2010-07-11

دیمانە/جەمال گردەسۆری

 

* رۆژنامەگەری كوردی لە كوردستان، لەنێوان ئازادی و پیشەیی بوون و بەرپرسیارێتیدا بەچ ئاقارێكدا چووە؟ دەهێنێ قسەی لەبارەوە بكرێت؟ قسەتان لەوبارەیەوە چییە؟

- لەبەر رۆشنایی ئەزموونی چالاكی رۆژنامەگەریم، هەر لەسەرەتای ساڵانی شەستەكانەوە بەپێی ئەو بەدواداچوون و لێكۆڵینەوانەی لەمێژووی رۆژنامەگەریی كوردیدا هەمە، سەرەتا سەرهەڵدانی كاری رۆژنامەگەری لە 22ی نیسانی 1898 بەدەركردنی یەكەم رۆژنامە بەناوی كوردستانەوە، لە رەحمی دایكێكی دڵسۆزدا بەئازادی چاوی هەڵهێنا و لەچوارچێوەی كاری پرۆفیشناڵی و بەرپرسیارێتی ئەركی نەتەوەپەروەری كوردو مرۆڤایەتیدا درێژەی هەبوو، ئەگەر لێم بەدەمارگیری و توندڕەوی نەگیرێت، ئەو ڕەوشە پیرۆزو ئەو پەیامە خاوێن و مەزنەی رۆژنامەنووسی كوردی و رۆژنامەگەریی كوردی تا كۆتایی سەدەی بیستەم پێدا تێپەڕی، لاپەڕەیەكی نوێی پرشنگداری لەمێژووی رۆژنامەگەریدا تۆماركرد، لەنموونەی رۆژنامەی ژینی ئەستەمبۆڵ، گۆڤاری رۆژی كورد، تێگەیشتنی راستی، ئومێدی ئیستقلال، ژیان و ژیانەوەو ژین تا رۆژنامەی دەنگی كورد كە خوالێخۆشبوو عومەر جەلال حەوێزی لە ساڵانی شەستەكان دەری دەكرد، ئەمە جگە لە رۆژنامەی كۆمەڵەی رۆشنبیری و ئەدەبی و حزبەكان، ئەوانیش تا سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول مەڵۆیەكی جوانی بەرپرسیارێتیان لەسەر خەرمانەكە دانا، ئەمە تا كۆتایی سەدەی بیست، ڕێڕەوەكە بە ئاقارێكدا رۆیشت ئەگەرچی لەگەڵ خواست و بۆچوون و لێكدانەوەو خوێندنەوەی نوێی سەردەمدا، وەڵامی پرسیارەكانی نەدەدایەوە، بەڵام هەرجێی تەقدیر بوو، وەلێ دوای ئەو دەمە ئیدی لەسایەی ئەو ئازادیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بیروڕای ئازاد فەراهەمی كوردەوە هەن بەئازادی و لەسایەی ئازادیدا دەڵێن: ئازادی نییە! ئا لێرەوە وەرچەرخانی ناسروشتی هاتۆتە پێش و ئەو پەتایە بەناوی رۆژنامەی ئەهلی و بێ لایەن و ئازاد كاری پرۆفیشناڵی رۆژنامەگەریە لە بەرپرسیارێتی و ئەركی پیرۆزی سەرشانیان لاكەوتوون.

* پابەند نەبوون بە یاسا، دۆخی رۆژنامەگەری كوردی بەئاراستەیەكی ناخۆشدا بردووە ئێوە لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟

- بەداخەوە دەردی نێو كاری رۆژنامەگەری لە چەپەرەوە سەریهەڵداوە بەناوی یاساوە پێشێڵی یاسا دەكرێت، لەژێر رەشماڵی ئازادی بیروڕا دەربڕیندا پێشێڵی ئازادی بەرانبەر دەكرێت. رۆژنامەنوس هەیە دەیەوێت بە ئارەزوو و ویستی تایبەتی خۆی قسە بكات، هەڵوێست بنوێنێت و ئامادەش نییە ئەگەر ئەو قسەو هەڵوێستەی دژ بە نەریت و ئەخلاقی رۆژنامەگەری و رشتە كۆمەڵایەتییەكان و یاسای رۆژنامەگەریش بوو نایەوێت باجەكەی بدات و نابێت كەس پێی بڵێ بەری چاوت كلی پێوەیە، ئەمە لەكاتێكدا خودی خۆی قەبووڵی ئەوە ناكات، بەرانبەرەكەی بە ئازادی وەڵامی بداتەوە، ئەو ئاراستە ناسروشتیە دۆخ  ژیان و پایەو بەهای ژیانی رۆژنامەگەریی شێواندووە.

* ئەوەی تێبینی دەكرێ لە رۆژنامەگەریی كوردیدا ئیتێك و بەرپرسیارێتی پشتگوێ دەخرێت كە مایەی دروستبوونی قەیرانەو ئێوە چی دەڵێن؟

- ئەوەی من بەبڕوای تەواوەوە قەناعەتم پێی هەیە، رۆژنامەگەری نە ئەو كێوی قوڵەی قافەیە كە نەیگاتێ و نە ئەو تەشتە ئاوەیە مرۆڤی هۆشیارو بەهرەدارو هەست بە بەرپرسیاریەتی كار تێیدا بخنكێت، وەلێ لەگەڵ ئەوانەشدا ژیان و چالاكی و رۆژنامەگەری خاوەنی سەوابت و پرەنسیپی تایبەتی خۆیەتی بەلای منەوە، هونەرو زانست و ئەخلاق، هەر كات لەو سێ تەوەرو پرسە گرنگە لایدا ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو كارو  چالاكییە رۆژنامەگەرییە رۆڵی مەزن وێژەی خۆی نابینێت و رەنجەكە بە با دەڕوات، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو ئەو دونیا ناسك و هەستیارو جوانەی مێژووی رۆژنامەگەری ناشیرین و لەكەدار دەكات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌