2012-07-21

هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی ته‌مه‌نی خۆی به‌ هونه‌ر به‌خشی و له‌و رێگه‌یه‌شدا و له‌ چه‌ندین قۆناغی جیا جیادا، داهێنانی گه‌وره‌ی بۆ هونه‌ری كوردی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌، كه‌ دواترینییان دامه‌زراندنی تیپی كیژانی سلێمانی بووه‌، كه‌ له‌و ماوه‌ی دواییدا ده‌نگۆیێكی زۆری دایه‌وه‌، بۆیه‌ پێمان خۆش بوو هونه‌رمه‌ند قه‌ره‌داغی له‌م رووه‌وه‌ بهێنینه‌ ئاخافتن، ئه‌وه‌بوو لێمان پرسی
دیمانه‌-هۆگر ئیبراهیم
 تیپی كیژانی سلێمانی به‌ چ ئامانجێك دروست بوو؟ خه‌ون و خولیاتان بۆ ئه‌و تیپه‌ چی بوو؟
هه‌ستمان به‌ بوونی بۆشاییه‌ك كرد، له‌ موزیكی كوردیدا به‌ تایبه‌ت له‌ بواری چالاكی ژناندا، ده‌مانبینی چه‌ندین خوێندكاری به‌ توانا له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان ده‌رده‌چوون، به‌ڵام جێگایه‌كی وا گونجاو نه‌بوو كه‌وا بتوانن توانای خۆیانی تێدا ده‌ربخه‌ن. سه‌ره‌تا من په‌یوه‌ندیم كرد به‌ به‌شێك له‌و ئه‌ندامانه‌ كه‌ هه‌ندێكیان ببوون به‌ مامۆستا و هه‌ندێكیشیان هێشتا هه‌ر خوێندكار بوون، له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كاندا، دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 45 چل و پێنج كه‌س كۆبووینه‌وه‌و توانیمان گروپێكی باش پێكبهێنین، بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانمان له‌ ئامێر و كه‌لوپه‌ل روومان كرده‌ هێرۆ خان، ئه‌ویش به‌ده‌نگمانه‌وه‌ هات و یارمه‌تی داین و توانیمان له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین. بۆیه‌ گروپه‌كه‌ تا ئێستا له‌ چالاكيیه‌كانی خۆی به‌رده‌وامه‌، له‌ چه‌ندین شاردا چه‌ندین كارو پرۆژه‌مان ئه‌نجام داوه‌
ره‌نگدانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ كارو چالاكیيه‌كانتان چۆن بووه‌ تا ئێستا؟
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سلێمانی به‌ناوبانگه‌ به‌وه‌ی باوه‌ش ده‌كاته‌وه‌ بۆ هه‌موو كارێكی جوان، به‌ پاڵپشتی خه‌ڵكی شاره‌كه‌و خه‌ڵكانی كوردستان به‌ گشتی و پاڵپشتی ئه‌وانه‌ی خه‌مخۆرن له‌و بواره‌دا هه‌موویان به‌ ته‌نگمانه‌وه‌ هاتوون و ده‌ست خۆشیان لێ كردووین، هه‌میشه‌ ئه‌وه‌یان خستۆته‌ به‌رچاو كه‌ به‌رده‌وامی بده‌ین به‌ گروپه‌كه‌مان. ئێمه‌ له‌ 26/10/2003 ئه‌و گروپه‌مان دامه‌زراندووه‌ و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامین له‌ كاركردن
ئایا پێتوایه‌ ئافره‌تی به‌هره‌مه‌ندی كورد تا چه‌ند ده‌توانێت هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ موزیكدا بكات به‌ به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ به‌هره‌مه‌ندی پیاو؟
ئافره‌تی كورد به‌ گشتی توانایه‌كی باشی تێدایه‌، به‌ڵام پێویستی به‌ پشتگیریه‌، چونكه‌ زۆر له‌و خانمانه‌ ره‌نگه‌ نه‌توانن بچن داوای مافی خۆیان بكه‌ن به‌پێی پێویست، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سانێك هه‌بێت له‌ پشتیانه‌وه‌و ده‌ستیان بگرن ئه‌وا نه‌ك له‌ بواری هونه‌ریيدا، به‌ڵكو له‌ گشت بواره‌كانی دیكه‌دا ده‌توانن هه‌وڵی خۆیان بده‌ن و كاری باش بكه‌ن. بێگومان توانای ئافره‌تی كورد له‌و بوارانه‌دا كه‌متر نییه‌ له‌ توانای پیاوی كورد، هه‌ندێك ئه‌رك هه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئافره‌ت ئه‌گه‌ر پیاو بچێته‌ ناویه‌وه‌ ره‌نگه‌ ناشرینی بكات
هه‌ندێ كار هه‌یه‌ هاوبه‌شه‌ له‌ نێوان پیاو و ژن، كامیان ئازاده‌ ده‌توانێ ئه‌و ئه‌نجامی بدات ئێوه‌ له‌و گروپه‌دا زیاتر گرنگیتان به‌ چ شتێك داوه‌؟
ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێ بایه‌خ به‌ هه‌موو دیالێكته‌كانی كوردی بده‌ین، جا سۆرانی بێت یان بادینی یا هه‌ورامی، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ كاره‌كانمان كوردستانیانه‌ بێت. بایه‌خدان به‌ هه‌موو ئاسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كاری تازه‌ بكه‌ین، جا كاری فۆلكلۆری بێت یان دانراو بێت. زۆر له‌ هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌كان په‌یمانیان پێداوین كه‌ یارمه‌تیمان بده‌ن،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ته‌نانه‌ت ئاوازێكیشیان پێنه‌داوین، هه‌موو ئه‌ركه‌كه‌ له‌سه‌ر شانی خۆمانه‌و خۆمان جێبه‌جێی ده‌كه‌ین
ئایا تا ئێستا كار و پرۆژه‌تان له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجامداوه‌؟
ئێمه‌ له‌ هه‌ولێر كاری باشمان كردووه‌و به‌ڕێز پارێزگاری هه‌ولێر هاریكاری چاكی كردووین له‌و بواره‌دا. زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندو خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ هاتوون بۆ نمایشه‌كانمان له‌ ئاستێكی به‌رزدا
به‌رای تۆ چی بكرێت بۆ گه‌شه‌پێدانی ئه‌و گروپه‌؟
له‌ راستیدا ئێمه‌ خواسته‌كانمان گه‌لێ زۆره‌. هه‌ر نمایشێك بكه‌ین داده‌نیشین و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین كه‌ ئایا سه‌ركه‌تووین له‌م كاره‌دا. به‌ كێشه‌كانمان داده‌چینه‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌ تازه‌بوونه‌وه‌داین و به‌شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی كار ناكه‌ین. شتێكمان له‌لا دروست بووه‌ كه‌ ده‌مانه‌ویت توانا هه‌ره‌ باشه‌كان كۆبكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئیداره‌كردنی قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ ئاسان نییه‌ سه‌ره‌تا گروپه‌كه‌مان 45كه‌س بوو، به‌ڵام ئێستا هاتووینه‌ته‌ سه‌ر 23 كه‌س
كاره‌كانمان پوختتر و جوانتره‌. خۆزگه‌مان له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بێت كاره‌كانمان. ده‌مانه‌وێت بچینه‌ ده‌ره‌وه‌و كاره‌كانمان له‌و وڵاتانه‌ نمایش بكه‌ین. ئه‌گه‌رچی داوه‌تنامه‌ی زۆرمان بۆ هاتووه‌. دواهه‌مین داوه‌تنامه‌ش له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ هاتووه‌، به‌ڵام زۆر ئه‌سته‌مه‌ 23 كه‌س ببه‌ینه‌ ئه‌وێ به‌تاقی ته‌نیا ده‌بێ كه‌سانێك هه‌ڵبستن به‌ئه‌نجامدانی ئیشوكاره‌كانی ئه‌و خانمانه،‌ به‌ڵام ئاواتی ئێستامان ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا بتوانین له‌ هه‌موو شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان كاره‌كانمان نمایش بكه‌ین
بۆ ماوه‌یه‌ك بوو تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌پاڵ تیپی هه‌ولێرو تیپی موزیكی دهۆك ته‌كانێكی گه‌وره‌یان به‌ هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی دا. ئێستا ئه‌و تیپانه‌ ون بوونه‌، له‌به‌ر چی؟
چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تیپانه‌ زیندووببنه‌وه‌؟
ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر توانای ئه‌و تیپانه‌. من به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌ گروپی كیژانی سلێمانی كارده‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای سلێمانی. له‌ گروپی سلێمانی نه‌ماوم. به‌ڵام كه‌س هه‌یه‌ ده‌بێ داینه‌مۆبێت له‌و گروپانه‌ بۆ هه‌ڵسوڕاندنی كاری گروپه‌كان له‌رووی ئیداری و له‌رووی هونه‌ریه‌وه‌. هه‌ر دانیشین و چاوه‌ڕێ بكه‌ین تا كارێك بكه‌ن، ئه‌دی توانای خۆیان و كاركردنیان. زۆر تیپ هه‌یه‌ ئێستا ته‌نها ناوه‌كه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ به‌ داخه‌وه‌. ئه‌و داینه‌مۆیانه‌ كوژاونه‌ته‌وه‌ كه‌ جاران بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و تیپانه‌ بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ش خوێندنه‌وه‌ی زیاتری ده‌وێت
ئایا مادده‌ هیچ رێگرییه‌كی دروست كردووه‌ له‌به‌رده‌م كاره‌كانتان؟
با ماده‌ نه‌بێت به‌ ئامانج به‌ڵكو ببێته‌ ئامرازێك بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كان، چونكه‌ تا ئێستا له‌ناو كوردستان هونه‌ر به‌ره‌و ئیحتراف نه‌ڕۆیشتووه‌.ده‌بێ رێزێكی باشی بۆ دروست بكه‌ین له‌ كوردستانداو جێگایه‌كی باشی بۆ دروست بكه‌ین له‌نێو دامه‌زراوه‌كاندا. ده‌بێ ئامانجه‌كه‌ هونه‌ره‌كه‌ بێت نه‌وه‌ك مادده‌كه‌
زۆر له‌ تیپ و گروپه‌كان گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌وا حكوومه‌ت به‌پێی پێویست نه‌یتوانیوه‌ یارمه‌تیان بدات، ئایا بۆچی تیپه‌كان له‌ كوردستان له‌سه‌ر داهاتی خۆیان بژین؟
حكوومه‌ت له‌ هه‌موو وڵاتاندا هاریكاری هونه‌رمه‌ند ده‌كات به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م. به‌ڵام خوا نه‌یبڕێ ئه‌مڕۆ كوردستان نیوه‌ی بۆته‌ گۆرانیبێژ و هه‌موویان روویان كردۆته‌ حكوومه‌ت. به‌ڵام ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ چییان پێیه‌ ئه‌وه‌ شتێكی دیكه‌یه‌. ده‌بێ هه‌ندێ هیلاكی و خۆبه‌خشی خۆی بخاته‌ به‌رچاو نه‌وه‌ك ته‌نیا بڵێ وه‌ڵا هه‌موو قه‌سرو ڤێلایان هه‌یه‌و من هیچم نییه‌.به‌و نه‌وعه‌ هیچ كارێك ناكرێت
دواهه‌مین كارو پرۆژه‌تان چییه‌؟
ئێستا ئێمه‌ وه‌ك تیپی كیژانی سلێمانی ستۆدیۆی تایبه‌تیمان هه‌یه‌ بۆ تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌كانمان و ئه‌نجامدانی كاره‌كانمان، بۆیه‌ ئێستا خه‌ریكی كاركردنین بۆ تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی پێشتر پێشكه‌شمان كردبوون، ده‌مانه‌وێ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌ سیدییه‌كدا تۆمار بكه‌ین و بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ش ئێستا كاری نوێمان له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ پڕۆڤه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بۆمان بگونجێ ئه‌وا چه‌ند كۆنسێرتێك له‌ شاری كه‌ركووك و هه‌ولێر پێشكه‌ش ده‌كه‌ین

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌