2010-07-04

دیداری- عومەر ئاوارە خورماتوو

 

د.ئەمین عەزیز جواد جێگری پارێزگای (سەڵاحەدین) لە لیستی هاوپەیمانە كوردستانی، لە دیدارێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (خەبات) باس لە سەر ئەو كارو چالاكییان دەكات كە ئەوان وكو پارێزگای ناوبراو پێشكەش بە هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایەی دەكەن، بە تایبەت هاووڵاتیانی شاری خورماتوو، هەروەها باس لەسەر ئەو كێشە وكرفتانە دەكات كە لە لایەن چەند لایەن وگروپێكی ناو پارێزگاوە رووبەڕویان دەبێتەوە، لە سەر ئەم مەسەلانەوو كۆمەڵێكی مەسەلەی دیكەی گرنك بە ناوچەكە ڕۆژنامەی (خەبات) چەندەها پرسیاری ئاراستەی بەرێزیان كردو و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی دایەوە

 

٭ لە سەرو بەندی ئەو پرۆژانەی كە بڕیارە لە ئەمساڵدا پێشكەش بكرێت بە پارێزگای سەڵاحەدین بە گشتی وشاری خورماتوو بە تایبەتی، دەكرێت پوختی ئەو پرۆژانەمان بۆ بخەنەڕوو؟

 

 دیارە شاری خورماتوو یەكێكە لەو شارانەی كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا لە هەموو بوارێكی خزمەتگوزاریدا پشتگوێ خرابوو، ئێستاش وەكو هەر شارێكی دیكەی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین مافی خۆی لە بواری خزمەتگوزاری و ئاوەدانیدا هەیە وپێویست دەستی هاوكاری وخزمەتگوزاری بۆ درێژ بكرێت، لە دوای وەرگرتنی پۆستەكەم وەكو جێگری پارێزگای سەڵاحەدین لە ساڵی2009 پارێزگای سەڵاحەدین قەرزارێكی زۆر بوو، لە گەڵ ئەوەشدا توانیمان چەند پرۆژەیەك بۆ شاری خورماتوو دەست نیشان بكەین وبیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، لەو پروژانە، پرۆژەی دروستكردنی كتێبخانەیەك بە بڕی 532 ملیۆن دیناری لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە بۆ تەرخان كراوە وچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها لە ئەمساڵدا وا بڕیارە نزیكەی 9 ملیار دینار بۆ شاری خورماتوو تەرخان بكرێت، هەرەوەها پرۆژەی دووسایدكردنی شەقامی نزیك پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی خورماتوو كە بڕی 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە ولەم نزیكانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لە لایەن شارەوانی خورماتووە راستەوخۆ سەرپەرشتی دەكرێت، ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە كە سیمای شارەكە جوان بكاتەوە كە ساڵانێكە وەك لە سەرەتاوە ئاماژەم پێدا بشتگوێ خراوەو بە دیمەنێكی ناشرین ونا شارستانییانە ماوەتەوە، من لە ڕێگەی ڕۆژنامە بەرێزەكەتانەوە وپێش ئەوەی ئەم پرۆژەیە دەست پێبكات داواكارم لە خەڵك هاوكاری وهەمەهانگی بەڵێندەرەكان بكەن بۆ ئەوەی شتەكەیان بە جوانی بۆ دروست بكرێت، هەر لەو پرۆژانەی كە لە ئەمساڵدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، دروستكردنی دوو قوتابخانەیە كە یەكێكیان دەكەوێتە گەرەكە كوردییەكانەوە، ئەوی دیگەش دەكەوێتە دەكەوێتە ڕۆژئاوای شاری خورماتووە لە گەڵ دروستكردنی چەندین ڕیگا وشەقامی دیكە، هەروەها پرۆژەی جێبەجێكردنی كارەبای شارەدێی (نەوجول) كە ئەویش بڕی766 ملیۆن دیناری بۆ سەرفكراوە، هەروەها چەند پرۆژەیەكی دیكە هەن لە بواری تەندروستی وپەروەردەو ئاودا كە بڕیارە بچنە بواری جێبەجێكردنەوە، لەوانە پرۆژەی ئاوی خورماتوو لە سەر ڕێگای كەركوك خورماتوو، ئەم هەموو پرۆژانە كە ئاماژەمان پێدا بڕیارە لە مانگی -6- ی ئەمساڵەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە بەرامبەر جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانە بە شێوەیەكی باش هەموومان بەرپرسیارین، دەبێت هەموو لایەكمان خەمی بخوین بۆ ئەوەی شارەكەمان لە دەست قەیرانی نەبوونی خزمەتگوزاری ڕزگاری ببێت، من لێرەوە داكارم لە هەموو لایەك ئەم كەم كورتییە كە هەیە لە ناو شاری خورماتوودا خەمی بخوین وبە هەموومان چارەسەر بكەین بۆ ئەوەی سیمای شارەكە جوانتر بكەین،

 

٭ قسە لە سەر ئەوە دەكرێت، كە ئیدارەی پارێزگای سەڵاحەدین بایەخ بە شاری خورماتوو نادات، بەرێزتان وەكو جێگری پارێزگا چ وەڵامێكتان بۆ ئەو قسانە هەیە..؟

 

 دەبوایە ئەم قسانە پێش دەست بە كاربوونی ئەنجومەنی نوێی پارێزگا بكرایە، مەسەلەی دابینكردنی بودجە بۆ پارێزگای سەڵاحەدین، ئەگەر ئالییەتی كاركردن هەبێت، یاخود نەبێت، ئەو بڕە پارەیە هەر تەرخان وسەرف دەكرێت، چونكە بە گوێرەی رێژەی دانیشتوانەكەی ئەو بودجەیە دابیندەكرێت، بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژانە، دەدرێتە كەسێك كە شارەزایی تەواو و توانای تەواوی هەبێت لە جێبەجێكردنی پرۆژە، ئەگەر كەسێكی باش وبە وێژدان بێت ئەوا ئەو كارەی كە ڕادەستی دەكرێت بە باشی ئەنجامی دەدات، ئەگەر كەسێكی خراپیش بوو ئەوا پرۆژەكە بە سەقەتی ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان خەڵكی شاری خورماتوو كێشەو گرفتییان لە گەڵ پارێزگای سەڵاحەدیندا هەبووەو چارەسەر نەكراوە، ئەگەر بە شێوەیەكی یاسایی بێت، ئەوا مافی خۆیان ناڕەزایی بەرامبەرمان دەڕببڕن، بەڵام من ئەو قسانەی كە دژ بە پارێزگای ناوبراو دەكرێت من بە راستی نازانم كە گوایە پارێزگای ناوبراو بایەخ بە شاری خورماتوو نادات یاخود پشتگوێی دەخات، بە پێچەوانەوە، ئێستا وەزعی شاری خورماتوو لە جاران باشترە، بۆ نمونە ئێستا قایمقامی شارەكە لە نەتەوەی كوردە وكوڕێكی چالاك وهۆشیارە، هەروەها من وەكو كوردێكی ئەم شارە جێگری پارێزگای سەڵاحەدینم، كە زۆر جار سەلاحییەتی پارێزگاریشم دەخرێتە ئەستۆ، لە بەر ئەوەی ماوەیەكی زۆرە پارێزگارمان نییە، لە كاتی خویشیدا ئەو كاتەش كە پارێزگاریش هەبوو، هەر هەمان دەسەڵاتم هەبوو، بۆیە من ئەو قسانە بە ڕاست نازانم كە پاراستەی پارێزگای ناوبراو دەكرێت..

 

٭ بەرێزتان ئاماژەتان بەوەدا كە پارێزگارتان نییە وئەو پۆستە بە چۆڵی ماوەتەوە، دەكرێت باسی هۆكاری نەبوونی پارێزگارمان بۆ بكەن . بۆچی پارێزگارتان نییە وبە بێ پارێزگار چۆن كارەكانتان بەرێووە دەبەن؟

 

پارێزگارمان هەبوو، بەڵام لادرا، لادانیشی دەگەڕێتەوە بۆ كێشەیەكی سیاسی قوڵ كە لە نێوان كوتلە سیاسیەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگا دروست بوو، ئێمە وەكو كوتلەی كوردی هیچ پەیوەندێكمان بەو كێشەو گرفتانەوە نییە، توانیمان بە سیاسەتی خۆمان، خومان دوور بخەین وخۆمان بپارێزین وتەنانەت كەس لە خۆمان زویر نەكەین و هەڵوێستێكی یەكلاییمان هەبێت بەرامبەر بەو كێشەیەو پۆستەكەی خۆمان بپارێزین وببینە جێگای رێزی ئەو لایەنانەی كە كێشەكە لە نێوانیاندا دروست بوو، وەك ئاماژەم پێدا، ئەوە كێشەیەكی سیاسیە كە لە نێوان ئەو لایەنانەدا دروست بوو وتاكو ئێستا یەكلا نەكراوەتەوە، بە هیوای ئەوەی بە زوترین كات یەكلا بكرێتەوە..

 

٭ ئێستا لە ناو پارێزگای سەڵاحەدین سێ لایەن هەن (كورد، عەرەب، توركمان)، بەڕای تۆ وەكو جێگری پارێزگا، هاووڵاتییانی ئەو سنورە لە كام لەو لایەنانە ڕازین..؟

 

 ناتوانین بەو شێوەیە دابەشی بكەین كە لە پرسیارەكەتدا ئاماژەت پێدا، ئێمە لە ناو پارێزگای سەڵاحەدین-10- كوتلەی جیاجیاین، هەندێ لەو كوتلانە خاوەنی -5- كورسین، هەشە خاوەنی -3- كورسی و -2- كورسییە، دوو لەو كوتلانە خاوەنی -5-كورسین، دو كوتلەی دیكە 3 كورسیان هەیە، -6- كوتلەی دیكە هەن -2- كورسیان هەیە، ئەتوانم بڵێم ئێمە وەكو كوتلەی هاوپەیمانی كوردستانی لایەنێكی سەرەكیین لە ناو پارێزگای ناوبراو، لە بەر ئەوەی پۆستی جێگری پارێزگارمان هەیە، بەڵام بۆ كوتلەكانی دیكە ناتوانین هەڵسەنگاندنی گونجاویان بۆ بكەین لە بەر ئەوەی وەكو كوتلەی هاوپەیمانی كوردستانی قورساییان نییە..

 

٭ ئەو كوتلانە، لە گەڵ ئەوەن كە تۆ وەك كوردێك پۆستی جێگری پارێزگارت پێسپێردراوە، یاخود پێیان ناخۆشەو دژایەتیت دەكەن؟

 

 ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە -28- ئەندام پێكهاتووە، لەو -28- ئەندامە -26- یان هاوڕان لە گەڵ من، لە گەڵ ئەوەشدا ئەو -28- ئەندامە، -26- یان هاوڕان لە گەڵ من، لە گەڵ ئەوەشدا ئەو -28- ئەندامە پالێوراوی -10- كوتلەی بەشداربوون لە پارێزگای سەڵاحەدین، لەو -10- كوتلەیەش -10- كوتلەیەش -9- كوتلەی هاوڕایە لە گەڵ من وڕێزمان لێدەگرن.

 

٭ وەكو كوردێك كە ئێستا جێگری پارێزگای –سەڵاحەدین-ی، ئاشكراشە شارەكەت لە بنچەدا سەر بە كەركوك بووە وبە بڕیاری ژمارە-41- ساڵی 1976ی ڕژێمی بەعس لەو پارێزگایە دابڕاو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، تۆ پێت باشبو ئەم پۆستەی كە ئێستا هەتە وەكو جێگری پارێزگا لە –كەركوك- هەتبوایە، یاخودسەڵاحەدین..؟

 

 من لە ئەمساڵدا داوام لێكرا خۆم هەڵبژێرم بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوەم بە چاك زانی بە مووچەیەكی كەم وماندووبونێكی زۆرەوە لەم پۆستەی خۆمدا بمێنمەوە وەكو جێگری پارێزگای –سەڵاحەدین- نەك بچم لە پەرلەمانی عێراق وەكو ئەندام پەرلەمانێك كار بكەم، هەرچەندێ لەوێ كەمتر ماندوو دەبم و دەسەڵاتەكەشم فراوانتر دەبێت، لە بەر ئەوەی من بە دەنگی خەڵكی شاری خورماتوو دەرچووم كە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین- ە، بۆیە لە دوای ساڵێك دەست بە كار بوونم وەكو جێگری پارێزگا ئەزمونێكی بەر چاویم هەیە لە كاركردن، بە تایبەت بۆ شاری خورماتوو، هیچ ڕێگەم بە خۆم نەدا كە بچمە پەرلەمانی عێراقی و جێگاكەی ئێستام بە جێ بهێڵم، ئەگەر دڵنیاش بومایە كە لە 100% لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیدا دەردەچم، ئەم پۆستەی ئێستام هەڵدەبژارد، چونكە من ئێستا دەتوانم لە ڕێگەی ئەم پۆستەوە خزمەت بە پارێزگای – سەڵاحەدین- بە گشتی وشاری خورماتوو بە تایبەتی بكەم، لە بەر ئەوەی شاری خورماتوو بەشێكە لە پارێزگای ناوبراو ناشتوانم ئەو شارە پشت گوێ بخەم، لە هەمان كاتدا من مامۆستای زانكۆم و دەتوانم ئەم پۆستەش نەبێت لە ڕێگەی پیشەكەمەوە پەرە بە كارەكانم بدەم. لە گەڵ ئەوەشدا تاكو شاری خورماتوو لە پارێزگای - سەڵاحەدین بێت، پێم باشە جێگری پارێزكای ناوبراو بم..

 

٭ كێن ئەو لایەن وگرۆپانە كە كێشەتان بۆ دروست دەكەن وبۆچی كێشەتان بۆ دروست دەكەن؟

 

 لە ناو پارێزگای ناوبراو تەنها یەك لایەن وگروپ هەیە، كە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان كێشەمان بۆ دروست بكەن وكارەكانمان ڕابگرن وپەكیبخەن ودژمان قسە بكەن، ئەویش بەری توركمانییە، لە بەرامبەر ئەو رەفتارانەش ئێمە وەكو كوتلەی كوردی دڵمان گەورەیە، من جێگری پارێزكاری –سەڵاحەدین- م بۆ هەموو ئەو پارێزگایە وكار بۆ هەموو نەتەوەكان دەكەم بە تایبەت لە شاری خورماتوو و بە یەك چاو تەماشایان دەكەم وهیچ جیاوازیێك لە نێوانیاندا ناكەم، بەڵی من كوردم وئەو دەنگە زۆرەی كە بە دەستم هێنا لە كاتی ئەنجامدانی هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ساڵی ڕابردوو دەنگی هاووڵاتی كورد بوو، لە هەمان كاتدا بەرگری لە مافی كورد دەكەم و سەرجەم نەتەوەكانی دیكەش مافی خۆیان دەدەمێ وكەمتەرخەمی لە ئاستییاندا ناكەم، ئەو لایەنەش كە ئاماژەم پێدا زۆر هاوكاریان دەكەین، بەڵام بە داخەوە زیاد لە سەرمان دەڕوون وقسەمان لە سەر دەكەن وبریندارمان دەكەن، ئەتوانین بە دڵ فراوانی خۆمان مامەڵەیان لە گەڵ بكەین، چونكە هەر مرۆڤێك پۆستێكی باڵای وەرگرت خەڵك ئێرەیی پێدەبەن لە بەر ئەوەی كارو خزمەت پێشكەش بە تواناو هەوڵی خۆی بە هاوڵاتیان دەكات ...

 

٭ ئەی بۆ چی ڕوەوبەڕووی یاسان ناكەنەوە..؟

- ماوەیەك پێش ئێستا، ئەو كاتەی كە زۆر ڕەفتاری ناڕەوایان دژمان ئەنجامدەدا، لە گەڵیان دانیشتم وئاگاداریانم كردەوە كە ئەگەر واز لەو رەفتارو دژایەتییە نەهێنن، ئەوا لە ئەنجومەنی پارێزگا هەموو ئەو ڕەفتارو كارانەی كە كردویان دەیخەمە پێش ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەوەی ئەوان یە شێوەی یاسایی مامەڵەیان لە گەڵ بكەن وحەدیان بۆ دابنەن، دواتر ئەوان پاساوی ئەوەیان هێنایەوە كە كارەكانیان بێ قەسد بووە وئینكاری ئەوەیان دەكرد وبەڵێنی ئەوەشیاندا كە ئەو جۆرە ڕەفتارانە دووبارە نەكەنەوە و وەكو برا لە گەڵماندا بن وهاوكاریمان بكەن وجاریكی دیكە دژایەتیمان نەكەن، بەڵام ئەگەر شتەكانیان بەرامبەرمان دووبارە كردەوە، ئەوا ئێمە ڕێگای یاسا دەگرینە بەر ...

٭ ئەو پرۆژانەی كە بۆ شاری خورماتوو دوردەچن، كێ بەرپرسیاری یەكەمە لەو پرۆژانە..؟

 

پرۆژە چۆن پێشنیاز دەكرێت، سەرەتا بەرێووبەری ئەو دەزگایەی كەمەبەستی ئەوپرۆژەیە لە گەڵ ئەندامێكی ئەنجومەنی شارەوانی وقایمقامی شارەكە دادەنیشێت وپرۆپۆزەڵی ئەو پرۆژەیە دەخرێتە ڕوو و دواتر بەرز دەكرێتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، دواتریش لەلایەن ئەو لایەنەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بەرز دەكرێتەوە بۆ ئەوەی دەنگی لە سەر بدرێت وبچێتەبواری جێبەجێكردنەوە، زۆر جاریش لە لایەن كەسانی دەوروبەر دەست كاری ئەو پرۆژانە دەكرێت، لە گەڵ ئەوەشدا ئەو قرۆژانەی كە لە ساڵی 2010ئامادەكراوە زۆر باش وپەسەندن وئومێدەوارم لە كاتی ئەنجامدانی ئەو پرۆژانەش لە لایەن ئەو كەسانەوە كە دەخرێتە ئەستۆیان بە شێوەیەكی باش ئەنجامی بدەن وتێدا سەركەوتوو بن .

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌