2012-07-07

دوای ئەو نوێبوونەوەیەی كە بەسەر شێوازی هونەری و ناوەڕۆكی شیعری كوردی لەسەر دەستی شاعیرانی روانگە هات، یەكسەر و پاش ساڵانی 1975 دوابەدوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلول، باری سیاسی و دۆخی دەروونی تاكی كورد جۆرە رەنگ و سیمایەكی خەمناكی پۆشی، سوولێبوونەوە لەو شۆڕشە مەزن و بەرچاوەی گەلی كورد لە باشووری كوردستان كە بە ناڕەوا بەپیلانی دوژمنان كە بەپیلانە ڕەشەكەی جەزائیر ناوزەد كراوە كپ كرا، وای لە كەش و هەوای ئەدەب بەتایبەتیش شیعری كوردی كرد، بەرەو ئاقاری بەرەنگاربوونەوە (مقاومەت) هەنگاو هەڵێنێ، بەدەیان شاعیر و بەهەزارەها دەقی شیعریمان لەبەردەستە بەرجەستەی ئەو بارودۆخەیان كردووە، شیعر ڕەنگی گوللە و بارووت و خوێنی گرتبوو، شاعیران توڕەییان پێوە دیاربوو، خوێنەری كورد بەرێژەیەكی یەكجار زۆر حەزیان لەمجۆرە شیعرانە دەكرد كە ئاگری ناخیان جۆشتر بكات و بڵێسەكانی رووناكتر، بەدەیان كۆمەڵە شیعری شاعیرانی وەك عەبدوڵڵا پەشێو، شێركۆ بێكەس، لەتیف هەڵمەت، محەمەد قادر جاف و هتد.. نموونەی شاعیرانی بەرگریكاری كورد بوون، جگە لەو شاعیرە لاوانەش كە تازە هاتبوونە نێو كایەی شیعرەوە و بەهەمان حەماسەتی شاعیرانی شیعری مقاومەت، درێژەیان بەو ماوە شیعرییە دەدا

دیاربوو هێندە شیعری جوان و نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی نووسران، هێندە شاعیران تێكەڵ بەو بابەتە ببوون، هێندە خوێنەر شیعری نەتەوەیی خوێندەوە، جۆرێك لە ئارەزووكردن بۆ ڕەنگ گۆڕین و ستایلی تازە مەیلی لەنێو ناخی شاعیرانی كورد داڕشت، سەرەتای هەشتەكان و لەگەڵ سەرهەڵدانی شیعری نوێخوازی جیهانیی و پەل و پۆ هاوێشتنی ئەمجۆرە شیعرە تازەیە، جا راستەخۆ لەرێگای رۆشنبیر و شاعیرانی كورد لەدەرەوە بەتایبەتیش لە ئەورووپا بووبێت، یان لەرێگای شیعری وەرگێڕدراوی زمانی عەرەی و توركی و فارسیەوە بووبێت، ئەو پەتا شیعریە گەیشتە كوردستانیش

ڕێگا خۆشكەر هەبوون وایان كرد شیعری نوێخوازی لای شاعیرانی ئێمە پەسەند و خۆشەویست بكەن، جگە لەوەی دنیای تەكنەلۆژیا و فراوانبوونی هزری كوردیش ئامادەگی هەبوو بۆ وەرگرتنی ئەم شەپۆڵە نوێیەی شیعر، خەڵكانێكی دۆست یان دوژمن ئەوانیش لەرێگای تابەتیەوە هانی شاعیران و خوێنەر و رۆشنیكرانی كوردیان دەدا. تێكەڵ بەو گڕانكارییە ستراتیژیەی ئەدەب ببن، ئەوەبوو هەوڵەكانی سەریان گرت و نزیك 10 ساڵێك شیعری مۆدێرن لەژێر ناونیشانی نوێخوازی بێت یان تەلعیبەكان یان هەر ناوێكی دیكە، وەك ئاگر لە پووش بەربێت ئەوها بڵێسەی چووە ئاسمان، لە هەموو لایەكەوە باس بووە باسی نوێخوازی و جۆر و ڕەنگ و دەنگ و ستایلەكان، هەر یەكێ بەجۆر و چەشنێك خۆی تێ هەڵقورتاند و بەجیدی بەدوایەوە رۆیشتن، سەدان شاعیر و سەدان كۆمەڵە شیعری لەم چەشنە بابەتە كەوتە كتێبخانەكان، ئەگەر لەسەرەتا لای هەندێك شاعیر مەسەلەكە ئەوها بە جیدی و بەقۆناغێكی مێژوویی سەیر نەدەكرا، بەڵام لەئاكام هەشتاكانی سەدەی رابردوو لە مێژووی شیعری كوردیماندا بەو ناوە جێگای خۆی گرتووە و بەدەیان شاعیریش كوڕی ئەو قۆناغەن و لە منداڵدانی ئەو قۆناغەوە سەریان دەرهێنا، لەوانەش ئەنوەر مەسیفی و سەباح رەنجدەر و هاشم سەراج و كەریم دەشتی و دڵشاد عەبدوڵڵا و بەختیار عەلی و نەژاد عەزیز سورمێ و ئەحمەدی مەلا و بۆتان جەلال و مەسعود پەرێشان و سامان دزەیی و جەمال خەمبار و چەندانی دیكەش

ئەگەرچی ئەو قۆناغە تا ئەمڕۆش رەنگدانەوەیەكی تۆخی لەسەر شیعری كوردستانی باشوور جێهێشتووە، هەندێك لەو شاعیرانەش كە چۆن لەسەرەتاوە بەبایەخەوە سەیریانكردبوو، ئێستەش بەردەوامن و باوەڕێكی تەواویان بەوە هێناوە كە لەسەر رێگایەكی راست و دروست رۆیشتوون و بە چاكترین جۆری شیعری دەبینن كە توانیبێتی بەرجەستەی خەون و ئاواتەكانیان بكات و خەیاڵەكانی خۆیانیان پێی نووسبێتەوە، ناشكرێ ئەو راستییە نكوڵی لێ بكرێت ئێمەی كورد لەو ستایلە شیعرییەدا زۆر جوان لاساییكەرەوەیەكی شیعری نوێخوازی ئەورووپی و ئەمەریكی و عەرەبی بووین، بەڵام لەپاڵ ئەوەش داهێنانمان كرد، بەدەیان قەسیدەی زۆر هونەری و جوان و بەچێژ، نووسراون

دیسان گۆڕانكاریەكانی تەكنەلۆژیا و بواری سیاسەت و هاتنە پێشەوەی چەندین كایەی تازەگەری لەنێو كۆمەڵگادا، كاریگەریان بەسەر كۆمەڵگای كوردیش جێهێشت، هەر جۆرێك لە گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و سیاسی، بێگومان كاریگەری بەسەر ئەدەب دەمێنێ و رێڕەوی ئەدەبیش بەرەو خۆی ئاڕاستە دەكات، دنیای ئینتەرنێت و جۆرەها فیلمی سینەمایی و ڤیدیۆیی و كەناڵە جۆراوجۆرەكان ئەوانەی خەڵك بەرەو دنیای چێژ و جوانی و لەززەتكردن لە ئافرەت و سێكس دەبەن، كاریگەری بەسەر هزر و هۆش و ناخی شاعیران و ئەدەبیاتی ئێمەش قووڵ كردۆتەوە، هێواش هێواش لە نوێخوازیەكی توندو ئاڵۆزەوە هەندێك لە شاعیرانمان بەرەو فەزای رۆمانسیەت و شەفافیەت لە دەربڕینە شیعریەكانیان هەنگاوەكانیان دەست پێكرد، دەیان دەقی شیعری ناسك و شەفاف نووسران، ئەمە كۆتایی بە ئارەزووەكانیان نەهێنا، بگرە زیاتر و چڕتر و قووڵتر بە رەگاژۆبوونی دنیای شیعری شەفافیەت چوون، ئافرەت و سێكس و مەی و جوانییەكانی دیكەی سروشت پەلكێشی كردن، ئەمڕۆ ژمارەیەك لەو شاعیرانەمان زۆر جوان تێكەڵ بەو ستایلە بووینە كە بەستایلی ئیرۆتیكی لەشیعر ناوزەدكراوە، ئەم ستایلە جیهانییە و ئەمڕۆ كە لەسەرتاپای ئەدەبیاتی میللەتانی دنیا سەری هەڵداوەتەوە، دیارە پێویست بوون بەو جۆرە شیعرە لە ئەمڕۆكەدا پێویستبوونێكی زەرورییە  مرۆڤ بەرامبەر بەو ئاڵۆزیەی كە تەكنەلۆژیا باڵی بەسەر هەست و نەست و سۆزی ناسك و شەفاف ئەگەرچی بەتەواوی لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگای كوردی بە جوانی و تەندروست هەرس نەكراوە، لێرەو لەوێ خەڵك هەن دژی دەوەستن و بەكارێكی ناشایستەی لەقەڵەم دەدەن و هەندێ جاریش شاعیران بنووسی ئەمجۆرە شیوانە پەلكێشی دادگا دەكرێن و شكایەتیان لێ دەكرێ و ریسوا دەكرێن، بەڵام بەرامبەر بەوەش جێپەنجەی ئەو شاعیرانە لەسەر مێشك و هەست و ناخی خوێنەران ماوەتەوە، دەبینین لەلایەن چەند شاعیرێكەوە خەریكە ئەمجۆرە شیعرانە رەگ دادەكوتێ و خوێنەری لێ كۆدەبێتەوە و بە مەقبوڵ سەیر دەكرێ، شیعرەكانی فەرهاد پیرباڵ و زانا خەلیل و قوبادی جەلی زادە و هاشم سەراج و چەندانێكی دیكە مژدەن بۆ تۆماركردنی قۆناغێكی تازەی شیعری كوردی بەناوی شیعری ئیرۆتیكی كوردی، چەندین شاعیری دیكەش پەلەقاژەی ئەمجۆرە شیعرانەیان لێ هەڵستاوە دەیانەوێ بێنە ناو گۆڕەپانەكە، تا بە تەواوی وەك قۆناغێكی دیكە و تازە لەشیعری كوردی نەسەپێندرێت، ناكرێ بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت، ئەوكات جارێكی دیكە چ بەخۆم یان توێژە و رەخنەگرانی دیكە دێنەوە سەر ئەم باسە بە نرخە، كە مایەی لێكۆڵینەوە و تیشك خستنە سەرە، ئەوەی جێگای بایەخپێدانە سەبارەت بە شیعری ئیرۆتیكی كوردییەوە، تەماشا دەكەین لەم ساڵانەی دواییدا ئەمجۆرە شیعرە لای ئافرەت و كچانی كوردستانەوە زۆر قووڵبونەتەوە و چەند شاعیرێكی ژن جەربەزە و ئازایانە لەرێگای شیعرەكانیانەوە داوای ئازادی ئافرەت ومافەكانیان دەكەن و وێنای ژیانی ئافرەت بەگشتی و خودی خۆیان زۆر وردانە و دڵسۆزانە دەخەنە ڕوو، نموونەی ئەم شاعیرە ژنانەش(دڵسۆز حەمە، نالە عەبدولڕەحمان، نیگار نادر، كەژاڵ ئەحمەد، ئاوێزان نوری، رۆژ هەڵەبجەیی، چۆمان هەردی، ژاوێن شاڵی، شەرمین وەلی، چنوور نامیق، سارا عومەرهتد

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌