| ئەوەی بەغدا دەیەوێ |
2012-07-10 |
 |
|
|
نەجات حەمید ئەحمەد • كێشەی كورد لە گەڵ بەغدادا نە كێشەی جیاوازیە دیموكراتیەكانە و نە كێشەیەكە لە پێناوی دەسەڵات و نە كێشەی دەستەیەكی دەسەڵاتدارێتیی دیاریكراوە،بەڵكو كێشەی نێوان دوو دونیای لە یەك جیاواز و دوو تێڕوانین و دوو دیاردەی سیاسیی لێكتر جیاوازە كە بەرژەوەندی و ژیان و چارەنووسی كۆی گەلی كوردی پێوە بەستراوەتەوە لە عێراقدا،كە بە داخەوە ڕاگەیاندنی كوردی تاكو ئەمڕۆش ئەو دووربینیە سیاسیەی تێدا نیە كە ئەگەر كورد لەم كێشەیەدا شكست بێنێ یا مل بۆ داواكانی ئەم سیاسەتە كەچ كات چیی بەسەر دێت و پێشبینیەكی ئەوتۆ لەو ڕاگەیاندنەدا نییە. ئەوا بە دڵنیاییەوە لە كۆمەڵێك كێشەی دیكە شكست دێنێ ،ئەم نووسینە تەنها شیكردنەوەی ئەو ئەگەرانەیە كە ئەگەر بێتو كورد بێدەنگی هەڵبژێرێ تووشی چەند كێشەی جیاواز دەبێتەوە كە تەنها دوو هەڵبژاردن دەخەنە بەردەمی ئەویش یا كشانەوەیە لە حكومەتی بەغدا بە بێ هیچ دەسكەوتێكی گەورە یا ڕازی بوونە بەو سیاسەتە نوێیەی كە سەرەك وەزیرانی بەغدا گرتوویەتیە بەر كە ئەگەر ئەمەش ڕووبدا ئەوا زۆر مەسەلەی گەورەی وەكو دەرهێنانی نەوت و دابەشكردنی هێزی سەربازی و ئاسایش لە كوردستان و عێراق و ناوچە دابڕاوەكان و بڕیاری 140 و پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی كورد بە دەرەوە و كاری كۆمپانیا بیانیەكان و كەرتی بازرگانی بە گشتی و ئیرادە و تواناكانی حكومەتی كوردستان و بودجەكەی بە گشی دەچنە دۆخێكی نوێوە و تەنها پێشبینی یەك رووی ئەو دۆخە دەكرێ كە ئەویش ئەوەیە كورد نە ئەو توانایەی تێدا دەمێنێ لە خۆ بەڕێوەبردندا ئازاد بێ و خزمەتی بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆی بكات یاخود كورد لە هەموو ئەو كێشانەدا شكست دێنێ و حكومەتی عێراق زۆرینەیەك دەیباتە ڕێوە كە كورد دەسەڵاتی لەو حكومەتەدا زۆر سنووردار دەبێت،هۆیەكەش لەوێوەیە كە دەستووری فیدراڵی لەسەر بناغەی یەكگرتنی حكومەتی كوردستان و حكومەتی بەغدا دانەمەزراوە بەڵكو نەتەوەی عەرەب وحزبەكانی ناو حكومەت شوێنی دەوڵەتێكی عەرەبیان لە عێراق گرتۆتەوە و لە ناخی هەرە قووڵ و باوەڕەكانیاندا ئەوەی كورد دەیەوێ و خەونی پێوە دەبینێ لە لای ئەوان هیچ نەبێ لە لای زۆرینەیەكیاندا وەكو خەونێك وایە و مەترسیە لەسەر حكومەتی عێراق،دووەمین هۆكاریش لەبەر ئەوەی كورد هێشتا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نیە بۆیە هەڵبژاردنە سیاسیە چارەنووسسازەكانی پەیوەست كراون بەو حكومەتەوە . -1 سەرەتا داواكردنی پاراستنی سنوور كە ئێستا لە ژێر دەستی پێشمەرگەی كوردستاندایە دەكەوێتە دەست سوپای عێراقەوە ئەمە ئەو داوا و ئەو سیاسەتە نوێیەیە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بە لێكدانەوەی تاكلایەنەی دەستوور كاری بۆ دەكات .ئەو سوپایەی كە بە بێ فرمانی فەرماندەی گشتیی سوپا بۆی نیە لە هیچ حاڵەتێكدا یەك هەنگاو بهاوێ و بە پێچەوانەوەش دابەشكردنی ئەو سوپایە كە زۆرینەیەكی لە حكومەتی بەغدادا دەبێت بۆی هەیە هەموو شارەكانی كوردستان ئابڵوقە بدات و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لەو هێزە بە ناو فیدراڵیەدا دەتوێتەوە،هەر لەو هەوڵانەشدا بە پێی ئەو سیاسەتە نوێیە دامودەزگا ئەمنیە تایبەت وحكومیەكانی بەغدا بۆیان هەیە لە هەر شارێكی كوردستان بوونیان هەبێت و كار بۆ سنوورداركردنی توانا سیاسیەكانی حكومەتی كوردستان بكەن،كاتێك حكومەتێكی ناوخۆیی لە لایەن هێزێكەوە ئابڵوقە دەدرێت كە بڕیاری جووڵەپێكردن و هەموو كارێكی ئەو سوپایە دەكەوێتە دەست یەك كەسەوە ئەوسا لەوە دەگەین حكومەتی هەرێمیی وەكو حكوومەتی كوردستان ئیرادەی چەندێك لاواز دەبێتەوە و چۆن دەكەوێتە ژێر هەڕەشەیەكی سوپاییەوە ،كە بڕیاری هەموو كارەكانی لە دەست یەك كەسدا دەبێت. -2 كاتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق بە پێی لێكدانەوەی تاكلایەنەی دەستوور داوا دەكات كە سوپای كوردستان و پێشمەرگەكانی لە ناوچە دابڕاوەكان بكشێنەوە نابێت ئەو پێشبینیە لە بیری خۆمان بەرینەوە كە ئەو ناوچانە بە كەركووكیشەوە چیان بە سەردێ،ئەوەی ڕوودەدات نەك جێبەجێكردنی بڕیاری سەد و چلە بەڵكو زیندووكردنەوەی سیاسەتی بەعس و تەواوكردنی ئەو سیاسەتەیە لە بەعەرەب كردنی كوردستان و شارەكانیدا،ئەوەی ڕوودەدات ئابڵوقەدانی ئەو شارانەیە بە دەست هێزێكی سوپایی گەورەی تاكبڕیارەوە ،كاتێك ئەم هێزە ناتوانێ بێلایەن بێت و سیاسەتی نوێی عێراق و دەستوورەكەی جێ بە جێ بكات ئەوسا تەوژمێكی گەورەی گەڕانەوەی عەرەب بۆ ئەو ناوچانە دەست پێدەكات و لە بەردەم بڵاوبوونەوەی تەقینەوە و كاری تیرۆر و بێ سەرو شوێن كردنی كورددا لەو ناوچانەدا شەپۆڵێكی پێچەوانەی كۆچكردنی كورد لەو ناوچە و شارانەدا بەرەو سێ شارەكەی كوردستان دەست پێدەكات هەروەك لە ناوچەكانی سەعدیە و جەلەولا و زۆر ناوچەی دیكەدا ڕوویاندا و ئەم پێشبینیەش لە كەركووكیشدا پارەكە ڕووی دەدا ئەگەر بێتوو كورد هێزەكانی خۆی نەبردایەتە ئەو ناوچانە،ئەمەش هۆكارەكەی ڕوون و ئاشكرایە كە كورد كاتێك دەبێتە بەشێك لە سوپایەك كە تاقە كەسێك بڕیاری لێ دەدات ناتوانێ داكۆكی لە كێشە و هاوڵاتی و چارەنووسی خۆی بكات و بڕیاری لەم جۆرە دەكەوێتە دەست یەك كەسەوە و بەس. -3 كاتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق ئابڵوقە دەخاتە سەر دەسەڵاتی كورد كە هەموو گرێبەندەكانی لە بەغدا و لە وەزارەتی نەوت ئیمزا بكات و كاری كۆمپانیاكان و بەڕێوەبردنیان لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقیەوە سەرپەرشتی بكرێت و كورد تەنها وەكو چاودێرێك خاكەكەی لەلایەن دەسەڵاتێكی بەرفراوان و تاكلایەنەی بەغداوە بەڕێوە ببرێ ،هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆی بەسەر هاوبەشیكردن لە داهاتی عێراق و چارەنووسی دەرهێنانی نەوتەوە نامێنێ و بەڵكو بارەكە بەم شێوەیەی لێ دێت كۆمپانیاكان هەموو سەر بە بەغدا دەبن،بەغدا بڕیار دەدات لە كوێ نەوت دەربهێندرێ و لەگەڵ كێ گرێبەند بكا و چەند كۆمپانیا و بیرلێدان و پاڵاوتەی نەوت لە كوردستاندا كاری خۆیان بكەن و هەموو كارەكان دەكەونە دەست وەزارەتی نەوتەوە كە پشت ئەستوور دەبێت بە هێزێكی سوپاییەوە كە ئابڵوقەی سنوور و شارەكانی داوە .ئەمە جگە لەوەی كە كورد بە یەكجارەكی ئەو خەونەی لە دەست دەڕوا كە بیر لە سەربەخۆیی بڕیاری خۆی بكاتەوە و بیر لە هیوا و چارەنووسی خۆی بكاتەوە ،هەروەكو چۆن ئەم تاكلایەنیەش كاریگەریی هەیە بە سەر سیاسەتی دیبلۆماسیی كوردەوە بەوەی حكومەتی زۆرینە بۆی هەیە ئەو گرێبەندانە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی بەكار بێنێ و بۆ بەهێزكردنی ناوەندێتی بەغدا و زۆركردنی سەرچاوەكانی كڕینی چەك و بەهێز كردنی پێگەی خۆی لە عێراقدا و بەكارهێنانی ئەو پێگەیەش بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی كورد و حكومەتەكەی. -4 كاتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق كار بۆ ئەوە دەكات كورد و حكومەتەكەی هیچ پەیوەندیەكی دیبلۆماسیان لەگەڵ هیچ دەوڵەتێكدا نەبێت بە بێ پرس و ڕا و ڕەزامەندیی بەغدا و ئامادەبوونی بەغدا لەو پەیوەندیانە،ئەوا گەوهەری ئەم سیاسەتە بۆ ئەوەیە كە كورد نەبێتە خاوەنی هیچ پەیوەندیەكی دیبلۆماسی كە ئەو وەكو حكومەتێك بیناسێنێ و لە هەموو دەوڵەتانی دنیاش بگەیێنێ كە هەموو پەیوەندیەكی ئەوان بە دنیاوە لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە و واتە كورد لە دەرەوەی هەموو دەسەڵاتە سیاسیەكانی ئەو حكومەتە فیدرالیەدایە،زۆر ئاسانە پێشبینیی ئەوە بكەین كە جێبەجێكردنی بڕیاری لەم جۆرە چۆن ئابڵوقەی سیاسیی كورد و تۆڕە دیبلۆماسیەكەی دەدات و لەم حاڵەتەشدا چۆن بڕیاری كورد دەكەوێتە ژێر قەڵەمی بڕیاری بەغداوە و چۆنیش جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە كورد دەخاتە دەرەوەی حكومەتێكەوە كە دەبوایە هاوبەش و فیدرالی بێت، هەروەكو چۆن بۆ ئایندەی سیاسیی كوردیش چۆن دەسەڵاتی كورد ئەوەندە لاواز دەكات كە بیر لە داهاتووی حكومەتەكەی خۆی نەكاتەوە. -5كاتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق كار بۆ ئەوە دەكات كەرتی بازرگانی وكشتوكاڵ و پیشەسازی و زۆرینەی وەزارەتەكانی بچنە ژێر باڵی بڕیارەكانی وەزارەتە بە ناو فیدرالیەكانی بەغداوە ئەوە ڕوونە كە زۆرینەی بڕیارەكان لە هێنانی كەلوپەلی پێویست و پێداویستیەكانی خەڵك و پڕۆژەكانی حكومەت و تەنانەت خواردن و جلوبەرگی خەڵكی كوردستانیش دەكەونە ژێر بڕیارەكانی وەزارەتەكانی بەغداوە كە لە هەمان كاتدا ئەو كەرتە و سەرجەمی كەرتەكانی دیكە دەكەونە ژێر بڕیاری زۆرینەیەكی وەزاری لە بەغدا و دەتوانن بۆ مەرامی سیاسی و پیلانی سیاسی و سوپایی و ئاسایش بە كاری بێنن. ئەمانە زۆر بە كورتی چەند لایەنێكی یا چەند ڕوویەكی ئەو سیاسەتەیە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێ لە سەر كورد پیادەی بكات و ڕۆژگاریش دەریخست كە سەرۆك وەزیرانی عێراق هەموو كردارەكان و قسەكانی دوو سەرەن و شوێنی متمانە نین و دەستووری فیدرالی بە دەیان جار پێشێل كراوە و دەیان بەندی جێبەجێ نەكراون لە شەش ساڵی ڕابردووی حوكمڕانیی مالیكیدا،كە گەورەترین هەڵەی بەرامبەر بە كورد كرد و بۆ سێیەمین جار لە ماوەی ساڵێكدا كە ئەویش هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕە بەرامبەر بەكورد كە بەداخەوە پەرلەمانی عێراقی لەسەر ئەم هەڕەشەیە نەهاتە وەڵام و ڕاگەیاندنی كوردیش بەرامبەر بەو هەڕەشانە بێدەنگ بوو .ناوەڕۆكی هەڵوێستی كورد بەرامبەر بەم سیاسەتە ترسناك و نادیار و هەڕەشە ئامێزە لەیەكبوونی دەنگ و یەكبوونی پرس و ڕادایە،خۆ دزینەوە لە یەكدەنگیی كورد و هەڵوێستی یەكگرتووی كورد بەرامبەر بەم سیاسەتە پەیوەندیی بە حزبایەتیەوە نیە ،مەسەلەكە پەیوەندیی بە چارەنووسی كوردەوە هەیە ،مەسەلەكە تەنانەت پەیوەندیی بە خاك و سامان و ئاسمان و جلوبەرگی كوردیشەوە هەیە و ،هەڵوێست وەرنەگرتن لادانە لە هەموو بەها نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی كورد و تەنازولكردن بۆ یەكتری لە نێو هێزەكانی كوردستان وحزبەكانیدا لە پێناوی وەستان بە ڕووی ئایندەیەكی نادیار كە كاری بۆ دەكرێ گەورەترین كێشەی نەتەوەییمانە و دروستكردنی بەربەست لەم ئاراستەیەدا لە بەرژەوەندیی ئەم سیاسەتە دكتاتۆری و شۆڤینیەدایە،پرسیاری گەوهەریش هەر ئەوە دەبێت كە چۆن بەرەو ڕووی ئەم مەترسی و هەڕەشانە ببینەوە و چ سیاسەتێك بگرینە بەر؟ |
| |
|
|
|