2010-07-09

ئەنجامی دیداری ئێوە لەگەڵ سەرۆك حوسنی موبارەك چی بوو؟

 

بەتایبەتی دوای بڕیاردانی كردنەوەی كونسوڵگەریی میسر لەهەولێر؟

 

ئایا دەتوانین بەئاسۆیەكی تازەی پەیوەندیی میسری كوردیی دابنێین؟

 

سەرۆكی كوردستان: دیداری نێوان من و سەرۆك حوسنی موبارەك دیدارێكی دۆستانە و گەرموگوڕ بوو، هەروەها دەرفەتێكیش بوو بۆ ئەوەی دید و بۆچوونی خۆمان لەبارەی پرۆسەی سیاسیی ئێراق و هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی ئێراقی بۆ سەرۆك موبارەك ڕوونبكەمەوە. من تێبینیی گرنگییەكی زۆرم لەسەرۆك موبارەك كرد دەربارەی بارودۆخی ئێراق، هەروەها قسەشمان لەبارەی هاوكاریی ئابووری و بازرگانی و كولتووری لەنێوان ئێراق و میسر بەگشتی و هەرێمی كوردستان و میسر بەتایبەتی كرد، دووپاتیشیدەكەمەوە گرنگیدانێكی تەواوم لەمبارەیەوە لەلایەن سەرۆك موبارەكەوە بەدیكرد ویستی هاوبەشیش لەنێوانماندا هەیە.

 

- ئەولەویاتی ئەو هاوكارییە میسری- كوردییە چین؟

 

سەرۆكی كوردستان: هاوكاریی نێوانمان لەبواری وەبەرهێنان دەبێت، كۆمپانیاكانی میسر دەرفەتی وەبەرهێنانیان لەبەردەمدا كراوەیە لەبواری جیاجیادا بەتایبەتی لەبواری كشتوكاڵ و وزە و ئاڵوگۆڕی شاندی كولتوری و بازرگانی و سەردانی2  قۆڵی و گرێدانی كۆنگرە و دیداری ڕۆشنبیری، چونكە زۆر كەس لەناوەوە و دەرەوەی میسر نازانن یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی لە ساڵی1898  لە قاهیرە دەرچوو یەكەمین ئێزگەی كوردیش لەساڵی 1957 لە قاهیرە دەستی بەپەخش كرد.

 

- كەواتە پەیوەندییەكانی میسر و كورد جارێكی دیكە چالاكتر دەبێتەوە؟

 

سەرۆكی كوردستان: گەرموگوڕی و چالاكی بۆ پەیوەندییەكانی كورد و میسر دەگەڕێنینەوە تا بەو كاراییە بێت لەو شێوازو ناوەڕۆكەی كە خۆمان دەمانەوێت.

 

- دوای سەردانی میسر و ئەردەن بەنیازنین وڵاتی دیكەی عەرەبی بەسەر بكەنەوە؟

 

سەرۆكی كوردستان: لەو گەشتەمدا چەندید دیداری گرنگم لەئەردەن ومیسر ئەنجامدا و ئێستاش ڕاستەوخۆ بەرەو هەولێر دەگەڕێمەوە و لەئایندەشدا سەردانی چەندین دەوڵەتی دیكەی عەرەبی دەكەم، ماوەیەكیش لەمەوبەر سەردانی سعوودیام كردو گرنگییەكی تەواوم لەبارەی بارودۆخی ئێراق و هەرێمی كوردستان و هەبوونی باشترین پەیوەندی لەخاوەن شكۆ مەلیكی سعوودیا بەدی كرد، گرنگیدانی خاوەن شكۆ مەلیكی سعوودیا زۆر دڵخۆشی كردین بەتایبەتی كەئەو دووپاتیدەكاتەوە پاڵپشتیی ئێراق دەكەن و دەست لەكاروباری وەرنادەن و زۆر گرنگە یەكبوونی خاكی ئێراق و برایەتی و یەكگرتوویی وخۆشەویستیی ئێراقیان بپارێزرێت.

 

- ئەو گەرموگوڕییە كوردی عەرەبییە ڕێگە بەگرێدانی كۆنگرەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی دەدات لەهەولێر ئەگەر بارودۆخی ئاسایش ڕێگەی نەدا لەبەغدا گرێ بدرێ؟

 

سەرۆكی كوردستان: لەڕووی قانوونییە هەولێر پایتەختی دووەمی ئێراقە و بێگومان ئەگەر بارودۆخی ئەمنی لەبەغدا رێگەی بەگرێدانی ئەم كۆنگرەیەی نەدا، ئەوا هەولێر ئامادەیە ئەم ئەركە بگرێتە ئەستۆ لەجیاتی بەغدا و میوانداری ئەم كۆنگرەیە بكات و ئەگەر تیایدا گرێدرا ئەوكات ئاهەنگێكی زۆر گەورە بۆ سەركردەكانی عەرەب لەهەولێر سازدەدەین.

 

- دەتوانین وەڵامی ئێوە وەكو وەڵامێك بۆ ئەوكەسانە لێكبدەینەوە كە ئێوە بەخۆجیاكار لەئێراق تۆمەتبار دەكات؟

 

سەرۆكی كوردستان: بەپێچەوانەوە، من بەیەكبوونی ئێراق پابەندم، لەڕووی عەمەلییەوەش ئەوەمان سەلماندووە، بەڵام ئێمە داوای ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی گەلی كورد دەكەین و ئەگەر مەسەلە بگاتە ئاستی بەرگریكردن لەگەلی كورد ئەو كارە دەكەین، بەڵام بەپاراستنی یەكبوونی خاكی ئێراق و گەلەكەی، من بڕوام بەمێژوو چارەنووسی هاوبەش هەیە، بەڵام ناشتوانم دەست لەپرسێك هەڵبگرم كە هەموو ژیانی خۆم بۆی تەرخانكرد لەهەمانكاتیشدا زۆر گرنگی بە دیموكراسییەتی ئێراق و برایەتیی كورد و عەرەب دەدەم كەواتە ناكرێ بەرگریكردن لەگەلی كورد بەهۆكاری جیابوونەوە لەئێراق سەیر بكرێت و من ئەمە بە تێگەیشتنێكی هەڵەی مەسەلەكەی دادەنێم.

 

- ئێوە یەكێك بوون لەو كەسایەتییانەی ڕۆڵتان لە هێنانەدیی ئێراقی ئەمڕۆ هەبوو، ئێوە ئێراقی ئەمڕۆ چۆن دەبینن؟

سەرۆكی كوردستان: ئێراقی تازە ئەوەیە گەلی ئێراق لە ڕێگەی سەندووقی دەنگدانەوە خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و دەستاودەستیكردنی دەسەڵات هەبێت و دیموكراسییەت و فیدراڵیزم لەنێو پێكهاتەكانیدا هەبێت.

 

- ئایا هۆكارەكانی گەیشتن بەم دیدە لەبەردەستدان یان بزرن؟

 

سەرۆكی كوردستان: هەنگاوو هۆكاری یەكەم داڕشتنی دەستوور بوو كە شێوازو پێناسەی ئێراقی تازەی چەسپاندووە، هۆكارو هەنگاوی دووەمیش جێبەجێكردنی ئەو دەستوورەیە.

 

- ئەی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی ئایندەی ئێراق و ناكۆكیی نێوان لیستە ئێراقییەكان؟ ئایا دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت بە رێگرێك دەبینن لەبەردەم ئایندەی ئێراقدا؟ چۆن دەتوانن لەم قەیرانەدا ڕزگارتان ببێ؟

 

سەرۆكی كوردستان: بەداخەوە زۆر هەست بەئیحراجی دەكەم كاتێك ئەم پرسیارەم ئاراستە دەكرێ، چونكە دوای 4 مانگ لەهەڵبژاردن تائێستا حكوومەت پێك نەهاتووە، بێگومان ئەگەر ئەم گرفتە چارەسەر نەكرا مەسەلەكە دەبێتە مایەی ئیحراجی بۆ ئێراق و هەموو ئێراقییان، بۆیە هیوادارین لەماوەیەكی كورتدا حكوومەتی ئێراقی پێكبێت و بێگومان هەموو توانایەك بۆ ئەو مەسەلەیە دەخەینەگەڕ.

 

- ئایا هیچ تەدەخولێكی دەرەكیی ئیجابی هەیە كە گوشار بخاتە سەر پێكهێنانی حكوومەتی ئایندەی ئێراق؟

 

سەرۆكی كوردستان: پێموایە هاندانێكی زۆر لەلایەن دۆستان و دەوڵەتان بەم ئاراستەیەوە هەیە بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی ئێراقی، بەڵام ئەگەر هەر تەدەخولێكی سلبی هاتە ئاراوە پێموایە پێویستە هەموو لایەنە ئێراقییەكان لەبەردەمی بوەستن و ڕێگەی لێبگرن.

- ئایا دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی ئێراقی دەرچوونی ئەمەریكا لە ئێراق دوادەخات كە بەنیازە لەئابی ئایندەدا ئێراق بەجێبهیڵن؟

 

سەرۆكی كوردستان: بەپێی لێدوانەكانی جۆ بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی ئێراق هیچ كاریگەرییەكی بەسەر كشانەوەی ئەمەریكا لەئێراقدا نابێت.

 

- پێتانوایە ئەمەریكا لە كۆتاییهێنان بەداگیركردنی ئێراق و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی رۆڵی خۆی هەیە؟

 

سەرۆكی كوردستان: ڕێككەوتنی ئەمنیی ستراتیژی كە لەنێوان ئێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئیمزاكرا كۆتایی بەداگیركاری هێنا، بەڵام كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەئێراق بەواتای كۆتاییهاتن بەپەیوەندیی نێوان ئەمەریكا و ئێراق نایەت و ئێمە پێویستیمان بەبەردەوامیی ئەم پەیوەندییە هەیە، وجوودی ئەمەریكا بەواتای وجوودی سەربازی نایەت، چونكە دەكرێ لەڕێگەی كەناڵە ڕۆشنبیری و دیپلۆماسییە دوو قۆڵییەكانەوە بێت.

 

- لەڕوانگەی پەیوەندیی باش و بەرچاوتان لەگەڵ ئەمەریكادا، ئەمەریكا چۆن دەتوانێ یارمەتیی ئێراق بدات بەشێوەیەك كە گەرەنتیی ئەوەی هەبێت دەست نەخاتە نێو كاروبارەكانییەوە؟

 

سەرۆكی كوردستان: ڕاستە ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئەمەریكادا هەیە، بەڵام ئێمە توانیمان بۆ بەرژەوەندیی هەموو ئێراق سوود لەو پەیوەندییە وەربگرین نەك تەنها لەبارەی پرسی كوردەوە، ئێمەش بەرلە ڕووخاندنی ڕژێم و دواتریش لەگەڵ ئەمەریكادا ڕاستگۆبووین و هەمیشە قسەی ڕاستمان لەبارەی دیدی خۆمان دەربارەی ئێراق پێدەگوتن و هیچ كاتێكیش هەڵمان نەخەڵەتاندن هەر كاتێكیش پێویستی بوایە هەڵوێستمان لەبارەی هەڵەیەكەوە هەبێت ڕەخنەمان لێدەگرتن هەمیشەش گوتوومە گەورەترین هەڵەی ئەمەریكا دەركردنی بڕیاری1483  بووە كە ئەمەریكای وەكو هێزی داگیركار ناساند لەئێراقدا، ئەمە هەڵەیەكی گەورە بوو.

 

- كەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی (وصایە) لەسەر ئێراق كۆتایی پێدێت؟

 

سەرۆكی كوردستان: گرفتەكان زۆرن، وەزارەتی دەرەوە و حكوومەتی ئێراقیش لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ دەرچوون لەم مەسەلەیە و دەرچوون لەكاریگەرییەكانی ئەو هەڵانەی كراون و دەرچوونی ئێراق لەژێر بەرپرسیارێتیی بەندی حەوتەم و بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی.

 

- ئایا گرفتی نێوان ئێوە و توركیا لەچارەسەری نزیك بۆتەوە؟ بەتایبەتی دوای ئەوەی جەختتان لەسەر گرنگیی چارەسەریی سیاسی كردەوە؟

 

سەرۆكی كوردستان: مانگێك لەمەوبەر لە توركیا بووم ئەو سەردانەش بەسەردانێكی سەركەوتوو دەزانم كەتیایدا دەرفەتی دیدار و كۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆكی كۆمار و سەرۆك وەزیرانی توركیا و بەرپرسانی كوردی توركیا هەبوو، من زۆر بەتێگەیشتن و كرانەوەی توركیا دڵخۆش بووم بەتایبەتی دوای ئەوەی هەبوونی سیاسەتێكی دیكەی تازەم بەدیكرد لەلایەن حكوومەتی توركیاوە لەبارەی پەیوەندیی دراوسێتی لەگەڵ ئێراق و بۆچوونیان دەربارەی پرسی كوردەوە و ئێمە پاڵپشتی لەو سیاسەتە دەكەین و پێشمانوایە پرسی كورد لە توركیا بەڕێگەی گفتوگۆ و شێوازی سیاسی و ئاشتیانە چارەسەر دەكرێ و ئێمە هەمیشە لەدژی توندوتیژی بووین و ئامۆژگاریمان بەلایەنی كوردیی توركیا داوە پەنا نەباتە بەر توندوتیژی. لەڕووی ئابووری و بازرگانیشەوە پێشكەوتنێكی زۆر لە پەیوەندیی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان هەیە ودەكرێ توركیا و هەرێمی كوردستان ببنە دەروازەیەك بۆ پێشكەوتنی ئەم بوارە لەهەموو ئێراق بەتایبەتی دوای باشتر بوونی بارودۆخی ئەمنی لەئێراقدا.

 

- لەبارەی ئێرانەوە، ئێران چۆن دەتوانێ ببێتە هۆكارێك بۆسەقامگیریی ئێراق لەجیاتی دەستێوەردانی سلبیی لەنێو كاروباری وڵاتدا؟

 

سەرۆكی كوردستان: بێگومان ئێران دەتوانێ ڕۆڵێكی كارا لە ناوچەكەدا بگێڕێت، ئێران دەوڵەتێكی گرنگە، بەڵكو دراوسێیەكی گرنگە بۆ ئێمە وپێویستە ئێراق پەیوەندیی باش وهاوسەنگی لەگەڵ توركیاوئێراندا هەبێت، چونكە هەردووكیان دراوسێی گرنگ و گەورەن بۆ ئێمە، پێشنیارم بۆ حكوومەتی مالیكیش كرد ئەگەر هەر بەڵگەیەك بۆ دەستێوەردانی هەریەكێك لەو دەوڵەتانە لەبەردەستدا بوو ئەوا پێشكەشی خودی دەوڵەتەكەی بكات و بەوپەڕی ڕاشكاوییەوە ئەو شتە بخاتە بەردەم ئەو دەوڵەتەوە، بپرسین: ئایا ئەمە ڕەفتاری دەوڵەتە و سیاسەتی حكوومەتە یاخود ڕەفتاری یەكێكە لەدەزگا ئەمنییەكانی ئەم وڵاتە؟ من دووپاتیدەكەمەوە ئەگەر هەر تەدەخولێكمان لە ئێرانەوە بەدیكرد پێویستە بەڕێگەی دیالۆگەوە لەڕێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە چارەسەری بكەین و خۆمان نەخەینە ڕەوشی تێكچوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندیی هیچ یەكێك لە دەوڵەتەكاندا نییە.

 

- پێتانوایە كۆمبەندی دیالۆگی دراوسێكانی عەرەبی لەگەڵ ئێران خزمەت بە پەیوەندیی عەرەبی ئێرانی دەگەیەنێت؟

 

سەرۆكی كوردستان: پێموایە دەستپێشخەریی ئەمینداری گشتیی جامیعەی عەرەبی لەمبارەیەوە باشە و ئەنجامی باشیشی لێدەكەوێتەوە.

 

- لەمیانەی دیداری ئێوە لەگەڵ ئەمینداری گشتیی جامیعەی عەرەبی داوای هیچ جۆرە پاڵپشتییەكتان بۆ ئێراق كرد؟

 

سەرۆكی كوردستان: جامیعەی عەرەبی دەتوانێ ڕۆڵێكی كاراو كاریگەر لە ئێراق و لەناوچەكەدا بگێڕێت و ئێمە پێشوازی لەهەر ڕۆڵێكی جامیعەی عەربی دەكەین لەئێراق و پێمانخۆشە پەیوەندیی باشتر لەنێوان ئێمە و جامیعەی عەربیدا هەبێت، چونكە جیهانی عەرەبی بۆ ئێمە گرنگە و ئێمەش پێمان خۆشە برایانی عەرەب لە ئێمە تێبگەن و كەس گومان نەخاتە سەرمان لەهیچ پرسێكدا و پێویستیمان بەوە هەیە پەیوەندیی و هەڵوێستی مێژووییمان لەگەڵ عەرەب بپارێزین.

 

- ئایا وجوودی عەرەبی ئێستا لەئێراقدا لە ئاستی پێویستدایە؟ ئێراق پێویستیی بەچی هەیە؟

 

سەرۆكی كوردستان: عەرەب درەنگ گەیشتنە ئێراق، بەڵام میسر زوو دەستپێشخەریی كرد، ئەمەش گرنگ بوو ئەگەر ڕووداوی دڵتەزێنی شەهیدبوونی ئیهاب شەریف نەبوایە ڕەوشەكە باشتر دەبوو، بەڵام لەڕاستیدا ڕۆڵی عەرەبی لە ئێراقدا لەئاستی پێویستدا نەبوو.

- ئێستا چۆنی دەبینن؟

 

سەرۆكی كوردستان: پێشكەوتن و ویست و تێگەیشتنێكی باشتر لەجاران هەیە لەبارەی بارودۆخی ئێراقەوە.

 

- ئەی لەبارەی بارودۆخ و ئایندەی هەولێرەوە؟ پلانتان چییە بۆ ئایندە؟

 

سەرۆكی كوردستان: لەهەولێر بارودۆخی ئاسایش سەقامگیرە و ڕۆژانە دامودەزگای یاسایی و دەستووریی خۆمان بەهێزتر دەكەینەوەو وپاڵپشتیی بزاڤی پێشكەوتن و گەشەپێدان دەكەین و ڕۆژانە خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانمان دابین دەكەین لە هەرێم ولەسەر ئاستی ئێراقیشدا ڕۆڵی خۆمان لەبارەی چارەسەریی گرفتەكانی ئێراق دەگێڕین.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌