2012-07-07

ژيلا كريمى

بە هەزار بەدبەختی و چەرمەسەری لەگەڵ هاوسەر و تاقە كوڕەكەم، بە متمانە بە دوو قاچاخچی كە پێیان ناساندبووین رێگەی هەرێممان گرتە بەر. لە رێگە كەوتینە بۆسەی گەورە جاشی ئەوكات و بە هەڕەشە و گوڕەشە دەمانچەی لێ بەرزكردینەوە. كوڕە قاچاخچییەكان، رێنوێنیانكردین كە خۆمان ئەسپەكان لێخوڕین و دەرچین، تا ئەوان فریا بكەون سەر لە جاشەكە بشێوێنن. من و كوڕەكەم سواری ئێسترێك بووین و هاوسەرم و جانتاكان لەسەر ئەسپێكی دیكە. هەر چۆنێك بوو لە بۆسەی جاشەكە دەرچووین وقاچاخچییەكان گەڕانەوە لامان. كە چاویان بە ئێمە كەوت تف لە دەمیان وشك بوو، هاواریانكرد مامۆستا نەجوڵێن. بەو پێیەی پێشمەرگە بووم و ئەو شتانەم بینیبوو، زوو هەستم پێكرد لە چ مەترسییەك داین. دەروروبەرمان هەموو مین بوو. ترسی لە دەسدانی ئازیزان بۆ ساتێك بەسەرمدا زاڵ بوو. قاچاخچییەكان گوتیان:(مەشڵەژێن، تا ئێستا بە دەیان كەسمان لێرە دەربازكردووە). زانیم هاوسەرم بە مەسەلەكەی زانیوە و بە هەردووكمان هەوڵمان دەدا كوڕە هەشت ساڵانەكەمان هەستی پێنەكات

ئەوانە قسەی موحسین بوو كە چوونە سەر و خوار لە قاندرمەكانی بەڕێوەبەرایەتی نیشینگە و سەفەر تەواو بێتاقەتی كردبوو

گوتی: (ببورە یەكسەر هەستمكرد كە پێویستم بەوەیە كەسێك گوێ لە قسەكانم بگرێت.) پرسیم بۆ وا بێتاقەتی؟ لە وەڵامدا گوتی: (ئەوا بۆ نۆ ساڵ دەچێت بە عەشق و ئاواتەوە هاتووم تا خزمەتی وڵات و نیشتمانی خۆم بكەم، بەڵام داخەكەم، هیچ كەس بە هاووڵاتیمان قبوڵ ناكات). ئێستاش دەبێت هەر شەش مانگ جارێك بۆ نوێكردنەوەی ئیقامە بێم بۆ ئێرە و سەروخوار بكەم و بە دەیان شانسی ژیان و كار لە كیس خۆم و خێزانم چووە

داوام لیكرد بەسەرهاتەكەی درێژە پێبدات

پرسی لە كوێ بووم؟ ئەها گوێ بگرە: بە ململانێكردن لەگەڵ ترس و شانس مەیدانە مینەكەمان تێپەڕاند. لە درێژەی رێگە ئاودیو بووین و كاتێك من لە ئێسترەكە هاتمە خوار و زەویم ماچكرد، نەرمە بزەیەك رواڵەتی هاوسەر و كوڕمی داپۆشاند. ئەوان بۆ یەكەمجار بوو سنووریان تێدەپەڕاند، بەڵام من خۆم دووجاری دیكە هاتبووم و ئاواتی ژیان لێرە، ئاواتێكی چەند ساڵەی ژینم بوو. دواجار كە تەنیا بووم نزیكەی بیست رۆژ مابوومەوە و بڕیاربوو بچمە شوێن خێزانم تا بەیەكەوە بین. هەواڵم بۆ هات ناومیان داوەتە سەرسنوور و زۆر بە گەرمی چاوەڕێمن تا بگەڕێمەوە و بمگرن، بۆیە بە ناچار بە سنوورێكی دیكەدا رۆیشتمەوە و نیوەشەو گەیشتمە جێ. كە چوومە ماڵەوە هاوسەرم واقی وڕمابوو! گوتم بە ماوەی دوو رۆژ هەرچی دەكەی، بیكە دەبێت بە زوویی بڕۆین. زانیم زۆر بۆی كوتوپڕبوو، بەڵام چارە نەبوو. دایكم چونكە لای ئێمە دەژیا زۆر بۆی زەحمەت بوو ماڵی لێبشێوێت و كەوتبووە حاڵەتێكی رۆحیی زۆر خراپەوە، ئەوداماوە قەت لە ژیانیدا ئارامی نەگرتبوو. سەردەمی شا باوكم بەو هۆیەی سیاسی بوو ماوەیەكی زۆر رایكردە عێراق و دایكم بە خۆی و دوو منداڵی سەرباری ماڵی برای بوو، پاش ماوەیەكی زۆر كە باوكم گەڕایەوە، تەبعید كراینە ناخۆشترین و بێ ئیمكانیاترین شاری ئێران و 5 ساڵ لەوێ مابۆوە. پاش رووخانی رژێمی شا دیسان باوكم و من كە ئەو كات 17 ساڵم بوو چووینە شاخ و شەرەفی پێشمەرگەمان پێبەخشرا و دیسان دایكم بە خۆی و كچێكی گەنج و كوڕێكی بچووك تەنیا مایەوە. خوشكم بە هۆی بارودۆخی نالەبار و لەترسی ئەوەی نەوەك لەبڕی باوك و برای بخرێتە زیندان و وەك كارتی فشار بۆ گرتنی من و باوكم بەكار بێت، بە شوودرا، بەپیاوێك كە 18 ساڵ لەخۆی گەورەتر بوو

ئاخێكی هەڵكێشا و گوتی: توخوا لێگەڕێ، ژیانی من بۆ فیلم و چیرۆك دەبێت، با پەرتەوازە نەبین و لە باسی خۆمان دەرنەچین

هەر وەك گوتم: لە سنوور تێپەڕین و خۆشبەختانە ئەو شەوە بەهەر شێوەیەك بوو هاتینە هەولێر. تەواوی ماڵ وژیانی 14 ساڵەم هەراج كردبوو و لە هەموو داهاتی دنیا هەزار و دووسەد دۆلارم پێبوو. دوای سێ مانگ لە هۆتێل مانەوە و بە هاوكاری هەرچی دۆست و هاوڕێ و ناسیاو بوو توانیمان خانوویەك بەكرێ بگرین. تەنیا توانیمان كەل و پەل و پێداویستی سەرەكی ژیان دابین بكەین و لە تەواوی ئەو ماڵە تەنیا مافورێكی دوازدە مەتریمان لە هۆڵە راخستبوو و تیایدا دەژیان. ئەو كات كارەبا تەنیا دووسەعات هەبوو و حەمام و ئوتی و ئەو كارانەی بە كارەبا دەكرا دەبوایە نیوەشەو بەخەبەر بێین و ئەنجامی بدەین، كەزیاتر لە ئەستۆی خێزانم بوو بە بێ ئەوەی بۆ یەكجاریش گلەیی بكات. دەمزانی خۆشەویستی ئەویش بۆ ئەو وڵاتە ئەگەر لە من زیاتر نەبێت كەمتر نییە

رۆژان تێپەڕین و ئێستا وا هەشت ساڵمان تێپەڕاندووە، هەرچەندە زۆر بە زەحمەت ژیانمان گوزەراند و من سەرەڕای ئەوەی لە زانكۆ دەمخوێند، بە ناچاری سێ كارم دەكرد. ئەوەی ئەمڕۆش هەر بە ئاواتییەوەم ئەوەیە كە ببمە هاووڵاتی و بتوانم لەو وڵاتە لە ژێر سەقفێك كە هی خۆم بێت ماڵ و منداڵم پەنا بدەم، بەڵام ئێستاش هەر بە قیست توانای شت كڕینم هەیە و یەك مەعاشمان بۆ خاوەن خانوو داناوە. لە هەر شتێك و هەلێكی پێشكەوتن كە لە داییرە درووست دەبێت، دیسان وەك بێگانە سەیر دەكرێم. باشە دیسان من توانیومە كارێكی جێگیرم بێت، هەرچەندە ناتوانم وەك پێویست و ئاسایی ژیان بەڕێ بكەم و تازە توانیومە بە قیستێك كە زیادەی كێشاوەتە سەر كۆمپیوتەر بۆ ئەو تاقە كوڕەكەم بكڕم كە ئێستا ساڵێكی ماوە بچێتە زانكۆ

وتم ئێستا كێشەی سەرەكیت چییە؟ پێكەنی. گوتی: (كێشەی سەرەكی من سەرەتاییترین شت واتە ناسنامەیە. من نامەوێت بچمە وڵاتێكی دیكە و هەر لە سەرەتاوە بۆ ژیان هاتووم. خۆم بە un نەناساندووە، چۆن بە هیوای رۆیشتن نیم. پاساپۆرتمان نییە و نە دەتوانین كاری رەسمیمان بێت و نە سەفەر بكەین و بە كورتی هیچ مەرجێكی هاووڵاتیبوونمان نییە و تازە پاش هەشت ساڵ راكەڕاك و سەروخوار و ئەوداییرە و ئەولامان پێدەكەن تا ئیقامە نوێ بكەینەوە. نازانم ئێمە تاكەی دەبێت ببینە قوربانی بڕیارە شۆڤینییەكانی بەغدا و تاكەی ئەو هەستە، ئارام و سامان نەگرتنە، دڵەڕاوكێ بخاتە ژیانمان و هەر رۆژەو چاوەرێ بكەین بڕیاڕێك نەمانگرێتەوە كە ناچار بین بە بێ ویستی خۆمان كۆچ بكەین

لە چاوەكانی ئاوات و خۆشەویستی دەبینرا. دوعام بۆ خواست كاری راپەڕێت و هەر لە هاتوچۆی قاندرمەكاندا بەجێم هێشت

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌