی دیارە. ئەم مۆسیقاكارە هەر لە تەمەنی گەنجیدا ئامانجی ئەوە بوو ئامێی گیتار لە هەموو پەیمانگە مۆسیقییەكانی سەرتاسەری جیهان بخوێنرێت و بژەنرێت. یەك لە كارە گرنگەكانیشی بە نۆتە كردن بۆ ئامێری گیتاری ئەو كارە مۆسیقیانە بوو كە پێشتر بۆ ئامێری كەمانجە نووسرا بوون، لەوانە كارەكانی (باخ)، (ئارسیۆیبینری) ئیسپانیش هەوڵی گەورەی بۆ گەشەپێدانی گیتاردا، جۆرێكی نوێشی داهێنا كە 10 ژێی هەبێت. ئاسك رۆبەرتی ئەرژەنتینیش چەندان خەڵاتی جیهانی بۆ ژەنینی گیتار بەدەست هێنا، لەوانە خەڵاتی رادیۆی فەڕەنسا لە 1975، خەڵاتی گلادیۆرتی بەرازیل لە 1975 خەڵاتی كاركاس لە فەنزویلا ساڵی 1976.

هەرچی (باكووری لوسیا)ی لە دایكبووی ساڵی 1947 یشە، ئەویش لەسەر ئاستی جیهان بە چالاكترین ژەنیار و تەكنیككار بۆ ئەم ئامێرە لە جیهان دادەنرێت. (مانویل گرنادۆس)ی پرۆفیسۆریش پێشەنگێكی دیكەیە كە چەندان نووسراوی لەسەر زانستی گیتاری كلاسیكی هەیە و ئێستاش لە كۆنسرفتواری بەرشلۆنە پرۆفیسۆرە.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌