| ئێران له رێگه‌ى عێراقه‌وه چه‌ك و سه‌ربازى ڕه‌وانه‌ى سوریا كردووه |
2012-09-20 |
 |
|
|
به‌پێى راپۆرتێكى هه‌واڵگرى رۆژئاوا ئێران سه‌رباز و چه‌كى له رێگاى ئاسمانى عێراقه‌وه بۆ سوریا ره‌وان كردوه. ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه كه راپۆرتى ده‌زگاى هه‌واڵگرى رۆژئاوا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ئێران له رێگه‌ى فڕۆكه‌ى مه‌ده‌نیه‌وه سه‌رباز و بڕێكى زۆر چه‌كى له رێگاى ئاسمانى عێراقه‌وه وه‌ك یارمه‌تیه‌ك بۆ رژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د له سه‌ركوتكردنى راپه‌رینى خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ى ره‌وانه‌ى سوریا كردوه. هاوكات راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه ئێران له رێگاى وشكانی عێراقه‌وه یارمه‌تیه‌كانى بۆ رژێمى ئه‌سه‌د به‌رده‌وامه. شایه‌نى باسه پێشتر به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یان راگه‌یاندبوو به‌دواى روونكردنه‌وه ده‌گه‌ڕێن له عێراق له‌سه‌ر ئه‌و گه‌شته ئاسمانیانه‌ى ئێران كه به ئاسمانى عێراق بۆ سوریا ئه‌نجام ده‌درێت و گومانى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت چه‌ك بۆ رژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د ره‌وانه بكات. هاوكات له‌به‌رامبه‌ردا عێراق رایگه‌یاند رێگه به تێپه‌ڕبوونى هیچ چه‌كێك ناده‌ین له رێگاى ئاسمانیه‌وه بۆ سوریا بڕوات. له لایه‌كى دیكه‌وه به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكى رژێمى سوریا دوێنێ له میانى چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ عه‌لى ئه‌كبه‌ر ساڵحى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران رایگه‌یاند له‌و شه‌ڕه‌ى ئێستادا سوریا ئامانج نییه به‌ڵكو به‌ره‌ى به‌رگریكار به ته‌واوى ئامانجه. ئه‌و قسه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى به‌ره‌ى به‌رگریكارى دژى ئیسرائیل كه دیارترینیان سوریا وئێران وحزبوڵلاى لوبنانى له خۆده‌گرێت ئامانجى ئه‌و شه‌ڕه‌ن. هه‌روه‌ها بان كى مون سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان رایگه‌یاند ده‌ستێوه‌ردانى سه‌ربازى له سوریا چاره‌سه‌ر نییه بۆكۆتایهێنانى توند‌و تیژیه‌كانى ئه‌و وڵاته، وێڕاى ئه‌وه‌ى حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كێشه‌كه له رێگاى هێزه‌وه یه‌كلایى بكه‌نه‌وه. هاوكات بان كى مۆن داواى ده‌ستپێكردنى گفتوگۆى سیاسى كرد. |
| |
|
|
|