2012-09-17

گاری كینت٭
كورد دەبنە فاكتەری سەرەكی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ، كورد بەشێوەیەكی سەرەكی لە چوار وڵات دا دەژین ( توركیاو ئیران و عێراق و سوریا) دووجاری گەلێ كارەسات و زوڵم هاتوون، هەوڵەكانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە دوای جەنگی یەكەمی جیهان و روخانی ئیمپراتۆری عوسمانی شكستی هێنا. كوردی عێراق رووبەرووی تاڵترین چارەنووس بوونەوە، بە شێوازێكی رێك و پێك هەوڵی لەناوبردنیان درا هەر لەسەرەتای ساڵی شەستەكان تا كو هەشتاكان، كە لەو ساتانە دا رووبەرووی دژوارترین شاڵاو هاتن بەتایبەتی لە كاتی سەددام حوسێن تا گەیشتە ئەو رادەی هەزاران گوند خاپور كرا، كوشتنی نزیكە دووسەد هەزار هاووڵاتی لە كۆتانی هەشتاكان، لە ناوبردنی پێنچ هەزار هاووڵاتی بە چەكی كیمیاوی لە هەڵەبجە.
بەڵام كورد هەڵسانەوە بەتایبەتی لە كوردستانی عێراق لە دوای راپەرینەكەی ساڵی 1991 و دابین كردنی ناوچە دژە فرین بە پشتوانی حكوومەتەكانی ئەمریكا و بریتانیا و فەرەنسا، ئیستا لە كەشێكی دیموكراسی و لە ئاستێكی بەرز دادەژیەن، و3% یەدەگی نەوتی جیهان لە ژێر خاكی ئەواندایە، كوردستان دەتوانێت یەك ملیون بەرمیل نەوت لە ساڵی 2013 رۆژانە بەرهەم بێنێت، بەهاتنی ساڵی 2019 دەبێتە 2 ملیون بەرمیل لە رۆژێك دا، لەگەڵ ئەوەی ئەو ناوچەیە رێگەی دەریایی نییە بۆیە پشت بە هاوسێكانی دەبستێت بۆ هەناردنە دەرەوەی.
جێگای داخە بەغدا دوژمنایەتی هەرێم دەكات و رێككەوتنامەی 2005 بەتەواوی جێ بەجێ نەكردوە، كێشە سەرەكییەكان بەبێ چارەكردن هەڵپەسراوە، بریتین لە مووچەی هێزی پێشمەرگە، ئایا لە بودجەی حكوومەتی فیدراڵ دەبێت یا حكوومەتی هەرێم؟ ناوچە كوردنشینەكان، كەركوك كە كورد سوورن لەسەر ئەوەی بەشێكە لە هەرێم، شاری كەركوكی تەعریب كراوە كێشەی سەرەكییە، هەروەها كێشەی وزە و دابەش كردنی داهاتەكەی بە گوێرەی یاسا.
بوونی نەوت و گاز و هێوری و سەقامگیری ئاسایش وای لە كوردستان كردوە كە ببێتە جێگای بایەخ و سەرنجی كۆمپانیە نەوتیەكان زێدەتر لە بەشەكانی تری وڵات. بریاری چوونی ئەو چوار كۆمپانیا مەزنانەی جیهانی نەوت لە كۆی دە كۆمپانی جیهانی، بۆ كوردستان بریارێكی بوێر بوو و دووپاتی هێوری هەرێمی كوردستانە، ئەم بریارە بووە جێگای نارحەتی بەغدا و دژایەتی كردنی ئەو كۆمپانیانە و هەرشە كردن لێیان، بەڵام ناتوانێت هیچیان بەرامبەر بكات و ماوەیەكی درێژ ناخەیانێت دەبێ بەغدا لەبری هەرشە و رقەبەرایەتی ستایشی هەرێمی كوردستان بكات.
هیوادارم لە تونی هیوارد سەرۆكی پێشووی كۆمپانیای نەوتی بەریتانی و وجینی سەرۆكی جێبەجێ كاری ئێستا، كە لە ماوەی ساڵێك تا دوو ساڵی ئایندە بەرهەمی نەوتی كوردستان بۆ یەك تا دوو ملیون دەبێت و ئەو نەوتە زۆرە بازارەكان پر دەكات و ئەمەش دەبێتە چارەسەر بۆ گرفتە سیاسیەكان.
هەناردنە دەرەوەی نەوتی بەغدا لە ژێر كۆنترۆڵی بەغدا دەبێت و سەر جەم داهاتەكان گڵ دەداتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە كە دەست بەسەر بەشی هەرێم دابگرێت، بۆیە ئەگەر كورد نەیان توانی نەوت هەناردەی دەرەوە بكەن ئەو ناچارن بە نرخێكی هەرزان تر لە بازارە ناوخۆیەكان بیفرۆشن، لە مانگی ئایار كورد و كۆمپانی توركی ئاشكرایان كرد كە هێلێ هەناردنی نەوت لە كوردستان بۆ توركیا لە ساڵی 2013 دەكەوێتە كار، ئەوساتە كورد دەتوان نەوت هەناردەی دەرەوە بكەن بەبێ رەزامەندی بەغدا، هەروەها ئابوری توركیاش دەگەشێتەوە و دەبێتە بازارێكی گرنگی وزە.
ئایا كێشەكە لێرە دا دەبێتە بەشێك لە دوژمنایەتی مێژینەی نێوان موسلمانانی سونە و شیعە، كە بەو هۆیەوە كێشەی سوریا پەرەی سەندەوە؟
بەغدا پشتگیری سوریا دەكات هەروەها ئیران، بەڵام توركیا خوازیارە بە گۆڕانی ئەو رژێمە هەروەك وڵاتە عەرەبە سونەكان، هاوكێشەكە لێرەدا ئاڵۆزە بەشێوەیەكی بەرچاو 28 ساڵ لە كوشتار لە نێوان حكوومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان كە زیاتر لە چل هەزار هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە.
مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هۆكاری سەرەكی بوو بۆ یەكریزی ئۆپۆزسیۆنی پەرت و بڵاوی كوردی سوریا، بەڵام توركیا ترسی لەوە هەیە كە پەكەكە ئەو ناوچەیە بۆ دژایەتی ئەو بەكار بهێنێت.
لەسەر بەغدا پێویستە واز لە دژایەتی هەرێمی كوردستان بهێنێت چونگە ئایندەی گەشاوەی كوردستان بۆسەرجەم عێراقە و هیوادارم لە حكوومەتی ناوەندی كە كێشەكان لە رێگای گفتۆگۆ و دیالۆك و سودی هاوبەش چارەسەر بكات. ئێستاش كاتی ئەو هاتووە كورد لە دوای ئەو هەموو نەهامەتی و زوڵمە هەموو توانا و شارەزایەكانیان بەكار بهێنن بۆ ودەست هێنانی پشتوانی نێودەوڵەتی بۆ دابین كردنی ئاواتەكانیان، كوردستان ببێتە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ پشتوانی كردن لە ئازادی و فرەیی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی.
٭ سكرتیری لێژنەی سەرجەم حزبە بەریتانیەكان بۆ پشتگیریكردن لە كوردستان

وەرگێڕانی: شێركو حەبیب

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌