2010-07-06

خەبات: محەمەد زەنگەنە

 

بەئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك بارزانی بەڕێز سیداد بارزانی و بەڕێزان كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆو دكتۆر رەئووف رەشید وەزیری داد و پارێزگاری هەولێرو باڵیۆز زەڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریكا لەئێراقی فیدراڵ ژمارەیەكی زۆری بەرپرسان و كارمەندانی تیمی ئاوەدانكاریی ئەمەریكا لەكوردستان وسەرۆك وئەندامانی كۆمەڵەی دۆستایەتیی كوردستان- ئەمەریكا، وبەسەرپەرشتیی كۆمەڵە لەهۆتێلی خانزاد لەپایتەخت ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریكا بەڕێوەچوو

 

خۆشحاڵی بەسازدانی ئاهەنگەكە لە كوردستان

 

لەبەرایی ئاهەنگەكەدا هاری شووت جێگری سەرۆكە كۆمەڵەی دۆستایەتی كوردستان و ئەمەریكا لەووتەیەكدا دووپاتیكردەوە گێڕانی ئاهەنگی سەربەخۆیی ئەمەریكا لەكوردستان ڕووداوێكی گرنگە بۆ كوردستان وئەمەریكا هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بەسازدانی ئەو ئاهەنگە لەكوردستان نیشاندا

 

لەپەیڤەكەیدا شووت وێڕای بەخێرهاتنی میوانان بەناوی بەڕێز سیروان بارزانی سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتیی كوردستان  ئەمەریكا سوپاسی هەموو ئامادەبووانی كرد لەئاهەنگەكەدا و دووپاتیكردەوە ئەم شێوازەی ئاهەنگ شێوازێكی ئەمەریكییە كە تیایدا ئامادەبووان دەتوانن گۆرانی بڵێن، هەڵپەڕكێ بگێڕن وخۆشیی خۆیان دەرببڕن و گێڕانی ئەم ئاهەنگەش لەكوردستان واتای ئەوە دەگەیەنێت هاووڵاتیانی ئەمەریكا دەیانەوێ لەگەڵ دۆست و هەڤاڵانی كوردیان ئەم ئاهەنگە بگێڕن بەتایبەتی لەجەژنێكی گرنگی وەكو یادی سەربەخۆیی ئەمەریكا، هەروەها گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژی ئازادی وسەربەخۆییە ڕۆژی یادكردنی ئەو منداڵانەیە كەباوكیان لەوڵاتدا نییەو بۆخزمەتكردنی ئازادی ودیموكراسی لەجیهاندا لەدەرەوەی وڵاتن، ئێمە شانازی بەوە دەكەین كە بەهەوڵ و كۆشش و خەباتمان ئێمە لەژیاندا ماوین وڕێزێكی تایبەتیشمان بۆ ئەو كەسانە هەیە كەخوێنی خۆیان بۆ خۆشی وشادیی ئێمە بەخشی

 

پتەوتربوونی پەیوەندیی نێوان كوردستان وئەمەریكا

 

هاری شووت ئاماژەی بەئاسۆی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان وئەمەریكا داو نیشانیدا ئەمڕۆ بەهێزترین سوپای جیهان مەشق بەسوپای كورد دەدات ئەمەش بەڵگەیەكە بۆ پتەویی پەیوەندیی نێوان كوردستان وئەمەریكا هاوكات سوپاسی هەموو ئەو سەربازو دیپلۆماتكارە ئەمەریكییانەی كرد كە خزمەتی وڵات و مرۆڤایەتییان كردووەو و گوتی: سازدانی ئەم ئاهەنگە لەكوردستان ڕووداوێكی گەورەیە بۆ ئێمە چونكە كوردستان خاكی ئازادی ودیموكراسی وئارامییە، من زۆر بەوە خۆشحاڵم كەماوەی7 ساڵە لێرەم ولەگەڵ دۆستانی خۆمدا كاردەكەم، بۆیە سوپاسی پاڵپشتیی هەموو ئەو دۆستانە دەكەم

 

بەهێزكردنی دۆستایەتیی نێوان گەلان

 

دواتر ئەندی سنۆ سەرۆكی ماوە تەواوبووی تیمی ئاوەدانكاریی ئەمەریكا لەكوردستان ئاماژەی بەچەند بڕگەیەكی وتاری ئۆباما دا لەیادی سەربەخۆیی ئەمەریكادا وجەختی لەسەر هەوڵی هەموو لایەكیدا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەلانی كوردو ئەمەریكا، هەروەها گوتی: چەند خۆشە ئەمڕۆ ئێمە لەكوردستانین لەگەڵ دۆستانمان لەبەرپرسان ولەدۆستانی دیكە، زۆر سوپاس بۆ ئەو دۆستانەی ئەمڕۆ لەگەڵماندا خۆشی دەگێڕن، هەروەها سنۆ نیشانیدا ئەمەریكا وا بەئاسانی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ دەبینرێت بەڵكو بەهۆی خەباتی هەموو چین وتوێژەكانی كۆمەڵگا بەئافرەت وپیاوەوە ئەمەریكا دروستبوو سەقامگیر بوو ئاماژەی بەوەشدا ئەمڕۆ خەباتی هەرەگەورە لەدژی تیرۆرە 

شانازی بەكاركردن لەكوردستان

 

سنۆ شانازیی خۆی بەچەند ساڵەی كاركردن لەهەرێمی كوردستان نیشاندا ودووپاتیكردەوە كەسانێكی زۆر لەكوردستان بەڕێزەوە سەیری خەونی ئەمەریكی ودیموكراسییەتی ئەمەریكی دەكەن وشانازی بەدۆستایەتیی ئەمەریكا دەكەن ئەمەش مایەی شانازیی هەموو ئەمەریكایە، هەروەها گوتیئەمڕۆ ئێمە لەئێراقێكی نوێداین كەتیایدا خەڵك چاوەڕوانی بەڵێنەكانی ئێمەیە بۆ هاتنەدیی وڵاتێكی دیموكرات دوایین هەڵبژاردنی ئێراقیش سەلماندی خەڵكی ئێراق چەند تامەزرۆی دیموكراسییەتە،ئەمەش لەبەغدا ڕەنگی دایەوە هەروەها لێرە لەهەولێریش، ئێمە پەیوەندییەكی بەهێزمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێكرد حكوومەتیش توانی سەقامگیری بەرقەرار بكات، حكوومەتی ئەمەریكاش ئەم ڕاستییەی لەبەرچاوە بۆیە تیمێكی تایبەتی بۆكاركردن لەهەرێمی كوردستان پێكهێنا بۆ یارمەتیدان و ئاوەدانكردنەوەی ئەم هەرێمە لەهەموو ڕوێكەوە منیش پێموایە ئەو دۆستایەتییە لەنێوان گەل وحكوومەتەكانمان بەهێزتر دەبێت. دووپاتیشیدەكەمەوە كوردستان لەیاد ناكەم زۆریش لەدڵم گرانە كەدوای چەند ڕۆژێكی دیكە كوردستان بەجێدەهێڵموردستانمان خۆشدەوێ

دواتر ئەلێكس دیسكارت سەرۆكی تازەی تیمی ئاوەدانكردنەوەی ئەمەریكی لەپەیڤێكدا كەبەزمانی كوردی وئینگلیزی پێشكەشی كرد خۆشحاڵیی خۆی بەئامادەبوون لەو ئاهەنگەو كاركردن لەكوردستان نیشانداو گوتی: دەمەوێ سوپاستان بكەم لەبەشداریكردنتان لەئاهەنگی سەربەخۆیی ئەمەریكا ودەمەوێ بەیرتان بهێنمەوە لەساڵی 1991ەوە من وئەندی سنۆ دەستمان بەكاری دیپلۆماسی كرد ودوای ئەفریقیا هاتینە كوردستان بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەمەریكا، من جاری یەكەممە بەكوردی قسە دەكەم بۆیە زۆر دەترسم، بەڵام پێمخۆشە قسەی پێبكەم ودەمەوێ زۆر سوپاسی كۆمەڵەی دۆستایەتیی كوردو ئەمەریكا بكەم بۆ سازدانی ئەم ئاهەنگە وهیوادارم لەماوەی كاركردنم لەهەرێمی كوردستاندا بتوانم كاری باش لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان وكۆمەڵگەی مەدەنی بكەم بەتایبەتی لەگەڵ نوێنەرانی حكوومەت وهەموو دانیشتوانی هەرێمی كوردستان. پاشان وتارێك بەناوی سیروان بارزانی سەرۆكی كۆمەڵەی پێشكەشكراو دواتر چەندین نمایشی هونەری بەم بۆنەیەوە بەڕێوەچوو

 

ڕووداوێكی گرنگ

كۆلۆنێل هاری شووت لەلێدوانێكدا بۆ خەبات ڕایگەیاند، گێڕانی ئاهەنگی سەربەخۆیی ئەمەریكا لەهەرێمی كوردستان وبەتایبەتی لەهەولێر ڕووداوێكی گرنگە بۆ هەردوولاو پەیامێكی گرنگە بۆ ئارامی وسەقامگیریی كوردستان و گوتی: ئێمە لەو ئاهەنگەدا واهەستدەكەین لەنێو ماڵی خۆمانین چونكە ئێمە لەنێو دۆستانی خۆمانداین بەتایبەتی ئەوانەی ساڵانێكە لەگەڵ ئێمە بەیەكەوە كاردەكەن و بێگومانیش بەهێزبوونی ئەم پەیوەەندییە نافەرمییە دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی پەیوەندیی فەرمی لەنێوان كوردستان و ئەمەریكا

واتایەكی گرنگ بۆ كورد

ئامەد دەمیرخان مامۆستای زانكۆو ئەندامی بۆردی كۆمەڵەی دۆستایەتیی كوردستان- ئەمەریكا لەلێدوانێكی تایبەت بەخەبات نیشانیدا سازدانی ئەم ئاهەنگە لەهەولێر واتایەكی زۆر مەزنی بۆ كوردو بۆ هەرێمی كوردستان تیادایە ومایەی سەلماندنی هاوكاریی نێوان گەلی كوردو ئەمەریكایەو گوتی: ئەمە گەورەترین ئاهەنگی یادكردنەوەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریكایە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ولەدەروەی ئەمەریكا بەگشتی ئەمەش دەیسەلمێنێ كوردستان چەند بەدیموكراسییەت ودڵێكی فراوانەوە ڕێز لەدۆستانی خۆی دەگرێت ونیشاندانی ئەو واقیعەیە كە سەربەخۆیی ئەمەریكا لەساڵی1776 بنكەیەكی ئیلهامە بۆ هەموو ئازادی ودیموكراسی ویستانی دنیا ئێمەش وەكو كورد توانیمان زۆر شت لە ئەمەریكا فێر ببین وشتی زۆریش لەشێوازی دیموكراسییەت وفیدراڵیزمی ئەوان فێر ببین.

بەهێزتركردنی پەیوەندیی فەرمی

 دەمیرخان لەلێدوانەكەیدا بۆ خەبات دووپاتیكردەوە هەموو نوێنەرانی دیپلۆماتیكی ئەمەریكا لەئێراق لەم ئاهەنگەدا ئامادەن وئاشكراشیكرد ژمارەی كارمەندانی ئەمەریكی لەكوردستان لەهەموو وڵاتان زیاترە لەگەڵ ئەوەی كونسوڵگەریی فەرمییان لەهەرێمی كوردستان دا نییە وگوتی: لەو ئاهەنگەدا چەند كارمەندێكی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا ئامادەبوون وهەستمان كرد خواستی پێشخستنی پەیوەندیی نێوان كوردستان وئەمەریكایان هەیەو دەڕواننە ئاسۆیەكی فراوانی پەیوەندیی هەمەلایەن وپێویستە بزانین ئەمەریكا دەوڵەتێكی گەورەیەو بڕیارەكانیشی ئاسان نییە بۆیە پێویستە بۆ مەسەلەی كردنەوەی كونسوڵگەریی ئەمەریكا لەكوردستان ئارام بگرین وكاریشی بۆ بكرێت، بەڵام دووپاتیدەكەمەوە پەیوەندیی نێوان كوردو ئەمەریكا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو باشتر دەچێت وبواری دیكەش بەخۆوە دەبینێت.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌