محەمەد سەعید كوردە
عەدنان نوری سەرۆكی یەكێتی كیك بۆسینكی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت پێی ڕاگەیاندین بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی دادێ بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا هەردوو سەرۆكی یەكێتی كیك بۆسینكی جیهان و ئاسیا سەردانی كوردستان بكەن.
هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەو دوو كەسایەتییە شاری هەولێریان وەك شوێنی نیشتەجێ بوونیان دەست نیشان كردووە، بۆیە ئێمەش وەك یەكێتی كیك بۆسینكی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان ئەوە بە هەلێكی زێڕین دەزانین كە چەند پرۆتۆكۆڵێكیان لەگەڵدا واژوو بكەین، دواتر دوو خولی مەشق و ناوبژیوانی ئەنجام بدەین، هەر لەو ئان و ساتەش بتوانین ڕاهێنەرانمان پۆلین بكەین تا وەرزشوانەكانمان سوودی لێ ببینن و ئەزموونی خۆیان دەوڵەمەند بكەن. سەرۆكی یەكێتی كیك بۆسینكی كوردستان باسی لەوەش كرد كە ئەو یارییە تا ڕادەیەكی زۆر جێی بایەخە و ئێستا 18 یانە یاری كیك بۆسینكیان لە یانەكانیان هەیە، هەروەها دەتوانم بڵێم لە شارەكانی كوردستان ئەو وەرزشە بەو شێوەیە پێشكەوتووە و هەنگاوی باشی بڕیووە.
لە هەولێر یانەی شەقڵاوە، لە سلێمانی یانەی سیروانی نوێ، لە دهۆك یانەی دهۆك، لە كەركووك یانەی تەئاخی، لە گەرمیان یانەی خانەقین، ئەو یانانە لە خول و پێشبڕكێكاندا هەمیشە لە ڕیزی هەرە پێشەوەن و ڕاهێنەر و یاریزانی بە ئەزموونیان هەیە. دوا جاریش بەڕێزیان وەك داواكارییەك ئەوەی خستە ڕوو كە نەك بە تەنیا ئەو 18 یانەیە، بەڵكو پێویستە سەرجەم یانەكان بایەخ و گرنگی بەو یارییە بدەن و لە هەموو خول و پاڵەوانییەكان بەشداری بكەن بۆ ئەوەی ئەو یارییە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و بچێتە ڕیزی یارییەكانی دیكەی وەرزشی.