| حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی تۆمەتەكانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەربارەی بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستان ڕەتدەكاتەوە |
2012-05-12 |
 |
|
|
ماوەیەكە ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران لێدوانی جۆراوجۆرو بێ بنەما دەدەن سەبارەت بەوەی كە گوایە هەرێمی كوردستان بۆتە بنكەی مەشقپێكردن و شوێنی چالاكی سیخوڕەكانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل. بێگومان ئەوە جاری یەكەم نییە كە هەندێ لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ هیچ بەڵگە و هۆكارێك ئەم جۆرە لێدوانە بێ بنەمایانە بڵاودەكەنەوە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێ چیتر لەبەرامبەر بەردەوام بوونی ئەو تۆمەتانە بێدەنگ بێت، بۆیە لێرەدا بۆ ڕای گشتی دووپاتی دەكەینەوە كە مەسەلەی بوونی بنكە و بارەگای ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستان دوورە لە راستی و تەواوی ئەو تۆمەتانە بە توندی ڕەتدەكەینەوە. هەرچەندە دڵنیاین كە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران خۆشیان ئەو راستییە باش دەزانن كە هەموو ئەو لێدوانانە دوورن لە ڕاستی، چونكە لە كۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران ئێمە داوای پێشكەشكردنی بەڵگەمان كردووە، بەڵام ئەوان تاكو ئێستا نەیانتوانیوە بەڵگە پێشكەش بكەن و ڕاستی قسەكانیان بسەلمێنن. هەرێمی كوردستان پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتی و بنەما دیپلۆماسییەكان، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتنی دوولایەنە بێت. هەر لەم ڕوانگەوە، هەرێمی كوردستان خاوەن سیاسەتێكی دروستە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی درواسێ و ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەكان دەگرێت و ڕازی نابێت خاكی هەرێمی كوردستان بۆ دژایەتیكردنی وڵاتانی دراوسێ بەكار بێت، هاوكات ناخوازین هیچ لایەك دەست بخاتە نێو كاروباری لایەكەی دیكە. بێگومان ئەم جۆرە لێدوانانە هیچ خزمەتێك بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی دراوسێ ناكات. هاوكات هەوڵێكە بۆ تێوەگلانی هەرێمی كوردستان لە ململانێی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل، كە ئێمە بە هیچ جۆرێك ناخوازین ببینە بەشێك لە ململانێی لەم جۆرە. بۆ دەرخستنی راستییەكان داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێراقی فیدڕاڵ دەكەین كە داوای بەڵگە لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن تاوەكو راستییەكان بۆ هەمووان ئاشكرابێت و چیتر ئەم جۆرە تۆمەتە بێ بنەمایانە لەسەر زاری هەندێ لە بەرپرسانی ئێران بڵاونەكرێنەوە. هیواخوازین، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران وەك چۆن لە دیدار و كۆبوونەوە فەرمییەكان نیازی خۆیان بۆ پەیوەندیی پتەو لەگەڵ هەرێمی كوردستان و تەواوی ئێراق دووپاتدەكەنەوە، ئاوا رێز لە پرەنسیپەكانی پەیوەست بە پەیوەندیی دیپلۆماسی بگرن و رێگە لە لێدوانی بێ بنەما بگرن، چونكە كاتی ئەوە هاتووە سنوورێك بۆ ئەم جۆرە لێدوانە بێ بنەما و دوور لە راستیانە دابنێن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان
12/5/2012
|
| |
|
|
|