2012-05-12

داوا لە هەموو ئەو گرووپانە دەكەین خۆ هەڵوەشێننەوە و هەموو چەشنە قسەكردن و دژایەتی و هێرشێك لەسەر لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هاوپەیمانانمان و بەشێوەیەكی تایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڤاڵانی خۆیان ڕاگرن. پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبێكی كوردستانیی بەربڵاوی نێو جوگرافیایەكی فراوانە. حزبی نەتەوە و ئایین و ئایینزا و شوناس و ئاراستە و دیدی جیاجیای كۆمەڵگەیە. حزبی نەوە یەك لەدوایەكەكانە بە هەموو جیاوازییەكانی نێوانیانەوە. سەرەڕای ئەوەش بەهۆی هۆكارگەلێكی مێژوویی و سەركردەیی و پێكهاتەیی، لەڕووی یەكێتی نێوخۆیی و رێكخراوەیی و دیسپلنەوە بە رادەیەك تۆكمە و توندوتۆڵە كە ئەم خەسڵەتە یەكێك لە سیما جیاكەرەوە سەرەكییەكانییەتی لە ژیانی سیاسی كوردستاندا. هەرئەمەیش یەك لە نهێنییەكانی مانەوە و بەردەوامیی ئەم حزبەیە كە توانیویەتی قۆناغ و دۆخی یەكجار سەخت و دژوار ببڕێ و لە رۆژگاری خەباتی پێشمەرگایەتیدا لە ریزی پێشەوەی تێكۆشەرانی رێی رزگاری و ئەمڕۆش لە ریزی پێشەوەی بزاڤی بونیاتنان و گەشەپێدانی كۆمەڵگە و نیشتمان و دۆزە ڕەواكانی میللەتدا بمێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە ماوەیەكە لە رێی فەیسبووك و تۆڕەكانی دیكەوە، خەسڵەتی تۆكمەیی نێوخۆیی پارتایەتی كەوتۆتە بەر هەڕەشە و شێواندن. بە ناو و نازناوگەلێكی وەك گرووپی بارزانیزم و گرووپی بارزانی و گرووپی دڵسۆزانی پارتی و گرووپی گەنجانی پارتی و تا دەگاتە گرووپی دڵسۆزانی هەڤاڵ فڵان و گرووپی لایەنگرانی هەڤاڵ فیسار و ... هتد، چەندین گرووپ و دەستە پەیدابوون و دوور لە ڕێنوێنی و ئاراستە و سیاسەتی ڕەسمی پارتیمان، هەریەكە و بە جۆرێك و بە ئاراستەیەكدا ئیش دەكەن و لە بری پارتی هەڵوێست وەردەگرن و شەڕی سەر تۆڕی فەیسبووك بەرامبەر لایەنە كوردستانییەكان و حزبە هاوپەیمانەكانمان و تەنانەت هەڤاڵانی پارتیشمان بەرپادەكەن و گوتاری جیاواز و ناكۆك بە پرۆگرام و هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی پارتی لەنێو خوێنەراندا بڵاودەكەنەوە و سەرئێشە و گرفت بۆ پارتی و هەڤاڵانمان دروست دەكەن. پارتی هەمیشە لای خەڵكی كوردستان وەك حزبێكی یەكدەنگ و یەكهەڵوێست و یەكگرتوو ناسراوە و هەرواش مامەڵەی لەگەڵ كراوە، بۆیە دیاردەی گروپ گروپێنە و هەڵوێستوەرگرتنی تاكەكەسی بە هەموو پێوانەیەك نامۆیە بە پارتی و گوزارشت لە هیچ جۆرە پێشكەوتن و كرانەوە و فراوانبوونێك ناكات لە كاری رێكخراوەییدا. ئەم گروپانە و ئەوەی ئەم و ئەو هەڤاڵ لە فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەینووسن و بڵاویدەكەنەوە، ناچنە خانەی كاری جەماوەریشەوە، چونكە ئەو بوارەش لە پێڕەوی پارتیدا پێناسە و شێوازی كاركردنی خۆی هەیە. هەروەها گوزارشت لە دیموكراسیی نێوخۆییش ناكەن، چونكە دیموكراسیی نێوخۆیی ڕێوشوێنی ڕێكخراوەیی هەیە كە لە ریزەكانی پارتیدا پەیڕەوی لێدەكرێ. بارزانیی نەمر موڵكی هەموو خەڵكی كوردستان و بزاڤە ڕزگاریخوازەكەیەتی، پێویستی بە گرووپ و دەستەوتاقم نییە بناسێنرێ یان داكۆكی لە رێبازەكەی بكرێ، بەڵكو بە پێچەوانەوە بەم گرووپ گرووپێنەیە بە ناوی ئەو سەركردە و ڕابەرە مەزنە نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، زیان بە رێبازەكەی و پێگەی مێژوویی ئەو دەگەیەنرێت. ئەم دیاردەیە و هەموو لێكەوتەكانی جێی نیگەرانی و ناڕەزایەتی پارتیمانە. هیچ یەكێك لەو گروپ و دەستانە و هیچ یەكێك لەو قسە و رایانەی دەریدەبڕن گوزارشت لە پارتی دیموكراتی كوردستان ناكەن و ناكۆك و دژن لەگەڵ مێژوو، ئاكاری سیاسی و پرینسیپەكانی رێكخراوەیی و شانازییەكانی پارتیمان و زیانییان پێدەگەیەنن. بۆیە بەم ڕاگەیەنراوە داوا لە هەموو ئەو گروپانە دەكەین خۆ هەڵوەشێننەوە و هەموو چەشنە قسەكردن و دژایەتی و هێرشێك لەسەر لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هاوپەیمانانمان و بەشێوەیەكی تایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڤاڵانی خۆیان ڕاگرن. لە دوای ئەم راگەیەنراوەوە هەموو كار و كردەوەیەكی لەو جۆرە لەسەر رووپەڕی فەیسبووك و هەر ئامڕازێكی دیكە جێی قبوڵ نابێت و رێكار و ئیجرائاتی دیسپلینی پارتایەتی بەرامبەر سەرپێچیكەران دەگرینە بەر.

 

ئیتر بۆ پێشەوە لەپێناوی تۆكمەتركردنی پێگەكانی پارتیمان و برەودان بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی و یەكگرتوویی فیكر و مومارەسەی پارتایەتی و دروستكردنی فەزا و پانتاییە راستەقینەكانی ئازادی و جیاوازی بیروڕا لەناو پارتیماندا بەپێی رێكار و دیسپلینەكانی كاری رێكخراوەیی.

 

مەكتەبی سیاسیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

12-5-2012

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌