2012-07-26

تیپی نه‌ته‌وه‌یی هونەرە میللیەكانی هەولێر لەو تیپە رەسەنانەیە كە زێتر لە سی ساڵە خزمەت بە كودتوورو كەلەپووری نەتەوەییمان دەكات، لەو ماوەیەشدا سەنگ و بەهای خۆی هەر پاراستووە و بە بەردەوامیش بەخششی خۆی هەبووە، چ لە كوردستان و چ لە دەرەوەی كوردستان، بە تایبەت لەو كاتانەی كە تیپی میللی تاقانەی كوردستان بوو، هێشتا زۆرێك لەو تیپانەی ئەمڕۆ هێشتا لە دایك نەببوون. 
لەو پێو دانگەوە ئەمڕۆكە زۆرێك لە خەڵكی بە دوای دوا هەواڵی ئەو تیپە عەبداڵن و دەپرسن، ئەرێ تیپی هونەرە میللییەكانی هەولێر بۆ دەنگی نییە؟ ئێمە هەمان ئەو پرسیارەی خەڵكیمان ئاراستەی ( بەدرەدین بابەكر ) بەڕێوەبەری تیپەكە كرد. ئەوەبوو گوتی: 
ئێمە ون نین و بەردەوامین لە چالاكییەكانی خۆمان و لە ماوەی نزیكی رابووردوودا بەشداریمان لە چەندین فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتیدا كردووە، لەوانە فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی گەلان بۆ كەلەپوور كە لەو ماوەیەدا لە ئیسپانیادا لە شاری غرناتە سازكراو، تیپی ئێمە لە پاڵ 61 وڵاتی دیكەی دنیا بەشداری لەو فیستیڤاڵەدا كرد و لەوێ سێ تابلۆمان پێشكەش كرد كە بریتی بوون لە تابلۆی دروونە، كوێستان، لۆركێ               
هەروەها بەشداریمان كردووە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی پۆلۆنیا كە بۆ ماوەی 15 رۆژ و لە پاڵ 25 وڵاتی دنیادا ئێمە یەكێك بووین لە تیپە هەرە دیارو بەرچاوەكانی ئەو فیستیڤاڵە كە بەشداربووانی فیستیڤاڵەكە زۆر بە گەرمییەوە پێشوازییان لێ كردین.
لە ناوەوەی كوردستانیش هەمیشە لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمانەوە حزورمان هەبووە و لە چەندین لە ئاهەنگ و فیستیڤاڵە نیشتمانییەكاندا بەشداریمان هەبووە، تا ئێستاش لە یانزە چالاكیدا لە شاری هەولێر بەشدار بوین.                
لە بەدرەدینم پرسی: ئایا ئێوە بۆ پاراستنی لیاقەوو لەشڕێكی ئەندامانی خۆتان بەرنامەتان چی ؟ لە وەڵامدا گوتی:
ئەركی ئێمە پاراستنی لیاقەو لەشڕێكی ئەندامانی تیپەكەمانەو رۆژانە ئێمە پرۆڤەو ئەكسەرسایسمان هەیە كە لە لایەن راهێنەكانمانەوە ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەو سەماكارانە هەمیشە ئامادەن بۆ كاركردن و پێشكەشكردنی تابلۆكان .
گوتم : خەڵكێكی زۆر دەپرسن تیپی هونەرە میللییەكان بۆچی بەرهەمی نوێیان نیيە؟ لە وەڵامدا گوتی : نەخێر ئێمە لەو ماوەیەدا پێنج تابلۆی نوێمان دروست كردووە، كە بریتین لە:
1. تابلۆی (مەمۆ (لە راهێنانی سەركەوت خدر                
2. تابلۆی گەڕیان _ راهێنانی هاشم عەبدوڵڵا                 
3. تابلۆی مەریوان – راهێنانی سەركەوت محەمەد               4. تابلۆی مێر گوڵان – راهێنانی هیمداد لەشكری                 
5. تابلۆی خەنجەر – راهێنانی پشتیوان لەشكری                
موزیكی زۆربەی بەرهەمەكان لە لایەن هونەرمەندی موزیكژەن مستەفا رەنجەرۆ ئامادە و دابەش دەكرێت.       
دواتر بەدرەدین – گوتی :تیپی هونەرە میللییەكان كە هەمیشە لە هەوڵی ئەوە دابووە بتوانێت بەرجەستەی كولتوورو كەلەپووری رەسەنی كوردی بكات كە تێیدا زۆر دەوڵەمەندەو لە پێش زۆر لە گەلانی دنیایە لەم رووە وە، بۆتە جێگەی بایەخی گەلانی دنیاو ئێستاكە لە زۆر لە وڵاتانی جیهان، بە تایبەت لە كاتی سازدانی فیستیڤاڵە نێو دەوڵەتییەكان داوای بەشداربوونمان لێ دەكرێت . لە كاتی بەشداربوونیشدا دركمان بەو كردووە كە ئەو گەلانە زۆر بە ئیعجابەوە تەماشای بەرهەمە كوردییەكان دەكەن، كە رەنگە تا ئەو ساڵانەی دوایی ئەوەندە ئاشنا نەبوونە بەو بەرهەمانە، لە بەر ئەوەی بەشدار بوونی كورد لەو فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییانە لەو ئاستەدا نەبووە .وەك ئێستا هەیە . بۆیە من دەڵێم هونەرو كولتوورو كەلەپوور نمایشكردن هەر تەنها پەیامێكی هونەرییان نیيە، بەڵكو لە هەمانكاتیشدا پەیامێكی سیاسییشییان هەیە بەوەی كە بتوانین شارستانیەت و كەلەپوورو سامانی نەتەوەیی خۆمان نیشان دنیا بدەین و خەڵكی بزانن كە ئێمە لەگەڵ شارستانیەتدا گەلێكی نامۆ نین . یان لە گەلانی دیكەی دنیادا كەمتر نین ئەگەر زۆرتر نەبین. 
* لە رووی سەماكارانی ئافرەت هیچ كێشەیەكتان هەیە؟          
- نەخێر ئێستا هاتنە سەرۆ شانۆ بۆ ئافرەت بە تایبەت لەم تیپەدا شتێكی ئاساییەو ئێستا تیپەكەی ئێمە 13 ئافرەتی هونەرمەندی هەیە، كە بە بەردەوامی راهێنان لە سەر تابلۆكان دەكەن.
سێ راهێنەری خاوەن ئەزموونیشمان هەیە كە ساڵانێكی زۆرە وەك راهێنەر لەو تیپەدا كار دەكەن و بریتین لە راهێنەران:            
1. سەركەوت خدر سەلیم                           
2. هیمداد لەشكری                                
3. هاشم عەبدوڵڵا                                 
كە تا ئێستا هەر یەكەو چەندین تابلۆی جوانییان دروست كردووە.
هەروەها دوو یاریدەدەریان هەیە كە بریتین لە: هاوژین سەردار و ساز حەمە سەعید .
وێڕای ئەوەی دوو راهێنەری ئێكسەرسایسمان هەیە كە بریتین لە 1. : ئازاد ئیبراهیم عارف و واجید جەودەت شاكر .لە مەڕ بەرنامەی ئایندەی تیپ هونەرمەند بدرالدین قسەی كردو گوتی : ئێمە ئێستا تیپێكی نێو دەوڵەتین و چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە لە زۆر فیستیڤاڵی جیهانیدا بەشداری بكەین، بەرنامەیەكی تێرو تەسەڵمان لەگەڵ وەزارەتی گەشتو گوزار هەیە كە چەند چالاكییەك لە لبنان و توركیا و خوارووی ئێراقدا پێشكەش بكەین. خۆشحاڵیشین بەوەی كە لە چەندین لاوە پشتگیریمان لێ دەكرێت، ئێمەش بە بەردەوامی لە هەوڵی ئەوە داین كە متمانەی گەلەكەمان بەو تیپە بپارێزین، هەوڵی ئەوە دەدەین كە ئەو پەیامە نەتەوەییە بە سەربەرزییەوە بگەیەنین و بە هەموو خەڵكی دنیا بڵێین كە كورد چ گەلێكی دەوڵەمەند لە كولتوورو شارستانیەتە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌