2010-07-06

خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج

 

پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان لە پاڵ هەوڵ و كرانەوەی بەڕووی جیهاندا لایەنی بازرگانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی بەشێك بووە بۆ ناساندنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، لەم روانگەشەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە لە رێگای فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كار لەسەر راكێشانی كۆمپانیا وەبەرهێنانەكان و سرنجی سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان رابكێشێت، بەهۆی نوێنەرایەتیكردنی لە دوبەی پایتەختی ئیمارات، كچە كوردێك وەك دیپلۆماتێك گەشە بەم پەیوەندییە دەدات و هەوڵی ئەوەش دەدات، تێڕوانینی ئەو وڵاتە لە ڕووی سیاسیەوە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بگۆڕێت، شیلان عەبدلسەمەد خانەقا، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری بارزگانی لە دوبەی لە دیمانەیەكیدا بۆ خەبات باس لە جوڵە بارزگانی و پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و تێڕوانینی عەرەب بەرامبەر بەم ئەزموونە دەكات

 

شیلان خانەقا بەرامبەر جوڵەی وڵاتانی عەرەبی لەڕووی بازرگانیەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، جووڵە بەرەو وڵاتانی عەرەبی بەشێوەیەكی گشتی هەنگاوێكی تازەیە، كوردستان ئێستا بە ئەزموونێكی نوێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەزموونی پەیوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ گشت وڵاتانی جیهان بەگشتی وڵاتانی عەرەبی بەشێوەیەكی تایبەتی. شیلان لەبارەی ئەزموونی بازرگانی هەرێمی كوردستانیشەوە ئاماژەی بەوەكرد، ئەم ئەزموونە ئابووریەش كە كوردستان ئێستا بەخۆیەوە دەبینێت دەرگایەكی زۆر فراوانە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی سیاسیش بەتایبەتی لە دوای قەیرانی ئابووری جیهانی و كاریگەری خراپی بۆ سەر زۆر لە وڵاتانی جیهان، بۆیە پێموایە ئێستا زۆربەی وڵاتان لە هەلێكی رەخساو و گونجاو دەگەڕێن بۆ ژیاننەوە باری خرابی ئابوورییان، بێگومان ئەم هەلەش هەر كوردستانە، هەر بۆیە ئێستا دەبینین زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە قۆناغی پێشبڕكێن بۆ بەدەستهێنانی پرۆژەیەكی وەبەرهێنان لە كوردستان

 

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دوبەی لەبەرامبەر ئەو كۆسپ و تەگەرانەی بەردەم پرۆسەی پەیوەندی بازرگانی ئاماژەی بەوەكرد، هەندێ كۆسپ و گرفتیش دەكەونە رێیی ئەم پرۆسەیە وەك رۆتین و بیرۆكراسی، كە دەبنە مایەی دواكەوتنی پرۆسەی بەهێزكردنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لە نێوان هەردوولادا، هەروەها ئەگەربێتو پەیوەندی بازرگانی و ئابووری لە ئاستێكی بەرەزەوە دەستپێبكرێت كارەكان زۆر ئاسان دەكەن وەك دەبینین بەڕێز سەرۆكی كوردستان لە میانی گەشتەكانی بۆ وڵاتە عەرەبییەكان پرۆسەی واڵاكردنی دەرگای بازرگانی و وەبەرهێنان بە ئامانج دێنێت، بۆ نموونە پێش ساڵێك كە جەنابی سەرۆك بارزانی سەردانی وڵاتانی قەتەری كرد، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی واژوو كرد لەگەڵ حكوومەتی قەتەر كە لە 7 بڕگە پێكهاتبوو، بەراستی دەروازەیەكی باڵایە بۆ پەیوەندی لەگەڵ كەنداوی عەرەبی. شیلان خانەقا ئاماژەی بەوەشكرد لەبەرامبەر ئەم جۆرە پەیوەندییە، دەبێت هەموومان وەك فەرمانبەران و ئەندامانی پرۆسەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە قورسایی پێدابگرین لەسەر جێبەجێكردنی و بەدواداچوونی ئەم پرۆژانە و زۆر بە هەستێكی لێپرسراوانە مامەڵەی لەگەڵ بكەین

 

ئەمڕۆ تێڕوانینەكان لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان، قۆناغێكی باشی بڕیوە بەتایبەتی دەوڵەتانی عەرەبی، ئەوەش دوای كرانەوەی پەیوەندییە بازرگانییەكان، لەمبارەیەوە لە شیلان خانەقامان پرسی لەوەڵامدا گوتی: دەتوانم بڵێم هەتا سەرەتاكانی 2004 - 2005 ئیمارات تێڕوانینێكی ئەوتۆیان نەبوو لەسەر سیاسەتی ئابووری و بازرگانی كوردستان تەنها لەیەك سووچەوە دەیانڕوانییە كوردستان، ئەویش كە كوردستان بەشێكە لە ئێراق و ئێراقیش بارودۆخی ئەمنی زۆر خراپە و میدیاكانیش تەنها بابەتی كوشتن و بڕینی ناوچەكانی دیكەی ئێراقیان نیشاندەدا، بۆیە بە بەردەوامی ئێمە رووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبووینەوە ئەگەر بێتوو وڵات ئاساشی تێدا سەقامگیر نەبێت، چون كاروچالاكی وەبەرهێنانی تێدا دەكرێت؟ هەرچەندە هەوڵ و تەقەڵایەك هەر هەبوو بۆ چاككردنی ئەم وێنەیە لەلای كۆمەڵگای ئیماراتی، بەڵام هەوڵەكان بەشێوەیەكی فەردی بوون، بەڵام ئەوەی وەرچەرخانێكی گەورەی كرد لەم مەسەلەیەدا هەنگاوە جیدییەكانی جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی بوو كاتێك بەتایبەتی سەردانەكەی بەڕێزیان بۆ ئیمارات لەساڵی 2008دا واژوكردنی هەندێ گرێبەستی وەبەرهێنان لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی ئیمارات و لەبەرچاوی میدیای جیهانیدا، ئالێرەوە گۆڕینی تێڕوانین لە دەوڵەتی ئیمارات دەستیپێكرد بەرامبەر بە كوردستان و بوو بە سەرەتایەكی گەورە و هاندەرێك بۆ دامەزراندنی بناغە و بنەمای بازرگانی لە نێوان كوردستان و ئیمارات، بۆیە دوا بەدوای ئەم هەنگاوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بیری لە كردنەوەی ئۆفیسێكی هەماهەنگی بازرگانی كردەوە لە دوبەی و ئێمەش لەلای خۆمانەوە دەستمان كرد بە دامەزراندنی ئەم ئۆفیسە بەشێوەیەكی فەرمی تۆماركراوە لە دامودەزگا فەرمییەكانی ئیمارات وەك نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری بازرگانی

 

تاكی عەرەبی و وڵاتانی عەرەبی خاوەن تێڕوانێكی مێژووی توندڕەوانەن بەرامبەر هەرێمی كوردستان، لەبارەی ئەم جۆرە تێڕوانینەوە پرسیارمان لە شیلان خانەقا كرد، ناوبراو ئاماژەی بە رۆڵی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان كرد، كە توانیویەتی ئەو تێڕوانینە توندە كاڵتر بكاتەوە و گوتی: بەشێوەیەكی گشتی، ئەوان وەك هەموو تاكێكی عەرەبی بیردەكەنەوە، كوردستان بەشێكە لە ئێراق و كوردیش هەر ئێراقییە و ناشبێت كورد بەهیچ جۆرێك خۆیان جیابكەنەو، جگە لەو تێڕوانینە مێژووییەی عەرەب بەرامبەر بە كورد، كە دەڵێت: كورد توندڕەوە لە بیركردنەوە و بەهیچ بارودۆخێك رازی نییە، شیلان خانەقا باس لەوەشدەكات دوای ئەو پەیوەندییە بازرگانییە بۆچوونیان گۆڕانی بەسەردا هاتوو و گوتی: دوای دەستپێكردنی پرۆسەی هەماهەنگی بازرگانی لە نێوان كوردستان و ئیماراتدا و هاتوچۆوكردنیان بۆ كوردستان و تێكەڵبوونیان بە كۆمەڵگای كوردی راستییەكانیان بۆ روون بۆوە بە بیروڕای تاكی كورد و سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتی كورد و جەنابی سەرۆك بارزانی ئاشنابوون، ئێستا بەجۆرێكی دیكە دەڕواننە كورد كە رۆڵێكی زۆر گرنگ و پۆزەتیڤی هەیە لە راگرتنی باڵانسی سیاسی دەوڵەتی ئێراق بەتایبەتی لە پێكهێنانی حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ، شیلان خانەقا ئاماژەی بە هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی كرد، كە چۆن تێڕوانینی ئەو عەرەبانەی بەرامبەر كورد گۆڕیوە و گوتی: هەڵوێستی سەرۆك بارزانی بەرامبەر پەكەكە و ناونەهێنانیان بە تیرۆریست و ئاماژەكردن بۆ رێگەچارەی ئاشتیانەی پرسی كورد بەرامبەر توركیا وایكرد عەرەبەكان تێڕوانینیان بەرامبەر كورد بگۆڕێت، هەروەها ئەو گەشتەی دوای جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا و ئەورووپا و ئەردەن و میسر فاكتەرێكی زۆر گرنگ بوو بۆ بەرچاو ڕوونكردنەوەی تاكی عەرەبی بەتایبەتی لێپرسراوە سیاسیەكانیان و ئاشكرابوونی سیاسەتی كورد بەرامبەر بە عەرەب و غەیرە عەرەبیش 

ئەركی ئەو ئۆفیسەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا كۆنتاكە بارزگانی و ئابوورییەكان نییە، زۆرجاریش شیلان خانەقا وەك دیپلۆماتێك هەوڵی چڕدەدات بۆ ناساندنی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان، لەمبارەیەوە شیلانمان دواند و نابراو ئاماژەی بەوەكرد، لێرەدا دەمەوێت پرسیارێك بخەمەڕوو، دەوڵەتێكی گرنگی وەك ئیمارات، كە بڕیار بدات بە ملیارەها دۆلار وبەرەهێنان لە كوردستان لە رێگای پرۆژەكانیەوە بكات، دەبێت تاچ رادەیەك باوەڕ و قەناعەتی بە ئەزموونی دیموكراسی كوردستانی هەبێت؟ هەر بۆ ئەم پرسیارەی خۆی، هاتەسەر ئەو لایەنەی كاری تێدا دەكات لە گۆڕینەوەی بیروڕا لە نێوان توێژەكانی ئەو كۆمەڵگا و گوتی: وەك كوردێك كە لێرە دەژیم جگە لە ئەركی حكوومیەكەم رۆژانە پەیوەندیم لەگەڵ لێپرسراوان و توێژی رۆشنبیراندا هەیە و بەردەوام دەكەوینە زنجیرەیەكی دوورو درێژ لە گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی دوێنێ و ئەمڕۆی كوردستان، ئەوان بە بەردەوامی بەراوردێك دەكەن لە نێوان مێژوویی نزیكی كوردستان كە چۆن لە ژێر زوڵم و زۆرداریدا بوو و ئێستا بە ماوەیەك دەتوانین بڵێن، كورد چۆن توانی بگاتە ئاستی پێشكەوتنی بەرچاو

 تەنانەت كوردستان بەراورد دەكەن لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتە عەرەبییەكان كە تاكو ئێستا نەیتوانیوە ئەزموونێكی دیموكراسی وەك كوردستان بەدیبهێنن، بەتایبەی لە بواری دەربڕینی راو نووسین و ئازادی میدیا و تاك و واڵاكردنی دەرگای لێپرسراوان و سەركردایەتی كورد بەرامبەر بە میللەت و پەیوەندی راستەوخۆی تاكی كورد بەسەركرداتیەكەیەوە و نەیتی پێشكەوتنخوازی و هەستی ئاشتیخوازانەی كورد كە بووەتە هۆی سەرەكی بۆ پێشكەوتنی كوردستان و نزیكبوونەوەی لە دنیای عەرەبی

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌