مالیکی کەتیبەکی تۆپهاوێژی هێناوەتە کەرکووک و هاوپەیمانی کوردستانی داوای کشانەوەی دەکات.
خالید شوانی، پەرلەمانتار و ئەندامی هاوپەیمانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند هاوپەیمانی کوردستانی داوای لە وەزارەتی بەرگری عێراقی و نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کردووە کە ئەو کەتیبە تۆپهاوێژە پاشەکشەپێبکەن، کە بەم دوایانە هێنراوەتە کەرکووک. خالید شوانی راشیگەیاند پێوستە ئەو کەتیبە تۆپهاوێژە بگەڕێنرێتەوە ئەو شوێنەی کە پێشتر لێوەهاتوون.
رۆژی پێنجشەممە سوپای ئێراقی کەتیبەیەکی تۆپهاوێژی جولاندووە لە ناوچەی مەحمودییەی باشووری بەغدا بۆ پارێزگای کەرکوک و جێگرکراون لە ناوچەی کەیوان لە باکووری ئەو پارێزگایە و نزیک بە پارێزگای هەولێر.
شوانی داواشیکرد "سوپا لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەکارنەێت"، هاوکات جەختی کردەوە لەسەر هێورکردنەوەی رەوشەکە و پەنا نەبردن بۆ زمانی تووندوتیژی و جموجۆڵی سەربازی لەو ناوچەیەدا".
خالید شوانی، کە نوێنەرێکی شاری کەرکووکە هێمای بۆئەوەشکرد "کەرکووک بەشێکە لە کوردستان و ئامانج گرتنی ئەو شارە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانه، هاووڵاتیانی ئەو شارەش، هەست بەوەدەکەن جولاندنی ئەو کەتیبە ئامانجی گرتنی ئەوانە".