| مالێنا |
2012-09-18 |
 |
|
|
ئەڤین ئیبراهیم فهتاح فیلمێكی ئیتاڵیە ساڵی 2000 لە ئیتاڵیا بەرهەم هاتووە، پاشان لە هەمان ساڵ لە ویلایەتەكانی لۆس ئەنجلس و نیویۆرك پەخش كراوە، دوا بەدوای ئەمانە پەخشی فیلمەكە لە هەموو ئەورووپا كراوە، دووجاران بۆ خەڵاتی ئۆسكار دەستنیشان كرا، چەندان خەڵاتی ئەورووپی بەدەست هێناوە. فیلمەكە لە دەرهێنان و سیناریۆی گیوسپی تۆرینتۆرێ، سیناریۆكەی لە نووسەری رۆمانی مالێنا لوسیانۆ ڤیسینزۆنی وەرگرتووە، هەروەها لە نواندنی مۆنیكا بلووچی (مالێنا سكۆردیا) و گیوسپی سەلفارۆ (ریتانۆ ئەمۆرۆسۆ) ماوەی فیلمەكە 109 خولەكە. رووداوەكانی فیلمەكە لە شارۆچكەی سیسیلی ئیتاڵی روودەدەن لە سەرەتای چلەكانی سەدەی رابردوو لە سەروبەندی دووەمین جەنگی جیهانیی، مالێنا سكۆریا ژنێكی 24 ساڵی یەكجار جوانە، هاوسەرەكەی رۆیشتووە بۆ جەنگ و نەهاتووەتەوە، باوكێكی پیری هەیە خزمەتی دەكات و بێكارە، بگرە بەرامبەر بەچێژوەرگرتن لەجەستەی و پێشێلكردنی مرۆڤایەتی و مێیاتی لەلایەكەوە خواردنی دەدەنێ، لەلایەكی دیكەوە دەیان بوختانی بۆ هەڵدەبەستن. لەم كارەدا پیاوەكان گورگ ئاسا گۆشتی هەنجن هەنجن دەكەن، توندوتیژی ژنەكانیش كەمتر نیيە، لەبەرئەوەی دەروەستی پیاوەكانيیان نایەن، كە چاویان بڕیوەتە مالێنا، لەم نێوەندەدا، تەنیا هەرزەكارەكان دەمێنن دەست و زمانیان بۆ مالێنای شۆخ و شەنگ بوەشێنن، ئیدی ئەوانیش بەیانیان و لە كاتی چوونە دەرەوەی مالێنا لە شوێنێك ریز دەبن و بەچاو و قسەكانیيان تیربارانی دەكەن، یەكێك لەو مێردمنداڵانە (ریتانۆ ئەمۆرۆسۆ) بەپاكی و بەرائەتی منداڵ عاشقی مالێنا دەبێت و بەپاسكیلەكەی دوای دەكەوێت. رەنگ، رووناكیی، جلوبەرگ، ئێكسسوار و مۆدێلەكانی بڕینی قژ، تەنانەت موزیكی فیلمەكەش دەمانگێڕێتەوە بۆ ساڵانی دووەمین جەنگی جیهانیی، فیلمەكە برێتییە لە تێكەڵەیەكی سیحراوی لە نێوان سیاسەت، عەشق و جوانی، كە پارچەیەكی هارمۆنی جوان و راستگۆ نیشان دەدات لە بارودۆخی ئافرەتی ئەوكات، لەو شوێنەدا، لەلایەكی دیكەوە وێرانی ئیتاڵیا لە نێوان جەنگ و سیستەمی فاشی نیشان دەداتن تراژیدیایەكە ژنی كۆمەڵگەی خۆمان هەستی پێ دەكات، بەتایبەتی ئەو ژنانەی بەهەر هۆیەكەوە بێت لەگەڵ هاوسەریاندا ژیان بەسەر نابەن. ناونیشانی فیلمەكە و رووداوەكانی فیلمەكە بەدەنگی مێردمنداڵەكە دەست پێ دەكات، ریتانۆ ــ كە زۆری سەبارەت بەمالێنا بیستبوو، بەڵام یەكەم جار بوو بیبینێت، ئەو رۆژە بوو، كە دەبێت بەخاوەنی پاسكیل و لە ریزی هەرەزەكارەكاندا لەسەر رێگەی خانم دەوەستنن دیمەنەكە ئەو كاتە نیشان دەدات، كە مۆسۆلینی جەنگی لە دژی فرەنسا، ئەڵمانیا و بریتانیا راگەیاند بوو، خەڵكی لە گۆڕەپانی شارۆكەكەدا راوەستابوون، گوێیان لە دەنگی بەرزی رادیۆ دەگرت، خۆشیان بۆ ئازایی دۆچی و جەنگ هەڵگیرساندن دەنواند، لەم كاتەدا مالێنا خۆی دەگۆڕێت و لە ماڵدا بەدەردەكەوێت، مێردمنداڵان بەپاسكیلەوە ریزیان گرتووە، یەكێكیان دەبێژێت: مالێنا هات! ئالێرەوە هەستی شەهوانی پیاوانە لە ناخی ریتانۆ پەیدا دەبێت، هەست دەكات زۆر حەزی بەجەستەی ناسك و تەڕی مالێنا دەكات، چیتر ئەو گەورەبووە و بووە بەپیاو! ناونیشانی فیلمەكە لە ناوی خانمی پاڵەوانەكەیەوە هاتووە، كە لە یەكەم دیمەنەوە دەرهێنەر نیشانمان دەدات: مێردمنداڵەكان لە قوتابخانەدا باس باسی لەشولاری مالێنایە، گاڵتە بەباوكی دەكەن، كە كچەكەی بەرەڵایە، بۆ ئێوارە دیمەنی مالێنا ئارەزوویەكی یەكجار زۆری بۆی هەیە، چەندین دیمەنی دواندنی لە بیركردنەوەی بێتاوانی منداڵی خۆی لەگەڵ خانمەكە چێ دەكات. لەلایەكی دیكەوە سەرتاشخانەی شارۆكەكە نیشان دەدات، باس باسی مالێنایە، ریتانۆ تێبینی دەكات چۆن هەموو پیاوەكان شەیدای جەستە و جوانی مالێنا بوون، چۆن چیڕۆكی گەرموگوڕی لە دەوردا دەهۆننەوە و نیگەران دەبێت. كاریگەریی مالێنا لەسەر ریتانۆ پەرەدەستێنێت، رۆژانە بەوردی چاودێری دەكات، چ لە دەرەوەی ماڵ یاخۆ لەناو ماڵەوە، كونێك لەدیواری ماڵەكەی دەكات و بەنهێنی تەماشای دەكات، لێرەوە بینەر دەگەڵ ریتانۆ لە نێزیكەوە ئاشنای كەسایەتی مالێنا ئازارەكانی دەبێت. مالێنا بەجلێكی تەنكەوە دانیشتووە، گوێ لە هەواڵەكانی جەنگ دەگرێت، وێنەی هاوسەرەكەی بەجلی سەربازییەوە لە پشتی هەڵواسراوە، لە تەنیشتیشی وێنەی ئاهەنگی بووكێنی دا. لە دیمەنێكی دیكەدا شكانەوە، شەوقی مالێنا بۆ هاوسەرەكەی نیشان دەدات، كاتێك ریتانۆ بەدووربینێك تەماشای دەكات، لەناو باخچەكە دانیشتووە، نامەی هاوسەرەكەی دەخوێنێتەوە و ماچی دەكات، جارێكی دیكەش باوەش بەوێنەی هاوسەرەكەیدا دەكات و لەگەڵ مۆزیك لەگەڵ وێنەكەدا سەما دەكات. لەگەڵ گەڕان و سوڕانی مالێنا پیاوان فیكەی بۆ دەكێشن و قسەی نالەباری پێ دەڵێن، ریتانۆش بەپاسكیلەوە بەدواوەیەتی، تاكو دەچێتە ناو ماڵێكەوە، كوڕەكە وا دەزانێت عەشقێكی نهێنی هەیە، كەچی دەردەكەوێت باوكە نەخۆشەكەیەتی و خزمەتی دەكات. هەواڵی كوژرانی هاوسەری مالێنا دەگەڕێتەوە، هەموو خەڵكی شارۆكەكە كۆدەبنەوە، كەچی مالێنا لە سووچی ماڵەكەی خۆیدا دڵتەنگە و نەچوەتە دەرەوە، پیاو و ژنی شارۆكەكە دەیان چیڕۆكی لەسەر هەڵدەبەستن، لەبەرئەوەی جوانترین ژنی شارۆكەكەیە و خۆی نادەدات بەدەستی پیاوانی تەماحكارەوە. ناكۆكی لە نێوان مولازم كادی و پزیشكی ددان لەسەر مالێنا روو دەدات، بەدەست لەیەكدی دەدەن، ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی ناوێكی دیكە بێتە پاڵ ناتۆرەكانی مالێنا: ماڵ كاولكەرە! ئەمجارە دەچێت بۆ خزمەتی باوكی بۆ ئەوەی ببینێت ئەویش لێی توڕەیە، قسەكانی خەڵكی بیستووە، كە مالێنا هیچ تاوانێكی نەكردووە! لە یەكەمین هەنگاویدا لەسەر ئەو رێگەیەی كۆمەڵگە بۆی دەنەخشێت، پزیشكی ددان داوایەكی یاسایی لەسەر خۆی و مولازم كادی تۆمار دەكات، بەهۆی پارێزەری داكۆكیكار مالێنا داواكە دەباتەوە، بەڵام باجەكەی بەزۆری و ناچاری لەمرۆڤایەتی و جەستەی دەدات! ریتانۆش هەموو ئەم رووداوانە دەبینێت، جگە لەوەی جاربەجار دەچێت بۆ كڵێسا و بەدڵپاكیی خۆی گلەیی لەخودا دەكات: بۆچی مالێنا لەدەستی ئەم دڕندانە ناپارێزیت؟! بارودۆخی ئابووری وڵات بەهۆی جەنگەوە خراپ دەبێت، مالێنا هێشتا بێكارە، لە بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانی باوكیشی دەكوژرێت. واتە ژنێكی جوانی بێ باوك و هاوسەر لە شارۆكێكدا، بەتەنیا و بێكار و نان، هەمووان چاویان لێی بڕیوە، دەبێ چی لێ بێت؟ لێرەوە دەكەوێتە بازنەی نەهامەتییەوە، قژە رەشە درێژەكەی دەبڕێت و هاوڕێتی ژنێكی لەشفرۆشی ناسراو لەشارۆكەكە دەكات و بڕیار دەدات، لەبەرچاوی هەمووان ئەو كارە بكات، وەك بڵێ: هیچم نەكردبوو بەبرسێتی و تەنیایی ژیام كەس بەزەیی پێمدا نەهات، نەزمانتان وازی لێ هێنام، ئیتر باسی بەهای چی دەكەن؟ درۆ و دووڕوویی شارۆكەنشینەكان دەستی پێكردەوە، كەس نەیدەوێرا توخنی بكەوێت یاخۆ ناوی بهێنێت لەبەرئەوەی هاوڕێتی سەربازە ئەڵمانەكانی دەكرد، كە براوەی جەنگ بوون، بەڵام هەمان خەڵكی دووڕوو بەدۆڕانی ئەڵمانەكان لە جەنگ، كۆمەڵێك ئافرەتی نابووتی داخ لە دڵ لە دیمەنێكی هەرە توندوتیژی فیلمەكەدا، مالێنا بەقژ رادەكێشنە دەرەوە، قژی دەبڕن، بەجنێو و قسەی سووك ریسوای دەكەن، جلەكانی لەبەردا دادەدڕێنن، شاربەدەر دەبێت.. ئەم دیمەنە لە یادگەی ریتانۆ دهچەسپێت، هەرگیز بیری ناچێتەوە. لە پێشهاتێكی دیكەی چاوەڕوان نەكراودا، هاوسەرەكەی مالێنا، مولازم نینۆ سكۆردیا دەگەڕێتەوە، دەردەكەوێت ئەو نەكوژراوە، تەنیا دەستێكی لە دەست داوە، ئەمجارەیان خەڵكی شارۆكەكە، وێڕای گاڵتەكردنیان بەقارەمانێك، كە ژیانی خۆی بۆ وڵات بەخت كردبوو، تانەیان لێ دەدا: ژنەكەت لەشفرۆشی و ناپاكی كردووە، لەگەڵ سەربازی ئەڵمانی نووستووە! فیلمەكە هیوایەكی سەیر بەمالێنا دەبەخشێت، ــ كە دوور لە هۆڵی سینەماكان ئەگەری زۆر دوورە ــ ریتانۆ نامەیەك بۆ هاوسەرەكەی دەنووسێت ورد و درشتی بێتاوانی مالێنا دەگێڕێتەوە، چۆنێتی ساتوسەوداییكردنی لەلایەن شارۆكەنشینەكانەوە، چۆن بەزۆری زۆرداری پاڵیان پێوە ناوە بۆ ئەو شوێنە، پاشان شاربەدەریان كردووە، لەكۆتایشدا ناونیشانی شوێنەكەی بۆ دەنووسێت. مولازم سكۆردیا دەچێت و دوای ساڵێك مالێنا دەگەڕێنێتەوە و دەست لەناو دەستی دێتەوە بۆ شارۆكەكە، ئەمجارە شارۆكەنیشینەكان واز لە دووڕووی خۆیان ناهێنن، رووی خۆش، خواردن و میوەی بەخۆڕایی، رێز و ریایی دنیای بۆ دەكەن! پرسیارو رەخنەو پەیامەكان: لە دەسپێكی فیلمەكە گرووپی مێردمنداڵەكان، لە دیمەنێكدا نیشان دەدات، پارچە شووشەیەك (زووم)، كە تیشكی هەتاو چڕدەكاتەوە بەدەستی دانەیەكییانەوەیە، لەسەر مێروولەیەكی تەنیا و ئارام رادەگرێت تا دەسووتێت و دووكەڵی لێدەردەچێت، ئەوەكانی دیكەش بەخۆشی و دەستخۆشیەوە چەپڵەی بۆ لێ دەدەن، لە نێوان ژینگەیەك لە دووبارەكردنەوەی نزای ئاینی! بارودۆخی مالێنا لە مێروولەكە باشتر نەدەبوو، ئەگەر ریتانۆ فریای نەكەوتبا و چیڕۆكەكەی بۆ هاوسەرەكەی نەگێڕابایەوە، ئەم دیمەنە دڕەندەی رەفتار و داڕوخانی رەوشتمەندی و بەها كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەیەك، كە سیاسەتی حزبی فاشیی دیكتاتۆر و جەنگ وێرانی كردووە، كۆمەڵگەیەك بوون لە ترسی مۆسۆلینی، حزبی فاشی و داگیركەر كڕنووشیان دەبرد، بەڵام بەوپەڕی نارەوشتمەندانە و دڕندەیی خۆیان دەهەمبەر بەمرۆڤێكی جوانی بێوەی دەردەبڕی! لای ریتانۆ، مالێنا تەنیا ژنێكی شۆخ و شەنگ نەبوو، بوختانی بۆ كرابێت، پاشان سوكایەتی و شاربەدەر بكرێت، بگرە هێمایەكیش بوو، بۆ دیمەنی ئیتاڵیای ئەو سەردەمە، كە لەژێر دەستی داگیركەر و جەنگ لەلایەك، لەلایەكی دیكەشەوە حوكمی مۆسۆلینی فاشی بەتەواوەتی داڕووخابوون وڵاتێك بوو، بێ تاوان ئەتك دەكرا، پاشان سووكایەتیشی پێ دەكرا، پیاوەكانی ئەو كۆمەڵگەیە بەرامبەر بەفاشیزیم بێدەنگ دەبوون، نەیان دەوێرا ورتەیان لێوە بێت، بەڵام بەرامبەر بەمالێنا، یاخۆ منداڵەكانیان بەدڕندەترین شێواز رەفتار دەنوێنن، بۆ نموونە لە دیمەنێكدا باوكی ریتانۆ توڕە دەبێت و لێی دەدات، ئەویش دەڵێ: ئەگەر وازم لێ نەهێنیت ئەوا دەڵێم باوكم نایەڵێت بچمە ناو حزبی فاشیەوە، لێرەدا باوكەكە كڕ و بێدەنگ دەبێت! فیلمی مالێنا لە زۆر رووەوە باروودۆخی كۆمەڵایەتیی خۆمانم دێنێتەوە بەرچاو، لەكۆمەڵناسیدا هاتووە، یەكێك لە ئەنجامەكانی جەنگی درێژخایەن، ئەوەیە سیستەمی بەهاكان تێك دەچن، واتە ئەوەی جاران پیرۆز بوو، خەڵكی داكۆكیان لێ دەكرد دەگۆڕێت، ئیدی بەهای نوێ دێتەكایەوە، بەها نوێیەكانیش ماوەی زۆریان گەرەكە، تا شوێنی خۆیان بگرنەوە، بۆیە هەموو جۆرە رەفتارێكی دڕندە و خراپ دەبینرێن، هەروەها دووڕوویی و نەخۆشی كۆمەڵایەتی دەردەكەون. ئەگەر لە زۆرینەی ئەدەبیاتی دنیا ئافرەت هێمای وڵات و زەوی بێت، واتە لە هەر كۆمەڵگەیەكدا ئافرەت سووك بكرێت، وڵاتیش سەنگین نابێت.
|
| |
|
|
|