2010-07-10

*بەخێربێن فەخامەتی سەرۆك بارزانی وسوپاسی قبووڵكردنی میواندارییەكەت دەكه‌ین بەڕێزم.

سەرۆكی كوردستان: زۆر سوپاس بۆ ئێوە

*فەخامەتی سەرۆك لەساڵی 2003 وە تائێستا ئاڵۆزییەكی تەواو و هەمەلایەن لەبارودۆخی ئێراق بەدیدەكرێ،هەروەها زۆر كەس بەناڕوونی سەیری بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكات، دەكرێ بەڕێزتان ئەم بارودۆخە ڕوونبكەنەوە؟

سەرۆكی كوردستان: بەپێی ئەو دەستوورەی 85% گەلی ئێراق دەنگی بۆداوە سیفەتی یاسایی ودەستووری وسیاسی بەهەرێمی كوردستان دراوە، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدراڵییەو بەشێكە لەئێراق، دەسەڵاتە ڕەهاكان(حصری) واتا سیاسەتی دەرەكی ودیفاعی ودارایی بەدەستی حكوومەتی فیدراڵەوەیە، پرسەكانی دیكە لەدەسەڵاتی هەرێم دایە، دەستوور پێگەی یاسایی ودەستووریی بەهەرێم داوە بۆ ئەم دەسەڵاتانە.

*لەدوایین هەڵبژاردنی ئێراقدا ئێوە بەشداریتان كرد، چۆن ئەو هەڵبژاردنە وقەیرانی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكە هەڵدەسەنگێنن وچۆن دەتوانرێ چارەسەر بكرێ؟

سەرۆكی كوردستان: هەڵبژاردن بەگشتی هەڵبژاردنێكی باش بوو لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن جۆرێك لەنائینسافی وناعەدالەتیی تیادا هەبوو، بەڵام بەگشتی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی باش بەڕێوەچوو، گرفتەكانیش لەدوای هەڵبژاردنەوە دەستیان پێكرد، ئێمە ناتوانین چاوپۆشی لەوە بكەین كە لە قەیرانێكی سیاسیداین لە ئێراقدا، بەڵام هیوادارین هەوڵەكان لەماوەیەكی نزیكدا ئەنجامی باشیان لێبكەوێتەوەو بگەینە تەوافوقی سیاسی لەبارەی هەر 3 سەرۆكایەتیی كۆمارو ئەنجوومەنی نوێنەران وئەنجوومەنی وەزیران، پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران دووەمین دانیشتنی خۆی لە14 تەمموز گرێبدات، هیوادارین تائەو كاتە ئەوقەیرانە نەمێنێت.

*بەبۆچوونی ئێوە ئەو قەیرانە لەبەرچی دروستبوو؟لەو هەڵبژاردنەدا لیستی (العراقیە) زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێناو ئەوانەی پاڵپشتیی دەكەن، بڕوایان بەوە هەیە كە مافی خۆیەتی حكوومەت پێكبهێنێت، ئیئتیلافی دەوڵەتی قانوونیش ئەو شتە بەمافی خۆی دەزانێت، ئەو قەیرانە لەبەرچی دروستبوو؟

سەرۆكی كوردستان: لەدەقی دەستووریدا ئاماژە بە كوتلەی گەورە كراوە، گرفتەكە لێرە دروستبوو، تەفسیری دادگای دەستووریش وابوو كوتلەی گەورە مەرج نییە كوتلەی براوەی هەڵبژاردن بێت، بەڵكو دەكرێ لیستی دیكە یەكبگرنەوەو كوتلەی گەورەتر پێكبهێنن، گرفتەكە لێرەدا دروستبوو تائێستاش هیچ یەكگرتنێك لەنێوان دوو كوتلەدا نییە، بەڵكو هاوپەیمانییەك لەنێوان دەوڵەتی قانوون وئیئتیلافی نیشتیمانیدا هەیە، بەڵام تائێستا هەموو گرفتەكان یەكلایی نەكراون، بۆیە چووینە نێو ئەو قەیرانە سیاسییەوە.

*لەماوەی ڕابردوودا چەند لێدوانێكتان هەبوو لەبارەی ئەوەی ببنە بەشێك لەچارەسەری نەك لەگرفت، ئەمە چۆن دەكرێ؟

سەرۆكی كوردستان: پێمانوایە هەرێمی كوردستان وبزاڤی سیاسیی كورد هیچ كاتێك نەبۆتە بەشێك لەگرفت، بەڵكو هەمیشە بەشێكە لەچارەسەر، ئێستاش شاندی هاوپەیمانیی كوردستان لەگەڵ هەموولایەن وكوتلەو لیستە براوەكان دادەنیشێت بۆ دۆزینەوەی شێوازێكی تازەی نیشتیمانی تا حكوومەتێكی هاوبەشیی نیشتیمانیی هاوسەنگ وڕاستەقینە بێتەدی، من مەبەستم ئەوەیە.

*زۆر كەس بەتایبەتی لێرە لەمیسر زانیاریی وای لەبارەی كوردو كێشەكەی، یاخود بڵێین پرسی كوردەوە نازانن، ئێمە كورد دەناسین، بەڵام زۆركەس كورد ناناسن ونازانن نەتەوەیە یان تایفە یاخود چییە؟ مێژوو لەمبارەیەوە چی دەڵێت؟

سەرۆكی كوردستان: زۆر بەبیستنی ئەم قسەیەوە نیگەرانم چونكە یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی لەقاهیرە دەرچوو لەكۆتاییەكانی سەدەی 19، یەكەمین ئێزگەی ڕادیۆیی كوردی لەقاهیرە لەناوەڕاستی پەنجاكان دەستی بەپەخشكردن كرد، پرسی كورد لەپەنجاو شەستەكان تەنانەت لەحەفتاكانیشدا ناسراو بوو، من نازانم كێ لەمبارەیەوە بەرپرسە لەوانەیە ئێمەو ئێوەش، بەڵام ئێمە ویستێكی جیددیمان هەیە جیهانی عەرەبی تێمان بگات ودەڕوانینە ئایندەیەكی باشتر وپەیوەندیی باشتر لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا، ئێمە مێژووی هاوبەشمان هەیە، كورد بەشدارییان لە شارستانیی ئیسلامیدا كرد، بۆیە ئێمە هەست بەوە دەكەین پێویستە كورد لەلایەن هەموو جیهانی عەرەبی وئیسلامیدا بناسرێت، چونكە سەڵاحەددین وەكو دەزانن كورد بووە.

*بەڵام كورد هیچ كاتێك دوژمنی عەرەب نەبووە؟

سەرۆكی كوردستان: هیچ كاتێك وانەبووە، پێچەوانەی قسەكانم تەنها تۆمەتی بەتاڵ وبێ واتان وبەداخەوە دیدی شۆڤێنین، كورد هیچ كاتێك بەڕووی عەرەب ونەتەوەی عەرەب وبزاڤی ڕزگاریخوازی عەرەبدا نەوەستاوە.

*كورد لە ئێراق وتوركیا وسووریا وئێراندا هەن، ئایا تەسەوری ئەوە دەكرێ ڕۆژێك لەڕۆژان دەوڵەتێك هەبێت ئەم كوردانە كۆبكاتەوە؟

سەرۆكی كوردستان: كورد نەتەوەیە، ئەم نەتەوەیە بەبێ ویستی خۆی دابەشكراوە بەتایبەتی دوای شەڕی یەكەمی جیهان هاوشێوەی جیهانی عەرەبی وناوچەی دیكەی جیهان، بەڵام ئێمە لەواقیعی خۆمان تێدەگەین بەتایبەتی ئەو واقیعەی ئەمڕۆ تیایدا دەژین، من لەدژی پەنابردنم بۆ توندوتیژی، بەڵام مافێكی شەرعیی نەتەوەی كوردە ببێتە خاوەنی دەوڵەت وەكو نەتەوەی عەرەب وتورك وفارس، ئێمە ئیدیعای ئەوە ناكەین لەوان بەرزترین، بەڵام لەو نەتەوانەش كەمترنین، هێنانەدیی ئەو ویستەش بەتوندوتیژی نابێت، لەوانەیە بارودۆخێك بێتە ئاراوە ئەو نەتەوانە لەو واقیعە تێبگەن و پاڵپشتیی ئەو مافە ڕەوایە بكەن بۆ نەتەوەی كورد كە نەتەوەیەكی برایە بۆ ئەو نەتەوانە.

*بۆچوونتان چییە دەربارەی دوایین ناكۆكیی نێوان پەكەكەو حكوومەتی توركیا؟

سەرۆكی كوردستان: زۆر لەوبارودۆخە نیگەرانم، هەمیشەش دووپاتم كردۆتەوە ئەو گرفتە بەتوندوتیژی و ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێت، زۆریش بەوە خۆشحاڵم كە لە سەرۆكی كۆمارو سەرۆك وەزیران وبەرپرسانی توركیا دەیبیستم ئەوان قەناعەتی تەواویان بەچارەسەریی سیاسی وئاشتیانەو دیموكراسییانەی پرسەكە هەیە و ئەوەی لەلایەنە كوردییەكان بیستم ئەوان پێشوازی لەچارەسەریی ئاشتییانە دەكەن، دوایین ڕەفتاریش جێگەی داخی ئێمە بوو، چونكە چاوەڕواننەكراو بوو، بۆیە ئێمە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دووپاتدەكەینەوە، كە ئەو مەسەلەیە بەڕێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێت وپێشموایە كرانەوەی حكوومەتی توركیا بەسەرۆكایەتیی بەڕێز ئۆردوگان ڕێگەی ڕاستی چارەسەركردنی ئەم كێشەیەیە و ئێمە پاڵپشتیی دەكەین.

*هەندێ كەس وای لێكدەدەنەوە مەسەلەكە بە دوایین ناكۆكیی نێوان توركیاو ئیسرائیلەوە گرێدراوە و لەوانەیە ئەمەریكاش ببێتە بەشێك لەو كێشەیە و پاڵپشتیی پەكەكە بكات ؟

سەرۆكی كوردستان: بەداخەوە هەمووكاتێك هەر پرسێكی پەیوەست بەكورد بە ئیسرائیل وئەمەریكاوە گرێدەدرێت، پێموانییە ئەو ناكۆكییە هیچ پەیوەندییەكی بەپرسی غەززەو قەیرانی نێوان توركیاو ئیسرائیلەوە هه‌بێ

*لەماوەی ڕابردوودا سەردانی توركیاتان كرد، دەكرێ باسی سروشتی گفتوگۆكانتانمان بۆ بكەن لەگەڵ بەرپرسانی توركیا؟

سەرۆكی كوردستان: سەردانی من بۆ توركیا بەداوەتی فەرمیی سەركردایەتیی توركیا بوو، گفتوگۆكانیش لەبواری ئابووری وبازرگانی وسیاسیش بوو، لەبارەی پەیوەندیی ئابووری وبازرگانی گەیشتینە چەندین ڕێككەوتنی گرنگ، توركیاش ڕۆڵێكی كارا لە پێشخستنی هەرێمدا دەگێڕێت و زۆرترین كۆمپانیای وەبەرهێنانی توركیا له‌ كوردستاندا هەن، لەبارەی بارودۆخی سیاسیشەوە ئێمە باسی بارودۆخی ئێراق و پێكهێنانی حكوومەتمان كرد كە لەقۆناغی ڕاوێژكاریدابووین لەبارەیەوە، لەبارەی پرسی ناوخۆی توركیاش ئێمە پاڵپشتیی سیاسەتی كرانەوەی بەڕێز ئۆردوگانمان كرد ومن زۆربەوە خۆشحاڵم كە توركیا دەیەوێ ئاشتی بەرقەرار بكات و گرفتەكە بەشێوەیەكی ئاشتیانەو دیموكراسییانە چارەسەر بكات. من لەدژی توندوتیژیم.

*فەخامەتی سەرۆك ئێوە ڕێبازێكی دیپلۆماسییانەو سیاسەتێكی حەكیمانەتان گرتۆتەبەر، بەڵام ئەگەر بەڕاشكاوییەوە قسەبكەین بەتایبەتی لەبارەی ڕۆڵی هەندێك دەوڵەت لەئێراقدا بۆ نموونە با بە ڕۆڵی ئەمەریكا دەستپێبكەین؟

سەرۆكی كوردستان: ئەمەریكا بەبۆچوونی ئێمە یارمەتیی زۆری پێشكەش بەگەلی ئێراق كرد بەتایبەتی بەڕووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆری، بەڵام هەڵەی زۆر دوای ڕووخانی ڕژێم ڕوویان دا، هەڵەی هەرە گەورەش دەركردنی بڕیاری 1483 بوو لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، كە یارمەتییەكانی ئەمەریكای بۆ گەلی ئێراق بۆ داگیركاری گۆڕی، ئەوە هەڵەیەكی گەورە بوو، ئەمەریكا ئێستاش ڕۆڵی كاراو كاریگەری لەئێراقدا هەیە، بەڵام نەك بەهەمان قەبارەو نفووزی جاران لەساڵانی ڕابردوودا.

*بەریتانیا؟

سەرۆكی كوردستان: بەریتانیاش لەودەوڵەتانە بوو كەبەشدارییان لەڕووخاندی ڕژێم كردو بەدیدی من كاریگەرییەكی زۆری نییە لەبارودۆخەكەدا.

*ئێران؟

سەرۆكی كوردستان: ئێران دەوڵەتێكی دراوسێیە، بەرژەوەندی وئەجەندای تایبەتی هەیە، لەزۆر شت لەگەڵیدا جیاوازیمان دەبێت ولەزۆر شتیش هاوڕاین، بەڵام بەڵێ ئێرانیش تەدەخول لەكاروباری ئێراقدا دەكات.

*زۆر كەس ئێران بەهۆكاری سەرەكیی زۆربەی گرفتەكانی ئێراقی دەزانێت؟

سەرۆكی كوردستان: بێگومان هەریەكەو لەدیدوبۆچوونی خۆیەوە قسەدەكات، بەڵام ئێران پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی لایەنە ئێراقییەكاندا هەیەو بەرژەوەندی و ئەجەندای تایبەتیشی هەیە، لەهەندێ لایەندا لەگەڵ ئەو بەرژەوەندییانەدا ناكۆكین لەهەندێكیش هاوڕاین، ئێمەش پاڵپشتیی هەبوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ ئێران وهەموو دراوسێكانمان دەكەینەوە، بەڵام (وصایە) لەهەر دەوڵەتێكەوە شتێكی قبووڵ نەكراوە.

*شانشینی عەرەبیی سعوودی؟

سەرۆكی كوردستان: ئەویش دراوسێی ئێراقە وبەرژەوەندیی هاوبەش هەیە وبەهەمان شێوەش لەوانەیە لەزۆر شت لەگەڵیدا ڕێكبكەوین لەزۆر شتیش نا، بەڵام بەگشتی پێویستە پەیوەندیی نێوان ئێراق ودراوسێكانی پەیوەندیی ئاسایی بێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش.

*سووریا؟

سەرۆكی كوردستان: پەیوەندیی ئیجابی و باشمان لەگەڵ سووریادا هەبوو لەسەردەمی سەرۆكی كۆچكردوو حافز ئەسەد، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێم لەساڵی 2003 دا ناتوانم بڵێم ئەو پەیوەندییانە پچڕان، بەڵام بوو بەنیمچە پچڕاو.

*سووریاش زۆر لایەن بەهۆكاری گرفتی لەئێراق تۆمەتبار دەكات بەتایبەتی ڕوودانی تەقینەوەو پاڵپشتیكردنی بەعسییەكان ئێوە چی دەڵێن؟

سەرۆكی كوردستان: زۆر بەداخەوە دراوسێكانی ئێراق بەگشتی یارمەتیی ئێراقیان نەدا سەقامگیر بێت، سووریاش یەكێكە لەو دەوڵەتانەی بەشێك لەبەرپرسیارێتییان لەئەستۆدایە لەزۆر شتی ناخۆش ودڵتەزێن كەلەئێراقدا ڕوویاندا، چونكە ئەو هاوكاریی ئێراقی نەكرد، هەروەها دەوڵەتانی دیكە.

*میسر؟

سەرۆكی كوردستان: پێموایە میسر تەدەخولی نەكرد جانازانم بەهۆی دووریی وڵاتەكە بوو لەڕووی جوگرافییەوە یانیش بەهۆی هەڵوێستێكی سیاسییەوە، پێموایە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ میسر ویستێكی ئێراقییە لەلایەن هەموو لایەنە ئێراقییەكانەوە.

*جامیعەی عەرەبی؟

سەرۆكی كوردستان: دەتوانێ ڕۆڵێكی كاریگەر ببینێت، چونكە لایەنێكی بێلایەنەو دەكرێ ڕۆڵێكی ئیجابی لەچارەسەركردنی گرفتی زۆر ببینێت.

*تائێستا ئەو ڕۆڵەی نەبینیوە؟

سەرۆكی كوردستان: دەرفەتی لەبەردەمدا كەم بوو، بەڵام جامیعەی عەرەبی لایەنێكی قبووڵكراوە بۆ ڕۆڵبینین لەئێراقدا.

*فەخامەتی سەرۆك چۆن دەڕواننە بارودۆخی ئێراق دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە2011، ئەگەر كرا؟

سەرۆكی كوردستان: بەپێی ڕێككەوتنی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئێراق وئەمەریكادا ئەو كشانەوەیە دەكرێ، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە پەیوەندی لەنێوان ئێراق وئەمەریكا كۆتایی پێدێت، پێموانییە ئەمەریكا واز لەئێراق بێنێت، كشانەوەی هەندێك هێزیش واتای نەمانی گرنگیدان بەئێراق نادات. پێویستە هێزەكانی ئێراق كۆتایی بەم گرفتانە بهێنن ولەسەر حكوومەتێكی هاوبەشیی نیشتیمانی ڕێكبكەون ودەوڵەتی موئەسەسات بەر لەماوەی كشانەوەی ئەمەریكا لەئێراق ڕێكبكەون، ئەگینا دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و نەگەیشتن بەچارەسەریی ڕیشەیی كێشەكانی ئێراق، لەوانەیە ئەنجامەكان لەبەرژەوەندیی ئێراقدا نەبێت.

*ئەو هێزانە تاچەند دەتوانن ئەم ڕۆڵە ببینن؟

سەرۆكی كوردستان: بێگومان دەتوانن، بەڵام تەگەرەكانیش زۆرن، پێموایە هەموو هێزە نیشتیمانییەكان دەیانەوێ بگەنە چارەسەری.

*ئەی لەبارەی كێشە ئەمنییەكانی ئێراق؟

سەرۆكی كوردستان: دەتوانم بڵێم ئەمە گرفتی سەرەكیی ئێراقەو هۆكاری ئاڵۆزكردنی بارودۆخەو هۆكاری نەبوونی گەشەپێدان وئاوەدانكردنەوەی ئێراقه‌ دوای ڕووخانی، گرفتی ئەمنی گرفتی هەرە گەورەیەو هۆكاری هەرە سەرەكیش تیرۆرە، ئەو تیرۆرەی لە دەرەوەی ئێراقەوە دێت.

*لەدوایین سەردانیدا بۆ ئێراق جۆبایدن چیی لەئەجەندا دا هەبوو، ئێوە چۆن دەڕواننە سەردانەكەی بەتایبەتی كاتێك باسی هەبوونی گوشار دەكرێ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ئێراقی؟

سەرۆكی كوردستان: پێموایە ئەو بۆ هاندانی لایەنە ئێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت سەردانی ئێراقی كرد، بەڵام وەكو زانیم ئەو هیچ تەدەخولێكی لەهیچ یەك لەوردەكارییەكاندا نەكردو گوشاری نەخستە سەر كەس و ویستی ئەمەریكای نیشاندا بۆ پێكهێنانی حكوومەت وپێگەی سیاسیی گەورەی خۆی بۆ هاندانی لایەنە ئێراقییەكان بەكارهێنا، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ئایندەی ئێراق.

*دەكرێ ئەم سەردانە كاریگەریی دیارو بەپەلەی هەبێت؟

سەرۆكی كوردستان: هیوادارین وابێت.

*فەخامەتی سەرۆك ئێراق وئێراقییان لەخۆئامادەكردندان بۆ میوانداریكردنی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی لەساڵی 2011دا گومانیش دەخرێتە سەر بەغدا لەبارەی توانای بۆ میوانداریكردنی ئەو كۆنگرەیە؟

سەرۆكی كوردستان: هیوادارین حكوومەتی فیدراڵ بتوانێ بەسەر گرفتە ئەمنییەكانی سەربكەوێت، بەشێوەیەك بتوانێ میوانداریی كۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی بكات و ئێمەش هیواخوازین لەبەغدا گرێبدرێ.

*بە بەردەوامیی ئەو بۆشاییە سیاسییەی ئێستا؟

سەرۆكی كوردستان: پێویستە ئەو بۆشاییە نەمێنێت و ناكرێ بارودۆخ وەكو ئێستا بمێنێتەوە.

*باسی ئەوەش كراوە ئەگەر بەغدا نەیتوانی ئەم كارە بكات ئەوا هەولێر بۆ میوانداریكردنی ئەو كۆنگرەیە پاڵێوراوە؟

سەرۆكی كوردستان: هەولێر ئامادەیە ئەركی خۆی ببینێت هاوشێوەی میوانداریكردنی كۆنگرەی پەرلەمانیی عەرەبی بەر لە 2 ساڵ، ئەگەر داوا لەهەولێر كرا هەولێر ئامادەیە.

*بەڕێزتان ئێستا لەمیسرن بەداوەتێكی فەرمی لەلایەن سەرۆك حوسنی موبارەكەوە، چۆن دەڕواننە پەیوەندیی ئێراق ومیسر بەگشتی ومیسر وهەرێمی كوردستان بەتایبەتی؟

سەرۆكی كوردستان: ئێمە بەچاوی ڕێزەوە سەیری دەوڵەتی میسرو سەنگ و ڕۆڵی دەكەین و من زۆر سوپاسی داوەتی فەخامەتی سەرۆك دەكەم ومن بەداوەتی بەڕێزیان لەقاهیرەم وزۆر بەوسەردانە خۆشحاڵم، بواری فراوان هەن بۆ پێشكەوتنی پەیوەندیی نێوان ئێراق ومیسر وكوردستان ومیسر بەتایبەتی.

*ئەو بوارانە چین؟

سەرۆكی كوردستان: بواری ئابووری وبازرگانی و وزەو كشتوكاڵ وپیشەسازی ونەوت و غاز و زۆر شتی دیكە.

*كەواتە ئەو مەسەلەیە لەئەجەندای كۆبوونەوەی نێوان ئێوەو سەرۆك موبارەكدا هەیە؟

سەرۆكی كوردستان: مومكینە لەگەڵ جەنابی سەرۆك موبارەك بەگشتی باسی بارودۆخی سیاسی و بازرگانی وئابووری بكرێ، بەڵام وردەكارییەكان دەكرێ لەگەڵ بەرپرسانی دیكە باس بكرێن.

*لەگەڵ ئەمینداری گشتیی جامیعەی عەرەبییش كۆبوونەوە، دەكرێ بزانین ئەو پرسە گرنگانە چین كەلەسەر مێزی گفتوگۆكاندا بوون؟

سەرۆكی كوردستان: ئێمە ڕێزێكی تایبەتیمان بۆ بەڕێز عەمر موسا هەیە وئەمە جاری یەكەم نییە لەگەڵی دادەنیشم، بەڵكو چوارەم یان پێنجەم جارە، لەماوەی ڕابردووشدا لەكوردستان سەردانی كردین ودەستپێشخەرییه‌كەی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان ئیجابی بوو، ئێمە باسی بارودۆخی ئێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەو پەیوەندیی نێوان ئێراق ومیسر وپەیوەندیی هەرێم ومیسرمان كرد، هەروەها داوامان كرد جامیعەی عەرەبی یارمەتیمان بدات، وێنەیەكی ڕاستەقینەی هەرێم بۆ جیهانی عەرەبی بگوازێت.

*فەخامەتی سەرۆك، كەركووك ناوچەیەكی دەوڵەمەندە ئێوە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن؟

سەرۆكی كوردستان: دەستووری ئێراقی چارەسەریی بۆداناوە بەئاساییكردنەوەی بارودۆخ وەكو قۆناغی یەكەم دوای ئەو گۆڕانكارییە دیموگرافییانەی ڕوویاندا،دواتر سەرژمێری و ڕیفراندۆم دەكرێ لەو ڕیفراندۆمەدا هاووڵاتیانی پارێزگای كەركووك خۆیان بڕیار لەچارەنووسی دەدەن كەببێتە بەشێك لەهەرێمی كوردستان یان شێوازێكی دیكە.

*فەخامەتی سەرۆك دوایین پەیامتان بۆ گەلی میسر لەڕێگەی شاشەی (OTV) ەوە؟

سەرۆكی كوردستان: هیوای خێرو خۆشی و پێشكەوتن بۆ گەلی میسری ڕەسەن دەخوازم ودوێنێش بۆ یەكەمین جار سەردانی ئەهرامەكانی میسرم كرد و بەڕاستی بەو شارستانییەتەوە سەرسامم، هیوای خێرو خۆشی بۆ گەلی میسر دەخوازم.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌