| د.كەمال كەركووكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی:سەركەوتنمان كاتێك مسۆگەر دەبێت كە بەتەواوەتی باوەڕمان بەخۆمان و حەقانیەتی مافە |
2012-09-18 |
 |
|
|
د. كەمال كەركووكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان، لە ئاهەنگی یادی 16ی ئاب و 11ی ئەیلوول، ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، لە قەزای شێخان، رۆژی پێنجشەممە 13/9/2012 وتارێكی پێشكەشكرد تیایدا تیشكی خستە سەر سەروەرییەكانی پارتی وئەو دەستكەوتانەی لەساڵانی ڕابردوودا بەدەستیهێناوە، ئەمەش دەقی وتارەكەیە: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان ئامادەبووانی قەدر گران لەیادی 51ەمین ساڵەی شۆڕشی كوردستان، شۆڕشی دڵسۆزان و وەفاداران بە خاك و نیشتمان، شۆڕشی مەردایەتی، شۆڕشی ئیرادەی بەهێز و باوەڕ بەخۆ، شۆڕشی چاونەترس و دووربینی، شۆڕشی گشت كوردستان، شۆڕشی بارزانی نەمر. لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو لە شێخان، سڵاو لە لالش و لە مزگەوتەكان لە كڵێسەكان سڵاو لە ئاینەكان، سڵاو لە ئێوەی رێزدار دانیشتووانی شێخان و ئامادەبووانی بەرێز و گشت خەڵكی كوردستان بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و شەبەك و سابیئەی مەندائی و گشت پێكهاتەكان، سڵاو لە ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدیان، سڵاو بۆ گشت خوشك و برایەكی پێشمەرگەی كوردستان لە هەر شوێنێك هەن. سڵاو لە گشت كورد و كوردستانیانی هەندەران،و لە هەموو ئەو پێشمەرگانەی كە لە رێبازی خەبات و تێكۆشان بەشێكی جەستەیان لەدەستداوە و بەپەككەوتووی لەژیاندا ماون. سڵاو لە دانیشتووانی ناوچە دابڕاوە داگیركراوەكان، سڵاو لە كەركووكی دڵی كوردستان، سڵاو لە گەرمیان و هەورامان و لە كەلار و كفری و چەمچەماڵ و دەربەندیخان و قەرەداخ و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و سیدەكان و ناوپردان و دەشتی هەولێر و قەرەچوغ و شەقڵاوە و رواندوز و خەلیفان و هەریر و بالیسان و دووكان، سڵاو لە داقوق و خانەقین و مەندەلی و بەدرە و جەسان و سەعدییە و جەلەولا. سڵاو لە دووز و پردێ و مەخموور بەعشیقە و زومار و تەلەعفەر و سنجار، سڵاو لە خاك و دانیشتووانی گشت پارچەكانی كوردستان، سڵاو لە گشت تاكێكی جوتیار و كرێكار لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان. سڵاو لە خوشك برا فەیلییەكان كە لە مێژوودا پشتیوانێكی بەهێزی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و بزاڤی ئازادیخوازی نەتەوەی كورد بوون، سڵاو لە ئۆمەرییان كە دەوری گرنگ و بەرچاویان هەبوو لە پاڵپشتیكردنی شۆڕشی ئەیلوول. سڵاو لە رۆحی پاكی ئایەتوڵا موحسین ئەلحەكیم، كە بەدەنگی بەرزی شەڕی دژ بە كوردی حەرام كرد. سڵاو لە گشت ئینسانێكی ئاشتیخواز و ئازادیخواز لە هەر ڕەگ و ئاینێك لە هەر كوێ دنیا كە پشتیوانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستانیان كرد. سڵاو لە میدیاكارە ناوەخۆیی و عێراقی و ئیقلیمی و جیهانییەكان، كە دەنگی شۆڕش و زوڵمی دژ بە كوردیان بە دنیا ناساند. ئامادەبووانی سەربەرز و رێزدار لایەنە سیاسییەكان و ئەندامانی پەرلەمان و حكوومەت، هەریەك لە ئێوەی بەرێز بەخێرهاتن بەسەرچاو. لەم یادە پیرۆزە مەزنەدا، یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، سڵاو لە ئێوەی سەربەرز و سەرفراز كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدەكانی كوردستان، سڵاو لە كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان. سڵاو لەرۆحی پاكی شێخ سەعیدی پیران شێخ مەحموود و قازی محەمەد و بارزانی نەمر،و گشت سەركردە سەربەرزەكانی كورد و كوردستان. ئامادەبووانی بەرێز هەر لەم یادە پیرۆزەدا سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ یەكە یەكەی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و شەهیدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازەكانی جیهان،سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدە ئەنفالكراوەكانی كوردستان، دادەنوێنین. سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو بەڕێزانەی لە زیندانەكان لە سێدارە دران، سڵاو لەو پێشمەرگە و هاوڵاتییە ورە بەرز و گیانفیدایانەی كە لەسەر كوردایەتی و ئازادیخوازی بێ سەروشوێنكران. رێزداران.. ئامادەبووانی بەرێز شۆڕشی ئەیلوول بەڕابەرایەتی مستەفا بارزانی نەمر، گەورەترین شۆڕشی كوردستان بوو، بێ سنوور سوودی گەیاندە نەتەوەی كورد و گشت ئەو نەتەوانەی لەگەڵ كورد لە خاكی كوردستاندا دەژیان، بۆ بەدەستهێنانی ئازادی دژ بە زوڵم و زۆرداری، شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە گرنگترین قوتابخانەی شۆڕشگێڕی و دیموكراسی و كۆمەڵایەتی و پارتیزانی و كوردایەتی و دادپەروەری دادەنرێت، شۆڕشی ئەیلوول بوو كە رۆڵە نەبەزەكانی نەتەوەی كورد و كوردستانیانی تێكەڵاو كرد و بەیەكتری ناساند، و فێری كردن كە بەرەنگاری ستەم ببنەوە و پشتیوانی یەكتر ببن. وای لێ كردن لاوانی بادینان و سۆران لە گشت شوێنێكی كوردستان تێكەڵاوی یەكتر بن وئامادەی خەبات و تێكۆشان بوون، لاوی زاخۆ و گشت بادینان لە گەرمیان لە ریزی پارتی و شۆڕش خەباتیان دەكرد و بۆ ئازادی، شەهید و بریندار دەبوون و سەركەوتنیان لە مێژووی كوردایەتی تۆمار دەكرد. رۆڵەكانی سۆران لە گەرمیان و شارەزوور و هەڵەبجە و شارباژێڕ و جافایەتی و هەورامان پشدەر و باڵەكایەتی دەشتی دزەیی و سورچی و هەركی و زێباری و گۆران و ئاكرەیی و لۆلان و بارزان.. بوون لە گشت شوێنێكی بادینان و سۆران تێدەكۆشان، خەباتیان دەكرد لە پێناوی ئازادی كوردستان، هەموو سنوورەكانی بەزاندبوو، رۆڵەكانی كوردانی باكور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە گشت شوێنەكانی كوردستانی باشوور، شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەكان خەباتیان دەكرد و تێدەكۆشان، ئەمەیە شۆڕشی ئەیلوول كە بەڕابەرایەتی سەركردەی نەتەوەیی كورد بارزانی نەمر، بەیەكجار گشت تاكێكی كوردی لە گشت پارچەكانی كوردستان تێكەڵاو بەیەكتر كردبوو،بۆ یەك ئامانج كە ئەویش رزگاربوون بوو لە دەست ستەم و زۆرداری بەیەكەوە خەباتیان دەكرد. ئامادەبووانی قەدر گران شۆڕشی ئەیلول، بەڕابەرایەتی بارزانی نەمر، هەمیشە گەڵای زەیتوونی لە دەست بوو، بانگەوازی چارەسەری ئاشتیانەی دەكرد بۆ كێشە ڕەواكەی گەلەكەمان. هەر كاتێكیش دەرفەت هەبووایە بەرەو پیری ئاشتی دەچوو، هیچ كاتێكیش لە سەختترین ساتەكان تەسلیمی نائومێدی نەدەبوو، وە لە لووتكەی بەهێزی و سەركەوتنیش هیچ كاتێك غروور نەیدەگرت. لە قوتابخانەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، رۆڵە سەربەرزەكانی كوردستان فێربوون لە پێناوی ئازادی و سەربەرزی، فیداكاری، گیانیان بەخت بكەن، لە مێژوودا بە سەربەرزی بمێنێن. پارتی و شۆڕشی ئەیلوول بوونە قوتابخانەی كەوادری سیاسی و شۆڕشگێڕی گشت كوردستان، هەر لەو شۆڕشەدا، ئیتیفاقیەی 29ی حوزەیران ئیمزا كرا، داننرا بەمافی گەلی كوردستان، لە شۆڕشی ئەیلوول بوو رژێمی ئەوكاتی عێراق اجبار كرا دان بە مافی ئۆتۆنۆمی بنێت، بۆ یەكەمین جار لە مێژووی كورددا لە 11ی ئازاری 1970 ئەو رێككەوتننامەیە راگەیەنرا، كە كوردی بووژاندەوە لە گشت پارچەكانی كوردستان، وە كوردی باشتر و زیاتر ناساند بە عێراق و ناوچەكە و جیهان، توانای شۆڕشی ئەیلوول و دەسكەوتەكانی گەیشتە ئاستێك، كە رژێمی شۆڤێنیەكان نەیدەتوانی هەزمی بكەن، بە رێگای هێزیش نەیدەتوانی بەرامبەری بوەستن، بۆیە پەنایان بردە بەر پیلانی نێودەوڵەتی و تەنازولیان لە خاكی عێراق كرد لە ئیتفاقیەی جەزائیر، بۆ زیانگەیاندن بە شۆڕشی ئەیلوول و پارتی دیموكراتی كوردستان و رابەرە سەربەرزەكەی بارزانی نەمر. هەر لەو ساتە هەستیارەی هەرێمی كوردستان، دووربینی و حیكمەتی بارزانی نەمر بوو، توانی رۆڵەكانی كوردستان لە گەورەترین و دڕندەترین پیلانی دژ بە گەلی خاوەن ماف و ئاشتیخوازی كورد بە سەلامەتی دەرباز بكات، و بڕیاری وەستانی شۆڕشی دا، دواتر دووبارە شۆڕش دەستی پێكردەوە و بەشێوازێكی تری گونجاو پشت بەخوای گەورە و گەلی كوردستان و رۆڵە گیان لەسەر دەستەكانی بۆ ئازادی گەل و خاكی نیشتمان. بەم كارەی سەری لە شۆڤینیەكان و كیینە لە دڵەكان شێواند و شۆڕشی كوردستانیشی دووبارە هەڵگیرساندەوە. رێزداران ئامادەبووانی خۆشەویست. نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، كە دوژمن پێیان وابوو كە كورد تەواو بوو، ئیتر توانای شۆڕشی نەما، كەچی هەر ئەو نسكۆیە خۆی بۆخۆی شۆڕشێكی سەركەوتووی تەواو بوو بۆ گەلی كوردستان، چونكە لەو نسكۆیەدا، كوڕ و كچی كورد لە سەرتاسەری دنیا بڵاوبوونەوە، تێكەڵاوی گەلان و رۆشنبیران و دیموكراسیخوازان بوون، وە لە زانكۆكانیان فێری زانست و زمان و كولتووری دیموكراسی و رەوشتی باش بوون.ئەمە شۆڕشێكی گەورەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی بوو، كە دوژمنان وایان دەزانی گەلی كورد و شۆڕشی كوردیان لە ناوبرد، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمە بووە ئەزموونێكی زۆر باش بۆ نەتەوەكەمان. بەرێزان.. ئەمڕۆ دەبینین قوتابیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، بەرهەمی خەباتی سەركردە و پێشمەرگە و قوربانیانی گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستانی فیدراڵ دەبەنە رێوە، گەرەنتی بۆ سەركەوتنی تەواومان و گەیشتن بە مافەكانمان یەكڕیزی نێوان ماڵی كورد و كوردستانیان گرنگ و پێویستە، یەكڕیزی بە دادپەروەری و ملكەچی یاسا و پابەندبوون بە بنەما دیموكراسییەكان، و رێزگرتن لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دێتەدی. سەركەوتنمان نزیكتر دەبێ زیاتر و زووتر دەگەین بە ئامانجەكان كە هێشتا چاوەڕوانیان دەكەین. سەركەوتنمان كاتێك مسۆگەر دەبێت ، كە بە تەواوەتی باوەڕمان بەخۆمان و حەقانیەتی مافەكانمان و هێز و توانای لە بن نەهاتووی گەلەكەمان هەبێت. هەروەها دەبێ پشتیوان به خودا و گەلەكەمان بەردەوام بین لە هەوڵدان، بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافە رەواكانی میللەتەكەمان. رۆڵە سەربەرزەكانی كوردستان ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێم لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خەباتی گەلی كوردستانە، بەیەكڕیزی ناوماڵی كورد توانرا لە بەغدا مافەكانی گەلەكەمان بەشێكی هەرەزۆری لە دەستووری عێراق جێگیر بێت، بەیەكڕیزی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان توانیمان پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئامادە بكەین، بەیەكڕیزیمان لەناو هەرێمی كوردستان دەتوانین گشت مافە زەوتكراوەكانمان بۆ نەوەكانی داهاتوومان زامن بكەین. رۆڵە بەشەڕەفەكانی كوردستان ئەمڕۆ لە كوردستانی باشوور دڵمان لەگەڵ رۆڵەكانی نەتەوەكەمانە لە بەشەكانی تری كوردستان و پشتیوانیانین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان بە رێگای ئاشتی و دیموكراسی دوور لە توندوتیژی. كادرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشمەرگە سەربەرزەكانی پارتی ... شانازییە بۆ گشت تاكێك لە ئێمە و لە ئێوەی خۆشەویست. كە لە پارتیەكدا كار دەكەین، كە سەرۆكەكەی بارزانی نەمر بووە، مستەفا بارزانی ئەو ئینسانە بوو كە توانی شۆڕشێكی یەكسان كە ببێتە شۆڕشی تەواوی گەلی كوردستان لە سەرجەم پارچەكانی كوردستان، وە ببێتە جێگای ئەوەی كە لایەنەكانی تر لە برا ئێزدیەكان و مەسیحیەكان و شەبەك و عەرەب و توركمان و كوردی فەیلی، هەمووان تێیدا لەژێر سێبەری پارتی، بەسەرۆكایەتی بارزانی نەمر كۆببێتەوە. ئێمە خاوەنی ئەو پارتیەن كە ئەو سەرۆكەی هەبوو. ئەمڕۆش خاوەنی ئەو سەرۆكەین، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جەنابی كاك مەسعوود بارزانی كە ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە خەڵكی هەرێم بەدەنگدان 70 لەسەد دەنگیان پێدا، بۆیە مافیەتی ئەمڕۆ داكۆكی لە مافەكانمان بكات و داكۆكی بكات لەوەی مافە زەوتكراوەكانمان بێنە دی. بەرێزان ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێم هەنگاوی زۆر بەرز و پیرۆزی ناوە وە كاری زۆر باشی ئەنجامداوە بەڵام هێشتاش لە هەموو شوێنەكان و بەتایبەت لەناوچە دابڕاوە داگیركراوەكان كێشە ماوە بۆ ئەوەش كار دەكرێت، وە بە ئومێدێكی تەواو سەركەوتن بەدەستدێنین. رێزداران ئێوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنگرانی، ئێوە لەو ریزە كار دەكەن، كە سەركردەی نەمر بارزانی نەمر سەركردەتان بوو، كە سەركردەی هەمیشە زیندوو كاك ئیدریسی جوانە مەرگ تێدا كاری كردووە، ئێوە لەو پارتە كاردەكەن، كە برایانی ئێزدی و مەسیحی و شەبەك و توركمان و عەرەب و كوردی بادینی و سۆرانی، خوێنیان تێدا تێكەڵ بەیەكتر بووە بۆ ئازادی، بۆیە خاوەنی پارتیەكن شكستی نا پەزیرە، وە سەركەوتن بۆ گەلەكەمان دەهێنێ، مەشخەڵی ئازادی لە دەستە بۆ دوارۆژێكی رووناك بۆ گەلی كوردستان. ئێمە ئەمڕۆ لە شێخان كارەساتی ئەشكەوتی دەكان دێتەوە یادامان، كە رژێمی دیكتاتۆری بەعس سەدام، كە چۆن برا ئێزدی و مەسیحی و موسڵمانی تێدا كۆكردەوە هەموویانی تێدا بە ئاگر سووتاند. ئێمە یادی شەهید هرمز مەلیك چەكۆ دەكەین كە لێرە شەهید بووە، یادی ئەو شەهید سەربەرزانەی كە لەم ناوچەیە لە برا موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و شەبەكەكان ژیانیان بەخت كردووە ، باسیان بكەین، لە حساب نایەن، بۆیە جاریكی تر سڵاوی پاك ئەنێرین بۆ رۆحی پاك و بێگەردیان، ئەوان زیندوون لەگەڵمان دەژێین، چونكە ئەمڕۆ نەوەكانیان ئاڵای خەباتیان هەڵگرتووە و كار دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو ئاواتەی ئەوان هەڵیانگرتبوو، ئەمڕۆ بێتە جێ. شەهید هرمز مەلیك چەكۆ، كە ئەمڕۆ لە یادی 51 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، یادی ئەكەینەوە، ئەزانین كە لە تیار لەدایك بوو، بەڵام لە شێخان شەهید بوو، برادەرانی تریش كە لە ناوچەی سۆران لە خانەقین لە كەركووك لە گەرمیان و زاخۆ و ئامیدی و بەرواری و ئاكرێ و سێمێل و بەری گارە و بامەڕنێ و باتوفە و كانی ماسی شوێنەكانی تری كوردستان، هەروەها دانیشتووانی مەندەلی و بەدرە و جەسان لە ناوچەكانی تری كوردستان گیانیان بەخشی، بۆیە دەبێ هەموومان یادی ئەو بەڕێزانە لەبەرچاومان بێ، و باشتر خەبات بكەین بۆ دوارۆژی باشتر ،وە ئێمە دڵنیاتان دەكەینەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵگری ئاڵای كوردایەتی و رێبازی پاك و بێگەردە، وە دوارۆژی كوردستان لە دەستێكی ئەمینە. وە سەركەوتنی حەتمیش لە پێشە. سوپاسی یەكە یەكەی ئێوەی ئامادەبووانی بەرێز دەكەین، سوپاسی ئەنجوومەنی رۆحانی برا ئێزدییەكان، و مەسیحیەكان و شەبەك و سابیئەی مەندائی و گشت برا موسڵمانەكان و گشت تاكێكی ئەو هەرێمە دەكەین، وەلێرەشەوە سڵاو و رێز دەنێرین بۆ گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و راگەیاندكارەكان و هەروەها بۆ گشت نوێنەرەكانی كوردستان لە بەغدا و هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان و حكوومەتدا ، داویان لێ دەكەین، شەو و رۆژ كار بكەن، پابەندبن بە یاسا و بنەما دیموكراسییەكان، دوور لە هەوڵدان بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی، كار بكەن، چونكە ئەوە دەمانگەیەنێتە ئامانج. جارێكی تر سوپاستان دەكەم وەقتتانم گرت، ئومێدەوارم شەوێكی خۆش لەگەڵ ئاهەنگەكەتان بەسەربەرن. پیرۆز بێت 16ی ئاب و یادی 51 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لەگشت ئێوە و گشت خەڵكی كوردستان و لە سەرۆكی هێژامان كاك مەسعوود بارزانی و قیادەی پارتی و یەكە یەكەی ئێوەی بەرێز... |
| |
|
|
|