2010-06-29

ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی پارتی بۆ  خه‌بات : هەندێك میدیای بەناو ئەهلی لەبناغەدا ئاراستەكراون و ئامانجی سیاسیان لەپشتەوە هەیە چاویان بەو پێشكەوتنانە هەڵنایەت كە پارتی لەئاستی حوكمڕانی و جەماوەری و دیپلۆماسی بەدەستیهێناوە

 

خەبات- ئاسۆ عەلی فەرەج:

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە لە پاڵ نوێبوونەوەی خۆیدا گرنگی و بایەخی بە جەماوەریی بوونی خۆی داوە، لە دەڤەری گەرمیانیش لە قۆناغێكی نوێیەوە دەیەوێت درێژە بە رەوتی خزمەتكردن بەو ناوچەیە بدات، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، پارتی بە كردەوە سەلماندوویەتی خەمخۆری خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانە.

 

ئەكرەم ساڵح حەمە بەرپرسی نوێی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەی زەرورەتی نوێبوونەوەی پارتی و دوای گۆڕانكاری لەهەیكەلی چەند لقێكدا ئاماژەی بەوە دەكات، ئەگەر خوێندنەوەیەك بۆ مێژووی پڕسەروەری پارتی بكەین لەماوەی 64 ساڵی تەمەنیدا دەبینین پارتی بە لە بەرچاوگرتنی قۆناغەكانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەپێی هەلومەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان و پێشهاتە ناوچەیەكان و نێودەوڵەتیەكان بەردەوام هەوڵی خۆنوی كردنەوەی داوە، توانیویەتی هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی سەردەمدا بڕوات و پەیڕەوی پرۆگرامێكی تۆكمە و سیاسەتێكی عەقڵانی بكات كە لەگەڵ ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتنی هزری سیاسی و میللی خەڵكی كوردستان بگونجێت، هەربۆیە پارتی سەرەڕای هەموو ئەو پیلان و هەوراز و نشێویەی كە ڕووبەڕووی بۆتەوە لەتەمەنی پڕ لەخەباتیدا توانیویەتی سەنگ و پێگەی خۆی لەئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتی بپارێزی و تاكو ئێستاش خاوەنی فراوانترین بنكەی ڕێكخستن و جەماوەری بێت لەكوردستاندا.

ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی پارتی تەئكیدی لە رەگ و ریشەیی رێكخستنی پارتی لەگەرمیان كردەوە و لەوبارەیەوە بە خەباتی راگەیاند، ئەڵبەتە لەقۆناغی ئەمڕۆشدا بارودۆخی كوردستان پێشكەوتنی گەورەی لەبوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەخۆوە بیناوە، هەربۆیە خەڵك چاوەڕوانی دەسكەوتی زیاتر لەپارتی دەكات لەسەرتاسەری كوردستاندا،خۆشبەختانە پارتی بەبەرپرسیارێتیەوە دەرك بەگرنگی ئەم قۆناغە دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش تایبەتمەندی هەرناوچەیەك لەبەرچاو دەگرێت و ئەو ئاڵوگۆڕەی لەلقەكانی پاریزگای سلێمانی و گەرمیانیش ئەنجامدراوە هەر لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە پارتی لەم دەڤەرە ڕیشەیەكی بەهێزی رێكخستن و جەماوەری هەبووە، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و ئیداری ئەم ناوچەیە لەم ساڵانەی دوایدا پاشەكشێیەك بەدیدەكرێت، ئەمەش پێویستی بەهەڵوێستەكردن و خۆڕێكخستنەوەو شۆڕبونەوەی زیاتر هەیە بۆ ناو جەماوەری ئەم سنورە بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت ئەو بۆشاییەی كە دروست بووە نەیهێڵین. بێگومان ئەمەش پێویستی بەبایەخدانی زیاتری سەركردایەتی پارتیمان و كاری جدی و مەیدانی لق و ناوچەو ڕێكخراوەكان هەیە.

ناوچەی گەرمیان لەچاو ناوچەكانی دیكەی كوردستان جیاوازە بەهۆی ئەو قوربانیە زۆرەی داویەتی، پارتی ئێستا دەیەوێت چی بۆ ئەو ناوچەیە بكات؟ ئەم پرسیارەمان رووبەڕووی بەرێز ئەكرەم ساڵح حمە بەرپرسی لقی 22ی گەرمیان كردەوە، ناوبراو وێڕای نیشاندانی بارودۆخی پێشووتری ئەم ناوچەیە ئاماژەی بەوەشكرد، لەبەرئەوەی ناوچەی گەرمیان لەسەر هێڵی ڕووبەڕووبونەوە بووە لەگەڵ ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی ئێراق، دەتوانین بڵێین یەكەمین ناوچەشە لەڕووی قوربانیدانی خەڵكەكەی و سوتماكردنی خاكەكەیەوە، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆری خەڵكی ئەم ناوچەیە لەژێر هێڵی هەژاریەوەبن و ژمارەیەكی زۆری پاشماوەی قوربانیانی كارەساتی بەدناوی ئەنفالیش دانیشتووی ئەم ناوچەیەن، بۆیە هەر چیەك بۆ ئەم ناوچەیە بكرێت هێشتا كەمە و هەوڵدەدەین تەواوی توانای خۆمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بەشێك بین لەچارەسەری گیروگرفتە خزمەتگوزاری و كۆمەڵایەتیەكانی ئەم دەڤەرەو هەروەها پردێكی بەهێزبین بۆ گەیاندنی داخوازییە ڕەواكانی ئەم ناوچەیە بەپەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئاوڕی زیاتریان لێبدرێتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە تێڕوانینی نوێبوونەوەی خۆی بەستۆتەوە بە توێژی گەنجان لە پاڵ توێژەكانی دیكە، لە بەرێز ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی پارتیمان پرسی، گەنج چاوی بڕیوەتە ئەم جۆرە هەنگاوانەی پارتی، ئێوە بەرنامەتان چیە بۆ كرانەوەی زیاتر لەبەرامبەر گەنجاندا؟ ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، كێشەی گەنج یەكێكە لەگیروگرفتەكانی كۆمەڵگەی كوردی لەقۆناغی ئەمڕۆدا كەزیاتر خۆی لەداخوازی فراهەمكردنی ژیانێكی باشتر و ڕەخساندنی دەرفەتی كار دەبینێتەوە، ئەڵبەتە ئەم كێشەیە لایەنێكی پەیوەستە بەئاستی بیركردنەوەو پێگەیشتنی ئەم نەوەیە لەڕووی ئینتیماوە بۆ نیشتیمان لەلایەكی دیكەوە پەیوەستە بەڕادەی ئاوڕدانەوەی حكومەت و حزب بۆ داخوازییەكانی گەنج و ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی كۆمەڵگا بەشێوەیەكی تەندروست، كە لەئاست پێشكەوتنەكانی دنیاو خواستەكانی ئەم نەوەیەدابێت، ئێمە لای خۆمانەوە هەموو توانامان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان نەوەی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕن ڕێكبخەینەوە تێگەیشتنێكی هاوبەش و واقیعی بەرجەستە بكەین كە لەبەر ژەوەندی هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆی كوردستاندا بێت، هەروەها بایەخدان بەرێكخراوە جەماوەرییەكان و رێكخروەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەولەویەتی كارەكانمان دەبیت، لەهەمانكاتدا هەوڵدەدەین بایەخێكی زیاتر بدەین بەبەدیهێنانی خواستەكانی گەنج و فەراهەمكردنی پێویستی و داخوازییەكانیان لەهەموو بوارەكاندا تائەو ئاستەی هەست بەئاسودەیی بكەن.

بەهۆی وێرانی ناوچەكانی گەرمیانەوە، هەمیشە خەڵكی ئەو دەڤەرە چاوی بڕیوەتە پرۆژە جۆراوجۆرەكان، لە پرسیارێكی خەباتدا رووبەڕووی بەڕێز ئەكرەم ساڵحمان كرد لەبارەی میكانیزم و ستراتیژیەتی پارتی بۆ خزمەتكردنی قوربانیانی ئەنفال لە سنوری گەرمیان و كاری ئەوان، ناوبراو هەڵوستەیەكی گرنگی لەبارەی سەلماندنی خەمخۆری پارتی بۆ ناوچەكە كرد و گوتی: پارتی بەكردەوە سەلماندوویەتی كەهەردەم خەمخۆری خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانە هەمیشەش جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی جەخت لەم لایەنە دەكاتەوە خۆشبەختانە لەگەرمیان بۆ یەكەمجار لەسەردەمی كابینەی پێنجەمداو بەبڕیاری ڕێزدار كاك نێچیرڤان بارزانی پرۆژەی دروستكردنی خانوو بۆ كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال دەستیپێكرد و لەماوەیەكی كەمدا پرۆژەكە كەوتە بواری جێبەجێ كردنەوە و1111 خانوو بۆ پاشماوەی قوربانیانی ئەنفال دروستكرا. ئەمە سەرەڕای تەرخانكردنی200 ملیۆن دۆلار لەلایەن بەڕێزیانەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی گەرمیان بەتایبەتی بۆ بوارەكانی پەروەردەو تەندروستی و ڕێگاوبان و پرۆژەی خزمەتگوزاری گشتی، خۆشبەختانە ئەم بەرنامەیە لەسەردەمی كابینەی شەشەمیشدا بەردەوامی هەیە و هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت هیچ خانەوادەیەكی ئەنفال بێ خانوو نەمێنێت و گەرمیانیش لەئایندەیەكی نزیكدا بووژانەوەیەكی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.

ماوەیەكە چەند میدیایەك كەوتوونەتە وێزەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەتی دوای سەركەوتنەكانی پارتی، لەمباریەوە لە بەڕێز بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستانمان پرسی، ناوبراو ئاشكرایكرد ئەو میدیانە لە بنەڕەتەوە بۆ دژایەتیكردنی پارتی دروستبووە و گوتی: هەندێك میدیای بەناو ئەهلی كەلەبناغەدا ئاراستەكراون و ئامانجی سیاسیان لەپشتەوە هەیە چاویان بەو پێشكەوتنانە هەڵنایەت كە پارتی لەئاستی حوكمڕانی وجەماوەری و دیپلۆماسی بەدەستیهێناوە، هەربۆیە وەك هەمیشە هەوڵدەدەن بەردەوام ڕاستییەكان ئاواژوو بكەن و بەشێوەیەكی دوور لەڕاستی و بۆ مەرامی تایبەتی خەڵك چەواشە بكەن. ئەگەرنا هێشتا ئەو گۆڕانكاریانە لەسەرەتادایە نابێت هەر لەئێستاوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، بێگومان ئەو گۆڕانكاریانەش لەئەنجامی دراسەتێكی وردی حزبی كراوەو چاوەڕوانی ئەنجامی باشی لێدەكریت ئایندەش ئەم ڕاستیە بۆ هەموو لایەك ڕوون دەكاتەوە.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌