بەدواداچوونی: عەلی بانیشاری- هەڵەبجە
بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی قوبانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەیە، تا ئێستا(70%)ی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لەنێو گۆرە بەكۆمەڵەكاندا دەرنەهێنراون، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێ: لە ترسی ژهراوی بوونی تەرمەكان نەیانوێراوە دەریان بهێنن.
بەهۆی بۆردومان كردنی شاری هەڵەبجە بە چەكی كیمیاوی لە ساڵی(1988) لە لایەن رژێمی پێشوی بەعس، بەدەر لە شەهید بوونی پێنج هەزار هاوڵاتی ئەو شارە، بە هەزارەهاش ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون و چەندینیش بەهۆی كاریگەری ئەو چەكەوە تائێستا دەناڵێنن و جارجارەش كەسێك بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدات.
چەند مانگێكیشە لەسنوری قەزای هەڵەبجەدا گۆڕێكی بەكۆمەڵ كە بەهۆی ئەو چەكەوە بوونەتە قوربانی دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ترسی ژەهراوی بوونی ئەو گۆڕانە تائێستا دەرنەهێنراون.
لەئێستاشدا بەرپرسان و دانیشتوانی ئەو شارە داوا دەكەن كار بۆ دەرهێنانی روفاتی ئەو كەسانە بكرێت كە تائێستا لەژێر خاكدان و چارەنوسیان نادیارە.
باقی كەریم دانیشتویەكی شاری هەڵەبجەیەو دەڵێ" بەهۆی كیمیابارانەكەی ساڵی(1988)وە تائێستا زۆرێك لە قوربانییەكان چارەنوسیان نادیارەو كەس نازانێت ئێسك و پروسكیشیان لە كوێیە".
ئەو بۆ خەبات رایگەیاند" كەس و كاری ئەو قوربانیانە تائەم ساتەش چاوەرانی روفاتی كەسوكاریانن.
ناوبراو سەرسوڕمانی خۆشی لەوە دەربڕی كە تائێستا حكومەتی هەرێم و وەزارتی شەهیدان كاریان بۆ دۆزینەوەی ئەو قوبانیانە نەكردووە كە لە ژێرخاكدان و لەناو گۆرە بەكۆمەڵەكانی سنوری شارەكەدان
فەرج حمەلاو یەكێكە لە كەس و كاری قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەو دەڵێ تا ئەم ساتەش(4)لەخوشك و براكانم بەهۆی كیمیابارانەكەی ساڵی(1988)ەوە بێسەرو شوێن و ناشزانین لەكوێ نێژراون.
ئەو بۆ خەبات وتی" دڵم تاڕادەیەك بەوە خۆشە خوشك و براكانم لەناو ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەدا بن كە زۆرێك لە قوربانیانی كیمیابارانی شارەكەی تێدایە".
ئەو هاوڵاتیە وتیشی" یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوەیە رۆژێك گۆرەكان هەڵبدەنەوەو منیش ئێسك و پروسكی خوشك و براكانم بدۆزمەوە، چونكە دۆزینەوەی ئەو ئێسك و پروسكانە ئارامیم پێدەبەخشێت".
لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوبانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەكات كە 70%ی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە گۆرە بەكۆمەڵەكاندا نێژراون و تائێستاش هەر لەو گۆرانەدان و دەرنەهێنراونەتەوە.
ئەو بۆ خەبات وتی" لە كاتی بۆردومانی شارەكەدا، لە لایەن هەندێ لە كاربەدەستانی ئێرانەوە بەشێوەی كۆمەڵ قوربانییەكانیان كردووە بە ژێر خاكەوە".
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، وتیشی" هۆكاری دەرنەهێنانی ئەو گۆرە بەكۆمەڵانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ترس لە شەهراوی بونییان هەیە، بۆیە پێویستە بۆ ئەو مەبەستە تیمی پسپۆر رەوانەی شاری هەڵەبجە بكرێت".
گۆران ئەدهەم قایمقامی هەڵەبجە، دەڵێ" پێش(5)مانگ لەمەوبەر گۆرێكی بەكۆمەڵ لە چیای باڵامبۆ لە نزیك شاری هەڵەبجە دۆزرایەوە، بەڵام بەهۆی ترسی شەهراوی بونیان بە مادەی كیمیاوی نەتوانرا دەربهێنرێن".
ئەو بۆ خەبات رایگەیاند" لەو گۆڕە بەكۆمەڵەدا روفاتی (30) كەس بونیان هەبووە، كەسەرجەمی روفاتەكانیش هی كیمیابارانەكەی ساڵی (1988)بوون و بەجل و بەرگەوە نێژرابوون".
قایمقامی هەڵەبجە وتیشی" ئێمە لەلایەن خۆمانەوە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانمان لە بوونی ئەو گۆرە ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام بە بیانوی نەبوونی جل و بەرگی تایبەت هەڵدانەوەیان دوادەكەوێت".
هەروەها ناوبراو ئاشكرای كرد لەسنوری قەزای هەڵەبجەدا نزیكەی(30) گۆری بەكۆمەڵی ساڵی(1988) بونیان هەیە.
فوئاد ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، دەڵێ" وەزارەت بەهۆی ئەوەی ترسی لە شەهراوی بوونی ئەو گۆرانە هەبووە نەی توانیوەی گۆرەكان هەڵبداتەوە".
ئەو بۆ خەبات رایگەیاند" تیمێكی پسپۆری بەریتانی لەو بوارەدا لە رێی وەزارەتەكەمانەوە سەردانی شاری هەڵەبجەیان كردووەو نمونەی خۆڵی گۆرەكانیان بردووە بۆ بەریتانیاو بڕیارە دوو بارە بۆ هەڵدانەوەی گۆرەكان سەردانی هەڵەبجە بكەنەوە".
هەروەها ناوبراو ئاشكرای كرد كە رۆژانە وەزارەت لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەو تیمەو لەماوەیەكی نزیكدا سەردانی شاری هەڵەبجە دەكەن.