| لە بارەی قۆشمە و پێكەنینەوە |
2012-07-12 |
 |
|
|
( 4 ) حەمەسەعید حەسەن كولتووری عەرەبیی ئیسلامی، بایەخێكی زۆری بە قۆشمە داوە و سەرنجی هەر بوارێكی ئەو كولتوورە بدەین، ئیدی شیعر بێت، پەخشان بێت، یان مەقامە، لە قۆشمە خاڵی نییە و تووشی هێندە حەكایەتی سەرنجڕاكێش دەبین، كە بۆ خۆشی و پێكەنین، لە بارەی كەسانی گێل و چاوچنۆكەوە هۆنراونەتەوە، كە نایەنە هەژمار و گاڵتەیەكی زۆریش بەوانە كراوە كە خۆیان پێ زانای دوازدە عیلم بووە و لە ڕاستیدا جاهیلێك بوون لەو گۆڕە. وەك چۆن ئەدەبی قۆشمە هەوادارێكی زۆری هەبووە، كەسانێكی زۆریش هەبوون بە گژیدا چوونەتەوە. لە كاتێكدا هەوادارانی، وەك ئەدەبێكی باڵا سەرنجیان داوە، نەیارانی نەفرەتیان لێ كردووە. لە دیوەخانی گەلەك لە پیاوانی دەستڕۆییشتووی عەرەبدا، هەمیشە قۆشمەچییەك یان نوكتەبازێك هەبووە و بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی سەیر و نوكتەی خۆش، دڵی (میر) و میوانەكانی شاد كردووە. (وأنە هو أچحك وأبكی وأنە هو أمات وأحیا. نەجم 43 و 44پێكەنین و گریان بە دەست خۆیەتی، مردن و ژیانیش.) خودا پێكەنینی لە ئاستی ژیان و گریانی لە ئاستی مردندا داناوە، ڕەنگە ئەمە بە دڵی ئەوانە نەبێت، كە ڕێز لە ئەدەبی گاڵتەجاڕی ناگرن. لەو دوو ئایەتەدا، لەفف و نەشر هەیە كە یەكێكە لە تەكنیكەكانی ئەدەبی دێرین. لەفف و نەشر، ئەوەیە، بۆ نموونە لە پێشدا باسی پێكەنین و گریان دەكەین و دواتر باسی ژیان و مردن، پێكەنینەكە پێوەندیی بە ژیانەوە هەیە و گریانیش بە مردنەوە. ئەگەر ڕیزبەندیی وشەكانی دوایی، وەك هی پێشوو وابوو، لەفف و نەشرەكە، مورەتتەبە، ئەگەر بە هەمان ڕیزبەندی نەبوو، ئەوا لەفف و نەشرەكە، موشەووەشە، وەك لەو دوو ئایەتەدا هەیە. قۆشمە لای جاحیز، ژانرێكی ئەدەبییە و یەكێكە لە پێویستییەكانی ژیان كە خۆشی و چێژ بە ئینسان دەبەخشێت. ئەبو حەییانی تەوحیدی، بە قۆشمە بەرەنگاری ناخۆشی و دژوارییەكانی ژیان دەبووە و گاڵتەی بە واقیعی تاڵ و سەخت دەهات. ڕژدبوون و قۆشمەكردن، وەك خێر و شەڕ، ناكۆك و دژ بە یەك نین، بەڵكوو قۆشمە بەو مەبەستە دەخرێتە گەڕ، تا ڕژدبوون ئەركی خۆی جێبەجێ بكات. قۆشمە، شەڕ نییە، وەلێ ئەگەر لە شێوەی شەڕیشدا نیشان بدرێت، بۆ ئەوە دەخرێتە گەڕ، خێر هەر بەردەوام بێت و جوانتر خۆی نمایش بكات. لای جاحیز و لای (تەوحیدی)یش، قۆشمە بۆ ئەوە بوو، دوای ڕژدبوونێكی زۆر، دەروونمان بحەوێنێتەوە و وزەی نوێمان بۆ ئیشی باش، پێ ببەخشێت، بەڵام (حوسەری) پێی وابوو، لەگەڵ هاتنی قۆشمەدا، ئایین بزر دەبێت. (غەزالی)یش كە دەرگەی بە ڕووی قۆشمەدا كڵۆم دابوو، دەیگوت: (لەگەڵ كەسی مەزندا شۆخی مەكە، ڕقت لێ هەڵدەگرێت، لەگەڵ كەسی هیچوپووچیشدا مەیكە، بێڕێزیت پێ دەكات.) ئەو دوژمنی پێكەنینیش بوو، بە بەڵایەكی گەورەی دەزانی و تەنیا بزەیەكی بە لاوە پەسەند كە ددانی تێدا دەرنەكەوێت. لای ئەو قۆشمە، بریتیبوو لە نیشاندانی خەوشی كەسێك، بۆ ئەوەی ببێتە مایەی پێكەنین، بۆیە بە حەرامی لە قەڵەم دەدا. دەڵێن پەیامبەر لەناو یاوەرانیدا، لە هەمووان ڕووخۆشتر و دەم بە پێكەنینتر بووە، بۆیە هەندێك وای بۆ دەچن، نەدەبوو غەزالی، شتێك كە پەیامبەر ڕێی پێ داوە، حەرام بكات. 2012.07.10 * لیلی العبیدی، الفكە فی الإسلام. دار الساقی 2010 لندن. |
| |
|
|
|