2012-07-22

ن: عەباسی كەمەندی
و: كاروان هەورامی
لەناو كوردداو لەم سەردەمەدا، كەمن ئەو هونەرمەندانەی كار لەسەر هونەری ڕەسەنی كوردی بكەن و بتوانن بە بێ چاولێكردن لە هونەرەی میوزیكی دیكە جیهان بەرهەمێكی هونەریی ڕەسەن و تایبەت بە ئاواز و ڕۆحی كوردی بخوڵقێنن. عەباسی كەمەندی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە توانیویەتی كار لەسەر ئەم ڕەسەنخوازییە بكات و لەم ڕێیەدا خزمەت بە هونەری كوردی بكات. هەر هونەرمەندێك بیەوێت كار لەسەر ڕیشەی هونەری كورد بكات بە ناچارییەوە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناو سروشتی گوندەكانی كوردستان و لەوێوە لەگەڵ ئاوازە ڕەسەنەكانی كاكەی شوان و وەرزێر و جوتیار و هاژەی كانی و كۆزەی سەرشانی كچان و شادی ماتەمینیەكانی گوندا ئاوێتە بێت. ئەوەی ئێمە تێبینیمان كردبێت هونەرمەندە ڕەسەنەكانی كورد بەم جۆرە و لەم ڕێگەیەوە پەیان بە ڕۆحی ڕەسەنی ئاوازی كوردی بردەوە و لەم ڕیگەیەشەوە بوونەتە خۆشەویستی گوێگرنیان و بوونتە ناوێك بۆ هونەری كوردی. ئیدی گرنگ نییە ئەم هونەرمەندە ژمارەی گۆرانی و سیدیەكانی چەندن، گرنگ ئەوەیە كە ئەو لە شوێنێكەوە بۆمان دەچڕێت كە ئێمە پێی ئاشنایین و تامەزرۆمان دەكات بە ئاوازە و دەنگی خۆی. ئەگەرچی كەمەندی تەنیا هونەرمەندی گۆرانی نییە و بەڵكو لە هونەری وێنەكێشانیشدا كاردەكات، بەڵام سەرباری دونیا بەرینەكەی هونەر كەمەندی لە بواری نووسینی چیرۆك و شیعر و فلیمنامە و دەرهێناندا جێ پەنجەی دیارە و ژمارەیەك كاری هەن كە نەكەوتوونەتە بەر دیدی خوێنەران و گوێگران و تەماشاكەرانیەوە. ئەوەی كە لە لایی زۆرێك لە ئێمە پرسیارە ئەوەیە، بۆچی لەم دوو دەیەی دوایدا كەمەندی لە ڕووی گۆرانییەوە بێدەنگە و بەرهەمی نوێی ئەم هونەرمەندە نابیسترێ؟ ئایا ئەم هونەرمەندە لەكاركردن وەستاوە یان هەلومەرجی هونەرمەند و بەرپرسانی ئێران و ناوەندە ڕۆشنبیری و هونەریەكانی ئێران وایان لێكردوە لە هونەر دابڕێت؟ من و ئێوەی خوێنەریش دەمێكە ئەم پرسیارە لە دوورەوە لە كەمەندی دەكەین بەڵام نە ئەو دەنگی ئێمە دەبیستێ و نە ئێمەش لە هۆكاری وەستانی ئەو لە دونیای هونەردا تێدەگەین! كاتێ ژمارە(4) هەفتەنامەی چرۆ( كە هەفتەنامەیەكی (كوردی/فارسی، ئێرانیی)م دەخوێندەوە، ئەم بابەتەی كەمەندیم بەرچاو كەوت و وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بۆ من ڕوون بووەوە. بۆیە بەباشم زانی ئەم بابەتە كە بە زمانی فارسی نووسراوە وەری بگێڕم بۆ ئەو كەسانەی كە پرسیاری ئەوەیان هەیە بۆچی كەمەندی لە هونەر دابڕاوە؟   
نازانم لە كوێوە دەست پێ بكەم؟ هەزار جار پەیامنێران دێن و دەپرسن كەی و بە چ جۆرێك ولە كوێوە دەستت پێكرد؟ چەندین جار ئەم پرسیارەم لێ كراوە، من وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە. بەڵام دووبارە لێم دەپرسنەوە! ئەوەی حەسرەتە و لە دڵی مندا ماوەتەوە ئەوەیە پەیامنێرێك بێت و بپرسێت: كەی دابڕیت؟ بۆچی دابڕیت؟. بەڵێ هونەر و كاری هونەری لە هەستەوەیە و هەستیش لە ناخەوە سەرچاوە دەگرێت و لە ناخودئاگادا لەدایك دەبێت و لە قاڵبی بەرهەمێكی هونەریدا كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە دادەنێت.
مەحاڵە كەسێك كە لەسەر ئاگر دادەنیشت بڵێ ئۆخەی! مەحاڵە كەسێكیش لە كەشێكی خۆشدا بێت و ئاوی سارد نۆش بكەت بڵێ ئاخ! دەربڕینی هەریەك لەم دوو هەستە دەربڕینێكی جیاوازە.
من سەد بەرهەمی هونەری ڕابردووم هەیە، بەڵام لە ماوەی چوار-پێنج ساڵی ڕابردوو نەم توانیوە قەڵەم بخەمە سەر كاغەز و بەرهەمێكی جوان بئافەرێنم. بۆچی؟ چونكە دڵخۆش و دڵگەرمی نییە، هاندان و پاڵپشتی نییە. وەك بڵێی هەموو مرۆڤەكان لەناكاو گۆڕاون و بوون و نەبوون بۆیان وەك یەكە و تەنیا بیری لە فڕاندن و وەرگرتن و زەوت كردن و دەستبەسەرگرتنی یەكدی دەكەنەوە.
بەر لە پێنج ساڵ بەڕێز جەلیل عەندەلیبی، بەندەی بانگهێشت كرد بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین. بە پێی قەولوقەراری نێوانمان، كۆمەڵێك گۆرانیمان ئامادەكرد. میلۆدی و شیعر و دەنگی لەسەر من و ڕێكخستن و تۆماركردنی لەسەر ئەوان و لە فرۆشتنیدا شەریك بین. ئیشەكەمان كڕیاری نەبوو. بەڕێز عەندەلیبی خۆی ون كرد و نەیفرۆشت. لە كۆتایدا بەبێ ئەوەی كە حەقی من بدات خۆی كۆبەرهەمەكەی بڵاوكردەوە. شكاتم لە ناوەندی ڕێنمایەكان كرد. لە كۆتاییدا سكاڵانامەكەم بە سوودی عەندەلیبی دوای هات! ئەو نەك تەنیا لە ڕووی مادییەوە مافی بەندەی پێشێل كرد، بەڵكو هەموو بەرهەمەكەی بەناوی خۆی و كچەكەیەوە تەواوكرد. هێشتا چاوەڕیشی دەكرد كۆنسێرتی بۆ بەڕێوەبەرم. باس كەڵكئاوەژووی ئەو لە من دوای نایەت.
لە هەمان ساڵدا خەریكی دروستكردنی خانوویەكی بچوك بووم بۆ خێزانەكەم، زۆر پێویستم بە پارە هەبوو، ناوەندی میوزیكی تاران بانگێشتیان كردم و داوایان لێكردم تاكو شیعر و میلۆدی گۆرانیان بۆ بەرهەم بهێنم، قبوڵم كرد و چەند گۆرانییەكی لە پێش دانراوم هەبوون، ڕێك 19 پارچە میلۆدی و بیست و شەش پارچە شیعرم بۆ ناوەندی میوزیك و بەڕێز ئەفشین رامین نارد. ساڵێك تێپەڕی تاكو دە پارچە لە شیعرەكان پەسەند كران و بڕیار بوو دوو میلیۆن تمەن بە من بدەن. ساڵێكی دیكەش بۆ ئەو دوو ملیۆن تمەنە خەرجی پەیوەندی كردن و تەلەفۆنم دا، هەواڵ هات: بەرێوەبەری ناوەندی میوزیك گۆڕاوە و ئیدی پێویستیان بە شیعر و گۆرانی نییە! عەرزم كردن، كارەكەی من پارساڵ پەسەند كراوە، وتیان فەرقی نییە.
سكاڵام بۆ نووسینگەی بەڕێز (زەرغامی) نووسی. لەبەر ئەوەی نامەكەی بەندە لەسەری نووسرابوو(لێی بكۆڵرێتەوە) بەڕێزێك تەلەفۆنی بۆ كردم و داوای لێبوردنی لێكردم. ئیدی نە شیعرەكانیان دامەوە و نە گۆرانییەكان و نە پارەكەی، بە داوای لێبوردنێك بۆ ناوەندی میوزیك بە خێرو خۆشی و بۆ من بە زەرەروزیانێكی زۆر تەواو بوو!
 بەڕاستی نائۆمێد بووم و هەستم كرد، هەر جۆرە چالاكییەك لەم بارودۆخەدا كات بەفیڕۆدانە. لەگەڵ یەك دوو هەفتەنامە چاوپێكەوتنم كرد و گلەیم كرد كە بۆچی بەرپرسان بیر لە حاڵی هونەرمەندان ناكەنەوە؟ ڕۆژێكیان بانگهێشتنامەیەكم لە ئەنجومەنی شاری سنەوە بە دەست گەیشت، چوار ئۆرگانی دەوڵەتی بۆ نوخبە و پێشڕەوان، ڕێورەسمێكی ڕێزلێنانیان ئامادە كردبوو، بە ئامادەبوونی پێنجسەد كەسی تەماشاكەر، خەڵاتێكی ڕێزلێنان و چوار سكەی بەهاری ئازادی بۆ من بەناوی منەوە ڕاگەیندرا، خەڵاتی ڕێزلێنانەكەیان پێبەخشیم، بەڵام هەرگیز خەبەری سكەكان نەبوو وەك بڵێی تەنیا لە چاوی ئەوانە دەهات كە ئامادە بوون. ناڕەزایم لە بەرانبەر ئەنجومەنی شارەوە دەڕبڕی، بەڵام هەرگیز وەڵام نەدرامەوە.
چەندین ساڵ پێش ئێستا، ژیاننامەی پاڵەوان (حوسێن گوڵزاری كرماشانی)م لە قاڵبی فلیمنامەیەكی هەزار لاپەڕەیدا نووسی و هەڤدە ساڵ تەمەنی خایاند. بەڵام چونكە كارێكی پڕ خەرج و قورس بوو موشتەری بۆ پەیدا نەبوو.
دواجار بەڕێز (رەزا گوڵزاری) كە لە بەریتانیا دەژیا، دەستپێشخەری كرد گوتی خەرجی چاپكردنی دەگرمە ئەستۆ، بەڕێز فەریدون ئەرشەدی بۆ پێداچوونەوەی بەرهەمەكە كە ناوی( ژەهری كوڵەژ)- كوڵەژ: جۆرە مارێكی ژەهردارە- داوای سێ میلیۆن تمەنی كردبوو و بەڕێز گوڵزاریش قبوڵی كردبوو و یەك لەسەر سێ ئەم بڕە پارەیەی دابوو بە بەڕێز ئەرشەدی تاكو دەست پێ بكات.
پارێزگار و سەداوسیمای ناوەندی كرماشان بڕیار دەدەن سەبارەت بە حوسێن گوڵزاری فیلمێك بەرهەم بهێنن، بەڕێز كازم بلوچی دەرهێنەری زنجیرە درامای (عەیاران) بۆ بەرهەم هێنانی ئەم فیلمە كە هێشتا لەو بارەیەوە فیلیمنامەیەكی نەبوو بانگهێشتی دەكەن بۆ كرماشان. بەڕێز بەلوچی ساڵێكی تەواو بەدوای ئەم كارەدا دەڕوات و لەبارەی ژیانی حوسێنەوە لە كرماشان لێكۆڵینەوە و توێژینەوە دەكات و هەموو كەسانی ناسراوی ئەهلی قەڵەم بۆ هاوكاری بانگهێشت دەكات، لە ئەنجامدا تەنیا بیست لاپەڕەی نووسراوی پەرتوبڵاو و زیادەڕۆ و نەشیاوی بۆ ئەم مەبەستە بەدەست هێنا.
هەر لەم كاتەدا بەڕێز حەمید خادمیان كە پێشتر كارمەندی سەداوسیمای ناوەندی سنە بوو و ساڵانێكە بۆ ناوەندنی كرماشان گوازراوەتەوە، بە بابەتەكە دەزانێ و بەڕێوەبەری ناوەندی كرماشان بەڕێز داودئابادی ئاگادار ئەكاتەوە، كە من ئاگادارم فڵانەكەس چەندین ساڵ لەمەوپێش فیلیمنامەیەكی تەواوی لەبارەی حسین گوڵزاری بە ناوی (ژەهری كوڵەژ) نووسیووە. بەڕێز داودئابادی، خادمیان ڕادەسپێری بۆ بەدوادا چوونی بابەتەكە.
من لە هەلومەرجێكی زۆر دژواردا بووم، كەوتبوومە ژێر گوشاری بانكی نیشتەجێ بوون و خاوەن قەرزانی كەرەستەی خانوو و بە ناچارییەوە خانووەكەم دایە نووسینگە بۆ فرۆشتن. بەڵام كڕیارێكی دادپەروەر نەبوو. شەوێكیان حەمیدی خادمیان تەلەفۆنی بۆ كردم و پێشهاتەكەی بۆ گێرامەوە گوتی: ناوەندی كرماشان كڕیاری فیلمنامەی (ژەهری كوڵەژ)ە. پێم گوت، فیلمنامەكەی من بۆ سی و شەش بەشی زنجیرە دراما ڕێكخراوە و ئەگەر ناوەندنی كرماشان وەك مافێك بتوانێت دە میلیۆن تمەن بە من بدات، خودا ئێوەی ناردوە و من لە خزمەتاندام.
ڕۆژی دواتر تەلەفۆنی كرد و گوتی: بەڕێز داودئابادی دەڵێن: ئەگەر بەرهەمەكەی ئەوان لە لایەن ڕێخراوی ناوەندەوە قبوڵ و پەسەند بكرێت، كێشەیەك نییە، ئێمە كێشەی ئەوان چارەسەر دەكەین.
پاش سێ ڕۆژ، بەڕێز خادمیان لەگەڵ بەڕێز كازمی و بەڕێز بلوچی و بەڕێزێكی دیكە لەلایەن ناوەندی كرماشانەوە هاتن بۆ سنە بۆ ماڵی من. بەڕێز بلوچی ئاخی هەڵدەكێشا كە بۆچی كەسێكی وەك من دەبێ لەم تەمەنەدا كرێنشین بێت. بەڕێز خادمیان بەڵێنی دا بە زووی كێشەی ماددی من چارەسەر دەكرێت. بەڕێز كازمی نیگەران بوون كە بۆچی زووتر منیان نەناسیوە! بەكورتی دیسانەوە داوەكەی خۆم دووبارە كردەوە و ئەوان بەڵێنیان پێدام و من سەرباری هەموو ئەو باڵایانەی كە لە متمانە و ڕاپەرمین بەسەرم هاتبوو، تێكڕای فیلمنامەكەم لە هەزار لاپەڕەدا پێم دان و ئەوانیش سێ ژمارەی تەلەفۆنیان بە من دا. كاتێ خەریك بوون دەچوون، خاوەن قەرز لەبەردەرگاكەم دا ڕاوەستا بوو! بەڕێز خادمیان دڵنیایی كردمەوە لە ماوەی مانگێكدا نا، بەڵام لە مانگی دووەمدا، بە ئەرێ یان بە نەرێ وەڵامم دەدەنەوە و پارەیەكی باشت لەبەرانبەر بەرهەمەكەتەوە پێ دەدرێت. چونكە پارێزگاری كرماشان بەڵێنی یەك میلیارد هاوكاری بە ناوەندی ئێمە داوە و پارەیەكی باشمان هەیە. خۆشحاڵ بووم و بە ئومێدی ناوەندی كرماشان كڕیاری خانووەكەم ڕەد كردەوە و بە خاوەن قەرزەكانم بەڵێنم دا لە دوو مانگی دیكەدا پارەكەتان دەدەمەوە، هێشتا مانگێك تێنەپەڕی بوو بەڕێز خادمیان تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی: بەڕێز داودئابادی ئەوەندە بەرهەمەكەی ئێوەی لە لا جوان بووە گوتی: سەربای مافی نووسەر، ئێمە پارەی پێداچوونەوەشی پێ دەدەین. خۆشحاڵ بووم و پێم گوت بەناوی منەوە سوپاسی بكەن....
دواجار تێگەیشتم بە گوتەی ئەمیركبیر: (لە نێو ئەم كەشتییەدا خۆری ڕزگاریی نییە). نیوەی خانووەكەم بە نرخێكی داشكاو فرۆشت و بڕێك لە قەرزەكانم دایەوە و لە چاوەڕوانی چوار میلیۆن تمەندا، شەش میلیۆن تمەن چووبووە سەر سزای بانكم. گرێبەستێكیان بەسەردا سەپاندم كە لەبەرانبەر ئەو چوار میلیۆن تمەنەوە، ڕێخراوەكە لە كاری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و بڵاوكراوەكاندا مافی هەموو جۆرە سوودێكی هەبێت و منیش تاكو سێ ساڵ مافی هیچ جۆرە سوودێكم لە كاری خۆم نەبێت! لە كاتێكدا بەڕێز رەزای گوڵزاری سێ میلیۆن تمەنی بۆ پێداچوونەوەی بەرهەمەكە دابوو و بڕیار بوو ببێتە كتێب، دەبێ هەڵهێنجان لە كتێبەكە بكرێت.
بەكورتی لە كۆتاییدا بەڕێوەبەری ناوەندی كرماشان گۆڕاوە و بڕیارە ئەگەر لە لایەن بەرێوەبەری نوێوە پەسەند بكرێت ئەوكات چوار میلیۆن بە من دەدرێت و ئەگەر پەسەندیش نەكرێت، ئیدی هیچ!
ئێستا ئێوە بە من بڵێن: لە هەلومەرجێكی لەم جۆرەدا، كام هونەرمەند دەتوانێت گیانی ڕزگاری بكات؟ یەكێكی لە فیلمنامەكانی دیكەم بەناوی (بەسارهاتی حامید) لە بەشی ئنیمیشن پەسەند كرا، خانم كۆلیوەند دەیگوت: كاتێ بۆ (ژەهری كوڵەژ) چوار تومەنیان پێ نەدایت، وانازانم بۆ ئەمەش هیچت بدەنێ.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌