2012-06-23


دیمانە: سانا هێمن
هونەرمەند ماهیر حەسەن ئه‌كته‌رێكی دیارە لە كۆمێدیای كوردی دا، چ لە شانۆ چ لە بواری درامادا، لەو ماوەیەدا لە پاڵ دوو هونەرمەندی دیكە لە لایەن هوتێلی چوار چراوە رێزی لێندرا، لە دەرفەتێكا ماهیر حەسەنمان بینی و لێمان پرسی.
• كۆمیدیای كوردی له‌ چ ئاستێكدایه‌ و تاچه‌ند كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ بينه‌ری شانۆو درامای كۆمیدی ده‌كات؟
- كاری كۆمیدیا كارێكی هه‌روا ئاسان نییه‌، كه‌م كه‌س هه‌یه‌ بتوانێت خۆی له‌ قه‌ره‌ی هونه‌رمه‌ندی كۆمیدی بدات، به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌ بایه‌خێكی ئه‌وتۆی پێ نه‌دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوازێكی زانستی كاری بۆ بكرێت، هه‌ندێ جار هه‌ر له‌ناو هونه‌رمه‌ندان جۆره‌ ته‌فسیرێكی تری بۆ ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین هونه‌رمه‌نده‌ كۆمیدییه‌كان  به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، ئێمه‌ش توانایه‌كی باشمان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا ئه‌و توانایه‌ وه‌ك پێویست به‌كارنه‌هاتووه‌، یان كار بۆ ئه‌وه‌نه‌كراوه‌ كه‌ كۆمێدیا به‌ئه‌كادیمی بكرێت، ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌ك هه‌بێت بۆ له‌ ئامێز گرتنی هونه‌رمه‌نده‌ كۆمێدییه‌كانمان ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌م بواره‌ هیچمان له‌وڵاتانی تر كه‌متر نییه‌ ، ئه‌وه‌تا له‌ڕێگای كۆمیدیاوه‌ ده‌توانین زۆر به‌ساده‌یی ئامانجه‌كانمان بپێكین، باوه‌ریش ناكه‌م هیچ سانسۆرێكمان له‌سه‌ربێت، ده‌توانین له‌ڕێگای كۆمیدیاوه‌ هه‌رچی ڕه‌خنه‌یه‌ك هه‌یه‌ بیگرین, ئه‌وه‌تا ڕه‌خنه‌مان له‌ده‌سه‌ڵاتیش گرتووه‌ كه‌موكورتیه‌كانمان باس كردووه‌، په‌نجه‌مان خستۆته‌ سه‌ر زۆر له‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام كاتێ باس له‌گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ین، مه‌به‌ست هه‌ر ته‌نها به‌س داموده‌زگا حيزبی و حكوومی نین، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگاش به‌شێكه‌ له‌ كه‌مووكوڕییه‌كان،
بۆیه‌ ئێمه‌ ئازایانه‌و ئازادانه‌ كارمان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، خه‌ڵكیش به‌سینگێكی فراوانه‌وه‌ كاره‌كانمان وه‌رده‌گر، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ جه‌ماوه‌رێكی باشی هه‌یه‌.
• پڕۆژه‌ی ئاینده‌ی تپیی ڕه‌نگاڵه‌ له‌بواری پێشكه‌شكردنی شانۆدا چییه‌؟
-  13 ساڵه‌ تپیی ڕه‌نگاڵه‌ ساڵانه‌ به‌رهه‌می هه‌یه‌، ده‌مانه‌وێ به‌رهه‌مه‌كانمان كورت و پوخت بێت، نه‌ك به‌رهه‌می زۆر و بۆر، بۆیه‌ خۆشبه‌ختانه‌ تیپی هونه‌ری ڕه‌نگاڵه‌، كه‌باس له‌قه‌یرانی شانۆ ده‌كرێت ئه‌و ڕسته‌یه‌ی وه‌لاوه‌ ناوه‌، ده‌ری خستووه‌ كه‌بینه‌ری شانۆ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا چ پێشكه‌ش به‌بینه‌ر ده‌كه‌ی، له‌چ ده‌وروو زروفێكدا له‌چ سه‌رده‌مێكدا تاكو ئه‌ویش لێتی وه‌ربگرێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانمانه‌.
13 به‌رهه‌ممان پێشكه‌ش كردووه‌و له‌ماوه‌ی (3-4) مانگدا نزیكه‌ی چل، په‌نجا هه‌زار بینه‌ر ئاماده‌ی بوونه‌، ئه‌گه‌رچی تیپه‌كه‌مان هیچ یارمه‌تی و پشتگیرییه‌كمان له‌هیچ لایه‌نێكه‌وه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو خۆمان ته‌مویلى كاره‌كانمان ده‌كه‌ین.
• له‌كام ڕۆڵی درامای ته‌له‌فزیۆنیدا تێنوویه‌تیت له‌كه‌سایه‌تیه‌كه‌ت شكاوه‌, يان له‌ناو خه‌ڵكیدا زیاتر به‌كام كه‌سایه‌تی ناسراوی؟
- كاتێك له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان بووم كاری كۆمێدیم ده‌كرد، به‌ڵام جیاواز له‌هه‌موو كاره‌كانم به‌شداری كردنم بوو له‌ زنجیره‌ درامای (گه‌رده‌لوول), كه‌ ڕۆڵی عه‌باسه‌ فه‌ندیم بینی، زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندو ده‌رهێنه‌ره‌كانمان بڕوایان نه‌ده‌كرد هونه‌رمه‌ندێكی كۆمێدی وه‌ك من له‌ تراژیدیاشدا سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست بێنم.
 • پێتوایه‌ ئه‌مڕۆكه‌ هونه‌ر نانی هونه‌رمه‌ند بدات؟ یاخود هونه‌ر هه‌ر ته‌نها له‌پێناو ئیسپات وجوده‌؟
حه‌زده‌كه‌م هونه‌رمه‌ندان ئه‌وه‌ بزانن، باوی ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ هیچ كاتێك هونه‌ر بۆ ئه‌وه‌ بێت به‌مافی خۆت كاربكه‌یت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نیم هونه‌رمه‌ند چاوه‌ڕێی ده‌زگاكانی حكوومه‌ت بێت، هونه‌رمه‌ند ده‌بێت به‌ توانای خۆی و هونه‌ره‌كه‌ی داهات به‌ ده‌ست بێنێت، ئه‌و زه‌وق و سه‌لیقه‌یه‌ی هه‌بێت كه‌بینه‌ر ده‌یه‌وێ، كه‌تۆ نه‌توانی بینه‌ر بۆ خۆت ڕابكێشی، ئه‌وكاته‌ كاره‌كانت لاواز ده‌بێت و ده‌سكه‌وتی نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵت دا له‌حه‌زو خواستی بینه‌ره‌كه‌ت تێ بگه‌یت ئیتر وای لێدێت كاره‌كانت ورده‌ ورده‌ خانه‌ی كارێكی بازرگانی، بازرگانیه‌ك به‌مانای هونه‌ری، چونكه‌ له‌هه‌موو دنیادا ئه‌وه‌ هه‌یه‌، من پێم باشه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ رێی كاره‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانییه‌وه‌ خۆی ته‌مویلی خۆی بكات، داواكارم حكوومه‌ت نه‌یه‌ڵێ مافی هونه‌رمه‌ند به‌فیڕۆ بڕوات، بۆ نموونه‌ گۆرانیبێژێك سیدیه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ مافی پارێزراو بێت

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌