2010-07-13

فریاد محەمەد- خەبات:

حكومەت لە هەر وڵاتێك یەكێك لە ئەركە هەرەسەرەكییەكانی گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی شارەوانییە بە هاووڵاتیان، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە هەمیشە لە هەوڵ و كۆششی بەردەوام دابووە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری شارەوانی، ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەبینرێت ئەوەیە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم بوارەكانی ئاو، ئاوەڕۆ، دروستكردنی سەدان باخچە، گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكە تازە دروست كراوەكانی شارەكانی كوردستان، سەرباری پاككردنەوەی شار و دەیان پرۆژەی دیكە، وەلێ هێشتاكە لە زۆر بواردا كەموكوڕ دەبینرێت بەڵام هەوڵ بۆ چارەسەركردنی دراوە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی (خەبات)، ئەندازیار سەمیر عەبدوڵڵا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ئاماژە بەو هەوڵ و كۆششانەی وەزارەتەكەی دەكات كە بۆ ئەنجامدانی سەدان پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جیا جیاكاندا جێبەجێ دەكەن، هاوكات ئاماژە بە پرۆژەی گەشتیاری چیای سەفین و سەوزكردنی هەولێری پایتەختی كوردستان، دەكات پوختەی وەڵامی پرسیارەكانی پەیامنێری (خەبات) لەم راپۆرتەدا دەیخەینەڕوو.

گەشەپێدانی بواری گەشتیاری

یەكێك لە بوارەكانی كە وەزارەتی شارەوانی بایەخی لە رادەبەری پێ دەدات، بواری گەشتیاری و شوێنە گەشتیارییەكانی ناوچە جودا جوداكانی كوردستانە، چونكە بواری گەشتیاری سامانی لە بن نەهاتووی هەر وڵاتێكە، ئەگەرچی لە پێشتر بە شێوەی جیا جیا بایەخ بەم لایەنە دراوە، بەڵام ئەگەر بە بەراورد لە گەل هەڵكەوتەی كوردستان سەیری بكەین ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە هێشتا بواری گەشتوگوزاری لە كوردستان بایەخی ئەوتۆی پێنەدراوە كە پێویستە پێی بدرێت، بۆیە هەوڵەكانی ئێستای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری تا رادەیەك دڵنیاییمان پێ دەدات بەوەی ئەم كەرتە، كەرتێكە حكومەتی هەرێم دركی بەوە كردووە كە دەبێت بایەخی پتری پێ بدرێت، لە بەر ئەوە لە هەنووكەدا پرۆژەی گەشتیاری چیای سەفین لە سنوری پارێزگای هەولێر بە یەكێك لە پرۆژە گرنگەكانی گەشتوگوزار لە كوردستان دەژمێردرێت، لەمبارەیەوە ئەندازیار سەمیر عەبدوڵڵا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم روونیكردەوە: پرۆژەی گەشتیاری سەفین ماستەرپلانی تەواوبووە و ئەو ماستەر پلانە ئەوەی روون كردۆتەوە كە دەتوانین ئەو پرۆژەیە بە وەبەرهێنەر بدەین، ئەم پرۆژەیە گرنگی زۆری بۆ بواری گەشتیاری لە پارێزگای هەولێر و بگرە كوردستانیش هەیە، بۆیە جگە لەم پرۆژە گرنگە بگرە بایەخی تەواو بە بواری گەشتیاری دەدەین و دەیبوژێنینەوە.

سەوزكردنی كوردستان

بە پێی ستاندەردی جیهانی پێویستە خاكی هەر وڵاتێك بە رێژەی%30سەوزایی بێت، لە ساڵانی رابردوو لە كوردستان دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بدەین كە لە كوردستان رێژەی سەوزایی %1بووە، لە سەردەمی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمەوە گرنگییەكی لە رادەبەردەر بە سەوزكردنی خاكی كوردستان و پەرەپێدانی دارستانەكانی كوردستان دراوە، بە پێی زانیارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ئێستادا رێژەی سەوزایی لە كوردستان %8ـە، سەبارەت بەم پرسەش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: وەك هەر لایەنێكی دیكە وەزارەتەكەمان گرنگی بە سەوزكردنی خاكی كوردستانی داوە، چونكە ئەو سەوزكردنە لە چەند لایەنێكەوە بۆ تەندروستی مرۆڤ بە سوودە، بۆیە بە چەندین شێواز لەم بوارەدا كار دەكەین، بۆ نمونە ئەگەر سەیرێكی پارێزگای هەولێر بكەین رێژەی سەوزایی %8ـە، كارو كۆششەكان بەو ئاراستەیە هەمان رێژەی سەوزایی لە شارەكانی دیكەی كوردستانیش بێت، بەو پشتێنە سەوزییەی ئێستا لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت ئەگەر بە شێوەیەكی باش كاری لەسەر بكەین رێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بەرز دەبێتەوە بۆ %48 واتە رێژەكە لە ستاندەردی جیهانی پتر دەبێت، ئەمەش رێژەیەكی كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر سەوزكردنی وڵاتەكەمان.

چارەسەركردنی گرفتی ئاو

ئەگەر ئێستا بە چەند ساڵ پێشتر بەراورد بكەین دەبینین لە زۆر شارو شارۆچكەء بگرە شارەدێ و گوندەكانیش گرفتی كەمی ئاو چارەسەركراوە، تەنیا لە چەند ناوچەیەك نەبێت ئەم گرفتە بەدی دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پرۆژەی ئاوی لێ جێبەجێ دەكرێت و لە ماوەی ساڵانی داهاتوو چارەسەری كەم ئاوی لەم ناوچانەش دەكرێت، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار نیشانیدا: لە ئێستادا هەندێك دیزانین كراوە بۆ ئەوەی گرفتی ئاوی دوكان و دەربەندیخان چارەسەر بكرێت، بە تایبەتیش لە سەر ئەوەی ئاوی پیس لەگەڵ ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و دوكان تێكەڵ دەبێتەوە، سەرباری ئەوەش بۆ هێنانی ئاوی پاك بۆ پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری لە ماوەیەكی دیاری كراو چارەسەری گرفتەكە دەكرێت، بۆ ئەمەش ئەوە روون دەكەمەوە كە لە ساڵانی رابردوو كۆمەڵێك پرۆژەی ئاو لە سنوری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ كراوە، بۆیە لە ماوەی ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش پرۆژەی ئاوی كەلار و رانیە لە قۆناغی تەواوبوون دایە، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانە بە شێوەیەكی بەردەوام چارەی گرفتی نەبوونی ئاوی پاك لەم ناوچانە دەكرێت، پلانی ئێمەش ئەوەیە گرفتی ئاو لە هیچ شوێنێكی كوردستان نەمێنێت.

گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكە تازە دروستكراوەكان

بە هۆی ئەو بارە سەقامگیرییە هەمەلایەنەی ئێستا لە كوردستان دا هەیە، پێشكەوتنی بەرچاو لە سەرجەم بوارەكاندا روویداوە، هاوكات باری ئابووری هاووڵاتیانیش بە شێوەیەكی بەرچاو گەشەی كردووە و ئەم گەشەكردنەش كاریگەریی زۆری بە سەر فراوانبوونی شارەكان كردووە، ئەگەر ئێستا سەیرێكی شارەكانی كوردستان بە تایبەت شاری هەولێری پایتەخت بكەی هەر یەك لە ئێمەمانان بە چاوی خۆمان گەشەسەندنە هەمەلایەنەكان دەبینین، هاوكات یەكێك لەم بوارەكانی بە شێوەیەكی زەق دەبینرێت شارەكانی كوردستان لە بەرفراوانبوونێكی بەردەوام دان، بە جۆرێك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكانی نا توانێت دەستبەجێ خزمەتگوزارییە پێویستیەكان بە تایبەت بۆ گەڕەكە نوێیەكان دەستەبەر بكات، لە بارەی گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بە گەڕەكە نوێیەكان ئەندازیار سەمیر عەبدوڵڵا گوتی: لە پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ئەوەیە كە هەر گەڕەكێكی نوێ دروست دەبێت دەستبەجێ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی پێ بگات، بەڵام ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە كوردستان روودەدات و بەردەوام شارەكان لە گەشەكردندان و گەڕەكی نوێ دروست دەبێت ناتوانرێ دەستبەجێ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پێبگەیەنێت، بۆیە كاتێكی پێویستە تۆ تا بتوانی چارەسەری كێشەكان بكەی و پرۆژەی پێبگەیەنی، بەڵام هەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە كە خزمەتكردنی هاووڵاتیان و گەیاندنی پرۆژەی شارەوانی بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین و هەمیشە درێغی لە جێبەجێ كردنی پرۆژەكان ناكەین، هاوكات هەوڵەكانمانیش بە ئاراستەیە دەبێت كە بتوانین زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاری كە هاووڵاتیان پێویستیان پێیەتی دابین بكەین.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌